کۆماری ئیسلامی لە قۆناغی پێش هەڵوەشانەوەدایە

28/02/2020

رەوشەنەک ئاستەرەکی

دانیشتنی گرووپی دەستپێشخەریی دارایی (FATF) لە بارودۆخێکدایە کە دوایین دەرفەتی کۆماری ئیسلامی بۆ جێبەجێکردنی کۆنوانسیون پالێرمۆ و بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریزم کۆتایی هاتووە و وا دەرناکەوێت کۆماری ئیسلامی بیەوێ پرۆژەی پەیوەستبوونی ئێران بە کۆنوانسیۆنی بەرەوڕووبوونەوەی دابینکردنی سەرچاوەی دارایی بۆ تیرۆریزم (CFT) و بەرەوڕووبوونەوەی تاوانە ناڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان (پالێرمۆ) پەسەند بکات.

رێگەی پاش و پێش گیراوە
موحسین رەزایی، سکرتێری کۆمەڵی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی، رایگەیاندووە کە کاتی تاوتوێکردنی پڕۆژەکە لە کۆمەڵی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکاندا، بە سەر چووە و لەم حاڵەتەیشدا بە پێی پێڕەوی ناوخۆی کۆمەڵی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکان، ئەگەر کات بە سەر بچێت، رای ئەنجومەنی پاسەوانی دەستوور لە سەر پرۆژەکان، پشتی پێ دەبەسترێت.

سادق ئامولی لاریجانی، سەرۆکی کۆمەڵی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکان، زیانەکانی پەسەندکردنی ئەو پرۆژانە لە سوودەکانیان بە زیاتر دەزانێ و پێیوایە پەسەند کردنیان، مەترسی گەورەی ئەمنی بە دوادا دێت.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەنجومەنی پاسەوانی دەستوور، پێش ناردنەوەی پرۆژەکان بۆ کۆمەڵی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکان، ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر پەسەند کردنیان راگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت کۆماری ئیسلامی ئێران لە دانیشتنی گرووپی دەستپێشخەری داراییدا، بخرێتە لیستی رەشەوە. ئەمەیش هەناسەدانی ئابووریی و دارایی کۆماری ئیسلامی لەم بارودۆخەدا دژواتر دەکات.

لەگەڵ ئەمانەیشدا کەسانێک هەن کە پێیانوایە دۆخی ئابووریی ئێران، خۆ گۆشەگیرکردنی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و گەمارۆکانی ئەمریکا، پێکەوە ئابووریی ئێران بخەنە بنبەستێکەوە کە دانان و دانەنانی لە لیستی رەشی گرووپی دەستپێشخەری داراییدا، کاریگەریێکی ئەوتۆی لە سەر خراپتربوون یا باشتربوونی بارودۆخەکەی نەبێ.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی حکومی و کەسانی نزیک لە باڵی ریفۆرمخواز هەوڵ بۆ پەسەندکردنی پرۆژەکە دەدەن و هۆشدارییان داوە لەوەیکە بە هۆی پەسەند نەکردنی بخرێنە ناو لیستی رەشەوە. ئێستا کە وا دیارە کار لە کار ترازاوە و ئەنجومەنی پاسەوانی دەستوور و کۆمەڵی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی هیچ نەرمیێک بۆ گۆڕینی بۆچوونی خۆیان نانوێنن. ئەو بەرپرسانە دان بەوەدا دەنێن کە دۆخی ئابووریی وڵات لەوە خراپترە بە پەسەندکردنی ئەو پرۆژانە چاک بێتەوە.

عەبدولناسر هیممەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران، ئەو کەسانەی بە "سەفتە باز و رانتخۆر" پێناسە کردووە کە پێشبینی دەکەن ئێران بخرێتە لیستی رەشی (FATF)وە، بەڵام هەر خۆی لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەیدا نووسیویەتی؛ لەم بارودۆخەدا کە زۆربەی بانکە بیانییەکان بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا هاوکاری بانکەکانی ئێران ناکەن، بڕیاری (FATF) بە هەر بارێکدا بێ کاریگەریێکی ئەوتۆی لە سەر دراوی ئێران نابێت.

ئەم قسانە لە کاتێکدا دەکرێن کە نرخی دۆلار لە ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیدا گەیشتووەتە ١٤ هەزار تمەن و شارەزایان بڕوایان وایە بازاڕی ئێران لە بەردەم شەپۆلێکی دیکەی بەزبوونەوەی نرخی دراودایە.

قەیرانە قورسەکان و پەرێشانی بەرپرسان
گەمارۆدانی ١٠٠%ی نەوتی ئێران، داهاتی زەبەلاحی نەوتی لە کۆماری ئیسلامی سەندەوە و کێشە بنەڕەتییەکانی ئێران یەک لە دوای یەک لە ئابووریی ئەو وڵاتەدا دەرکەوتن.

ئەو کێشانە بە رادەیەک بە سەر حکومەتی روحانیدا داڕماون کە بەرپرسانی حکومی ناتوانن تەنانەت ئاسانترین کێشە ئابوورییەکانی وڵات چارەسەر بکەن و شەپۆلێکی پەرێشانیی، قسە و کرداری بەرپرسانی ئابووریی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.

یەکێک لە نموونە بەرچاوەکانی ئەو پەرێشانییە لە بوودجەی ساڵی داهاتووی ئێراندا بە دیار کەوتووە، بە جۆرێک کە بەرپرسانی حکومی تەنانەت نەیانتوانیوە داهات و خەرجی وڵات لە سەر بنەمای ئەو واقیعە ببینن کە هەیە. حکومەت لە بارودۆخێکدا پارە بەخشینەوە و دەستبڵاوی لە ریزی تێچووەکاندا داناوە و لە شێوەی بوودجە بۆ دەزگاکان و دامەزراوە حکومییەکانی بڕیوەتەوە کە لە بەشی داهاتدا لە سەر بنەمای وەهم، چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی ٣٠% بۆ ٤٠%ی داهاتی باج و هەناردەی رۆژانەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتە.

بەڵام لە راستیدا نە ئابوورییەکی روو لەگەشە لە ئێراندا هەیە کە بکرێت سیستەمی وەرگرتنی باجی پێ چاک بکرێت و داهاتی باج بەرز بکرێتەوە، نە بە داخرانی رێڕەوە قاچاخەکانی نەوت و دەرچەکانی خۆدەربازکردن لە گەمارۆکان لە لایەن ئەمریکاوە، دەرفەتێک بۆ فرۆشتنی نەوت بە نهێنی ماوە. بە تایبەت کە گرنگترین کڕیاری نەوتی گەمارۆدراوی ئێران، واتە چین، بە هۆی گیرۆدەبوونی بە دەست ڤایرۆسی کرۆناوە، خواستی لە سەر نەوت بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

لە راستیدا کۆماری ئیسلامی ئێستا گۆڕاوە بە دەوڵەتێکی شکستخورادوو کە بە وتەی سەرۆکی بانکی ناوەندییەکەی تەنانەت دەرەقەتی کۆمەڵێک هەڵپەرست و رانتخۆری سەر بە خۆیشی نایەت.

ئەم بارودۆخە پرسیارێکی بنەمایی دێنێتە ئارا، بەوەی کە کۆماری ئیسلامی دەیەوێ لە مانگەکانی داهاتوودا بە چ شێوەیەک دەوڵەتەکەی بەڕێوە بەرێت؟!

کۆماری ئیسلامی نەک هەر هۆش و ئیرادەی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانی ئابووریی وڵات نەماوە، بگرە گەندەڵی و سەرپێچییە ئابوورییەکان بە رادەیەک پەرەیان سەندووە تا دەست بۆ چاککردنی لایەکی دەبات لە لایەکی دیکەوە لێی دەقەومێ، چیدی لەو نێوەندەدا ئەو سەرچاوە کەمەی داهاتیش کە ماوەتەوە لە گۆڕەپانی پڕ لە دز و هەلپەرستدا لە ناو دەچێ.

ئەم دۆخە وا دەکات کە مانگەکانی داهاتوو بۆ کۆماری ئیسلامی و بۆ خەڵکیش زۆر دژوار و قورس بن. لە لایەکەوە خەڵک بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان بە رێژەی زیاتر لە ٤٠% و دابەزین و ئیفلیجبوونی کار و کەسابەت لە ژێر قورسترین فشاری پەیداکردنی بژێویدان و چیدی توانای بەردەوامیدان بەو دۆخەیان نییە. لە لایەکی دیکەوە حکومەت داهاتێکی نەماوە و بۆ دابینکردنی خەرجییەکان پەنا دەباتە بەر سندووقی پاشەکەوتی دراو و پەرەسەندنی نیشتیمانی. دیارە لە ئابوورییەکی ئیفلیجدا کە رێژەی گەشەکردنی  ٦.۷- ە، ئەو سندووقانە سنووردارن و روویان لە کۆتاییهاتنە.

لەم نێوەندەدا هەندێک لە بەرپرسانی حکومی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەوڵ دەدەن فشار لە سەر خەڵک زیاد نەکات. لە ناویشیاندا مەحموود واعیزی، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆک کۆمار و کەسایەتی ئەمنی حکومەت، رایگەیاند:"حکومەت بیر لە خەڵک دەکاتەوە و هەموو هەوڵێکی دەدات کە  گرانیی فشار نەخاتە سەر خەڵک".

هەر چەند بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باش دەزانن کە ئەم دروشمانە و ئەو بوودجەیەی دایانناوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بارودۆخی وڵات ناخوێنێتەوە، رەنگە هەر لە بەر ئەمەیش بێت کە محەممەد باقر نەوبەخت بەرپرسی دەزگای ئامار و بوودجە وتوویەتی:" با رێژەیەکی کەمیش بۆ ئەوە لە بەر چاو بگرین کە ئەگەر هەیە گەمارۆکانمان لەسەر نەمێنیت".

وێرانکارییەکانی ٤ دەیەی رابردوو، دۆخی خراپی بژێوی خەڵک، سەرکوتکردن و کوشتوبڕی ئاشکرای خەڵک لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمساڵ و خستنە خوارەوەی فڕۆکە گەشتیارییەکەی ئۆکرانیا لە لایەن سوپای پاسدارانەوە لەگەڵ درۆکردنە بەردەوامەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، بوونەتە هۆی ئەوەی رژێمی ئێران لە ناو لایەنگرەکانیشیدا خەڵکی لێ بتەکێتەوە و متمانەی نەمێنێ.

رێوڕەسمی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئەمساڵدا، وێنەیەکی روونی لە بارەی بارودۆخی کۆماری ئیسلامی و پێگەی لە ناو خەڵک و لایەنگرانی پێشوویدا پێشان داین. چلویەکەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی بەرەوڕووی بایەخپێنەدانی بەربڵاوی خەڵک بووەوە. کۆماری ئیسلامی تەنانەت بە زۆر، هەڕەشە، بەڵێنپێدان و بەرتیلپێدانیش نەیتوانی ١٠ لە هەزاری خەڵکی ئێران بۆ بەشداریکردن لە ساڵیادەکەدا کۆ بکاتەوە.

قەیرانی رەوایەتی داوێنی کۆماری ئیسلامی گرتووە و تێکەڵ بە دۆخی ئاڵۆزی ئەو وڵاتە لە ئاستی نێودەوڵەتیش بووە. کۆماری ئیسلامی کە ساڵانێک بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگەی جیهانیی ئوممەتخواز هەوڵی دا، ئێستا بە رادەیەک کەوتووەتە ناو قەیران و فشاری ناوخۆیی و دەرەکی کە هیچ توانایەکی بۆ دەستپێشخەریکردن نەماوە. بە واتایەکی دیکە قەیرانە ئابووریی و سیاسییە ئاڵۆزەکان بە رادەیەک کۆماری ئیسلامییان لاواز کردووە کە خۆیشی باش دەزانێ بە دەستی بەتاڵ و بە بێ پشتیوانی خەڵک، چیدی لە کۆتایی هێڵەکە نزیک بووەتەوە. بۆیە هەر کارێک دەیکات چ لەگەڵ دۆست و هاوپەیمانانی و چ لەگەڵ دوژمنەکانی تەنیا لە پێناو مانەوەیدایە.

هەرچەند بەرپرسانی رژێم هیواخوازن پێکهاتەی بێتوانای رژێم، بە دروشمی (هێز) و سەرکوتکردنی خەڵک بپارێزن، بەڵام ئاماژەکان پێشان دەدەن کە قۆناغی "شۆڕشی ئیسلامی" کۆتایی پێ هاتووە و ئەو کۆماری ئیسلامییەی جڵەوەی بە دەست شۆڕشی ئیسلامییەوە بوو بە ناچاری چووەتە ناو قۆناغی پێش هەڵوەشانەوە.