جەنگ لە پێناوی کوردایەتیه‌وه‌ بۆ پیناوی بازرگانی

09/08/2020

سامان غه‌فور هۆرامی

حیزبایەتی لەنێوان دوو جەنگدا 
لەوەتەی کورد ھەیە، جەنگیش ھەیه‌، مێژووی ئێمە جەنگە، جەنگ پانتایی ئێمەی داگیرکردووە، به‌ جۆرێك ده‌توانین بڵێین شوناسی ئێمە جەنگە! جوگرافیای ئێمە جەنگ دیاریکردووە و ھەر جەنگیش لێمانی سەندووەتەوە، ته‌نانه‌ت ئەوکاتەی ھیچ ھێزێکمان نەدۆزیبێتەوە جەنگی لەگەڵ بکەین لەگەڵ خۆمان بەجەنگ ھاتووین! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرینه‌ی جه‌نگه‌كانیشمان دۆڕاندووه‌ ھەر ئەم خاڵەشە بووەتە ھۆی شکستمان لەبه‌رامبه‌رئەوانی تردا.


له‌ باشووری كوردستان کوردایەتی و حیزبایەتی  دوو ڕووی دراوێکن گەرچی ھەر یەکێکیان دەتوانرا بە جۆر و شێوازی جیاواز کاریان بکردایە..


حزبایەتی لەمپەڕی ڕاستەوە بۆ ئەو پەڕی چەپ تەنھا بازاڕی کوردایەتیان گەرمکردووە، بەڵام چ کوردایەتیەک؟ موزەیەف و ڕوپۆشکراو! ئەم حیزبانە بازاڕی جەنگیان گەرم کردووە، ھەندێکیان ئەم گەرمکردنەیان لەپێناو خۆیاندا بووە و ھەندێکی تریان بۆ ھێزە ئیقلیمیەکان و نەیارەکانی کورد بووە! 


ھەر جەنگ و بەرپەرچدانەوەیەکمان کردبێت، بەشێکی کەمی لەپێناو خۆماندا بووە و بەشەکەی تری لەپێناو ھێزی تردا بووە!


گەر بگەڕێینەوە ڕاپەڕینەکەی  نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو.. چ دەبینین؟


لەپڕ ھەرێمێک دروستکرا، ڕاستە کۆمەڵێک حیزب کاریان کرد تا ھەرێمێکمان ھەبێت، بەڵام کە واقعەکە دروست بوو چیان کرد؟


ئەو واقعەی ئێستە ھەیە حزبەکانی خستە نێوان دوو جەنگەوە جەنگی کوردایەتی و جەنگی بازرگانی.


 لەناو ئەو ھێزانەشدا تەنھا دوو ھێزی سیاسی کاریگەرمان ھەیە، کە ھەم توانیویانە قورسایی ناوخۆیی و دەرەکیان ھەبێت، ھەم ئەم دوو ھێزە بازرگانیان بە خوێنی شەھیدان و سەرمایەی سروشتی و مرۆیی کوردستانەوە کردووە. 


لە هه‌ڵته‌كاندنی سه‌رخان و ژێرخانی ئابوورییه‌وه‌  دەستیان پێکرد و گەیشتنە بیرە نەوتەکانمان!


وه‌ك مێژوو پێمان ده‌ڵێت ئەو ھێزەی خواستی دروستکردنی دەوڵەتی ھەبێت، دەست بۆ تاڵانی وڵاته‌كه‌ی خۆی نابات، گەر خواستی ئەو ھێزە دروستکردنی دەوڵەتێکی مەدەنی بێت، جەنگ ناکات لەگەڵ براکەی خۆیدا!


به‌ڵام ئێمه‌ بینیمان هه‌رچه‌ند ساڵێك دوای ڕاپه‌ڕین دوو ھێزی سیاسی بەریەک کەوتن و باشووری کوردستانیان کردە گۆمی خوێن..


وه‌ك شاره‌زایان باسی ده‌كه‌ن، ژمارەی ئەو شەھیدانەی لە جەنگی براکوژیدا شەھید بوون، دەتوانرێت بوترێت زیاتر بووبێت لە جەنگی ڕزگاریی و ئه‌وه‌ی ژماره‌یان له‌وانه‌ زیاتره‌ له‌ سه‌نگه‌ره‌كانداو له‌به‌رامبه‌ر به‌عس كوژراون!


جەنگی نێوان ئەم دوو ھێزە دوو دیوی ھەیە، دیوێکیان خواستی دەرەکی لەسەر بووە و دیوەکەی تری خواستی قۆرخکاریی و سڕینەوەی یەک و ھەڵلوشینی سەروەت و سامانی کوردستان.. 

لەجەنگی سەربازیەوە بۆ جەنگی بازرگانی
كاتێك هه‌ردوولا ماندوو بوون و لە جەنگی سەربازی بوونەوە و پەنایان بۆ دروستکردنی کۆمپانیای زەبەلاح برد، بیریان کردەوە دەتوانرێت بە ھێزی پارە ویژانی خەڵک بکڕن، لەبری دروشمی کوردایەتی، گیرفانی کەسە  نزیکەکانی خۆیان پڕکرد! ئەوەی بە گەنجی لە شاخ نەیانتوانی بیکەن ئێستە بەپیری مومارەسەی گەنجی خۆیان دەکەن.


پێشتر ئاماژەمان پێدا کە ئەم ھێزانەی ئێمە کە جەنگیان لەگەڵ یەک کرد دیوێکی خواستی دەرەکی بوو، کاتێک کە دەستیان بە بازرگانی کرد بوونە گیرفانی ئەوانی تر! ئەوەنیە ڕێکەوتنی ٥٠ ساڵی دەکەن لەگەڵ تورکیا.. شارەکانیان فراوان کرد لەپێناو کۆمپانیاکانی خۆیان، جادەکانیان قیرتاو کرد ھەر لەبەر کۆمپانیاکانیان، کوردستانیان کردە مۆڵێک بۆ ساخکردنەوەی کاڵای تورکی و ئێرانی! ھێزی کاری ناوخۆییان پەک خست بۆ ئەوان، زۆر شتیان کرد کە دوژمن ئەوەی نەتوانیبوو بەرامبەرمان بیکات..


كاتێك وەزیری پێشووی کشتوکاڵ ڕێگری لە ھاوردەی مریشک کرد.. لەپێناو بەرھەمی خۆماڵیدا خەریک بوو حکومەتەکەی پێوە قوت بدەن!


کارگەی دۆشاویان دروست کرد کەچی تەماتەی خۆمانی بۆ بەکارناھێنن..


کوردستان جێگەیەکە بۆ بازرگانی ئەوانی تر و برسی کردنی خەڵکەکەی. ئێمە میللەتێکی ناهوشیار و سەرکردایەتیەکی ناهوشیارمان ھەیە، خاوەنی سەرمایەی مرۆییزۆرین و ھێزی کار و کۆمپانیای دەرەکی سەروەت و سامانمان لوش دەدەن. دوژمنانی کورد بیریان لەوە کردەوە کە مەرج نیە ھەموو کات پێویستت بە بەکارھێنانی ھێزی سەربازی ببێت، بۆیە ھاتن و بازاڕیان وەک ناوچەی جەنگ بەکارھێنا، کە لەبازاڕیش شکستت ھێنا، ھەموو شتێکت لەدەست دەردەھێنن. 

لەنێوان ستراتیژیەت و حیزبایەتیدا :
ھەرێمی کوردستان بازاڕێكی گەورەی تورکیا و ئێرانە، بازاڕێکی پێنج ملیۆن کەسی بەبێ بیرکردنەوە کاڵای تورکی و ئێرانی دەکڕن!


تورکیا و ئێران دوو حزبی سیاسی بەکاردەھێنن بۆ بەبازاڕکردنی شمەکەکانیان. حکومەت دەستی بەستراوە، توانای ئەوەی نیە کە یەک کیلۆ تەماتەی خۆمانە ساخ بکاتەوە!


توانای ساخکردنەوەی مریشکی خۆمانەشی نیە!


چونکە دوو ھێزی سیاسی ھەوڵی بەبازاڕکردنی شمەکی ئەوانی تر دەدەن!


کۆمپانیای سێبەر زۆرن لە کوردستان، داھاتی ئەم کۆمپانیایانە بۆ کەسی ترە کە ئێمە نایانناسین و سەرمایەکەشیان بۆ خزمەتی کوردستان نیە!


لە ٢٠٠٣ەوە پارە بە مۆڵی لە بەغدادەوە ھاتووە و حکومەت بەسەر سێکتەرەکانیدا بەشی کردووە! بەڵام ئێستە ئەم پارەیە ونە و دیار نیە!


ئه‌گه‌ر فەرمانبەرێکی کەرتی گشتی بە نمونە وەربگرین موچەی مانگانەی ٥٠٠ ھەزار بێت، کۆی پارەکەی نزیکی ١٠٠ ملیۆن دەبێت، ئەم پارەیە دەبێت ئێستە لە ھەرێم مابێت و بە پارچە پارچەیی لە دەستی خەڵکی تردا مابێته‌وه‌، بەڵام تەسەور ناکەم ئەم پارە لە کوردستان بێت بەڵکو ئێستە کۆمپانیا سێبەرەکان بردبێتیان بۆ خاوەنە وه‌همیه‌کانیان. 


لێرەدا ھەوڵدەدەین چەند ستراتیژێک ڕوونبکەینەوە، كه‌به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان بایه‌خی ئه‌وتۆیان پێنه‌داوه‌، بێگومان ده‌كرێت ئه‌وه‌ش وه‌ك ڕێگه‌چاره‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت:

1- هەواڵگریی
دەوڵەتی بەھێز دامه‌زراوه‌یه‌كی ھەواڵگریی بەھێزی ھەیە! بەبێ ھەواڵگری بەھێز ناتوانرێت دەوڵەتت ھەبێت.


ھەرێمی کوردستان نە دەوڵەتی ھەیە، نە ھەواڵگریی باش، بۆیە کە جەنگمان کردووە، بەردەوام دۆڕاوین و ئەوەشی کە ھەمانبووە لێیان بردووین! ئه‌گه‌ر هه‌بووبێتیش بۆ گیانی خه‌ڵكه‌ ڕه‌ش و ڕووته‌كه‌ بووه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رده‌ دڵێكیان كردبێت.


ئەو دەوڵەتەی توانای ھەڵسوکەوتی لەگەڵ دۆست و دوژمن ھەبوو، ئیحاکەی لە ھەواڵگرییەوە وەرگرتووە. ئەم ھێزی ھەڵسوکەوتە تەنھا ھەواڵگیری دەیدات. ھەواڵگیریی پێویستی بە ئەقڵێکە کە ئیدارەی کەسەکانی بکات و ئاڕاستەیان بکات بۆ ئامانجێکی پیرۆز.


ئامانجی پیرۆز لە دیدی ئێمەدا بە حساب کوردستانێکی بەھێز و ئابوریەکی بەھێزە.


ئابوری ئێمە لەسەر بنەمای ئابوری حزبەکان ھەڵچنراوە، قاسەی حکومەت بەتاڵ و قاسەی حیزب پڕە!


کۆمپانیا زەبەلاحەکان ھاتنە کوردستان بۆ بازرگانی و له‌ هه‌مان كاتیشدا بۆھەواڵگیریی.. ھەم سەروەت و سامان کۆدەکەنەوە و ھەم زانیاری لەسەر پەیوەندیەکانمان دەدەن.. ھەواڵگیری ئێمەش سەرقاڵکراوە بەوەی بزانرێت ئەو پەیجە ھی کێیە و ئەو نوسەرە بۆ لەبەرژەوەندی فڵانە حزب دەنوسێت.


قسەیەک ھەیە دەڵێت بەبازاڕکردن لەناو یاسا و ڕێنماییەکاندا دەبێت. واتە حکومەت یاسا و ڕێنمایی دەردەکات بۆ کۆمپانیاکان، دەبێت زانیاری وردی ھەبێت لەسەر کەسەکانی کۆمپانیا! دەبێت دۆخەکەی خوێندبێتەوە بۆ کۆمپانیا ڕکابەرەکان، کۆمپانیای نوێ واتە ھێزی نوێ و ئاڕاستەی نوێ! ھێزە ئیقلیمیەکان جەنگی خۆیان بە کۆمپانیاکانیان دەکەن و ئێمەش زۆر بە دڵخۆشیەوە کاڵاکانیان بەکار دەبەین. ھەر کۆمپانیایەک کەلە یاریەکە دەچێتە دەرەوە ئەوە بزانە گەمەکەرێک کردویەتی.


٢/ پلانی داگیرکردن
ھەر زانیاریەک لە شانە نھێنیەکانەوە دەگات، پەیامێکی پێیە. پێویستە کۆدی ھەموو پەیامەکان بکرێنەوە، ھێرش پێویستی بە زانیاری و پلان ھەیە، ھەموو پلانەکانیش دەبێت بگەنەوە ئامەنجەکە.
مەیدانی جەنگ یەکلاکەرەوەیە، بۆیە دەبێت کە بیرلە داگیر کردن دەکرێتەوە، ھەوڵبدرێت زیانی لێنەکەیت و سود بگەیەنێت. ھێزە ئیقلیمیەکان زۆر کات لەژێر پەردەی کۆمپانیادا ھەوڵی داگیرکردنیان داوە، ئامانجی سەرەکیان فراوانکردنی جوگرافیا نەبووە بەڵکو ئامانجیان زیادکردنی سەرمایەکەیان بووە. زۆرێک لە کۆمپانیاکان سێبەری ئەوان بوون و ئێمە پارەمان بۆ پەیدا کردوون.. ئێمه‌ هه‌ر بیرمان لای جوگرافیاو سنووره‌كان بووه‌،به‌ڵام ئه‌وان له‌ ڕێگه‌ی ئابوورییه‌وه‌ هه‌موو شتێكێان كۆنترۆڵكردووین.

٣/ ستراتیژیەتی هێرش بردن.
بازرگانی و جەنگ وەک دوو ڕووی دراوێک وایە، سەروکاری ھەردوکیان لەگەڵ سەرکەوتن و بەدیھێنانی ئامانجدایە.  ناتوانرێت سەرکەوتن بەدەست بهێنرێت هەتاوەکو نەتوانرێت هێڵی بەرگری باش و سه‌قامگیر بکرێت. گەر بێیت و ئەم ڕێسایە بهێنیتەوە بۆ ناو جیھانی کار ئەوا ناتوانیت دەستکەوتی باش بەدەست بهێنی هەتاوەکو نەتوانیت لەناوچەی ئارامدا بمێنیتەوە. هەرچەندە ڕایەکی کۆن هەبوو کەس و کۆمپانیاکان زۆر دەترسان لەبیری نوێ بەڵام ئێستە شتەکان گۆڕاون چونکە ڕایان وایە کە بازاڕ وەک جەنگێک وایە، بۆیە جەنگیش پێویستی بە تەکنیکی نوێ و بیری نوێیە،  بۆیە دەبێت دەرگای ترس داخەیت و خۆت بەڕووی ئەگەرکاندا بکەیتەوە!

٤/ ستراتیژیەتی چڕکردنەوە :
یەکێک لەستراتیژەکانی سەربازیی جەخت کردنەوەیە لەخاڵی بەهێزی خۆت لەکات و شوێنی گونجاودا، دەبێت خاڵی لاوازی دوژمنەکەت بزانی و هەڵسەنگاندنت بۆ کردبێت، تا بتوانیت هێزی خۆت لەو جێگەیە چڕ بکەیتەوە کە دوژمن تێیدا لاوازە، تابتوانیت لەکەمترین کاتدا زۆرترین زیانی پێ بگەیەنیت. لە کوردستاندا به‌رده‌وام کاریان لەگەڵ ھێزی تر کردووە بۆ لاوازکردنی یەکتریی، نه‌ك هێزه‌كانی ده‌ره‌وه‌یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ته‌رخانكردبێت.

٥/ هەماهەنگی لەنێوان هێزەکاندا

لەزمانی سەربازیدا دەبێت هەماهەنگی بکرێت لەنێوان هێزەکاندا، چونکە هێزی سەربازی بەسەر ئاسمانی و دەریایی و وشکانیدا دابەشبووە،  دەبێت هەماهەنکی لەنێوان ئەو هێزانەدا هەبێت و لەژێر سەرپەرشتی یەک سەرکردەو سیسته‌می بەئاگادا ئەو کارە بکات، تا بزانێت چۆن هێرش بکات و چۆن کۆتایی بە جەنگەکە بھێنێت، لە کوردستاندا زیاتر کار بە ئاڕاستەکردنی شه‌خسی و حیزبی دەکرێت و وادەردەکەوێت کە سەرکردەکان ھیچ کارە نەبوبێتن  بەڵام لەبازرگانیدا کار بەتیم دەکرێت لەژێر سەرپەرشتی یەک لیدەردا کە هەموو دەستەکان کۆبکاتەوە بۆ ئامانجێک و دەستکەوتێکی باش و خێرادا. بۆده‌بینین له‌و لایه‌نه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو بوون بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان و له‌ لاكانی دیكه‌وه‌ دۆڕاون.


6- بازاڕی ئازاد چی بۆ کردین

ئێستا ئێمە لە جیهانێکداین کە لەڕووی بەبازارکردن و ئابوریەو پێیدەگوترێت بازاڕی ئازاد..
واتە ئەو قۆناغەی لەدوای جەنگی ساردەوە دروست بوو، بازرگانەکان بە جۆرێک لەجۆرەکان ئازادکران لە پێناو بەرژەوەندی مادی و سیاسیدا. ئەوەی کە بەلامانەوە جێی بایەخە شتەکان لەجیهانی ئەمرۆماندا چۆن دەگوزەرێن.  لێرەدا هەوڵدەدەین دوو پێشنیار بخەینەڕوو.

پێشنیاری یەکەم
کار لەجیهانی ئەمرۆدا لەچوارچێوەی بازاڕی ئازاددایە، بەشێوەیەکی تر کاری بازرگانی کار دەکات لەسەر هێزی بەبازارکردن، واتە کار لەسەر سێ بنەما بازرگانیەکە دەکات کە ئەوانیش (خستنە ڕوو) و (خواست) و (کێبرکێ) یە بەڵام بەبێ ئەوەی دەوڵەت تەداخول بکات، ئەمە تەنها چوارچێوەیەکی تیۆریی دەگرێتەوە، چونکە دەوڵەت بەجۆر و شێوازی تر دەست وەردان دەکات. لەڕووی تیۆریەوە دەبێت دەوڵەت لە پلان و ئەجێندای بازاڕی ئازاددا نەبێت  و دەستێوەردانەکانی دەبێت لەئاستێکی لاوازدا بێت. بەڵام دەبێت چاودێریەکی چڕ و بێزارکەری هەبێت.بۆ ئه‌وه‌ی بازاڕو بازرگانی به‌و شێوه‌یه‌ بچێته‌ پێشه‌وه‌ كه‌خۆی ده‌یه‌وێت نه‌ك حكوومه‌ت بكاته‌ پاسه‌وان و دابینكه‌ری كه‌شی بازرگانی بۆ چه‌ند كه‌س و لایه‌نێكی دیاریكراو.

پێشنیاری دووەم:
باس لەو مۆدێلە ئابوریە دەکەین کە باس لە پلان و چاودێریەکانی حکومەت دەکات بەپێی تیۆری کینزی کە ئەویش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە حکومەت هاوکاری کەرتی تایبەت بکات لە پێناو بەرزکردنەوەی بەرهەمدا. 


واتە بەم ڕێگایە حکومەت دەگەڕێتەوە نێوکایە بازرگانیەکە، لەپێناو خەڵکدا، بازاڕی ئازاد یەکێکە لەو مۆدێل و ڕێگایانەی کە کۆمەڵگا و وڵات بەرەو پێشەوە دەبات. بەڵام لە کوردستان بازاری ئازاد بۆ دورخستنەوەی حکومەتە و ئامانج لێی قەڵەوکردنی بازرگانە حزبیەکانە! زۆرکات بازرگانەکانی ئێمە مەرج بۆ حکومەت دادەنێن. ، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بینین دۆخه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی بازرگانه‌كان و له‌ زیانی حكومه‌ت و خه‌ڵكه‌كه‌یه‌ به‌گشتی.
هه‌ر بۆیه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت فریای ئه‌و دۆخه‌ نه‌كه‌وێت كه‌ ئێستا به‌رقه‌راره‌، به‌جۆرێكی لێهاتووه‌ كه‌ هه‌مووشت له‌ پێناوی حیزب و حیزبیش له‌ پێناوی كه‌سه‌كاندایه‌و دواجاریش ئه‌وه‌ی زیاتر ده‌ستی ده‌ڕوات و له‌ حیزبه‌وه‌ نزیكه‌ ئه‌وه‌ باشترین و سه‌ركه‌وتووترین بازرگانه‌و كه‌سیش ناتوانێت بڵێت بۆچی ملی یاسایان بۆ ده‌قه‌مچێننه‌وه‌؟

سود لەم سەرچاوانە وەگیراوە
 ١/ https://www.themuse.com/advice/5-reasons-you-need-marketing-skills-even-if-youre-not-a-marketer  
٢/ benefits of studying marketing
٣/Marketing warfare strategies
٤/كتاب (التسويق) – براين برايسي
٥/How to Do Market Research: A 6-Step Guide