دنیای دوای-کۆڕۆناڤایرەس

23/03/2020

شێركۆ كرمانج

کەس نازانێت داخۆ کۆڕۆناڤایرەس چی بەسەر مرۆڤایەتی دێنێت، چەند کەس دەکوژێت، بەگشتیی مردوەکان خەڵکی کوێ دەبن؟ ئەمەو دەیان پرسیاری دیکە کە وەڵامەکانیان تا ئێستا دیار نین بەڵام ئەوەی لای من مەعلومە دنیای دوای کۆڕۆناڤایرەس (post-coronavirus world) وەک دنیا پێش خۆی نابێت.

لەم کورتەبابەتە حەزدەکەم هەڵوەستە لەسەر هەندێک لەو گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوانە، یان چاکتر بڵێم چاوەڕوانکراوانەم، بکەم. هەندێکیان تاڕادەیەکی زۆر پێموایە کە وادەبن هەندێکیشیان حەزدەکەم وابن. بەمانایەکی دیکە هەندێکیان هەڵقوڵاوی تێگەیشتنێکی ڕیالیستانەن بۆ دنیاو ئەوانی دیکەش لە دیدێکی ئایدیالیستانەوە سەرچاوەیان گرتوە.

یەکەم، دیدیمان بۆ پاکوخاوێنی دەگۆڕێت. لێرە بەدواوە مرۆڤەکان بەگشتیی پاکوخاوێنتر دەبن‌و زیاتر گرنگی بەپاکوخاوێنی خۆیان‌و نانخواردنیان‌و ماڵ‌و دەوروبەریان دەدەن بەڕادەیەک کە لەوانەیە خەڵکێکی زۆر بە قێزوبێزتربن لە جاران. مرۆڤەکان لێرە بەدواوە دەست لە هەر شتێک بدەن بیر لەوە دەکەنەوە داخۆ ئەم شتە پێش ئەوان کەسێکی دیکە دەستی لێداوە یان نا، داخۆ ئەو کەسەی دەستی لێداوە پاکوخاوێن بووە یان نا، هەڵگری بەکتریاو ڤایرۆس بووە یان نا.

دووەم، دیدمان بۆ خێزان پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت. ئەوەمان بۆ ڕووندەبێتەوە کە خێزان ئەو بازنەیەیە کە لە هەموو بازنەکان گرنگترو سەلامەترە. باشتر لەوە تێدەگەین کە لە تەنگانە پێش هەر شتێکی دیکە، تەنانەت دەوڵەتی ڕەشیدیش، ئەوە ئەندامانی خێزانن کە لە ڕووی ماددی‌و مەعنەوەی پێش هەر کەس‌و لایەنێکی دیکە بەهاناتەوە دێن. ئەم بەخۆداچوونەوەیە بەخۆداچوونەوە بۆ دیدی ئێمە بۆ دەوڵەتیش بەدوای خۆیدا دێنێت‌و تێگەیشتنێکی دوولایەنە دەخاتەپێش. لەلایەک گرنگی دەوڵەت دەردەخات لە پارێزگارییکردنی ئاسایشیی گشتیی‌و تەندروستیی گشتیی، لەلایەکی دیکە کورتهێنانی دەوڵەتمان بۆ دەردەخات لە دەستڕاگەیشتنی بەیارمەتیدانی یەکە یەکەی ئەندامانی کۆمەڵگە.

سێیەم، دیدمان بۆ پارە دەگۆڕێت. کۆڕۆناڤایرەس فێرمان دەکات کە پارە تەنیا ئەو ئامرازە نیە کە بۆ بەزم‌و ڕەزم‌و سەفا کەڵکی لێوەربگرین بەڵکو ئامرازێکە کە لەکاتی تەنگانە لەوانەیە لە زۆر شتی دیکە باشتر بەهاناتەوە بێت. بۆیە پێموایە مرۆڤی دوای ئەم قەیرانە بەخۆداچوونەوە بۆ ئاستی سەرفکردنی پارە دەکات‌. لەوانەیە مرۆڤەکان لە بەکاربەرێکی ملهوڕی لاساییکەرەوە بگۆڕێت بۆ مرۆڤێک کە نەک هەر عەقڵانیتر بەڵکو مۆڕالانەتریش بیر لە خەرجکردنی پارە بکاتەوە.

چوارەم، دیدمان بۆ گڵۆبەلازەیشن دەگۆڕێت. لە دنیای ئەکادیمیا ساڵانێکە گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکرێت داخۆ دنیا وەک تۆماس فریدمان باسی دەکات تەخت بووە یان نا، واتە ڕاستە دنیا گڵۆبەڵایزبووە. ئەم گفتوگۆیە دوو دیدی دروستکردبوو. یەکێکیان پێیوابوو کە دنیا گڵۆبەڵایزنەبووە چونکە نیوەی خەڵکی دنیا هێشتان کاریگەرییەکانی گڵۆبەڵازەیشنیان نەگەیشتۆتێ، ئەمانە گوندەکانی هیندستان‌و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی دوورەدەستی ئەمریکای لاتینی‌و ئەفریقاو ئاسیایان بەنمونە دەهێنایەوە. ئەوەی دیکەیان، هاودیدەکانی فریدمان، پێیانوایە کە دنیا هێند گڵۆبەڵایزبووە وەک ڕووبەرێکی تەختی لێهاتوە. هەرچۆنێک بێت، کۆڕۆناڤایرەس تاڕادەیەک ئەو ململانێ‌و گفتوگۆییەی یەکلاکردوەو یەکلادەکاتەوە، نەک بە مانا فریدمانییەکەی کە دنیا تەخت بووەو یەکسانی زیادی کردوە، بەڵکو بەو مانایەی کە دنیا هێندە گڵوبەڵایزبووە کە مرۆڤەکان لە هەر شوێنێکی دنیا بنبەشێوەیەک لە شێوەکان پڕوشکی گڵۆبەڵازەیشنیان بەشێوەیەک لە شێوەکان بەردەکەوێت.

پێنجەم، هەر لە پەیوەند بە گفتوگۆ لەسەر گڵۆبەڵازەیشن، پرسی کۆڕۆناڤایرەس ئەو گفتوگۆیەشی یەکلاکردوە کە گڵاوبەلازەیشن تەنیا قازانج هێن‌و سودبەخش نیە وەک هەندێک لە لیبرالەکان، بەتایبەتی نیولیبرال‌و لیبرالە ئابورییەکان، بانگەشیان بۆ دەکرد بەڵکو گڵۆبەڵازەیشن کارەساتیش لەگەڵ خۆی دێنێت.

شەشەم، دیدمان بۆ سیستەمی سەرمایەداریی، بەتایبەتی ئەو سیستەمە سەرمایەدارییەی کە نیولیبرالەکان‌و نوخبە سەرمایەدارە گەورەکانی ئەمڕۆی دنیای لە پشتە. سیستەمێکی سەرمایەداری کە تەنیا قازانجی گروپێکی دیاریکراو لە دنیا لەبەرچاودەگرێت‌و هەموو ئەوانی دیکەی کردوە بە ئامراز لە خزمەت خۆی. دیدێک بۆ سەرمایەداری کە هەمیشە لە خەمی بچوکردنەوەی دەوڵەت‌و بڕینی خزمەتگوزارییەکانی دەوڵەتە بۆ هاوڵاتیان. دیارە ئەوە بەو مانایە نیە کە دیدە ڕەخنەگرەکە لە سەرمایەداری سەرکەوتو دەبێت، من حەزدەکەم دیدە ڕەخنەگرەکە ڕەواجی زیاتر بێت بەڵامئەگەری زۆری ھەیە سەرمایەداری و بزنێس و نوخبەکانی، دوای تێپەڕاندنی قەیرانەکە، سەرەتا خەڵک بە بوژاندنەوەو تێپەڕبوون لە تەنگژەی قەیرانەکە خەریک بکەن و دوای بوژانەوەش، کە حەتمییە، خەڵک وەک ماسی لەبیریان بچێت و بکەونەوە فەزای بەزم و ڕەزمی جارانیان. بەداخەوە مێژوو پێماندەڵێت کە ئێمە زوو قەیرانەکان لەبیر دەکەین... دیارە من پێمباشە قەیران لەبیربکەین بەس نەک وانەی لێ فێرنەبین.

بەدڵنیاییەوە ئەمانە تاکە گۆڕانکاریی نین کە بەسەر دیدو هەڵسوکەوتی ئێمەدا دێن لە دنیای دوای کۆڕۆناڤایرەس بەڵکو دەیان‌و هەزاران گۆڕانکاری دیکە هەن.