فۆبیای تەعریبە یان راسیزم

21/06/2020

حەبیب محەمەد جاف

ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو سلێمانی شارێک بووە ،رۆشنبیری گەورەی تیادا هەڵکەوتووە ،و ئەو رۆشنبیرانە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەدیهێنانی رێباز ورێچکەی نوێ لە شیعر وئەدەب و تەنانەت سیاسەتکردنیش.

بەڵام سلێمانی ناتوانێت ببێت بە شاری رۆشنبیری بۆ نمونە وەکو پاریس ، کاتێک دەکرێت بوترێت شاری روشنبیری کە چەمکە مرۆڤایەتیەکان رەگی تیادا داکوتابێت ،کە یەکێک لە و چەمکانە هاوسۆزیە لە گەڵ لێقەوماوان وئەوانەی ناچاری پاڵی پێوە ناون رووبکەنە ئەم شارە.

بەڵام دەبینین لەم شارەدا کەلتوری دژە شاری زاڵە وغەیر ی خۆی فڕێدەداتە دەرەوە وبە کەمتر وخراپتر سەیری دەکات.

تەنانەت ئەو غەیرەیە بە پلانگێڕ ومەترسی سەیر دەکات.

بە پێچەوانەوە لە پاریس بینیمان ئەوانەی خەڵکی فەرەنسا نەبون نەک خۆپیشاندانیان دەکرد ،بەڵکو ئاژاوە گێڕیان دەکرد وبەسەدەها ئوتومبیلی پاریسیەکانیان سوتاند و ڕێگاکانی شاریان دادەخست.

کەچی پاریسیەکان نەهاتنە سەرجادە دژ بەو نا فەرەنسیانە ، بەڵکو لەلایەن نوسەران وتوێژەرانی پاریسەوە چەندین لێکۆڵینەوە بڵاوبویەوە باسی لەهۆکارەکانی سەرهەڵدانی توندوتیژیەکانی پاریس وحکومەتیان بە کەمتەرخەم دەزانی لە ئاست داواکاریەکانیان .

کەچی لە دارالملک ی بابان ،بە ڕەوا نابینن هاوڵاتیەکی عەرەبی عێراقی یان بیانی بە پارەی خۆی خانویەک یان شوققەیەک بکڕێت بە بیانوی تەعریب کردنی سلێمانی.

ئایا تەعریب پرۆسەیەکی سیاسی وقانونی و مالی سیستەماتیک نەبوو لە لایەنی رژێمی عێراقەوە کە بە بوجەیەکی گەورەوە بەرێوە دەچوو؟

چما ئێستا ئەو میللەتەی ئێمەی تەعریب دەکرد کە زۆربەی لە پێکهاتەی سوننە نیە؟

کە ئێستا خۆی لە خراپترین هەلومەرجدایە ،نە خاکی ماوە ونە دەسەڵات و هێز ، وهاتوە بە زەلیلی لای ئێمە جێگەی بێتەوە.

ئیتر چۆن دەتوانێ شارێک تەعریب بکات کە ڕێژەکەی ناگاتە 1 ٫,. % ؟

بەڵام لە هەولێر ودهۆک شانزە ساڵە عەرەب موڵک دەکڕێ کەچی کەس باسی تەعریب ناکات وکاریگەریشی نەبووە،ئایا ئەوەی لەسلێمانی روودەدات فۆبیای تەعریبە؟

بەڵام خۆ ناوچە تەعریب کراوەکان زۆر دوورن لە سلێمانیەوە؟

یان ئەم هەڵوێستە راسیزم ودەمارگیریە ؟

و یاخود نارۆشنبیری ونەخوێندەواری ئەوانەیە کە هەراکەیا ن نایەوە وزاکیرەیان ناکارایە و ناتوانن بە دیقەت بیربکەنەوە؟