سیاسەتی عوسمانی ١٠٠ ملیار دۆلار لەسەر تورکیا کەوتووە

08/12/2018

زولفەقار دۆگان

لە تشرینی دووەمی ٢٠١٠دا، رەجەب تەیب ئەردۆگان کە ئەوکاتە سەرۆکوەزیرانی تورکیا بوو لە میواندارییەکی موعەمەر قەززافیدا بوو لە لیبیا و خەڵاتی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤی قەززافی پێبەخشرا. ئەردۆگان لەوکاتەدا بەباشە باسی لە دیکتاتۆرەکەی لیبیا کرد و بە "براکەی" ناوی برد. 

لەدوای کەمتر لە ساڵێک، قەززافی لە تونێلی زێرابێکدا خۆی حەشاردابوو کە لە دەست خۆپیشاندەران و هێزە یاخی بووەکان ڕایکردبوو، ئەوکاتە لەناو شارەکەی خۆی لە سرت دۆزرایەوە و بەسەر زەویدا ڕاکێشرا. چەکدارەکانی لیبیا لە پێکداچڕژانێکی تونددا قەززافیان لەسەر ئۆتۆمبێلێکی پیکاب نمایشکرد، وەکو ئەوەی ڕاویان کردبێت، دواتر کوشتیان. 

لەدوای تەنها چوار مانگ لە کوژرانی قەززافی، ئەردۆگان عەبدولرەحمان ئەلکعیب سەرۆکوەزیرانی ئەنجومەنی ڕاگوزەری نیشتمانی لیبیای بانگهێشتکرد بۆ تورکیا، و پێرۆزبایی شۆڕشی لێکرد. لە ئەجێندای کۆبوونەوەکەیاندا ڕێککەوتننامەی نەوت، و بانکی هاوبەش و دروستکردنی دەرفەت هەبوو بۆ کۆمپانیا تورکییەکان و مقاولەکان بۆئەوەی وەبەرهێنان لە لیبیا ئەنجام بدەن. هەردوو سەرۆکوەزیران بەهیوای داهاتوویەکی درەوشاوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و لیبیا بوون. 

بەبۆچوونی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا، لەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی قەززافی حکومەتەکەی ئەردۆگان زۆر بەپەلە بوو لە دەستێوەردان لە پێکدادانەکانی لیبیا، و نیگەران بوون لە ڕەوانەکردنی بڕی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئەو حکومەتە ڕاگوزارییەی لەو وڵاتەدا پێکهێنرابوو. 

نیگەرانییەکانی ئەوان تەواو لەجێگەی خۆیدا بوون. پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ لیبیا لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا بەتەواوی کۆتاییان هات یان پێچەوانە بوونەوە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامی جەنگی ناوخۆی لیبیا. ئەمەش ئەوەندەی دیکە ڕوونتر دەرکەوت لە کۆنفرانسی مانگی ڕابردووی لیبیا لە  پالێرمۆ لە ئیتاڵیا، کە هێزە ڕکابەرەکانی ئەو وڵاتە داوا دەکەن ئامادەکاری بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی گشتی لە لیبیا. 

یەکێک لە ڕکابەرەکانی دەسەڵات خەلیفە حەفتەرە کە سەرکردەیەکی سەربازی لیبیایە، و سەرۆکایەتی ئیدارەیەک دەکات لە خۆرهەڵاتی لیبیا و کەتووەتە ناوچەی تۆبروک، لەلایەن هەریەکە لە میسر و سعودیە و سودان و ئیتاڵیا و فەڕەنسا و ڕووسیاوە پشتیوانی لێدەکرێت. ئەو سەرکردەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیادا باش نییە، بەشێوەیەک کە شاندی تورکی ناچار بوو کۆنفرانسەکە جێبهێڵێت لەدوای ئەوەی کە پارتەکەی حەفتەر دژایەتی خۆی بۆ ئامادەبوونی تورکیا دەربڕی لەو کۆنفرانسەدا. 

جێگری سەرۆکی تورکیا فواد ئۆکتای و شاندی تورکیا هەر بەزوویی لە کۆنفرانسەکە کرانە دەرەوە. ئۆکتای گوتی هیچ چارەسەرێک لە لیبیا ناتوانرێت بهێنرێتەدی بەبێ ئامادەبوونی تورکیا.
هەنگاوە هەڵەکان لە لیبیا هەر لەسەرەتاوە دەستیان پێکرد. ئەنکەرە هەرگیز لەوباوەڕەدا نەبوو کە قەززافی لە دەسەڵات دووربخرێتەوە، تەنانەت لەدوای دەستپێکی ڕاپەڕین لەو وڵاتە، ئەردۆگان دژایەتی خۆی دەربڕی لە دەستێوەردانی ناتۆ لەو وڵاتە. 

بەڵام کاتێک بەتەواوی وڵاتەکە کەوتە جەنگ و پێکدادانەوە، حکومەتەکەی ئەردۆگان زۆرترین پشتیوانی خۆی بەخشی بە هێزە ئیسلامییە چەکدارەکان. 

کاتێک جەنگەکە فراوان بوو، هاوپەیمانەکانی تورکیا لە ناتۆ، هەریەکە لە ئیتاڵیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بلۆکێکی دیکە کە پێکهاتبوون لە سعودیە، میسر و ئیمارات ئەوەی لەتوانایاندا بوو ئەنجامیاندا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە لیبیا. کاتێک تورکیا لەونێوانەدا بەێ هیچ ئەرکێک مایەوە، باڵەخانەی بەڵێندەر و کۆمپانیا تورکییەکان ڕووبەڕووی تاڵانکاری بوونەوە، ئامێر و کارگەکانیان سووتێنران و هاووڵاتیانی تورکی دەستبەسەرکران یان دیپۆرت کرانەوە. 

تورکیا وەکو پشتیوانێکی ئیدارەیەکی نزیک لە ئیخوان موسلمین لە تەرابلوس کە حوکمڕانی خۆرئاوای لیبیای دەکرد، تاڕاددەیەکی زۆر بەتەنیا مایەوە. بەڵام لەبەرامبەردا حەفتەر پشتیوانی وڵاتانی خۆرئاوا و بلۆکی سعودی میسریشی بەدەستهێنا بوو. 

هاوشێوەی عێراق و سوریا، کە تورکیا لە پشتیوانیکردنی هێزە ئیسلامیەکان و پارتە ئیسلامییەکاندا زیانی بەرکەوتووە، ئەردۆگان و حکومەتەکەی پارتی دادو گەشەپێدان (ئەکەپە) باجێکی قورسیاندا لە لیبیا لەدوای ئەو سیاسەتەی کە پێی دەوترێ نوێکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. 

لەوانەیە شتەکان گۆڕانکاریان بەسەربێت، بەڵام وەکو ئەوەی دەردەکەوێت، ئەو سیاسەتە زیانێکی زۆری ئابووری گەیاندووە بەتورکیا لە وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوچەی کەنداو و باکووری ئەفریقا. 

تاوەکو ٢٠١١، لیبیا یەکێک بووە لە گەورەترین بازاڕە بیانییەکان بۆ بەڵێندەرە تورکیەکان، بەڵام لەئێستادا ئەو بازاڕەیان لەدەستداوە. زیاتر لە ٦٠٠ کۆمپانیا و بەڵێندەری تورکی کە بەبڕی ٢٨ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار پڕۆژەیان لە لیبیا ئەنجامداوە، بۆماوەی حەوت ساڵ دەبێت ناتوانن پارەکەیان وەربگرنەوە، بەهۆی ئەوەی پڕۆژەکانیان لەناوچووە، و زۆرێک لە ئامێرو کارگەکانی خۆیان لەدەستداوە بە بەهای ملیاران لیرەی تورکی، و ئەمەش وایکردووە ڕووبەڕووی قەیرانی قوڵ ببنەوە. 

بەهەمان شێوە لە عێراق، بەهۆی ئەوەی تورکیا بازاڕی خۆی لەدەستداوە بەهۆی ئەوەی لە سیاسەتی دەرەوەیدا پشتیوانی لە گروپە سوننیەکان کردووە، بەتایبەت تارق ئەلهاشمی، جێگری پێشووتری سەرۆک کۆماری عێراق کە بەتۆمەتی پشتیوانیکردن لە گروپە توندڕەوەکان عێراقی جێهێشت. هاشمی لە ساڵی ٢٠١٢دا بەبێ ئامادەبوونی خۆی سزای مەرگی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام هێشتا ئەنکەرە بەردەوام بوو لە پشتیوانیکردنی، و لە تورکیا داڵدەیدا. بەوهۆیەشەوە، بەغدا گەمارۆی خستەسەر کەلوپەلی تورکی، و بەڵێندەرە تورکەکان لە ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەک دوورخرانەوە کە بەهاکەی بە ملیاران دۆلار دەقەبڵێنرا، و تورکیا یەکێک لە بازاڕەکانی خۆی لەدەستدا لەکاتێکدا لەپێشوودا یەکێک بوو لە گەورەترین بازاڕەکانی ئەو وڵاتە. 

داخستنی سنوورەکانی سوریا بەڕووی تورکیادا بەهۆی دەستپێکی جەنگی ناوخۆیی لەو وڵاتە لە مانگی ئایاری ٢٠١١ەوە مانای کۆتایهاتنی هەناردەی تورکیا بوو بۆ بازاڕەکانی سوریا، لەکاتێکدا بەر لە جەنگ تورکیا بە بڕی ٢ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لەو وڵاتە هەبوو. هەروەها یەکێک لە گەورەترین دەروازەکانی هەناردەی تورکیای ڕاگرت کە نزیکەی ١٢٠ هەزار بارهەڵگری تورکی دەپەڕینەوە بۆ خاکی سوریا بۆئەوەی کەلوپەلەکان لەوێوە ڕەوانەی کەنداو یان وڵاتانی دیکە بکەن. هەر بەوهۆیەشەوە باری ئابووری باشووری تورکیا زۆر کاریگەر بوو بە جەنگی سوریا. 

بەپێی ئامارەکان لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا تورکیا بڕی ٢٠ ملیار دۆلار ئاڵوگۆری بازرگانی لەگەڵ سوریا لەدەستداوە. هەروەها بەپێی ئەو ئامارانەی کە ئەردۆگان لە لوتکەی جی٢٠ لە ئەرژەنتین باسی لێوە کرد، تاوەکو ئێستا تورکیا بڕی ٣٣ ملیار دۆلاری بۆ پەنابەرانی سوری خەرج کردووە. بەشێوەیەکی دیکە بڵێین، داهاتی لەدەستچووی تورکیا لە هەناردە، و گواستنەوە و بازرگانی سنوور لەگەڵ سوریا و هەموو ئەو خەرجیانەی دیکەش کە پەیوەستن بە پەنابەرانی سوریا لە تورکیا، تاوەکو ئێستا مانای وایە بڕی ٥٠ ملیار دۆلار زیانی لە تورکیا داوە. 

هەموو ڕۆژێک ئەو خەرجییە زیاتر دەبێت بەهۆی بەردەوامی جەنگەوە، و هێشتا باس لەو تێچووەش نەکراوە کە سوپای تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانیدا لە باکووری سوریا ئەنجامیداوە هەروەها بۆ ئەو پشتیوانییە ئاسمانییەی کە بۆ هاوپەیمانەکانی لە سوپای سوریای ئازاد پێشکەشی کردووە. 

پارتی ئاکەپەی حوکمڕان لە ساڵی ٢٠١٢دا سێ کەسی بۆ کۆنگرەکەی خۆی بانگهێشت کرد کە ئەمانە بوون: خالید مشعەل، سەرۆکی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستین، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان، و محمد مورسی سەرۆکی ئیخوان موسلمین کە یەکەم سەرۆکی هەڵبژێردراوی میسر بوو. 

کاتێک لە ساڵی ٢٠١٣ محمد مورسی لەلایەن سوپاوە لەدەسەڵات دوورخرایەوە، عەبدولفەتاح سیسی، ئەو ژەنەراڵەبوو کە جێگەی گرتەوە، تورکیای تۆمەتبارکرد بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی میسر و پشتیوانیکردنی ئیخوان موسلمین و حەماس، کە لەلایەن حکومەتەکەی ئەوەوە هەردوو ئەو ڕێکخراوە بە تیرۆریست لەقەڵەم درابوون. پەیوەندییە هاوبەشە ئابووری و سیاسییەکانیان کۆتاییان هات، و هەردوو وڵاتەکە باڵیۆزەکانی خۆیان لە وڵاتانی یەکدی کشاندەوە. 

قاهیرە هەر بەوەوە نەوەستا بەڵکو زنجیرە فیلمە تورکییەکانی لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانی میسر قەدەغەکرد، و تەنانەت ناوی ئەو شەقامانەشی گۆڕی کە بەناوی عوسمانییەکانەوە کراون. دەیان تورک بەتۆمەتی سیخوڕی زیندانی کران، و زۆر سەخت بوو بۆ تورکەکان کە بتوانن ڤیزای بازرگانیش بەدەست بهێنن. 

ئەو ڕێککەوتنەی کە لەلایەن تورکیاوە لەگەڵ حوکمەتەکەی میسری واژووکرا لەسەر بەخشینی دەرفەتێکی تەواو بۆ بەکارهێنانی ئەلێکساندەریە بۆ گەیشتن بە ئەفریقا نوێنەکرایەوە، و بەوهۆیەشەوە یەکێکی دیکە لە دەروازە وشکانییەکانی گواستنەوە و هەناردە بەڕووی تورکیادا داخرا، و ئەمەش لەماوەی شەش ساڵی ڕابردوو ١٥ ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە. 

بەمشێوەیە، ئەو زیانانەی بەهۆی هەڵەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەکەپەوە بەر تورکیا کەوتوون لەدوای بەهاری عەرەبیەوە گەیشتوون بە زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا. 

ئەو زیانانە تاوەکو دێت زیاتر دەبێت. تەنانەت لە کەیسی ڕووسیادا، پەیوەندییەکان لە ٢٠١٦دا لەگەڵ ئەو وڵاتە ڕێکخرانەوە لەدوای ئەوەی ئەردۆگان داوای لێبوردن کرد لە خستنەخوارەوەی فڕۆکە سەربازییەکەی ڕووسیا، بەڵام تورکیا نەیتوانیووە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەیوەندییە ئابوورییەکانی بگەیەنێتەوە پێش دەستپێکی قەیرانەکان لەگەڵ ڕووسیا کە لە ٢٠١٥دا گەیشتە لوتکە. 

لەکاتێکدا تورکیا بڕیاری پێدانی ڤیزای ئازادی درێژکردووەتەوە بۆ هاووڵاتیانی ڕووسی، بەڵام هێشتا هاووڵاتیانی تورکیا پێویستە داوای ڤیزا بکەن ئەگەر گەشت بۆ ڕووسیا بکەن، و زۆرێک ڕێگری هەیە لە هەناردەی تورکی و کرێکارەکانیان و کۆمپانیاکانیان. 

لەبەرامبەردا، ڕووسیا سوودمەندبووە لە تورکیا لەڕێگەی چەند ڕێککەوتنێکی گەورەوە، لەوانەش پڕۆژەی ئاکویو بۆ بنیاتنانی یەکەم وێستگەی وزەی ناوکی لە تورکیا بە بەهای ٢٢ ملیار دۆلار، هەروەها ڕێککەوتنێک بە بڕی چوار ملیار دۆلار بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگری ئێس٤٠٠ بۆ تورکیا. لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆژەی بۆری تورکستریم، کە ملیاران مەتر چوارگۆشە گازی سروشتی لە دەریای ڕەشەوە لە ڕووسیاوە دەنێرێت بۆ تورکیا، ئەمانەش هەموویان وادەکەن کە ئەنکەرە زیاتر پشت بە مۆسکۆ ببەستێت. 

لە بابەتی پڕۆژەی ئاکویودا، ئەو شیرینییەی کە حکومەتی تورکی ئامادەیە پێشکەشی بکات بڕەکەی ١٠ ملیار دۆلار دەبێت، کە نزیکەی نیوەی تێچووی پڕۆژەکەیە. 

بەهۆی بوونی چەند بەندێک لەناو گرێبەستەکەدا کە لەبەرژەوەندی ڕووسیایە نیگەرانی دروستبوو، بەڵام لەکۆتاییدا ئەنکەرە ئەو گرێبەستەی واژوو کرد. دووبارە هاوشێوەی ئەوەی باسمان کرد کە لە کۆنفرانسەکەی لیبیا شاندەکەی تورکیا کرانە دەرەوە، هەموو ئەو سیاسەتە هەڵانەی کە تورکیا ئەنجامیداوە وایکردووە تورکیا دەستخەڕۆ بێت، ئێمەش بەردەوام و بۆ چەند ساڵی داهاتوو باجی ئەو هەڵانە دەدەین.