هونەر لە خزمەت گوتاری داگیرکەردا

08/06/2020

حسین ئەحمەد پوور

ئەمڕۆ سەیرم کرد فەیسبووک پڕ بووە لە ڤیدیۆی کوڕێکی کامیارانی کە لە بەرنامەیەکی کەناڵی سێی ئێران گۆرانییەک بۆ ئەنفال ئەڵێت.  منیش هەم دەنگیم پێ خۆش بوو و هەم گۆرانییەکەی. بەڵام بە قسەکانی لەبەر چاوم کەوت و کورد دەڵێ دیارە فڕی بەسەر جمهورییەوە نییە.

گۆرانییەکەی پێشکەش کرد بە فڕۆکەوانێک بە ناوی -ئایدین مستەفا- کە گوایە سەرپێچی کردووە لە فەرمانی سەدام و عەلی کیمیایی و ئامادە نەبووە هەڵەبجە بۆردومان بکات.
ئەم چیرۆکە چەند ساڵ لەمەوبەر لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و ئەوەندەی بزانم بنەماڵەی ئەو فرۆکەوانە رەتیان کردەوە کە لەسەر وەها شتێک لەسێدارە درابێت و دواتریش دەرکەوت کە ئەو چیرۆکە ئەسڵ و ئەساسی نییە.

ئەم کوڕە هەروەها ئەڵێ ئایدین مستەفا دەیزانی کە کورد و ئێرانییەکان لەم جەنگەدا لەسەر حەق بوون بۆیە سەرپێچی کردووە.
بەمجۆرە لەلایەک خۆی خستە ناو ئەو گوتارە ئێرانییەی کە چل ساڵە شەڕی عێراق _ ئێران بە شەڕی حەق لە دژی باتڵ پێناسە دەکات.
لەلایەکی دیکەشەوە لە چوارچێوەی ئەو گوتارەدایە کە ئێران بە پشتیوان و تاکە دۆستی کورد پێناسە دەکات.
ئێران بە درێژایی ٣٠ ساڵی رابردوو یادی هەڵەبجەی بۆ جێخستنی ئەم گوتارە لەناو کورددا بەکار دەهێنێت، هەر لە چوارچێوەی ئەم گوتارەشدا تەنانەت لەکاتی شەڕی داعشیشدا بەردەوام میدیا و بەرپرسە ئێرانییەکان بە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ کاریان لەسەر جێخستنی ئەم گوتارە دەکرد کە ئێران تەنیا دۆستی کوردە و تەنیا ئێرانە لەکاتی تەنگانەدا بە هانای کوردەوە دەچێت.
قوڕبەسەرییەکەی لەوەشدایە هەندێک کوردی رۆژهەڵاتیش نەزانانە یان بە ئانقەست پەرە بەم گوتارە دەدەن.

هەر ئەو کوردە رۆژهەڵاتیانەی کە کار بۆ ئەم گوتارە دەکەن، خۆیان لە هەموو کەس پێ نیشتمانپەرەوەرترە، بە کوردایەتی و نیشتمانپەروەری دەزانن کاتێک لە تریبون و کەناڵە ئێرانییەکانەوە لەسەر مافی کوردانی باکور و باشور و رۆژئاوا گوڕەگوڕ دەکەن، کەچی لە ئاست مافە سەرەتاییەکانی کوردی رۆژهەڵات لاڵ و بێدەنگن.
ئازان لە باسکردنی تاوانەکانی بەعس و ئەردۆغان لە دژی کورد، کەچی تەنانەت غیرەتی ئەوەیان نییە بۆ تەنیا جارێک دەنگ هەڵبڕن لە دژی تاوانێکی دەسەڵاتدارانی ئێران کاتێک بۆ نمونە خانوو بەسەر پیرەژنێکی کرماشانیدا دەڕوخێنن، یان زاتی ئەوەشیان نییە رەخنەیەکی سوک لە بەشار ئەسەدی دۆستی کۆماری ئیسلامی بگرن.
حیزبەکانی باشوریش بە درێژایی ساڵانی رابردوو نەزانانە یان بە ئانقەست پەرەیان بەم گوتارە داوە کە ئێران دۆستی تەنگانەی کوردە، ئەوانیش بۆی لە ئەستۆ دەدەن کە ئەگەر ئێران نەبووایە ئەوا لە شەڕی داعشدا هەولێر دەکەوت یان ئێران بوو کە کارەساتی هەڵەبجەی بە دونیا ناساند.
ئیتر ناپرسن کە ئەگەر دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕییەکان و شیعەگەری ئێران نەبووایە ئەستەم بوو داعشێک سەرهەڵبدات، یان ئەگەر پیلانی ئێران نەبوایە بۆ داگیرکردنی هەڵەبجە ئەستەم کارەساتی هەڵەبجە روویدابایە. ( لەوانەیە هەندێک کەس بەم دێرانە وا تێبگەن کە ئەمە پاکانەیە بۆ تاوانەکانی سەدام و داعش. سەدام و داعش لەهەر حاڵەتێکدا تاوانبارن تەنانەت ئەگەر ئێران هەموو باشوری کوردستانی داگیر بکردایە پاساو نییە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و رەشەکوژکردنی خەڵکی مەدەنی و بێ تاوان).
هەر ئەم گۆرانیبێژە دەڵێت ئایدین مستەفا بەر لە مردنی وتوویەتی ئاخۆ بڵێی رۆژێک کورد و ئێرانییەکان منیان لەبیر بێت بۆ ئەم هەڵوێستە؟ ئاخر کەسێک کە خۆی بە هونەرمەند بزانێت نابێت بیر لەوە بکاتەوە کێ ئەم قسەی نەقڵ کردووە؟ نابێت بزانێت خۆ ئەم کەسە بە بەرچاوی خەڵکەوە لەسێدارە نەدراوە تا خەڵکێک گوێیان لەم قسەیە بووبێت؟

هونەرمەند کەسێکی ئاسایی نییە. کەسێک هونەرمەند بێت دەبێت تێگەیشتنی بۆ هونەرەکەی هەبێت و ئەوەندە تێبگات کە نەبێتە زوڕناژەنی داگیرکەر یان گوتارێکی سیاسی.
کاتێک هونەرمەندێک لە بەرنامەیەکی پڕبینەردا ئەم قسە پوچە دەکات گەمژەییە یان تاوانە و بەشداریکردنە لە جێخستنی گوتارێکی دوژمنانە لە دژی ئەو گەلەی کە خۆی گۆرانیان بۆ دەڵێت. بۆیە پێموایە هونەر بەبێ تێگەیشتنی قوڵ لە سیاسەت هونەرێکی پوچە. هیوادارم خەڵکێک هەبن دەستی ئەم کوڕە دەنگخۆشە بگرن و وەخەبەری بێنن.

ئەم کوڕە کە ئەم قسانەی کردووە خۆی هیچ تاوانێکی نییە، ئەگەری بەهێز ئەوەیە ئەم قسانەی لەڕووی گەمژەییەوە کردبێت. لە دوو حاڵەتدا تاوانبارە: لە حاڵەتەێکدا کە بە ئاگاییەوە ئەم قسانەی کردبێت بۆ راکێشانی سۆزی بینەرە فارس زمانەکان بۆ خۆی کە دەنگی پێ بدەن. لە حاڵەتێکی دیکەشدا ئەگەر بێتو بەڕێوەبەرانی بەرنامەکە هانیان دابێت و فێریان کردبێت ئەم قسانە بکات.

کە واتە کێشەکە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
کێشەکە قوڵترە لەوەی بیری لێ دەکەینەوە، کێشەکە ئەوەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بزووتنەوەی کورد یان بوونی نەماوە یان بزووتنەوەیەکی لاوازی سەرلێشێواوە. بزووتنەوەیەکە کە خاوەنی هیچ گوتارێک نییە بەرچاوڕوونی بدات بە خەڵک، کە سنوری نێوان دۆست و دوژمن بۆ خەڵک روون بکاتەوە و بە خەڵک بڵێت کە ئەو شوێنە سنوری دوژمنە و ئەو شوێنەی دیکە سنوری کوردایەتییە. ڕوونی بکاتەوە کە گۆڕەپانی دوژمن کوێیە و گۆڕەپانی کوردایەتی کوێیە؟

ئاخر کاتێک لە هەناوی ئەو بزووتنەوەیەوە کەسێک سەرهەڵدەدات و بە هەزاران کەس شەوانە سەیری لایڤەکانی دەکەن و چەپڵەی بۆ لێ دەدەن، شەوێک بە فارسی بە بەژن و باڵای ئێرانیبوون هەڵدەدات و شەوێکی دیکە بە زمانی کوردی کوردایەتی بە خەڵکی سادە دەفرۆشێت، دیارە ئەم بزووتنەوەیە چەندە وێرانە. یان کاتێک سەرکردەی حیزبێکی رۆژهەڵاتی لە میدیایەکی کوردی دەردەکەوێت و پشتگیری لە ریفراندۆمی باشور دەکات کەچی رۆژێکی دیکە لە میدیایەکی فارسی خزمەت بە گوتاری ئێرانچێتی دەکات دیارە ئەم بزووتنەوەیە چەندە وێرانە.

ئاخر کاتێک بزووتنەوەیەکی بێ گوتار و بێ فکر و بێ پلان چاوەڕێ و دەست بە ئەژنو دانیشتووە کە جۆرج بوش و دۆناڵد ترەمپ کێشەی کوردی بۆ یەکلا بکەنەوە، کاتێک سەرکردە و کادری بزووتنەوەکە خۆیان سنوور و گۆڕپانی دوژمن و بزووتنەوەکە نەناسن، کاتێک ئەندامانی بزووتنەوەیەک بە قسەی پوچی پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی ئێران شاگەشکە دەبن کە بە درۆ بۆ کۆبانی و عەفرین دەگوڕێنێت و لە شارەکەی خۆشی سیخوڕی بەسەر خەڵکەوە دەکات. کوڕە گۆرانیبێژێکی کامیارانی چۆن بزانێت کوردایەتی چیە؟ یان وەرزشکارێکی شنۆیی چۆن بزانێت جیاوازی ئەم لەگەڵ حسێنی رەزا زادە چییە؟