لە نیوان شەڕی (شمشێر) و شەڕی (کلیک)دا ، مرۆڤایەتی بەرەو کوێ ؟

17/07/2020

هێمن عەبدولقادر

جاران شەو ئەخەوتیت بەیانی کۆمەڵێک پارتیزان لە بنکەیەکیان دابوو ، ئێستا شەو دەخەویت بەیانی کۆمەڵێک هاککەر لە ئەکاونتەکەیان داوی ، جاران دەست بەسەر رەبایە و بارەگادا دەگیرا ، ئێستا دەست بەسەر ماڵپەڕ و ئیمەیڵ ، بەڵگەی راستی و دروستیش بۆ ئەم قسانە دەست بەسەردا گرتتنی سەدان هەزار ئیمەیڵی پنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوە و کۆشکی سپی و پاشان بڵاو کردنەوەی بەناوی (بەڵگەکانی ویکلیکس) ، ئەگەر جاران (ئەنوەر سادات و بەشیر جەمیل و جۆن کەنەدی ) فیزکیەن کوژرابن ئەوا هەر دوێنێ (١٦-٧-٢٠٢٠) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر هاککەرەکان (ئۆباما ی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا) و (بەیڵ گەیتس)ی خاوەنی مایکرۆسۆفت و (جەیف بەیزوز)ی خاوەنی ئەمازۆن و (کۆمپانیای ئەپڵ)یان مەعنەویەن تیرۆر کرد و دەستیان گرت بەسەر ئەژمارەکانیان .


ئەگەر جاران (هەرقل و هیکتۆر و سپارتا) نەمربوون ئەمڕۆ (جوليان اسانج و دومشيت بيرگ و مارک زوکەربیرگ) ، ئەگەر لێدان لە ئاسایشی نیشتمانی جاران ئەوە بوبێت کە فڕۆکە خۆی بکێشایە بە کەشتیەکانی دورگەی (پێرلهاربەر) و تاوەرەکانی (مانهایتن) ، ئەوا لێدان لە ئاسایشی نیشتمانی لە ئێستادا بریتیە لە شەڕی بایلۆژی و تەکنەلۆژی و شەڕی ناو تاقیگەکان کە (سارس و کۆرۆنا) نزیکترین نمونەیانن ، ئەگەر جاران سوپا بجوڵێنرایە بۆ داگیرکاری ، هەر ئەم هەفتەیە (روسیا) لە رێگەی هێرشی ئەلکترۆنی ویستی دەست بگرێت بەسەر ئەنجامی پێکوتەکانی زانکۆی کامبریدج.


ئەو چەکە پێشکەوتوانەی کە ئێستا لە دنیادا دەفرۆشرێت و بازرگانی پێوە دەکرێت و پارەیەکی زۆر و مرۆڤێکی زۆر تیایدا دەبنە سوتماک ، لە نیوەشەوێکدا لە رێگەی کۆدەکانیەوە هەر لە لایەن دەوڵەتانی بەرهەمهێنەر بەو کەس و لایەن و گروپ و دەوڵەتانەی کە پێیان داون دەتەقێنرێتەوە


ڕەنگە چیتر (دەستڕاستی) و (نیشانە شکاندن) و (بەجەرگی) و (ماسولکەی بەهێز) کۆمەکی ئەم شەڕە نەکات ، شەڕەکە نە هی شیرە و نە هی تیرە ، بەڵکو شەڕی تەکنەلۆژیایەکە چیتر دوژمن لە سەر سنور نیە بەڵکو لە سەر سفرە و لە ژوری نوستنەکانمانە ، دیارە ئەم شەڕەش پێویستی بە سەرباز و برین پێچ و هەواڵگری نوێ هەیە ،
هەموو سەردەمێک بە کۆمەڵێک نیشانە و سوخیتەی تایبەت بە خۆی دەناسرێتەوە.


ئەگەر سەرەتای سەدەی بیستەمدا مرۆڤایەتی گیردۆی دەستی (مەلاریا و سکچون و ڕشانە و پەتای جۆرا و جۆر و جەنگە یەک لە دوای یەکەکان بوبێتن) ، ئەمڕۆ لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکدا خەڵکی بونەتە قوربانی دەستی ڕیکلام و مۆدێل و میدیا و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و جیهانگیری .

پرسیارەکە ئەوەیە کۆمەڵگایەکی (فیوداڵی) وەک ئێمە ، کە هێشتا ماکەکانی فیوداڵیزم سنوری (بەها) و (بیرکردنەوە) و ناوەندە ئەکادیمیەکانی ئێمەی تێنەپەراندووە ، ئێمە دەکەوینە کوێی ئەم دنیا نوێیەوە ؟ ئێمە تەکنەلۆژیا بۆ چی و چۆن بەکار دەهێنین ؟
راستی ئێمە هێشتا لە بنی ئەم زانستەدا خەریکی یەکتر بوغزاندن و بڵاوکردنەوەی ڕق و نەهێشتنی بەهاپیرۆزەکانین کە رایەڵەی کۆمەڵایەتی راگرتووین ،
ئێمە ئیتر دەبێت ئەم سەردەمە نوێیە قبوڵ بکەین ، رەفتارەکانی ، لێکەوتەکانی ، ئازارەکانی ، بەرگە گرتنەکانی ، هەر وەک چۆن باو باپیرانمان بەرگەی (سەفەربەلک) و (شیربایی) و (کۆلێرا) و (داگیرکار)ی و ئاوارەیی و کیمیاوی بارانیان گرت ، ئێمەش مەحکومین کە دەبێت بەرگەی (تیک تۆک) و (سناپ چات) و (لایڤ) و (شەڕە جنێو) و (تۆمەت ) و (سوکایەتی) و (بوهتان) و (ناوزراندن) بگرین و بە بێ دەنگی ڕوخسەت لە (مەحوی) مەزن بخوازین و بڵێین:-
بە جێ بێت و نەیەت ئێمە ئیتر ( ڕوو ناکەینە سارا) هەر لێرە شێت دەبین وەک (مەجنون لە شارا ) بۆ هیچ شوێنێک ناڕۆین ، چونکە ئیتر هیچ شوێنێک ئارام نیە ، لە روی فیزیکی و دەرونی نە بۆ (ئەسکەندەر) نە بۆ (دارا)


جاران دەست بەسەر قەڵادا ئەگیرا ، ئێستا دەست بەسەر کەسایەتی ، جاران شەڕ بڕێک لە ئەخلاقیات و داپۆشینی تیا بوو ، ئێستا پڕبووە لە ئاشکرا کردن و ڕوتکردنەوەی یەکتری
نوقتە سەری دێڕ .....
.......................................................
*ئەسکەندەر:- مەبەست لە ئەسکەندەری کوری فیلیبی مەقدۆنیایە
*دارا :- مەبەست لە دارویشی سێهەم ، پاشای بنەماڵەی هەخامەنشیەکان بووە
*هیوادارم لە داهاتودا دەرفەت هەبێت زیاتر لە رووە کۆمەڵناسی و مرۆڤناسیەکەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و لێکەوتەکانی بوەستین