کۆرۆناش بوو به پۆز

09/07/2020

دكتۆر ماکۆک محمد

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بە هەرکەس بوترایە توشی کۆرۆنا بوویت وەکو ئەوەبوو پێی بڵێیت توشی ئایدز بوویت، تەنانەت هەندێک کەسی توشبوو یان بەرکەوتەی توشبوو بۆ ئەوەی نەبرێت بۆ کەرەنتینە هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی دەکرد.

ئێستا پێچەوانە بووەتەوە، جۆرێک لە شانازیکردن و پۆزلێدان بەو کەسانەوە دیارە کە توش دەبن و بڵاوی دەکەنەوە. لە کاتێکدا نەخۆشییەکە هەر ئەوەی یەکەمجارە و هیچ نەگۆڕاوە، تەنها هەڵوێستی مرۆڤەکان گۆڕاوە.

نازانم مەبەستیان لە بڵاوکردنەوەی نەخۆشییەکە چیە، هەر بیانوویەکیان هەبێت هەر نادروستە.

- ئەگەر ئەڵێن بۆ ئەوەی خەڵکی بزانن و خۆیان لە ئێمەی توشبوو بپارێزن، ئەوەش هەر دروست نیە، چونکە خزم و دۆست کاتێک بیانەوێت سەردانت بکەن ئەتوانیت بە تەلەفون پێیان بڵێیت.

- ئەگەر ئەڵێن بۆ ئەوەی هەرکەس پێویستی بە پلازما هەبوو هاوکاری بکەین، ئەوا ئەتوانن ژمارەکانیان لە نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا دانێن، هەرکەس پێویستی بوو، ئەوان تەلەفونیان بۆ بکەن.

بەداخەوە هەندێک لەو کەسانەی بڵاوی دەکەنەوە ئەوانەن کە لە بواری تەندروستیدا ئیش دەکەن و خۆپارێزی زۆر باشیشیان کردووە، ئەمەش وادەکات خەڵکی متمانەیان بە خۆپارێزیش نەمێنێت.

هێندە بە شانازییەوە ئەڵێن ئەوا شکور زاڵ بووین بەسەر کۆرۆنادا ئەڵێی قەڵای خەیبەریان گرتووە.

زاڵبوون بەسەر کۆرۆنادا هیچ ئازاتییەکی تێدا نیە، چونکە نە توشبوونی بەدەستی خۆتە و نە چاکبوونەوەشی. ئەو ڤایرۆسە بچێتە جەستەی هەر کەسێکەوە هیچ دەرمان و هێزێک نیە دەری بکاتە دەرەوە، هەتا سووڕی ژیانی خۆی تەواو نەکات ناچێتە دەرەوە. تەنها بەرگری جەستەی کەسی توشبوو پارێزەری ڕاستەقینەیە.

دەرمان و چارەسەرەکانیش تەنیا بۆ ئەوەیە لەو کاتەی ڤایرۆسەکە لە جەستەدایە زیانی گەورە بە ئەندامانی جەستە نەگەیەنێت.

بە داخەوە ئێمە میللەتێکین هێڵی ناوەندمان نیە، بۆ زۆربەی ڕووداوەکان یان زۆر زیادەڕەوی دەکەین، یان زۆر کەمتەرخەمی دەکەین، حەقی تەواو نادەین بە هیچ.
ئەمەش دوو هۆکاری سەرەکی هەیە:
× چاولێگەری و دووبارەکردنەوەی توتی ئاسا.
× نەشارەزایی و نەبوونی تاقەت بۆ ئەوەی بە دوای زانیاریدا بگەڕێین.