کاتێک فیلەکان خۆیان دەگەوزێنن، چیمەنەکان پان دەبنەوە!‌

13/02/2020

مەڕال چیچەک

یسراییڵ کاتز وەزیری نوێی دەرەوەی ئیسرائیل هەفتەی ڕابردوو لە واشنتن لەگەڵ مارک ئەسپر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووە. دوای کۆبوونەوەکە ڕاگەیەنرا بۆ شەڕ لە گەڵ ئێران دووری نێوان هێزەکان نزیکدەبێتەوە. ئیسرائیل لە سوریا و ئەمریکاش لە ئێران لەدژی ئێران دەوەستنەوە. دوای کۆبوونەوەکە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە بنەکەکانی ئێرانیان لە سوریا کردووەتە ئامانج و وتی، "سوریا لە ڕووی هەواڵگری و ئاسمانیەوە بێخاوەنە و بۆ ئێران جێگایەکی باش نییە.

ئەمریکا ٥ هەزار و ٢٠٠ سەربازی لە عێراق هەیە. ئەو هێزە، لە ساڵی ٢٠١١دا بڕیاربوو بکشێتەوە، بەڵام بە هۆی داعشەوە دەرفەتی بۆ رەخسا و لە عێراق مایەوە. لە ڕاستیدا کاتێک موسڵ لە لایەن داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤دا داگیرکرا و خەلافەتی ڕاگەیاند و لە لایەکی ترەوە ئێران لە هەندێک شوێن فریای هەرێمی کوردستان و عێراق کەوت، ئەمریکا هوشیار بووەوە. ئەو هاتنەی ئێران بۆ عێراق وایکرد قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس ببێتە کەسێکی دیار لە ناوچەکەدا. هەروەها ئەو کاتەش حەشدی شەعبی لەسەر بانگەوازی سیستانی لەدژی داعش دامەزرا. بەڵام ٣ی کانونی دووەم هەم قاسم سولەیمانی فەماندەی فەیلەقی قودس و هەم ئەبومەهدی موهەندیس جێگری فەرماندەی حەشدی شەعبی لە لایەن ئەمریکاوە بە مووشەک کوژران.

بە تایبەتی لە دوو ساڵی ڕابردوودا عێراق و سوریا بوونەتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران. شەڕ و ململانێی هەردوو وڵات لە زۆر ڕووەوە و بە شێوەی جیاواز بەردەوامە. لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ەوە زۆر جار باسی هێرشی سەربازی کراوە. ئێران و ئەمریکا لە عێراق ڕۆژ بە ڕۆژ لە شەڕ نزیک دەبنەوە. ئەمریکا لایەنی هەواڵگێری و لایەنە سونەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە خۆی نزیکدەکاتەوە و ئێرانیش هەڕەشە دەکات و چەند مووشەکێشی بە بارەگاکانی ئەمریکاوە نا.

هەرچەندە ئەمریکا ڕایگەیاندبوو هێرشی سەر کەی وەن لە لایەن حزبوڵلاوە ئەنجامدراوە، بەڵام ئەو جێگایەی کە موشەکەکانی لێوەی تەقێنراوە، هەندێک گروپی داعشی لێیە. بە پێی هەندێک زانیاری لە ماوەی ڕابردوودا ئەمریکا ئاگاداری ئەوە بووە کە داعش هێرش دەکاتە سەر بارەگاکانی بەڵام رێوشوێنی نەگرتووەتە بەر و مەبەستی بووە هێرش بکات. ئەم پرسانە با لێرە کۆتایی پێبهێنین و بچینە سەر پرسە سەرەکیەکە.

ئەمریکا لە عێراق خاوەنی ٩ بارەگای سەربازیە. بارەگایەکی لە کەی وانە، بارەگایەکی لە موسڵە، دوو بارەگای لە هەوڵیر و هەڕیرە و بنکە سەرەکیەکەی لە ئەنبارە. ئەمریکا هەوڵدەدات بنکە سەرەکیەکەی لە ئەنبارەوە کە دەکەوێتە سەر سنوری سوریا، بۆ هەرێمی کوردستان بگوازێتەوە. بۆ ئەوەش ئەمریکا دەیەوێت ٣ بارەگا بکاتەوە. لە هەولێر و سلێمانی و هەلەبجە کە ١٤ کیلۆمەتر لە سنوری ئێرانەوە دوورە. دەوترێت بنکە سەربازیەکەی کە ئەمریکا بە نیازە لە هەولێر بیکاتەوە، گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکا دەبێت لە ناوچەکەدا.

ئەمریکا داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە لە هەرێمی کوردستان سیستمی بەرگری موشەکی پاتریوت دابنێن. بەمەش هەرێمی کوردستان لە هێرشی موشەکی ئێران دەپارێزرێت. مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەوە خۆشحاڵ دەبێت، بەڵام پێویستە ڕازیبوونی حکومەتی ناوەندیشی لەسەر بێت.

ئایا گواستنەوەی بارەگاکانی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان و جێگیرکردنی سیستمی دژی موشەکی بۆ شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناو خاکی کوردستان جێگای خۆشحاڵیە؟ یان ڕووبەڕووی مەترسی نوێ دەبنەوە؟ بیرمان نەچێت کاتێک فیلەکان خۆیان دەگەوزێنن، چیمەنەکان پان دەبنەوە!

لەمدواییانەدا باسی ئەوە دەکرێت، لەمەودوا ئەمریکا لە پرسی سەربەخۆییدا هاوکاری هەرێمی کوردستان دەکات، ئایا ئەمە ڕازیکردنی هەرێم بۆ هێنانی سەرباز و موشەکەکان نییە؟ ئایا پەیوەندی تەلەفۆنی ٨ی کانونی دووەمی نیوان مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دواتر سەردانی بۆ هەرێم و چاوپێکەوتنی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە داڤۆس  و سەردانی گەورە کونسوڵی ئەمریکا لە ٥ی شوباتدا لەم چوارچێوەیەدا نییە؟ ئەگەرێکی زۆری هەیە.

لەم نێوەندەدا ڕووسیاش بێدەنگ نەبوو و بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە ئەمریکا لە عێراق جێی هێشتووە، ڕووسیا پەیوەندی بە بەرپرسە سەربازیەکانی عێراقەوە کردووە و داوای کردووە پەیوەندیەکانی عێراق و ڕووسیا پتەوبکرێن.

لەم دۆخەکا ئێمەی کورد چ سوودێکمان دەستدەکەوێت؟ لەژێر سایەی ئەمریکادا دەوڵەتێکی سەربەخۆمان دەستدەکەوێت؟ ئەی ئێران؟ یان دەوڵەتی تورک؟ باسکردن لە سەربەخۆیی خۆشە. بەڵام مێژووکەمان پڕە لەم ئەزموونە. زۆر دۆریش نەڕۆین. ئەو ڕووداوانەی لە ڕۆژئاوا ڕوویاندا، نمونەیەکی بەرچاون.