سوپاسێكی نابەجێ بۆ جەنابی دیكتاتۆر

29/04/2020

نائل بلعاوی

هەتا ئێستا لەیەک هاوڵاتی نەمساییم نەبیست سوپاسی حکومەتەکەیان بکات، لەکاتێکدا نەمساو و ئەڵمانیای دراوسێی، کاری زۆر مەزنیان کرد لەشەڕی بەگژداچوونەوەی پەتای کۆڕۆنادا.

کەس بەئەنگێلا مێرکڵ یان کۆرتسی نەگوت سوپاس، کەس مەدح و سەنای (قیادەی حەکیمانە)یانی نەکرد بۆ ئەم قۆناغە هەستیارە.

خەڵکی ئەڵمانیا و نەمسا، لەپای کاری حکومەتەکانیان ئەو پەڕی دەڵێن: "حکومەت ئەرکی خۆی بەجێهێنا"، یاخود دەڵێن: "پێدەچێت، ئەو هەنگاوانەی گرتیانە بەر ڕاست بووبێت".

بەتەلەفۆن قسەم لەگەڵ هاوڕێیەکی نەمساییم کرد و پێم وت: بەڕاستی سەرسامبووم بەحکومەتەکەی کۆرتس لەپای ئەوکارانەی لەم قەیرانەدا ئەنجامیان دا. ـ لەوەڵامدا گوتی: ئەوە ئەو ڕۆڵەیە کە پێویستە بیگێڕێت، ئەگینا باشترە دەست لەکار بکێشێتەوە.

منیش گوتم:  بەڵام ئەوەی ئەنجامی دا، شایەنی سوپاس نییە؟

ئەو هاوڕێ نەمساوییەم گوتی: نەخێر، بۆچی سوپاسی بکەین..!!! کۆرتس و ئەندامانی حکومەتەکەی مانگانە موچە وەردەگرن بۆ ئەوەی ئەم کارانە بکەن، ئەو پۆستانەی وەریانگرتوە، ڕێک بۆ ئەم کارانەیە، ئەوان کار بۆ خزمەتی ئێمە دەکەن، ئەوەش پیشەکەیانە.

من گوتم  بەڵام سوپاسکردنێک بچوک، مانای شتێکی زۆر نییە.

ئەو لە وەڵامی ئەمەشدا ڕاشكاوانە گوتی: وشەی سوپاس، مانای وایە ئەوان دیارییەکیان پێشکەش کردوین، ئەمەش بۆ خۆی ڕاست نییە. ئەگەر ئەمڕۆ سوپاسیان بکەین، ئەوە بۆ سبەینێ دەبێ وەکو مێگەل، بۆ هەموو شتێک، کە دەیکەن و نایکەن سوپاسیان بکەین

دوای تەواوکردنی پەیوەندیەکەم، دەقێکم نوسی لەسەر چۆنێتی دروستکردنی کلتوری کۆیلەیی و گۆڕینی سەرۆکەکان بۆ خوداوەند.

تیایدا گوتم: تەنیا وشەی سوپاسێکی بچوک، دەروازەیەکی باشە بۆ دروستکردنی کۆیلە و نادادپەروەریی سەرۆکەکان.