نەوت و کۆرۆنا و موچە

16/03/2020

گوڵاڵە سدیق

لەئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٣١ دولارە و خواستی کڕینیش لەسەری کەم بوەتەوە.

عێراق بۆ بودجەی ٢٠٢٠ نرخی بەرمیلێک نەوتی بە ٥٦ دولار خەمڵاندبو، بەبڕی فرۆشی ٣،٧ ملیۆن بەرمیل ڕۆژانە.

لە ئێستادا هەم خواست لەسەر کڕینی نەوت کەمە، هەم نرخەکەشی دابەزیوە، واتە عێراق جگە لە دابەزینی نرخەکەی ناتوانێت ٣،٧ ملیۆن بەرمیلەکەی ڕۆژانەی ساغ بکاتەوە.

ئەگەر عێراق ٣،٧ ملێون بەرمیلەکەی ڕۆژانەش بفرۆشێت بە ٣١ دولار (ڕۆژانە نزیکەی ٩،٥ ملیۆن دولار زەرەر دەکات) بودجەی ٢٠٢٠ نزیکەی ٥١ ملیار دولار کورت دەهێنێت بەبێ پارەی تەرخانکراو بۆ کۆرۆنا.

وەزیری تەندروستی عێراق جعفر سادق عەلاوی دەڵێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا وەزارەتەکەی مانگانە پێویستی بە ١٥٠ ملێون دولار هەیە!

بڕی قەرزی دەرەکی لەسەر عێراق ٢٣ ملیار دولارە، وە بڕی قەرزی ناوخۆش لەسەری نزیکەی ٣٣ ملیار دولارە.

ئەگەر کورتهێنان لە بودجەی ئەمساڵ ٥١ ملیار دولار بێت جگە لە پارەی تەرخانکراو بۆ کۆرۆنا و بڕی قەرزەکانی سەری کە نزیکەی ٥٦ ملیار دولارە، ئایا عێراق دەتوانێت موچە دابین بکات؟!

عێراق خاوەنی ٨٧ ملیار دولار یەدەکی نەختینەیی و ٩٦ تەن ئاڵتونە لە بانکی ناوەندی عێراق، کە بۆ پاراستنی نرخی دراوی بیانی و بەهای پارەی عێراقییە.
ئەگەر عێراق دەست بۆ ئەو یەدەکە نەختینەییە و ئاڵتونە ببات، ئەوا نرخی دولار بەرزدەبێتەوە و بەهای پارەی عێراقی نامێنێت.

ئایا عێراق بەم حاڵەوە موچەی پێ دابین دەکرێت؟ یان دەتوانێت شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بدات؟!