یەکێتی سۆڤیەت داوەشا، ئایا حکومەتی ئێوە بەردەوام دەبێ؟

22/01/2020

مێنۆشە ئەمیر

دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێران، کەوتووەتە گڵۆڵەی كەوتوەتە لێژی و لە داهاتوویەکی نە زۆر دووردا، تووشی چارەنووسی یەکێتی کۆمارەکانی سۆڤیەتی سۆسیالیستی دەبێ. ئەوەیش رووداوێکە کە بە دڵنیاییەوە روو دەدات. رەنگە ماوەی چەند مانگ یا ساڵێک بۆ دوو ساڵ بخایەنێت، بەڵام پرۆسەیەکە کە چیدی ناتوانن بەری پێ بگرن.

ئێمە ئەم دۆخەمان لە یەکێتی سۆڤیەت بینی. دەسەڵاتدارانی ئێران، جارێکی دیکە وتاری ٢٠ ساڵ پێش ئێستای خامنەییان بڵاو کردووەتەوە، کە تیادا دەڵێ ئێران یەکێتی سۆڤیەت نییە و ئەگەر کۆمۆنیزمی روسیا داوەشا، ئەوا ئیسلامی ئێمە داناوەشێت.

 دەسەڵاتدارانی ئێران، جارێکی دیکە وتاری ٢٠ ساڵ پێش ئێستای خامنەییان بڵاو کردووەتەوە، کە تیادا دەڵێ ئێران یەکێتی سۆڤیەت نییە

ئەگەر هۆکارەکانی داوەشانی یەکێتی سۆڤیەت هەڵبسەنگێنین، دەبینین ئەو هۆکارانە بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر زۆر هاوشێوەی هۆکارەکانی بارودۆخی ئێستای ئێرانن.

خامنەیی لەو وتارەیدا کە بە پێویستی زانیوە دوای خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی خەڵکی ئێران، جارێکی دیکە بڵاو بکرێتەوە. هۆکاری داوەشانی یەکێتی سۆڤیەت بە پیلانێکی ئەمریکی و خۆرئاوایی دادەنێت.

لە روانگەی خامنەییەوە؛ ٣٠٠ ملیۆن دانیشتووی یەکێتی سۆڤیەت، گوێ لەمشتی خۆرئاوا بوون و ئەمریکا فەرمانی پێکردوون راپەڕن و دەوڵەت بڕوخێنن. لە راستیدا ئەمە هەر ئەو بۆچوونەیە کە ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران لە بارەی خۆپێشاندەرانی وڵاتی خۆیانەوە هەیانە و دەڵێن؛ خۆپیشاندەران بە فەرمانی ئەمریکا دژی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین راپەڕیون.

دیارە وەک خۆیان دەڵێن لەو پیلانگێڕییەدا، ئیسرائیل و سعودیە و بنەماڵەی پەهلەوی و موجاهیدینی خەلقیش هاوکاریی ئەمریکا دەکەن.

پێویستە بزانین کە هۆکارێکی سەرەکی و راستەقینەی داوەشانی سۆڤیەت، شکستهێنانی ئایدۆلۆژیا کۆمۆنیستییەکەی نەبوو. رابەرانی سۆڤیەت، رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بڕوایان بەوە هێنا کە رێبازەکەیان هەڵەیە و بیر و باوەڕی کۆمۆنیستی ناتوانێ خۆشگوزەرانی و بەختەوەری بۆ خەڵک دابین بکات و دادپەروەری بێنێتە دی و کۆمەڵگەیەکی تەندروست پێک بهێنێت.

کۆماری ئیسلامی، پرسی ئابووریی ئیسلامی هێنایە ئاراوە و زۆر بە شان و باڵیدا هەڵدەدا، بەڵام زۆری نەخایاند خستیانە لاوە

گۆرۆباچۆف هێندەی بوێریی تیادا بوو چارەنووسی سەپێنراو لە قاو بدات، کە بە دوای ئەوەدا داوەشانی سۆڤیەت دەستی پێکرد.

لە کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا، دەسەڵاتداران رۆژ لە دوای رۆژ باشتر ئەوە دەبینن کە فەرمانەکانی دینی ئیسلام، مرۆڤ و پەروەردگار پێکەوە پەیوەست دەکەن، بەڵام ئەو یاسایانەی ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات دەرچوون، لەم سەردمەدا ناتوانن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و پێوەندی نێوان دەوڵەتەکان رێنوما بن.

کۆماری ئیسلامی، پرسی ئابووریی ئیسلامی هێنایە ئاراوە و زۆر بە شان و باڵیدا هەڵدەدا، بەڵام زۆری نەخایاند خستیانە لاوە، چونکە بۆیان دەرکەوت لە سەردەمی پێشکەوتنی سایبەر و تەکنۆلۆژیا نوێکاندا، ناکرێ پابەندی یاسا و رێسایەک بن کە ١٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا دانراوە و بۆ ئەو سەردەمە گونجاو بووە.

کەواتە ئەوە زۆر سروشتییە؛ کاتێک کاربەدەستان بە چاوی خۆیان دەبینن بە رێگەیەکی هەڵەدا رۆیشتوون و ئەو ئیسلامەی ئەوان پێناسەیان کردووە ناتوانێ بۆ بڕوادارانی ئەم سەردەمە رێنوما بێت و ئایدۆلۆژیا و بۆچوونەکانیان گەیشتووەتە بن بەست، بێن و دەست بدەنە راووڕووت و چنینەوەی پارە و سەرمایە و بەو شێوەیە گەندەڵی دارایی سەرتاپای دەوڵەت بتەنێ.

ئەمە هەر ئەو دیاردەیە کە لە یەکێتی سۆڤیەتدا پەرەی سەند، بەڵام لە کۆماری ئیسلامیدا گەیشتووەتە لووتکە و رۆژ لە دوای رۆژ توندتر دەبێ.

لە یەکێتی سۆڤیەت، وشەی پرۆلتاریا واتە چینی کرێکار کە بڕبڕەی پشتی ئایدۆلۆژیای دەوڵەت بوو، زۆر زوو خرایە لاوە، لە کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا ئێستا کەس وشەی (مستضعفین/بێنواکان) بە کار ناهێنێ، واتە ئەو وشەیەی کە خومەینی خستییە سەر زمانەکان. ئێستا لە بری وشەی (مستضعف/بێنوا) وشەی (فرودست/دەستکورت) بە کار دەهێنن.

لە راستیدا ئەوە پیلانی ئەمریکا نییە کە بیەوێ کۆماری ئیسلامی لە ناو بەرێت، بەڵکوو بڕیاری خودی دەسەڵاتدارانیەتی

هەم لە یەکێتی سۆڤیەت و هەم لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بوو بە زیانێکی ئەوتۆ کە قەرەبوو نەکرێتەوە.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای بە دەسەڵاتگەیشتنیانەوە، خەڵکانی شارەزایان دەرکرد و کاروباری وڵاتیان دایە دەست (خەڵکانی سەر بەخۆیان)، واتە کەسانێک کە جگە لە وەفا بۆ خۆیان هیچ تایبەتمەندییەکان نەبوو. ئەو ئاخوندانەی کە رەنگە لە بارەی ئیسلام و تەشەیوعەوە شتێک بزانن، بە سەر زۆرینەی وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان و ئابووریی وڵاتدا زاڵ بوون و ئەنجامەکەی ئەوەیە کە دەیبینین.

لە راستیدا ئەوە پیلانی ئەمریکا نییە کە بیەوێ کۆماری ئیسلامی لە ناو بەرێت، بەڵکوو بڕیاری خودی دەسەڵاتدارانیەتی بەوەی کە تا ئەو شوێنەی بۆیان دەکرێ هەموو شتێک بخەنە ژێر دەستی ئاخوندەکان، تەنانەت بڕیاردان لە بارەی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین.

ئەنجامی ئەو شێوازی فەرمانڕەواییە، هەم لە یەکێتی سۆڤیەت و هەم لە کۆماری ئیسلامی ئێران، زاڵبوونی نەدارییە بە سەر داراییدا.

لە هەر دوو وڵات، نەک هەر پرۆلتاریا واتە (مستضعفین/ بێنواکان) بە خۆشگوزەرانی نەگەیشتن، بگرە چینی مامناوەند واتە وردە بورژواکانیش بوون بە چینی بێنوا.

کەواتە لەمڕووەوە جیاوازییەک لە نێوان یەکێتی سۆڤیەت و کۆماری ئیسلامی، لە ئارادا نییە.

خەڵک لە خۆی دەپرسێ؛ چۆنە ئەمریکای جیهانخۆر و خۆرئاوای هەژمۆخواز و تەنانەت وڵاتانی بچووک و لاوازی وەک کۆریای باشوور، رۆژ لە دوای رۆژ دەوڵەمەندتر دەبن، بەڵام خەڵکی سۆڤیەت و کۆماری ئیسلامی لە وڵاتە پڕ سامانەکانیاندا تا دێت هەژارتر دەبن؟

دەکرێ ئاساییترین ئەنجامی ئەم هەڵسەنگاندنە ئەوە بێت کە سیستەمی فەرمانڕەوایی نەخۆشە و وەڵامی پێداویستییەکانی ئێستای خەڵک و وڵات ناداتەوە.
ئەمە پیلانی ئەمریکا نییە، بەڵکوو راستییەکە کە خودی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەرهەمیان هێناوە.

پێویست ناکات باسی دۆخی ئابووریی جێی داخی ئێستا ئێران و ئەو بێنوایانەی بکەین کە لە سەر شەقام و پشت ئوتۆمبێل و تەنانەت ناو گۆڕەکاندا دەخەون، چونکە هەمووان لێی ئاگادارن!

هۆکارێکی دیکەی داوەشانی یەکێتی سۆڤیەت، کە ئێستا لە کۆماری ئیسلامیدا ئەکتیڤە، هەمان هەوڵدان بۆ "هەناردەکردنی شۆڕش" و خۆزاڵکردنە بە سەر وڵاتانی دیکەدا.

کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی وەکوو یەمەن، لوبنان، سوریا، عێراق، بەحرەین، سعودیا و چەند وڵاتێکی دیکە دەستی داوەتە وێرانکاری و ئاژاوەنانەوە

کۆمۆنیزم بڕوای وا بوو کە دەبێ بە سەر دنیادا زاڵ بێت و بە دروشمی "کرێکارانی جیهان یەک بگرن" هاتە ناو گۆڕەپانەکەوە. ئەوە ساڵانێکی دوور و درێژە کە کۆماری ئیسلامیش هەوڵ دەدات لە رێگەی خۆزاڵکردن بە سەر وڵاتانی دراوسێیدا، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی زۆرینەی شیعە یا لانیکەم کەمینەیەکی گەورەی شیعەیان تیادایە، بلۆکێکی کۆلۆنیالیستی و تەنانەت ئیمپریالیستی پێک بێنێت.

ئێستا کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی وەکوو یەمەن، لوبنان، سوریا، عێراق، بەحرەین، سعودیا و چەند وڵاتێکی دیکە دەستی داوەتە وێرانکاری و ئاژاوەنانەوە، کە ئەمە خۆی بودجەیەکی زەبەلاحی دەوێ.

دەستوەردانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاتانەدا، پیلانی ئەمریکا نەبوو و پلانی خومەینی بوو کە بنەمای بۆ دانا و خامنەیی بە گەرم و گوڕی درێژەی پێ دا و تەنانەت فراوانتری کرد.

یەکێتی سۆڤیەت لە دژی وڵاتانی خۆرئاوایی و بە تایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، شەڕی ساردی هەڵگیرساند و لە پێناویدا باجی گەورەی دا و بووە هۆی خوێنڕشتنێکی زۆر لە نیمچە دوورگەی کۆریا و ڤێتنام و ناوچەکانی دیکەی جیهان.

لە ئێران، لەگەڵ ئەوەی داهاتی وڵات لاواز بووە، بودجەی سوپای پاسداران و دامەزراوەی بانگەشەی ئیسلامی زیاد دەکرێ

کۆماری ئیسلامیش ئێستا بە شێوەیەکی ئاشکرا و شێلگیرانە باس لە پێویستی لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات و هەموو توانای سەربازیی و دارایی و سیاسیی خۆی بۆ خستووەتە گەڕ.

کەواتە ئەوەی لە ئارایە، پیلانی ئەمریکا نییە و بڕیاری خودی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

لە روانگەی دەسەڵاتدارانی یەکێتی سۆڤیەت و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بۆ گەیشتن بە ئامانجە راگەیەنراوەکان، واتە جێگیرکردنی دەوڵەتی پرۆلتاریا لە جیهان، یا دەوڵەتی ئیسلامی (مستضعفین/بێنواکان) لە وڵاتانی ئیسلامیدا، پێویستە هەموو تواناکان یەک بخرێن. پێویستە بودجەی زەبەلاح تەرخان بکرێت، بەڵام کە خەزێنە تیایدا نەما، لە نانی شەوی خەڵک ببڕدرێ و بۆ ئامانجەکە خەرج بکرێت.

ئێستا لە ئێران، لەگەڵ ئەوەی داهاتی وڵات لاواز بووە، بودجەی سوپای پاسداران و دامەزراوەی بانگەشەی ئیسلامی زیاد دەکرێ و بودجەی ئاوەدانکردنەوە لە سفر نزیک دەکرێتەوە.لە روانگەی کۆماری ئیسلامییەوە زاڵبوون بە سەر وڵاتانی دراوسێدا لە خۆشگوزەرانی خەڵک گرنگترە.

ئەمە پیلانی ئەمریکا نییە، بڕیاری خود دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامییە.

شەڕی هەسارەکانتان لە بیرە؟
یەکێک لە هۆکارەکانی داوەشانی یەکێتی سۆڤیەت، رکابەریکردنی چەک بوو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خۆرئاوادا، کە سەری کێشا بۆ شەڕ لە بۆشایی ئاسمان و لە ناکاو یەکێتی سۆڤیەت داوەشا، چونکە بودجەیەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەو شەڕە نەبوو و بە دڵنیاییەوە سۆڤیەت لە ململانێی لەگەڵ ئەمریکادا، هیچ بەختێکی سەرکەوتنی بۆ خۆی نەدەبینی.

بەڵام کۆماری ئیسلامی لەو پەڕی نەداری و قەیرانی ئابووریدا، بەردەوام و بە خێرایی هەوڵی بەرهەمهێنانی چەکی نوێ دەدات. نموونەی لە هەموو مووشەکەکانی جیهان وەرگرتووە و لە ژێر ناوی "پێشەسازی خۆجێی"دا بەرهەمهێنانیان رادەگەیێنێت و خۆی هەڵدەکێشێت بەوەی کە بەو چەکانە نەک هەر ئیسرائیل بگرە ئەمریکایش لە ناو دەبات. بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خۆری ئەمریکا رووی لە ئاوابوونە و خۆری کۆماری ئیسلامی پڕشنگدارتر هەڵدێت.

خامنەیی لە بەراوردکارییەکدا لە نێوان یەکێتی سۆڤیەت و کۆماری ئیسلامیدا، دەڵێت کۆماری ئیسلامی بەهێز و پتەوە، بەڵام دەوڵەتی کۆمۆنیستی لە ناو خەڵەکەکەیدا پێگەی لە دەست دابوو، لە حاڵێکدا خەڵکی ئێران عاشقی کۆماری ئیسلامین و شوێنکەوتووی بنەمای جیهاد و شەهادەتن، بۆیە کۆماری ئیسلامی هەرگیز داناوەشێ، چونکە خۆشەویست و خوازراوی خەڵکی ئێرانە. 

کەچی لە بەرامبەر ئەو قسانەی خامنەییدا، ئێستا خەڵک لە سەر شەقامەکانی ئێران هاوار دەکەن؛ مردن بۆ کۆماری ئیسلامی، مردن بۆ خامنەیی.

بۆیە دەبێ بپرسین؛ یەکێتی سۆڤیەت داوەشا، ئایا کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبێ؟

سەرچاوە: رادیۆ پەیامی ئیسرائیل