برواتان بەگۆڕان هەبێت

31/03/2020

پشدەر بابەكر

لەم چەند رۆژەی رابردوودا بەهۆی پرسی موچەوە چەند رەخنەیەك لەبزوتنەوەی گۆڕان دەگیردرێت، لەگەڵ ئەوەی هەر لەسەرەتاوە تێبینم لەسەر بەشداری بزوتنەوەی گۆڕان لەحكومەت هەبووە، بەڵام دەبێت لەئێستادا مامەڵە لەگەڵ دیفاكتۆ بكەین ،و گۆڕان بەشێكە لەحكومەت، ئێستا خەڵكانێك پێشنیاری جۆراو جۆر دەكەن و هەندێكیان لەدڵسۆزی رەخنە لەگۆڕان دەگرن و هەندێكی تریش كۆنە قینە،بەڵام ئەوەی بەلای منەوە جێگەی تێرامانە ئەوەیە كە بۆچی كەسانێك كە دەنگیان بە یەكێتی و پارتی داوە یان بایكۆتی دەنگدانیان كردووە چاوەرێی ئەوە دەكەن گۆڕان ببێتە پارێزەری موچەكانیان؟ مەگەر ئەوان دەیانەوێت گۆڕان بە 12 كورسیەوە چیان بۆ بكات كە نەیكردووە؟ لەبەرامبەر ئەمانەدا هەڵسوراوانی دڵسۆزی گۆڕان هەن كە رەخنە لەبزوتنەوەكەیان دەگرن، بەڵام دەبێت ئەو هەڵسوراوانە ئەوەش بزانن بژاردەی بەرامبەر، بژاردە بەهێزەكە نیە.


بەنمونە لە كابینەی پێشووی لە 12/10/2015 بزوتنەوەی گۆڕان لەحكومەت دەكرێتە دەرەوە و لە 1/2/2016 دا واتا كەمتر لەچوار مانگ دوای دەركردنی گۆڕان، حكومەتی هەرێم پاشەكەوتی موچەی سەپاند، لەگەڵ ئەوەی تا بزوتنەوەی گۆڕان لەحكومەت بوو هەموو مانگێك موچە دەدرا، راستە سێ موچەی فەرمانبەران نەدرابوو بەڵام ئەوە هی سەردەمی خوالێخوشبوو بایز تاڵەبانی بوو، ئێستا گرەنتی چیە كە ئەگەر گۆڕان لەحكومەت بكشێتەوە جارێكی تر پاشەكەوتی موچە ناسەپێندرێتەوە؟


جگە لەوەی تا گۆڕان لەحكومەت بەشداربوو پرسی قەرزی وەهمی لەئارادا نەبوو، كەچی ئێستا حكومەتی هەرێم بانگەشەی 24 ملیار دۆلار قەرز دەكات، یەكێك لەگرفتەكانی بەغدادش لەگەڵ هەرێم هەر ئەو قەرزە وەهمیانەن كە نەخاوەنەكانیان و نەچۆنیەتی وەرگرتن و نە چۆنیەتی دانەوەیان دیار نیە، ئەگەر گۆڕان بژاردەی دووەمی تاقیكردەوە گرەنتی چیە دوای ئەم كابینەیە قەرزەكەی یەكێتی و پارتی نابێتە 48 ملیار دۆلار؟.


هەروەها تا گۆڕان لەحكومەتدا بوو رێگەی نەدا كاروباری مەرزەكانی هەرێم بدرێتە دوو كۆمپانیا یەكێك لێرە بۆ یەكێتی و ئەوی تر لەولا بۆ پارتی ، كەچی ئێستا تەنها ئەو دووكۆمپانیایە مانگانە چەندین ملیۆن دۆلار لەداهاتی دەروازە سنوریەكان بۆخۆیان دەبەن،
دەبێت گۆڕانخوازان بزانن كە ئەوكاتەی گۆڕان لەحكومەت بوو سەرۆكی پێشووی دەستەی وەبەرهێنان تاپۆكردنی چەندین پارچە زەوی لەباشترین شوێنەكانی شارەكان لەسەر كەسانی حزبی و كۆمپانیاكان رەتكردەوە و دوای دەركردنی گۆڕان تاپۆكران، بۆیە دەبێت گۆڕانخوازان بە پشوو درێژیەوە چاوەرێی بزوتنەوەكەیان بكەن و بڕوایان بەنوێنەرەكانیان هەبێت، لەبەرامبەریشدا سەركردایەتی بزوتنەوەكە لەنیازی لایەنی بەرامبەر باش تێبگات چونكە ئەوان بەمەبەستی چاكسازی چوونە حكومەت بەڵام رەنگە مەبەستی خەڵكانی تر شتێكی تر بێت، ئەوەی لەسەرەتاوە گوتومانە پێدانی پۆستی باڵا و ژمارەیەكی زۆری وەزیر لەلایەن پارتیەوە بە گۆران گوریسێكی تێدایە..