دوو دیداری بەڕێز کاک نەوشیروان مستەفا

25/05/2020

حاكم قوباد

ساڵانێک بوو ماڵم لەسلێمانی بوو، بەڵام شەرەفی ئەوەم پێنەبڕابوو بە خزمەت کاک نەوشیروان بگەم. کەچی دوای ئەو ماوە نیمچە درێژە دووجار ئەو هیوایەم هاتە دی. جارێک وەک شاعیر لەگەڵ هاورێی تەمەنم (محەمەد موکری) نەمرو جارێکیش وەک دادوەر بەیاوەری بەرێز((حاکم کەمال مستەفا قادر) سەردانەکەمان لەگەل موکری - کە پێشنیازی ئەم بوو- بۆ بەخێر هاتنەوەی بوو کە لە دەرەوەی وڵات هاتبۆوە، ئەوەی دیکەش بۆ کاروباری دادگا بوو. هەر دوو دیدارەکەش، وا رێککەوت لە سێبەری دوو ئیدارەیی دابوو. هەولێر- سلێمانی. ئەمن بەر لەوەی کاک نەوشیروان ببینم، لای خۆم ولە خۆمەوە وێنەیەکی ئەو بەڕێزەم لە مێشکو هزرو خەیاڵی خۆمدا کێشابوو.

پلەو پایەی مەعنەوی نەوشیروان مستەفا، تخوبی رێکخستەکانی یەکێتی تێپەڕاندبوو و بەتەواوی پەڕیبووەوە ناو تەواوی هیزە کوردییەکانی باشوورو تەنانەت کوردسانی گەورەش.

من قەت پێم وا نەبووە، تا ئەوکاتەی کاک نەوشیروان یەکێتی نیشتمانی کوردستانی بەجێهێشت، بەڕێزییان جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی بوو بن و بەس، بەڵکو هەمیشە وەک سکرتێری مکرر-موکەڕەڕ- (هاو سکرتێر)ی یەکێتی بینومە. ئاخر سەنگ و قورسایی کاک نەوشیروان لەئاستێکدا بوو، کە من یەک لەبارەخۆم هەڵە نیم کە ئاوای وێنا بکەم. پێگەو پایەی کاک نەوشیروان خۆ هەر لای بەڕیز مام جەلال رەنگێکی ئەرێنی نەدابوەوەو بەس، بەلکو لەناو مەکتبەی سیاسی یەکێتی وناو ئەلقەکانی رێکسختنی ئاشکراو نهێنی و ناو هەموو کادرو پێشمەرگەکانی یەکیتیش و ناو تەواوی باڵەکانی یەکێتیش. هەر ئەوەندەش نا، پلەو پایەی مەعنەوی نەوشیروان مستەفا، تخوبی رێکخستەکانی یەکێتی تێپەڕاندبوو و بەتەواوی پەڕیبووەوە ناو تەواوی هیزە کوردییەکانی باشوورو تەنانەت کوردسانی گەورەش.

کاک نەوشیروان بەتەنیا وەک پێشمەرگەیەکی شۆڕشگێرو جێگری سکرتێری حزبێک سەیر نەدەکرا، پلەو پایەی نەوشیروان مستەفا لە کایەی بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلەکەماندا، لەزۆر لە سەرکردەی ئەم حزب و ئەو حزب باڵاتر بوو. من وای تێدەگەم، کە زۆربەی حیزبەکانی دەرەوەی یەکێتیش وەک جۆرێک لە (مەرجەعییەتی سیاسی) تەماشایان دەکردوو هەر لەم گۆشەنیگاو روانگەوە، مامەڵەیان لەتەکدا دەکرد.. جگە لەوەی لەنێوەندی ئەدەبیشدا قەلەمێکی هەوەنتە نەبوو.

بەرێز نەوشیروان مستەفا لە قەراراتی نەفسی خۆیدا، خۆی زۆر لەوە بە گەورەتر دەدیت، کە جێگری یەکەمی سکرتێری حزبێک بێت، یان کەسایەتی دوەمی ناو ریکخستنێکی سایسی بێت، لەو خۆبینینەدا، ئەو تەنیا نەبوو، بەڵکو جەماوەرێکی زۆریش هەر ئاوا کاک نەوشیروانیان دەبینی. هەر ئەوەش بوو وای لێکرد کە ئیدی ئەگەر لەناو یەکێتی نیشتمانیدا، نەتوانیت بەرنامە چاکسازییەکەی پیادە بکات، ئەوا دەکرێ لە دەرەوەی بازنەی ئەو حیزبە و لەکایەکی دیکەی رێکخراوەییدا، جێبەجێی بکات.

کاک نەوشیروان، جگە لە پایە بڵندەکەی خۆی وەک سایسەتمەدار، نوسەر بوو ئەدیب و، زمان زان بوو، شرۆڤەکاری سایسی بوو

من پێم وایە، ئەوەی وای لە کاک نەوشیروان کرد، لە ناو بازنەیەکی دیکەی سەربەخۆدا درێژە بە خەباتی سیاسی بدات و ماڵئاوایی لە حزبەکەی خۆی بکات، ئەو بێ ئومێدییە بوو کە ئیدی پێی وابوو چاکسازی لەناو یەکێتیدا، بووە بە مەحاڵ و وای بۆ دەچوو ئیدی دەرەقەتی تەخت کردنی ئەو لەمپەرو کۆسپانە نایەت کەلەبەردەم خەونەکانیدا قیت ببونەوە. دەنا ئەو پردەی مام جەلال و کاک نەوشیروانی بەیەکەوە دەبەستەوە، پردێک بوو لە رێزو خۆشەویستی، پردێک بوو لە خەباتێکی دوورو درێژی بێ پسانەوەی هاوبەش.

هەموو رێکخستنێکی سیاسی کە باڵباڵێنەو تەکەتول وفرە هێزی تێکەوت، ئەستەمە باڵێک لە باڵانە بتوانێت بەرنامەی خۆی بەسەر هیزەکانی دیکەی ناو حزبەکە بسەپێنێت.

کاک نەوشیروان، جگە لە پایە بڵندەکەی خۆی وەک سایسەتمەدار، نوسەر بوو ئەدیب و، زمان زان بوو، شرۆڤەکاری سایسی بوو، خوێنەوەی تایبەتی خۆی هەبوو بۆ رووداوەکان، لێکدانەوەی تایبەت تارادەی پێشبینی. لە نوسینی هیندێ بابەتی فیکری وەک بیرمەند دەردەکەوت. ئەو سیمایانەش لە سەرکردەی سایسی ئەمڕۆو دوێنێدا، یەجگار دەگمەنن.

هەر دوو دیدارەکە لە ماڵەکەی خۆیداو لە گردی عەلی ناجی لە شاری سلێمانیدا بوو. ئەم دوو دیدارە، وینایەکی تایبەتییان لە یادەوەری مندا، سەبارەت بەو سەکردەیە رەنگرێژ کرد.

ئەمن لەگەڵ زۆربەی هەرە زۆری سەرکردەکانی بزوتنەوەی رزگاری خوازی گەلەکەمان دانیشتووم، بەتایبەت کەسایەتی یەکەمی حزبەکان هەر لە بەڕیز مام جەلال و بەریز کاک مەسعود بارزانییەوە بیگرە تا دەگاتە بەشێک لەسەرکردەی حیزبەکانی رۆژهەڵات. هەستم دەکرد کاک نەوشیروان لەهەر مەموویان جیاواز تر بوو. بەداخەوە سەر کردە هەن، دوای بینینیان، هیچ ئاسەوارێکت لا جێناهێلن و...

کاک نەوشیروانم وا دەبینی کە لە ئەسڵدا کەپکە شاخێکی سەخت بووبێت و لە کون فەیەکونێکدا بووبێت بە مرۆڤ و سەرکردە. لە دیداری ئەودا، تیورە ئایینەکەی تناسخ الارواحم “کۆپی کردنی روحەکان”م وەبیردەهاتەوە، بەڵام ئەو روحەی کە جارێکی تر لەجەستەی کاک نەوشیرواندا، گیرسابوەوە گەشەی کردبوو، روحی رۆحلەبەران نەبوو، بەلکو روحی کەپکە شاخێکی بڵندو سەر سەخت بوو.

تکایە ئەم دیدەی من وا لێکنەدرێتەوە کە من کاک نەوشیروانم وەک پیاوێکی نامیهرەبان دڵرەق بینیووە نا تکایە.. من ئەم سیفەتەم وەک لایەنێکی ئەرێنی تەماشام کردووە.

پێم خۆشە لەم ئەلقەیەدا ئەوەتان بۆ بگێڕمەوە:
تازە مام جەلال کۆچی کردبوو، هاورێیەکی سیاسەتمەدارو هۆشیارم میوان بوو گوتی:
لەکۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا، بەتایبەت گەرئەو بابەتەکەی گفتوگۆی لەسەر دەکرا هەستیار بوایەو پەیوەست بە دەوڵەتەکانی دەوروبەر بوایە، مام جەلال یەکێک لەم دوانەی بۆ گفتوگۆکە هەڵدەبژارد:
یان ئەوەتا خۆی دەستی دەکرد بەقسە و بیرا راکانی خۆی دەخستە روو، پاشانیش ئەندامانی مەکتەبی سایسی یەکە یەکە قسەی خۆیان دەکرد.

یان داوای دەکرد کە ئەوان پێش مام جەلال سەرنج و بۆچوونی خۆیان بخەنە روو. جارێکیان مام چەلال روو دەکا کاک نەوشیروان دەلێ: با لەلای چەپەوە و لەکاکە نەوەوە دەست پێبکەین. کاک نەوشیروانیش دەلێ نا تۆ مامۆستا و عەقلەکەی جارێ خۆت فەرموو قسە بکە. مام جەلایش وەلامی دەداتەوە و دەلێ: ئەگەر من عەقلەکەش بم، ئەوەت بیر نەچێت کە تۆ کلیلی عەقلەکەی منیت.

قەلەم فرۆشەکان هەم لەژمارەو هەم نەوعیەت زۆر کەم بوون. هیندێکیان رەنگە هەر بۆ نان پەیدا کردن، بۆ دوژمنیان نوسی بێت،

میوانەکەم دوای ئەم قسانە گوتی: بارودۆخێکی ئالۆزە، چونکە ئیستاکە نە عەقلەکە لە گۆڕەپانەکەدایەو و نە کلیلی عەقڵەکە.

ئەو پردەی کە مام جەلال و کاک نەوشیروانی بەیەکەوە دەبەستەوە، پردی گۆڕینەوەی رێز وخۆشەویستی بوو، پردی خەباتی هاوبەش و درێژ خایەن بوو بۆ یەک ئامانج و هیوا. ئەم دوو بەریزە ئەگەر لە پراکتیک و تەکتیکدا، هێندێک جار ناکۆک بووبن ئەوا لە ستراتیجدا، یەک ئامانج کۆی کردوونەتەوە.

بەحوکمی ئەوەی دادوەربووم و بە پێی یاسای ئەنجومەنی دادوەری، دادوەر بۆی نییە ئەندامی هیچ حزبێک و رێکخراوێکی سیاسی بێت، بۆیە لە نزیکەوە ئاگام لەوردە کاری سەرهەڵدانی کۆمپانایی وشەو بزووتنەوەی گۆڕان نییە، بەڵام ئەوەندەی بیستوومە، ئامانج لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی گۆڕان، کۆ کردنەوەی یەکێتییە ناڕازیەکان بوولەناو ئەم رێکخستنە تازەیە، لە ترسی پەرت بوونیان و مانەوەی بزوتنەوەکەش لەناو خیوەتە گەورەکە، - یەکێتی - وەک نیچمە بەرەیەک، کەچی دواتر بەلایەکی دیکەدا شکایەوە.

من کاک نەشیروانم، دوای ئەو دوو دیدارە ئاوا بینی، کە لەم چەند خاڵەدا کۆیان دەکەمەوە:
دوو دیدارەکەی
بەرێز کاک نەوشیروان
یەکەم دیدار
موکری، هاورێی تەمەنم، گوتی کاک نەوشیروان هاتۆتەوە بۆ بەیەکەوە سەردانێکی نەکەین؟. زۆرم پێ خۆش بوو چونکە تا ئەوکاتە کاک نەوشیروانم لەنزیکەوە نەدیبوو (ساڵەکەم بیرچۆتەوە).

چووینە ماڵەکەی خۆی لە سلێمانی لە گردەکەی عەلی ناجی، تا ناوباخەکە بەپیرمانەوە هات. بە فەرموون فەرموون، پێشمان کەوت و لەژوورێکا بەخێری هێناین و ئیدی لەگەڵ موکری کەوتنە قسە کردن وگفتوگۆ، من تەنیا گویم لێ دەگرتن. کاک نەوشیروان هاتە سەر باسی شۆڕشی رۆشنبیریی و کوتی: لەرابردووی نزیکدا و لە وکوردستانی عیراقدا، کورد دوو شۆرشی چەکداری بەرپا کردووە، شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی تازە، هەریەکەو بە بەرنامەیەک و سترایجی جیاوازی خۆی، بەڵام لەپاڵ ئەو دوو شۆڕشەدا، نەتوانرا شۆڕشێکی روناکبیریش لەپاڵیدا بەرپا بکرێت. لەشاخ ئەو ئیمکانییەتە لەبەردەستا نەبوە تا ببیت بە کەرەستەی جولانەوەیەکی روشبیریی سەرتاسەری، ئیمە لەرێی دەزگاکانی راگەیاندنی خۆمانەوە، هەر ئەوەندەمان پێ دەکرا، هێزی پێشمەرگەی کوردساتن هۆشیار کەینەوە و زیاتر ورەی ئازایەتی و قارەمانەتییان تیادا بچێنین. لەرێی چەند ئەڵقەو کۆبوونەوەیەکی فیکریو روناکبیریدا، رووداوەکانمان بۆ پێشمەرگەو کادرەکان لێکدەدایەوە، قسەمان لەسەر پێشبینی وئەگەرەکان بۆ دەکردن.

بەردەوام بوو و وتی: ئەو خەونە نەک لەشاخ مەحال بوو من ئیستاش بە مەحالی دەبینم، لەبەر نەبوونی خێتابێکی کوردی یەکگرتوو، خۆ قەلەمێک و دوو قەڵەم و چەپکێک قەلەمیش دەرەقەتی ئەو شۆڕشە فیکری ورۆشنبیرییە نایەن، دەبێ هەولەکان کۆبکرێنەوە بە سیستماتیک بکرێت. جگە لەوەی زۆربەمان هەر بە عەقلیەتی شاخ، لەناو شاریشدا، مامەلە لەگەڵ خەلک و روداوەکاندا، دەکەین.

تكایە هەوڵ بەن قەڵەمەکانتان بە پاکی بهێڵنەوە، چونکە هیندێ جار شۆڕشی چەکداری وا دەکات بەبێ ویست وحەزی خۆیان، نوکی هێندێک قەلەم خوێناوی ببن.

کە لەشاخ بووین کاک موکری، خۆت لەوە باش ئاگاداری کەزۆربەی نوسەرو قەڵەمە دیارەکانی ناو شار. لەگەڵ شوڕشا بوون وبەناوی نهێنییەوە بەرهەمەکانیان بڵاو دەکردەوە. بەشێکی یەکجار کەم قەڵەمەکانیان فرۆشتبوو. قەلەم فرۆشەکان هەم لەژمارەو هەم نەوعیەت زۆر کەم بوون. هیندێکیان رەنگە هەر بۆ نان پەیدا کردن، بۆ دوژمنیان نوسی بێت، هەرچەندە من لەگەڵ پەیدا کردنی نانێک نیم کە لەو رێگایەوە دەست کەوێت. نوسین وئەدەبیاتی ئەو گروپەش، هێندە لاوازو بێ نرخ بوو نەچووە تە ناو مێژووی ئەدەبیاتی ئەو سەردەمەوە و هەر لەگەڵ لەدایک بونیا، کفنی خۆی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبوو.

بەرەی کوردستانیش دوای راپەرێن هەر زوو لێبوردنی گشتی دەرکر و چاوی لەهەموو ئەوانە پۆشی کە زیانیان بە جولانەوەی کوردایەتی گەیاندووە، تەنانەت ئەو لێبوردنە جاش و موستەشارو.. جا چجای نوسەری بودەڵە. من بەتەواوی لەگەڵ لێبوردنەکە بووم، خۆ نەدەکرا شەڕی ئەوهەموو جاشە بکەین کە ژمارەیان دە ئەوەندەی ژمارەی پێشمەرگە دەبوو.

دوای کەمێک بێ دەنگیی، نازانم بۆ لەم باسە روناکبیرییەوە موکری باسەکەی بردە لایەکی دیکەو پرسیارێکی رەخنە ئامێزی لەکاک نەوشیروان کرد و گوتی:
کە یەکێتی لەشاخ بوو، لەناو شاری سلێمانی و لەرێی لیژنەی ئیغتلاتەوە، زۆر کەسی تەسفیە کرد، دیارە ئەم ئیشانە لەخۆوە نەکراون و خەلکی موستەحەقی گرتۆتەوە، بەڵام پێم سەیربوو دوای راپەڕین، شاندێکی بالای یەکێتی سەردانی نەخۆشێکیان کرد، کە کاتی خۆی و لەسەردەمی بەعسدا یەکێتی خۆی بەمەبەستی کوشتنی تەقەی لێکردبوو... (موکری ناوی ئەوکەسەی هێنا!).

کاک نەوشیروان کەمێک بەو قسەیەی موکری قەڵس بوو کوتی: کاک موکری وا نییە، ئایا تۆ پێت وایە هەرچی ئەو سەردەمە ئیغتیال کرابێت یان تەقەی لێکرابێت، ئەوە یەکێتی کردوویەتی. نەخێر هەر گیز وانییە. بەعس ژێر بەژێر زۆر رەفتاری ناشیرینی دەکرد، تا سومعەی شۆڕشی پێ لەکەدار بکات. دڵنیابە ئەو کەسەی تۆ ناوت هێنا ئێمە تەقەمان لێنەکردووە..
پێش ئەوەی هەستین کاک نەوشیروان قسەیەکی زۆر مێژوویی کرد، کە تا ئیستاش لەگوێاما دەزرینگێتەوە؛

(تکایە هەوڵ بەن قەڵەمەکانتان بە پاکی بهێڵنەوە، چونکە هیندێ جار شۆڕشی چەکداری وا دەکات بەبێ ویست وحەزی خۆیان، نوکی هێندێک قەلەم خوێناوی ببن).


دوەم دیدار

(حاکم کەمال مستەفا قادر) لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان، لەکۆیە حاکم بوو. ئەوکاتە من لێکٶلەری دادی بووم. مرۆڤێکی نیشتمان پەروەر بوو، زۆر خزمەتی لادێ نشینەکانی دەکرد. رۆژانە لە بەردەرگای ژوورەکەی خۆی، بەپیوە دەوەستا، قاچێکی دەخستە سەر کورسیەک و لەسەر رانی، مامەلەی ئەو خەلکە کەی بە روێکی خۆشەوە راهی دەکرد.

جارێکیان پێی گوتم:
(لادێ: ئوتێل و مەتعەم وسەنگەری پێشمەرگەیە، ئەو لادێ نشینانە نەبن، پێشمەرگە چۆن دەتوانی درێژە بە شۆڕش بدات، بۆیە خزمەت کردنی ئەمانە بە ئەرکێکی پیرۆزی ئینسانی و نەتەوەیی دەزانم.

ئێمە ئەگەر نەتوانین چەک هەڵگرین و ببین بە پێشمەرگە با هیچ نەبێ لەم رێگایەوە خزمەتێکی ئەم خەلکە رەش و رووتە بکەین، کە پشت وپەنای پێشمەرگەن).

لەسلێمانی، حاکمی دادگای گوناه بووم، دادگای تاوانی بچوک (کەتن)، بەرێز حاکم کەمال سەردانێکی کردم ووتی: حەز دەکەم بەیەکەوە سەردانێکی کاک نەوشیروان بکەین، وتم بەچاوان ئەمر دەکەی. بەبێ ئەوەی لە موناسەبەی سەردانەکە بپرسم!

گەندەڵی بگاتە دادگا، ئیدی ئومێدێک بۆ خەلک نامێنێتەوە وئیتر دادگاکان بەتەواوی سیقەی خەلکی دەدۆڕێنن

زۆر بەگەرمی کاک نەوشیروان پێشوازی کردین. کە دەستی بە قسە کردن کرد زۆر بەتوندی دابەزییە سەر بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی و بەگەندەڵ ونەزان تۆمەتباری دەکردن. لەیەکێک لە قسەکانید وتی: بەکەیف و مایەشای خۆیان پارە پولی دەوڵەت و عەرزەو خانو بەرەی وملکی گشتی بەسەر خەلکی دەوروبەریان دابەش دەکەن، بەدەر لەهەموو رینماییەک و یاسایەو پرەنسیپێک. وا تێدەگەن بەم بەخشینە دەتوانن جەماوەر لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە.

 

ئیدی دەبێ سنورێک بۆ ئەم دیاردە ناشارستانییە دابێین. پاشان گوتی: مام جەلال دەستی واڵا کردووم کەئیدی سنوورێک بۆ پێشیکاری وگەندەڵی دابنێین و بەهەمو دام و دەزگاو وەزارەت وجومگەکانی حکومەت دابچینەوە. دادگاش یەکێک لەو جومگە سەرەکیانەن کەدەبێ لەهەموو پیس وپۆخڵی و ناڕێکییەک، پاکی بکەینەوە کە گەندەڵی بگاتە دادگا، ئیدی ئومێدێک بۆ خەلک نامێنێتەوە وئیتر دادگاکان بەتەواوی سیقەی خەلکی دەدۆڕێنن. ئەگەر سیقەیەک ماوە لای خەلک با فریای کەوین و نەهێلین لە بێن بچێت.

کاک نەوشیروان وتی:
کاک کەمال ئێمە پێمان چاک بوە کە تۆ سەرۆکایەتی دادگای ئیستیفافی سلێمانی وەربگریت وئەوەی بۆ راست کردنەوەی باری دادگاکان دەیکەی ئیمە هاوکاریت دەکەین و پشتت دەگرین. کاک کەمال سپاسی کرد و پێی وت:
بەس کاک نەوشیروان حەز دەکەم نوسراوێکم بدەیتێ ئیمزای خۆتی بەسەرەوە بێت، کە من لەسەر داوای بەریزتان سەرۆکایەتیەکە وەردەگرم، نەوەک کەسانێک لێکدانەوەی خراپی بۆ بکەن و پێێان وابێت هەوڵم داوە جێگە لە خەلک لەق بکەم وشوێنەکەیان بگرمەوە!

ئەوەندی بیرم بێت کاک نەوشیروان یەکسەر هەستا و چووە ژورێکی تر، دوای ماوەیەکی کورت هاتەوە نوسرواێکی تایپ کراوی هێنا کە واتێدەگەم هەر خۆی تایپی کرد بو بەبارچاوی ئیمەوە ئیمزای کردوو دایە کاک کەمال. - فەرموو کاک کەمال-.

دوای ئەوە کاک نەوشیروان رووی کردە من و وتی: کاک قوباد تۆ شاعریش و حاکمیشیت چۆن توانیوتە و دەتوانی هاوئاهەنگی لەنێوان ئەو دووکارەتا بکەی، رەنگە ئەو تەوفیق کردنە ئاسان نەبێت، چونکە لەروالەتدا زۆر لەیەکەوە دوورن.

وام هەست دەکرد جلو بەرگی حیمایەکانی بەردەرگەی، کەژمارەیان زۆر کەم بوون، لەهی ئەو گران بەها تر و شیک تر بن

وتم بەلێ وایە و راست دەفەرموون، شیعر نوسین هەڵفرینە بەباڵی هەلۆ، لەئاسۆیەکی بێ تخوب، بەڵام ئیشی دادوەر وەک ئەوە وایە ئیش لەناو قەفەسێکدا بکەی، چونکە ئیش کردنە لە فەزایەکی بەرتەسکی یاساو یاساکاریی و پابەندبوونە بە مادەو بەندەکانی یاساوە، بەڵام خالێکی گرنگ بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە، کە بژار کردنە. لە جێبەجێ کردنی یاسا و پیادە کردنی عەدالەتدا، بژار کردنی کۆمەڵە لە دزو جەردەو گەندەڵ و... شعر نوسینیش بژار کردنی باخی ژیان وزمان و جوانییە لە دڕکو داڵ وگیای بیژوو داری زڕ..

هەستاین و ماڵئاواییمان کرد. من داوام لە کاک کەمال نەکرد ناوەرۆکی نامەکە ببینم و ئەویش نەیخستە بەردەمم.

من کاک نەوشیروانم، دوای ئەو دوو دیدارە ئاوا بینی، کە لەم چەند خاڵەدا کۆیان دەکەمەوە:
١- تاسەرئیسقان خاکی. خاکی لەپۆشاک و لەهەڵسان و دانیشتن وگفتوگۆ. دوور لەهەموو ئەتەکێتێکی بێزار کەر کە ئیحای لوت بەرزی و خۆ بەزلزانینت بداتێ، وام دەهاتە بەر چاو کە لەبن کەپری فەلاحێک لامان داوەو جامێک دۆ دەخۆینەوە. لە هەردوو دیدارەکە کاک نەوشیروانم بە جلی پێشمەرگانەوە بینی. وام هەست دەکرد جلو بەرگی حیمایەکانی بەردەرگەی، کەژمارەیان زۆر کەم بوون، لەهی ئەو گران بەها تر و شیک تر بن.

٢- لەپشت ئەو سادەیی و خاکی بوونەدا، کەسایەتییەکی یەکجار بەهێز و سەرنج راکێش، دەدرەوشایەوە، کە مرۆڤ لەبەرامەریدا، تووشی وێک هاتنەوە دەبوو، وێک هاتنەوە بەمانای بچوک بوونەوە نا، بەلکو بەو مانایەی کە دەبوایە زۆر ترین پانتایی قسە کردن بۆ ئەو بەرێزە جێبێڵیت و جار جارەش بە بێویستی خۆت، دەبوایە سەیریکی خۆت بکەی وبە جۆری دانیشتنەکەت دابچیتەوە و قاچت جووت کەیت و بزانیت چۆن جولە بە دەستەکانت دەکەی و لەکوێی دادەنێی: لەسەر دەسکی قەنەفەکە یان پەنجەکانی هەردوو دەستت دەخەیتە ناو یەکو لەسەر رانەکانتی دادەنێی. من خۆم ئاوا بینی، جا نزانم خەلکی دیکەش وا بوبن یان نا!نا ئارامییەکی شیرین دەستی لێ هەڵنەدەگرتم.

٣- دەنگێکی زۆر تایبەت لە قسە کردندا، کە بەححەیەکی غەریبی تێدا بوو. ئەودەنگە کەسایەتیەکەی ئەوەندەی تر بەهێز کردبوو. من خۆم بەش بەحاڵی خۆم دەنگم بەلاوە گرنگە دەنگی پڕو تێر، کاریگەری گرنگیش لای گوێگر جیدێلیت.

٤- لەو دوو دیدارەدا، کەرەنگە بە هەردوکیان سعات ونیوێکی خایاندبێت، هیچ زەردەخەنەیەکم لە روخساری کاک نەوشیرواندا نەبینی، من بۆ خۆم ئەو حالەتەم بۆ ئەوە دەگێڕایەوە کە هەموو ئەو بابەتو پرسانەی بەریزیان قسەی لەسەر دەکردن، بابەتی جدی وهەستیاربوون. رەنگە کاک نەوشیروان پێی وابووبێت، کە پێکەنین ونوکتە ناکرێ بکرێت بە ناوبڕ و ناوئاخنی بابەت و پرسە گرنگو چارەنوس سازو هەستییارەکان، رەنگە پێی وابووبێت پێکەنین وگاڵتە کردن رەنگی مەسەلەکان کاڵ بکاتەوە.

٥- پرسیار کردن و رادەربڕین وگفتوکردن لەگەڵیدا ئاسان نەبوو، پێم وابوو لەهەموو کاتیکدا، دەکرێ تووڕە بێت تارادەی روشکان. مروونەتێکی یەجگار کەمم تیا دەبینی. وای لێتێدەگەشتم کە خۆی وادەبینی، بیبەرییە لەو هەڵە ئیداری و سیاسیانەی سەرکردەی دیکە دەیکەن، بڕوایەکی لەرادەبەدەری بەخۆی بوو کە دەتوانێت زۆر شت بگٶرێت و زۆر باری لار لە ئیدارەی سلێمانی ی راست کاتەوە.

٦- کە سەیری دەکردیت، پێم وابوو بەوردی دەتخوێنێتەوە، بەباشی ناخت دەبینێت.

٧- فرمێسکی پەرۆشی و خەمخۆری ودلسۆزیم بۆ خاک وگەلەکەی، لەچاوەکانیدا بەدی دەکرد.

٨- لەشۆڕشگێرێکی ماندوو خەمگین دەچوو، هیلاکی و ماندوونەکەی لەوە سەرچاوەی گرتبوو، وای دەبینی کەهاورێ خەباتگێرەکانی شاخی، لەشاردا خەریکە لاڕێ دەبن وپشت دەکەنە ئەو بەهایانەی لەشآخدا لەسەری رێککەتبوون و گۆشکرا بوون!