چاکسازیی لە پارەدا کافی نییە

12/02/2020

تاڤگە عومەر

مانگی رابردوو، تەقریبەن تەواوی کۆمەڵگەکەمان بە خەڵک  وحکومەتەوە سەرقاڵی پڕۆژەی چاکسازیی و کەمکردنەوە یان نەهێشتنی خانەنشینی پلەباڵاکان بوون.
ئایا ئەوە تەنیا کێشەی کۆمەڵگەکەمان بوو تا بەوڕادەیە سەرقاڵمان بکات؟
ئەگەر سەيرى بەرزی رێژەى تەڵاق بکەین لە 9 مانگی 2019 ئەوا ژمارەیەکی ترسناک، لەوە ترسناک تر کە چاوەڕێمان دەکرد تۆمارکراوە 8381 حاڵەت بووە. ئەمە بێجگە لەوانەی تۆمار نەکراون.
کۆمەڵگەکەمان تەنگەتاوکراوە بە مادەی هۆشبەر و کێشەی خێزانیی، من بێگومانم كە بەشی زۆری ئەو کێشانە پەیوەندی هەیە بە پارە و موچەوە. بەڵام بەشە سەرەکییەکەی هۆکارەکان پەیوەندی بە رۆشنبیری تاک و خێزانەوە هەیە.
میدیاکان لەڕێی پڕۆگرامی پوچ و بێناوەڕۆک و دۆبلاژکردنی درامای بیانییەوە، زەربەیەکی کاریگەرییان داوە لە بەها کۆمەڵایەتییەکانمان. پیشبڕکێی بێژەرە بۆ نمایشی مۆدێلات و جلوبەرگ. پەیامی پەروەردەیی لە هەندێکیاندا سفرە.
ژەهری ئەمجۆرە میدیایانە تەنیا لەوەدا نییە کە بڕێکی زۆر ئابووری ئەم وڵاتە بە هەدەر دەدەن، بەڵکو بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن بوونەتە سەنگەری هەڵگەڕانەوە لە بەها کۆمەڵایەتییەکان کە هەزاران گەنج هەیە فریوی خواردووە بە لاساییکردنەوەی ئەو تیڤیانە.
مادە هۆشبەرەکان و ئالوودەبوون پێیانەوە، لەوە ترسناکترە کە هەستی پیدەکرێ. مەڵبەند یان دامەزراوەیەکمان نییە بۆ دوورخستنەوە و چارەسەری ئالوودەبووان.
هەروا دەزانرێ کە پیاوانن ئالوودەبوون یان مامەڵە بە مادەی هۆشبەرەوە دەکەن، بەڵام ئێستا کەم نین ژمارەی ئەو ژنانەی ئالوودەبوون یان بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەکەن.
گرتووخانەکان لەو ژمارەیە زیاتر سزادراوی تێدایە کە دەیگرێ. هەموو سزادراوەکان دەخرێنە چەند هۆڵێکەوە بێ ئەوەی ئاکامی خراپی ئەمە لەیەکدرابێتەوە. سيستمى چاكسازیى بةهۆى ئةم ژمارة زۆرةی سزادراوە، ئامانج ناپێکێ.
هەموو ئەمانە کێشەی راستەقینەی کۆمەڵگەکەمانن، ئەگەر ئێمە هەر بیر لە چاکسازیی لە موچە و خانەنشین بکەینەوە، ئەوا بێ چاککردنی کۆمەڵگەکەمان، هیچ سوود و چێژێکی نابێ.
پێویستە خەڵک و حکومەت، رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کار بکەن بۆ تۆکمەکردن و هیشتنەوەی شیرازەی کۆمەڵایەتیمان. ليژنةكانى ئاشتةوايي كاراتر بکرێن بە ئاراستەی تەبایی و پێکەوەبوونی زیاتر.
با هەنگاوی سەرەتا ئەوەبێ ئەو ژمارە زۆری جیابوونەوەی ژنومێردەکان، بکرێتە کەرەسەی بابەت و توێژینەوەکانی زانکۆ.
مامۆستایانی ئاینیی و رۆشنبیران جیابوونەوەی ژنومێردەکان بکەنە نوقتەی دەستپێکردن بۆ هەڵوەستەو پێداچوونەوە.
وەکچۆن هەمووان پەرۆش و سەرقاڵبووین بە چاکسازی لە موچەدا، ئاواش سیاسەتێک و پەرۆشییەکمان هەبێ بۆ چاککردنی شیرازەی کۆمەڵایەتی.


*بەڕێوەبەری گشتی یاسایی لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ