پزیشك و پزیشكێكی تر

24/02/2020

خالد قشتینی

مێژووی نوێی عێراق پەیوەندییەكی بەهێزی هەیە لەگەڵ دكتۆر ئەندەرسن، پزیشكی بنەماڵەی پاشایەتی، دامەزراندنی كۆلێژی پزیشكی،  بە پێی گەواهیەكانی خۆی دانپێدانانی جیهانی بۆ كۆلێژە بۆ هەوڵەكانی ئەو دەگەڕێتەوە، ئێستەشی لەسەر بێت لە ناوەندی پزیشكی جیهاندا ڕێزی تایبەتی لێدەگیرێت.

لە ئەنجامی ئەو ماو زۆرەی ئەو پزیشك بەڕەگەز ئینگلیزە لە عێراق ژیاوە، كەمێك زمانی عەرەبی فێربووە، پەیوەندیی زۆرباشی لەگەڵ هەندێك لە كەسایەتییە عێراقیەكان دروستكردووە، یەكێك لەوانە شێخ مەحموودی حەفید سەركردەی كوردیی بەناوبانگە، دەستپێكی ئەو پەیوەندییە لەوێوە دەستپێدەكات كە شێخ بۆ چارەسەری پزیشكی دەچێتە بەغداد، دكتۆر ئەندەرسن دەست دەكات بە پشكنینی شێخ، لە كاتی پشكنین دا بینی گۆشتپارەیەكی نامۆ لە تەنیشتی بڕبڕە پشتی شێخدا هەیە، بۆیە لێی پرسی، شێخ مەحموود وەڵامی دایەوە، ئەوە لە ئەنجامی بەركەوتنی فیشەكێك بووەو فیشەكەكە دەرنەچوەو ماوەتەوە و پزیشكەكانی ئەوێش نەیانوێراوە دەری بهێنن، شێخ ئەوەشی گوتووە لەشەڕێكدا بەری كەوتووە كەلەگەڵ حكومەتی عێراقدا ئەنجامی داوە، لەو كاتەدا لە سلێمانی  و لە هیچ شارێكی كوردستاندا نەخۆشخانەیەكی تێدا نەبوو كە تیشك (ئەشیعە)ی ئێكسی تێدا بێت تا لەو ڕێگەیەوە بزانرێت فیشەكەكە لە كوێدایە، تا بزانن بۆیان دەردێت یان نە.

دكتۆرە ئینگلیزەكە لێی پرسی، فیشەكەكە لەكوێوە هاتووە، مەبەستی دكتۆر ئەوەبوو لە چ ئاڕاستەیەكەوە پێوەی نراوە، بەڵام شێخ مەحموود دەڵێت: فیشەكەكە هی ئینگلیزە، ئەو سەركردە كوردییە درێژە بە قسەكانی دەدات: هەر لەبەر ئەوەیە نەیانتوانی دەریبهێننەوە، چوون ئێوە بچنە هەر جێگەیەك ئیتر ناچنە دەرەوەو كەس لە دەستان دەربازی نابێت، بۆیە هیچ دكتۆرێك نەیتوانی لەو فیشەكە بەریتانییە رزگارم بكات. دكتۆر ئەندەسن بە وەڵامەكەی شێخ زۆر پێكەنی و ئەو ڕاشكاوییەی شێخ بووە سەرەتای پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوانیاندا.

لەوانەیە نامۆترین پەیوەندیی كە لەنێوان دكتۆر ئەندەرسن لەگەڵ حەكیمێكدا  بێت كە ناوی سەید ئیبراهیم سەید موسا بووە، ئەو سەرقاڵی كاری پزیشكی میللی بوو، كە پێشتر پێیدەگوترا حەكیم، لەو سەردەمەدا هەموو گەڕەكێك حەكیمێكی تێدا بوو، جا سەیرەكە لەوەدا بوو كە حەكیمی چاو لەگەڵ حەكیمی سنگ جیاواز بوو،  بەو شێوەیە...لەناو ئەو حەكیمانەدا ئەوەی كازمییە سەید ئیبراهیم زۆر بەناوبانگ بوو، خەڵك لە دەرەوەی بەغدادیشەوە دەهاتن بۆ لای.

وەك دەگێڕنەوە مەلیك فەیسەڵ لە منداڵییەوە توشی نەخۆشییەكی بچووك و سادە دەبێت، بەڵام پزیشكەكان سەریان لێدەرنەكردووە لەناو ئەوانیشدا دكتۆر ئەندەرسن، دایكی زۆر نیگەرانی دەبێت، یەكێك لە ناسراوەكانیان ناوبانگی ئەو حەكیمەی پێدەدات كە لە كازمیەیەو باسی كارەكانی بۆ دەكات، ئەویش بڕیار دەدات بەختی خۆیی لەگەڵ تاقی بكاتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو حەكیمە نەدەچوو بۆ هیچ لایەك و دەبوو نەخۆشەكان ببرێن بۆ لای، بەناچاریی مەلیكیان برد بۆلای حەكیم.

دایكە مەلیك فەیسەڵی هەڵگرت و چووە ماڵە بچكۆلەو سادەكەی حەكیم لە كازمیە، ئەویش پشكنینی بۆ كردو هەندێك پرسیاری لەبارەی نەخۆشیەكەوە لێكرد، پاشان هەندێك دەرمانی سروشتی و میللی بۆ نوسی كە هەموویان ڕووەكی بوون، مەلیكە هیچ دوو دڵ و گومانێكی لە چارەسەرەكان نەبوو هەمووی بەو شێوەیە پێدا كە پێی گوتبوو، چەند رۆژێكی كەمی برد و مەلیك چاك بوویەوە.

دكتۆر ئەندەرسن ئەم دەنگوباسەی كەوتە بەرگوێ، زۆر سەری سوڕما لە چاكبوونەوەی مەلیك بەو دەرمامانە، چوون ئەو پزیشكی بە شێوەی ئەكادیمی و پسپۆڕیی خوێندبوو، بۆیە كەڵكەڵەی كەوتە سەر ئاخر چۆن دەكرێت پزیشكێكی میللی مەلیك چاك بكاتەوە ئەویش بەو خێراییە، بۆیە بڕیار دەدات بچێتە سەردانی، دەبێت بگوترێت دكتۆر ئەندەرسن لەو كاتەدا ڕاگریی كۆلێژی پزیشكی بەغداد بوو، هەربۆیە سەردانەكەی یەكەمجاریی بەلاوە سەیر دەبێت و چەند بارەی دەكاتەوە، ئیتر هەركاتێك كاتی هەبووبێت و هەلی بۆ هەڵكەوتبێت و لە كارەكانی خۆی بووبێتەوە چووتە لای ئەو پزیشكە میللیەوە گوێی بۆ قسەكانی ئەو پیاوە سادەیە ڕادێراوە.