وەڵامێکی ڕاست بۆ زانیاریە هەڵەکانی کاک مەلا بەختیار

15/09/2020

ئالان شەوكەت حاجی مشیر

کاک بەختیار لە کۆتا چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیدا لە کەناڵی ڕوداو باسی چەند تەوەرێکی کرد، بابەتی سەرەکی بەرنامەکە دەربارەی نوێترین کتێبی یادەوەریەکانیەتی بە ناوی ( لە بری یادەوەری).

هەرچەند مەبەستی بەرنامەکەی رەنج سەنگاوی زیاتر سەرنج خستنە سەر ململانێکانی خۆیان بوو بەتایبەت لەگەڵ رەحمەتی کاک نەوشیروان موستەفای سکرتێری ئەو ڕێکخراوە لەسەر دەسەڵات و شێوازی بەڕێوەبردن و ئاراستە کردنی ئەو ڕێکخراوە بە درێژایی مێژوویان، و هەروەها بە جۆرێک لە سەر فکر لە ناو کۆمەڵەی ڕەنجدەراندا.

دیارە من نامەویت لەم نوسینەمدا لەوە زیاتر بچمە ناو باسی ئەو ململانێیانەی ئەو ڕێکخراوە بە چەند هۆکارێک:

یەک: باوکی خۆم( شەهید شەوکەت حاجی موشیر) هەر لەسەرەتاکانی شۆڕشدا وازی لەو ڕێكخراوە هینا و بە درێژایی ژیانی پێشمەرگایەتی و سیاسی خۆی کۆمەڵە نەبوو و شوڕشگێڕان بوو، دوو: کاک نەوشیروان بە ئیستایشەوە بێت بزوتنەوەیکی، هەرچەند پەرتەوازە، بەڵام گەورە هەیە کە خاوەندارێتی بکات و بەرگری لێ بکات، بەتایبەت کە ئیستا لە ژیاندا نەماوە.

بابەتەکە باسی بەهاری ۱۹۹۱ و ڕیک چەند هەفتەیەک دوای ڕاپەڕینە و کاتێک باس دێتە سەر شەپۆلی پێچەوانەو گەرانەوە لە ڕاپەڕینە مێژوویەکەی کوردەوە بەرەو شکستی کاتی و کۆڕەو، و وەک بۆ هەموو لایەکمان ڕوونە لە گشت لایەکەوە فەوزا و کارەسات رووی داوە و بوە بەڕۆژی حەشر.

لەو سەرو بەندەدا سەرۆکایەتی بەرەی کوردستانی چاوەروانی کارەسات و پەرچە کرداری  زۆر خراپیان کردوە لە سەدام و علی حسن مەجید و حیزبی بەعسەوە، بەتایبەت کە تەنها دوو سێ ساڵ پێشتر بوە کە سەدام ئەنفالەکان و کارەساتی کیمیابارنی بەسەر میلەتی کورددا هیناوە بە بەرچاوی جیهانەوە، بەڵام زۆربەی جیهان یان گوێ و چاوی خۆیان بەروی ئەو کارەساتە گەوراندە داخستەوە یان وردە هەڵوێست و سەرکۆنەکردن هەبووە کە بە هیچ شێوەیەک لە ئاست گەورەیی کارەسات و ئەو ماڵویرانیەی کە بەسەر ئەم میلەتە پارچەکراو و كەم دۆستەدا هێنراوە.

وەک ڕوونە لەسەروبەندی شەڕی هەشت ساڵەی نیوان عێراق و ئیراندا کە ئەنفالەکان و کیمیابارن لەو سەرو بەندەدا رویاندا وڵاتان و زلهیزەکان دابەش بوبون بەسەر بەرەی غەربی ناتۆ و بەرەی سۆڤیەتدا، بەسەر بەرەی پشتیوانانی سەدام و پشتیوانانی شۆڕشی ئیسلامی ئیراندا، کورد و قەزیە کۆنترەکەی لە کولەکەی تەڕدا لە جیهاندا باس نەدەکرا و گرنگی پێنەدەدرا و خۆیان و شۆرشەکانیان و قەزیەکەیان تەنها وەک سوتەمەنیەکی زیادەی ئەو شەڕە گەورەترە سەیر دەکرا و سەۆکی حیزبە کوردیەکان کە ڕێیان دەکەوتە وڵاتان ئەبوایە چەند رۆژ چاوەروان بن بەڵکو کاربەدەستێکی پلە سێ و پلە چواری ئەو وڵاتانە نیو سەعات کاتیان بداتێ.

ئەم ڕونکردنەوەم بە گرنگ زانی بۆ ئەوەی خوێنەر لای ڕوون بێت باسەکە لەسەر چ جۆرە سەردەمێکی مێژوی کورد و عێراقە.

کاک بەختیار لە گێڕانەوەکەیدا کە دێتە سەرباسی تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان و بەرەلاکردنی ئاوی دەریاچەی سیروان بەسەر بەغدا و عێراقدا ئەوا کاک بەختیار یەکەم کەسە ئەم کارە وەک " تاوانێکی گەورەی مرۆڤایەتی" پێناسە بکات بۆ ڕای گشتی!

لێرا پێشان نوسین و وتەکانی کاک بەختیار و پێشکەشکار وەک خۆی دەگوازمەوە بۆ ئێوەی بەڕێز و دواتر دێمە سەرباسی بەڵگەکان و ڕاستیەکانی ئەو هەواڵە:

م.ب.: لە دوای کۆڕەوی ۱۹۹۱ بە فەرمانی (ن.م.) چەندین طۆن دینامیت نێردرا بە هێزێکدا بە سەرپەرشتی ( ش.ح.م.) بۆ تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان. کە تەقێنرایەوە تەنیا دوو تۆرباین تێک چوون و بەنداوەکە نەروخا. ئەگەر بروخایە تەواوی کەلار و باوەنوور تاوەکو خوار بەعقوبەی ڕادەماڵی و دەوروبەری ٤٠٠ تا ٥٠٠ سەد هەزار کەسی دەخنکاند. وتراویشە " قیروسیا چەندین کورد تیا دەچن، گرنگ ئەوەیە زۆرینەی عەرەب دەخنکێن و تۆڵەی ئەنفال دەکەینەوە". ئەوە کۆمەڵکوژی و کارەساتێکی ژینگەیی دروست دەکرد.

ڕ. س : چۆن ئەوکات و دواتر لێپرسینەوە لەو کردارە نەکرا لە لایەن سەرکردایەتی یەکێتیەوە؟

م. ب : ناوی کەسم نەهێناوە، بەڵام ئەو ڕوداوە ڕوی داوە. بچن ئیستا تحقیق لە ژێر سەدەکەدا بکەن بزانن ئاسەواری تەقینەوەکە هەیە یان نیە.
...ئەمجا کاک بەختیار دەچێتە ناو زیاتر ڕونکردنەوەی بابەتەکە لە ڕوانگەی خۆیەوە کە چۆن دواتر بە "پارەیەکی کەم " ئەم ئاسەواری تەقینەوە " چەندین طۆن"!!! یە لەلایەن شارەزایانی خۆماڵیەوە چاککراوەتەوە و تەنها زەرەری کەمی بە دوو تۆرباین گەیاندوە....

ڕ.س: ڕویداوە، بەڵام تۆ دەڵێیت لەدوای کۆڕەوی ۱۹۹۱ ئەمە بە فەرمانی نەوشیروان موستەفا کرا بۆ ئەوەی عەرەب...
م.ب :ناوم نە هێناوە، ناوی کەسم نەهێناوە، خۆم ئەزانم کێ بوە، کێ ڕۆشتوە، مەفرەزەکە کێ بوو، هەمووی ئەزانم، ناوی کەسم نەهێناوە.

ڕ.س: باشە نوسیوتە ( ن.م)، ئێستا ئەبێت من قسە بکەم بڵێم ( م.ب) نایڵێم، مەبەستم مەلا بەختیار نیە؟

 من ئەوکاتە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیش نەبووم، من هەر لە ئاڵای شۆڕش بووم ئەوکاتە.

م.ب: تۆ بە کێی ئەزانیت بیزانە، من ئەگەر بمویستایە ناوەکەم ئەنوسی، بەڵام دیارە نەمویستوە چونکە ئەوە بەڕاستی ئەچێتە تاوانێکی نێو نەتەوەییەوە. خەتەرە ئەوە!
ڕ.س: باشە پرسیارەکە ئەمەیە، ئەگەر دوا  شەقی  پرسیارەکەم ئەوەبوو کە چۆن دواتر لێپرسینەوە نەکرا لەو کارە لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتیەوە کە حیزبێکی سۆسیال دیموکراتن کە بڕوای بە مافی مرۆڤە؟

م.ب: بە داخەوە کە نەکرا، بڵێم چی! من ئەوکاتە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیش نەبووم، من هەر لە ئاڵای شۆڕش بووم ئەوکاتە. کە نەکراوە نەکراوە، بڕۆ لەو مەکتەب سیاسیانە بپرسە کەوا مەکتەب سیاسی بوون و هین بوون.

تا ئێرا پێم باش بوو ئەم بەشەی باسەکەی کاک بەختیار وەک خۆی دابنێمەوە، چونکە مەبەستمە تەنها لەسەر ئەم بەشە ڕاستیەکان بخەمە ڕوو و بەڵگەکانیش بڵاو بکەمەوە. چونکە مەبەستی کاک بەختیار لە ( ش.ح.م) باوکی شەهیدمە (شەوکەت حاجی موشیر) و هەروەها لە (ن. م) حەتمەن کاک نەوشیروان موستەفای ڕەحمەتیە.

لە سایەی ئەم چەند ساڵەی ڕابوردوی کە بەسەر یەکێتیدا هاتوە و گەیاندویەتی بەم دۆخەی ئەمڕۆی و کاک بەختیار بۆ ئەو چەندین ساڵە پێگە و دەسەڵاتێکی باڵای لەو حیزبەدا هەبوە، دۆخەکە گەیشتوە بەو ئاستەی تەنها نەوەی شەهیدەکان خۆمان خاوەنی ڕاستەقینەی شەهیدەکانمانین و حیزب هیچ بە گرنگی نازانێت بەرگری لە مێژووی پڕ سەروەری یەکێتیە مەزنەکەی جاران و شەهیدە قارەمانەکانی بکات، جگە لە دەستەبژێێکی کەم کە جێی پەسەندی خۆیانن.

یەکێتی ئەمڕۆش خووی لایەنەکانی تریان گرتوە و هەموو کەرەستە و خەرجی و دەسەلاتی حیزبەکە تەنها خراوەتە خزمەتی پارێزگاریکردن لە دەستەبژیریکی سەرەوەی حیزب و پیاهەڵدان بەواندا. لایەنگرە تازەکانیشیان بۆ دەستکەوت هەموو بەو ئاراستە گۆش کراون و دەجوڵێن، چما بوختان و ناڕەوایەتیەکان لە پێگەی باڵای ناو حیزبەکە خۆیەوە بێت، لە کاتێکدا لایەنی تر خیانەتەکانی خۆیان بەرامبەر بە گەل بەردەوام وەک سەروەری و زەرورەت دەچوێنن لە زیهنی میلەتەکەدا !

بێینەوە سەر باسەکە، کاتێک پێشکەشکار پرسیار دەکات ئایا یەکێتی بۆ لێپرسینەوەی لە کارێکی لەو شیوە لەگەڵ ئەنجامدەرەکانیدا نەکردوە، وەڵامەکەی کاک بەختیار  تەقریبەن وەڵامی گشت باسەکەی خۆی دەداتەوە، ئەو ئەڵێت من ئەو کات هەر یەکێتی نەبووم و ئاڵای شۆڕش بووم و لەوێ نەبووم.

ئەمە یانی کاک بەختیار نە لە ناو پرۆسەی بڕیاردان لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەماندا بوە و نە لە ڕزگار کردنی شارەکان و ناوچەکاندا بەشدار بوە و بە هیچ شیوەیەک لە ناو ڕوداوەکاندا نەبوە و دوربوە لێوەی و شتەکانی وەک هەر کەسیکی دور لە ڕوداوەکان بیستۆتەوە. لە زانستی یاسایشدا (وتی وتی) و (وا ئەڵێن) هیچ کات بە سەلمینەری روداویک وەرناگیریت و وەک بەلگەیش قبوڵکراو نیە.

کاک بەختیار نە لە ناو پرۆسەی بڕیاردان لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەماندا بوە و نە لە ڕزگار کردنی شارەکان و ناوچەکاندا بەشدار بوە و بە هیچ شیوەیەک لە ناو ڕوداوەکاندا نەبوە 

کاک بەختیار وەک ئەوەی هەنگوینی دۆزیبێتەوە و بیەویت خۆی بۆ یەکەمجار کەشفی بکات بۆ ڕای گشتی بەو شێوازە باسی روداوەکە دەکات و چەند جارێک وتی " ناوم نە هێناوە، ناوی کەسم نەهێناوە، خۆم ئەزانم کێ بوە، کێ ڕۆشتوە، مەفرەزەکە کێ بوو، هەمووی ئەزانم، ناوی کەسم نەهێناوە."

بەڵام کاک بەختیار، ۱۷ ساڵ لەمەوبەر و بە دەقیقی چەند هەفتەیەک پێش پرۆسەی ئازادی عێراق لە ۲٠٠۳ شەهید شەوکەت کتێبی ( چیوەرۆ ـ دەروازەیەک بەرەو کەرکوک ـ ئەوەی دیومە لە ڕاپەڕینی ۱۹۹۱ دا) بڵاو کردەوە و وەک کارەکتەری سەرەکی ئەو کارە هەموو ئەم ڕوداوەی بە وردی لە چەند لاپەڕەیکدا باس کردوە و ناوی کەسەکانیشی هیناوە، ئیتر چی پێویست بەوە دەکات جەنابت بە پیت ناوەکان بنوسیت و بڵێیت خۆم دەزانم کێن و ناویانم نەهیناوە! لاپەڕەکانی کتێبەکەم وەک بەڵگەوێنە لەگەڵ ئەم پۆستەدا بۆ جەنابت و بۆ ڕای گشتی داناوە، تا بزانن ڕاستی ڕوداوەکە چۆن بوە.

خۆی مەبەستت لە ناو نەهینان و بە پیت ئاماژە بۆکردن یان ئەوەیە لە ڕوی یاساییەوە خۆت بپارێزیت، کە ئەمە برواناکەم کێشەبێت، چونکە کارەکتەری سەرەکی ڕوداوەکە خۆی هەموی ڕوون کردۆتەوە. ئەگەر مەبەستیشت وەک خۆت یەکەم کەسیت دەڵێیت "ئەو کارە خەتەر بوو و تاوانی نێو دوەڵەتیە" ئەوا خۆشت و هەموو کەس باش شەهید شەوکەتیان دەناسی باکی بەو شتانە نەبوو و سڵی لە هیچ شتیک نەدەکردەوە ئەگەر لە بەرژەوەندی و پاراستنی گەلەکەیدا بوایە. میوانی منبە و نوسخەیەک لە کتێبەکەی باوکمت بۆ دەهێنم با وەک بەڵگە لاتبێت و وەک خۆت دەڵێیت لە پشتەوە خۆم بۆت ئیمزا دەکەم.

میوانی منبە و نوسخەیەک لە کتێبەکەی باوکمت بۆ دەهێنم با وەک بەڵگە لاتبێت و وەک خۆت دەڵێیت لە پشتەوە خۆم بۆت ئیمزا دەکەم.

ئەو بە سەرکردە سەربازیەکەی کارە یەکلاکەرەوەکان ناسرابوو و مێژووی یەکێتی نیشتمانی شاهیدی خوطە و تاکتیکە سەربازیە سەرکەوتوەکانی بوون، ئەوە بەڕێوەبردنی خراپی ئەم چەند ساڵەی دواییەی یەکێتیە کە ئەم جوامێرانەی و ساڵانی مەزنی یەکێتی لەبیر کردوە و دژ بە مەبادیئە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران دەستەبژێری و چینایەتی و نایەکسانی بوە بە کولتور و سیاسەتی.

خۆ ناشیرینکردن و خۆشکێنی تێیدا بوە بە کولتور، لە کاتیکدا من بە تەحەداوە دەیڵێم لەم رۆژهەڵاتی ناوینەی پڕ لە شەڕ و زەبر و ستەم و ناعەدالەتیەی ئەو رۆژگارەدا، ئیتر چی لەلایەن دەوڵەتە ئیقلیمیەکانەوە بوبێت یان لەلایەن حیزبە کوردستانیەکانەوە، ئەوا یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی ئەو سەردەمە لە هەرە پاکترینیان بوو. ئەی خێرە باسی چەوتی و خراپەکاری هیچ دەوڵەت و لایەنێک ناکرێت و تەنها یەکێتی کە پاکترینیان بوو بە بەرنامە دەکرێت بە کابوس و بە دێوەزمە !!!!

خێرە باسی چەوتی و خراپەکاری هیچ دەوڵەت و لایەنێک ناکرێت و تەنها یەکێتی کە پاکترینیان بوو بە بەرنامە دەکرێت بە کابوس و بە دێوەزمە !!!!

پێم خۆشە بەم چەند خاڵەی خوارەوەش خۆم وەڵامی باسەکەی جەنابت بدەمەوە:
۱ـ ئەوەی جێگەی سەر سوڕمانە و لە بەڵگەکەی خوارەوەدا ڕوونە،  باوکم بە هیچ شێوەیەک ناوی کاک نەوشیروانی ڕەحمەتی نەهێناوە لەو ڕوداوەدا، بەڵکۆ نوسیویەتی نامەکە و پیکابە تەقەمەنیەکە لە لایەن کاک (فەرەیدون عبدولقادر)ەوە نێردراوە و نوسیویەتی ئەمە بڕیاری ( بەرەی کوردستانیە)، کە گشت حیزبە بەشداربوەکانی کوردی گرتۆتەوە، وە کەم تا زۆر هەموو بەشداربوون لە پرۆسەی ڕاپەڕیندا! باوکم هەروەها دەڵێت کاک محمود سەنگاوی ڕاسپێردراوە و تەقینەوەکەی ئەنجام داوە. نە ناوی کاک فەرەیدون و نە ناوی بەرەی کوردستانی و نە ناوی کاک محمود سەنگاوی بە ( م.ن) دەست پێناکەن.

۲ـ جەنابت دەڵێیت لە داوی کۆڕەوەکەی ۱۹۹۱ ئەمە ڕویداوە. بەڵام لەڕاستیدا لە سەرەتای کۆڕەوەکەدایە. ئەمریکا و تەحالوفی ۳۹ وڵات لە جەیشی عێراقیان دا بۆ دەرپەڕاندی لە کوەیت و یەکێتی بڕیاری ڕاپەڕینی لەگەڵ جەماوەردا ڕێکخست و لەگەڵ ( بەرەی کوردستانیدا) جێ بەجێیان کرد و تاوەکو کەرکوک و خوارتریش هێزی پێشمەرگە و جەماوەر پاکیان کردوە.

بەڵام جۆرج بوشی باوک پاشگەز بوەوە لە ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و سەدامیش دەستی کرایەوە و هێزە شکستخواردوەکەی وەرچەرخاند بەرەو کەرکوک و کوردستان و هەروەها بۆ کپ کردنەوەی شیعەی عێراق.

ئەم بڕیارەی ئەمریکا فەوزای خولقاند و پەرتەوازەی و پشێویەکی یەجگار زۆری دروست کرد، تا ئەو ڕادەی کورد وایان زانیبوو جارێکی تر ئەمریکا و جیهان پشتیان لە کورد کردوە و سەدامیش بەو دڕندەییەی کە ۳ ساڵ پێشتر لە ئەنفال و کیمیابارندا بەسەری کوردیدا هینابوو، وە جیهان بە گشتی گوێ و چاوی خۆیان لەو کارەساتە گەورانە نوقاندبوو، حەتمەن کارەسات دێنێتەوە بەسەر کورددا.

ئەمە ترسێکی زۆری لەنێو کۆی کۆمەڵگەی کوردیدا دروستکردبوو و شڵەژان و کۆڕەوی لێ دروست بوو.

ئەم پەرتەوازەیی و شڵەژانە هێزی بەدەست فەرماندەکانەوە نەهێشتوە و یەکی چەند کەسێکی کەمیان لەگەڵ ماوە و بە ناچاری بڕیاری پاشەکشە دەدەن.

ئەو "تاوانە گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی سەری بگرتایە خەتەر دەبوو و لە باوەنور و کەلار و بەعقوبە ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار خەڵکی دەخنکاند و ڕادەماڵی"، ئەمەش هەر وانیە. چونکە وەک لەم کتیبەدا نوسراوە ئەو شار و شارۆچکە کوردیانە تەواو چۆڵ بوون لە خەڵک!

خەڵکەکە لە چاوەڕوانی مەترسی گەوردا دەست دەکەن بە چۆڵکردنی شار و گوندەکان بەرەو سنورەکان و ئەو هێزە کەمەی پێشمەرگە لە نێوان خەڵکەکە و هێزی عێراقدا وردە وردە بەرەو دواوە دەجوڵێن بۆ ئەوەی لەگەڵ پاشەکشەکەدا ببن بە هێڵی پاراستنی خەڵکەکەش، تا جەیشە تاوانکارەکەی سەدام دەستی پێیان نەگات.

باوکم ئەم کتێبەی تەرخانکردوە بۆ ڕوداوەکانی ئەو چەند رۆژ و هەفتە کەمە و رۆژ بە رۆژی ڕوداوەکانی تێدا تۆمارکردوە. سەیرە بەلامەوە نەتخوێندبێتە. ئەوەی تۆ دەڵێیت ئەو "تاوانە گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی سەری بگرتایە خەتەر دەبوو و لە باوەنور و کەلار و بەعقوبە ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار خەڵکی دەخنکاند و ڕادەماڵی"، ئەمەش هەر وانیە. چونکە وەک لەم کتیبەدا نوسراوە ئەو شار و شارۆچکە کوردیانە تەواو چۆڵ بوون لە خەڵک!

ئەگەر کۆی دۆخەکە و روداوەکان وەک خۆی نەگێڕرێتەوە ئەوا بە ئەمانەتەوە حەقیقەتی سەردەمەکە باس نەکراوە و مەبەست و ئامانجەکەی تەنها بە دێوەزمە کردن و پیاوخراپکردنی ئەو شۆڕشگێرانەی لێ دەکەوێتەوە لە لایەن ئەم چەند جیلە تازەی کوردەوە کە لاون و ئەو سەردەمانەیان نەبینیوە و لێی تێناگەن.

وەک ئیستا چۆن بوە بە باو هەر پەیج و سایتە بە مەبەستی خۆیان تەنها باسی چەند ڕوداوێکی کەمی نەخوازراو دەکەن، بەڵام گشت حەقیقەتی ڕوداوەکان باس ناکەن بۆ بەلاڕێدا بردنی تێگەیشتنی خەڵک و جیلی نوێ.

۳ـ جەنابت دەڵێیت وتراویشە " قیروسیا چەندین کورد تیا دەچن، گرنگ ئەوەیە زۆرینەی عەرەب دەخنکێن و تۆڵەی ئەنفال دەکەینەوە." خۆزگا بە پیتیش بوایە ناوەکەت بنوسایە کێ ئەوەی وتوە، یان ئەویش هەر دیعایەیەک و هەڵبەستراوێک بوە. من و جەنابت بەقەد یەک لەناو ئەو ڕوداوانەدا بووین! ئەگەر وترابێتیش ئەبێت لە ڕێی جیهازەکانەوە بوبێت و بۆ تاکتیک بوبێت کە دەمهێنێتە سەر خاڵی خوارتر کە کرۆکی راستی و وەڵامی جەنابتی تیدایە.

٤ـ جەنابت دەڵێیت " چەندین طۆن" بە فەرمانی ( ن.م) نەوشیروان مستەفا نێردرا بە هێزێکدا بە سەرپەرشتی ( ش. ح. م) شەوکەتی حاجی موشیر بۆ تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان.

کە تەقێنرایەوە تەنها دوو تۆربین تێک چوون و بەنداوەکە نەروخا" .... " دواتر بە پارەیەکی کەم لەلایەن شارزاکانی خۆمانەوە چاککرانەوە."

 ئەگەر چەندین طۆن کوتی زراعی لایەک لە بەیروتیپایتەختی لوبنان خاپور بکات، ئایا دەبێت چەندین طۆن داینامیت چی بەو بەنداوە بچوکەی دەربەندیخان بکات

شەهید شەوکەت لە کتیبەکەیدا بە هیچ شێوەیەک باسی چەندین طۆنی نەکردوە، بەڵکو بە ڕونی نوسیویەتی ٤٠٠ کیلۆ، کە نیو طۆنیش ناکات. ئەمجا ئەگەر چەندین طۆن کوتی زراعی لایەک لە بەیروتیپایتەختی لوبنان خاپور بکات، ئایا دەبێت چەندین طۆن داینامیت چی بەو بەنداوە بچوکەی دەربەندیخان بکات؟ نەوەک ئەوە، بەڵکو ٤٠٠ سەد کیلۆ داینامیتیش بە ئاسانی کافیە بۆ کارێکی وا. بەڵام قەت لە خۆتت پرسیوە بۆ ڕێژەیەکی وا زۆر داینامیت تەنها زەرەرێکی کەمی لە دوو تۆرباین داوە؟!!

من لێرەدا بۆ مێژوو و بۆ رای گشتی وتووێژێکی نێوان خۆم و باوکی کۆچکردووم دەگێڕمەوە دەربارەی ئەو ڕوداوە و بەرپرسیشم لێی. لە کۆتایی نەوەدەکاندا لە لەندەن دەژیاین و من لە زانکۆ بووم، باوکیشمان بە یەکێک لەو سەردانە کەم و کورتانەی هاتبوەوە بۆ لامان، ئەو باسە هاتە ناوەوە و منیش مەراقم بوو بزانم ئایا:
من: بەڕاستی بەتەما بوون و هەوڵتاندا بەنداوەکە بتەقێننەوە تاوەکو لایەک لە بەغداد و جنوب ببێت بە ژێر ئاوەوە؟

باوکم: ( بە زەردەخەنەیەکی بزێوانەوە) بەڵێ هەوڵماندا بەس ئەوجارە سەری نەگرت، زۆر شارەزای تەقینەوە نەبووین.
من: ( زۆر بە جدیەوە) بەڵام خۆ ئەوە کارەساتێکی گەورەی مێژووی ئەخولقاند و چەندەها شار و لادێ و خەڵکی سڤیل تیا دەچوون. نە دەترسان لە مێژوو و مرۆڤایەتی چۆن ئەوکارە تۆمار دەکەن و چۆن لەسەرتان دەکەوت.

باوکم: ئەو میلەتە قوربەسەرەی ئیمە ئەو هەموە تاوان و جینۆسایدەی بەسەردا هینرا ئەی مێژوو و مرۆڤایەتی لە کوێ بوون؟ بۆ کەڕ و کوێر بوون بەرامبەر مافی ئێمە؟ چی ئەڵێن با بۆخۆیان بیڵێن!

ئێمە قەت مەبەستمان نەبوو کارێکی وا ئەنجامبدەین بەڵکو لە بێ دەسەڵاتی و لەو فەوزایەدا و لە ژێر ئەو ترسە جدیەدا تاکتیکمان بەکار هێنا و تاکە شت بەدەستمانەوە ما بۆ تۆقاندن و هەڵوەستە پێکردنی بەعس ئەوە بوو.

من: راستە، بەڵام ئەوە کارەساتی گەورەی دەخولقاند و ئەوکات ئیوەی شۆشگێڕ چی فەرقتان دەبوو لەگەڵ سەدامێکی دیکتاتۆری خوێنڕێژدا؟
باوکم: ( بە دەموچاویەوە دیار بوو ئەم بەراوردەی من کاریگەری لەسەر دانا و پێی ناخۆش بوو. هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشا و وتی کوڕی خۆم جارێ وەرە دانیشە، ئەمجا بە تۆنێکی هێواشترەوە) ئەزانیت جەنگ تەنها تەقە و کوشتار نیە، بەڵکو دەستکەوت و سەرکەوتنە کە ئەبێت هەوڵ بدەیت بە کەمترین کوشتار و خوێنڕشتن تێیدا سەرکەویت. جەنگ فەنە، تاکتیکە، فێڵە و هەموو ئەوانەیە. ئێمە قەت مەبەستمان نەبوو کارێکی وا ئەنجامبدەین بەڵکو لە بێ دەسەڵاتی و لەو فەوزایەدا و لە ژێر ئەو ترسە جدیەدا تاکتیکمان بەکار هێنا و تاکە شت بەدەستمانەوە ما بۆ تۆقاندن و هەڵوەستە پێکردنی بەعس ئەوە بوو.

من: یانی چۆن؟
باوکم: بەردەوام بە جیهازەکان بە یەکترمان دەوت داینامیتەکان ببەستن لە بەنداوەکە، ئەگەر سەدام و ڕژێم غەڵەتێکی وەک ئەنفال و کیمیاباران بەرامبەر میلەتەکەمان بکەنەوە ئەوا بێ یەک و دوو بیتەقێننەوە و بەغدا و جنوب نوقمی ژێر ئاوکەن، ئەگەر ناوچەی کوردیشی پێوەبێت کە خەلک نەما با ئەویش بڕوات. دەمانزانی جیهازەکانمان لە لایەن ڕژێمەوە گوێی لێ دەگیرێت. مەبەستمان بوو هێرشەکەی دوژمن بوەستێنین یان خاو بکەینەوە تا دەستیان نەگات بە خەلکەکە. یان بیر لە تاوانی گەورە نەکەنەوە.

دەمانزانی جیهازەکانمان لە لایەن ڕژێمەوە گوێی لێ دەگیرێت. مەبەستمان بوو هێرشەکەی دوژمن بوەستێنین یان خاو بکەینەوە تا دەستیان نەگات بە خەلکەکە

من: بەڵام خۆ ئەڵێن تەقینەوەکەتان کرد ئەی ئەوە بۆ؟
باوکم: هیچ نەبوو، ویستمان بزانن تەنها قسە نین و بە جیدیمانە. ئەمجارە نەمانکرد دەتوانین بی کەینەوە.

من: ئەوجارە نەبوو ئەی کەی؟
باوکم: هەرکاتێک مەجبور کراین و  پێویستی کرد.

من: بەڵام خۆ ئەوە چەند ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەو ڕوداوا، ئیتر ئیستا حەقیەتی ئێوە راستیەکان ڕوون بکەنەوە بۆ ڕای گشتی، بۆ ئەوەی ناحەزان و نەیارانتان لەسەرتان نەیکات بەماڵ، نەنگیەکی گەورە دەبێت دوای ئەو هەموە شۆڕش و قوربانیدانە بە شتێکی وا گەورە تاوانبار بکرێن.
باوکم: ناتوانین....جارێ ناتوانین.

من: بۆچی؟
باوکم: چونکە سەدام و علی حەسەن مەجید هەر سەدام و عەلی حەسەن مەجیدەکەی جارانن و خاوەن هێز و دەسەڵاتی زۆر لە ئێمە زیاترن و هێشا خاوەنی عێراقن، دەکرێت هەر رۆژێک بێت جیهان پشتمان تێ بکاتەوەو ئەوانیش وەک سەگی هار بەرببنەوە گیانی میلەتەکەمان. ئەو کارتە با هەر لەدەستی خۆمان بێت و ئەوتاکتیکە با هەر بەراست بزانن.

من: تێگەیشتم. ئەی ئەگەر ئەو شێت و خوێنڕێژانە کارەساتیان بەسەر میلەتەکدا هینایەوە ئێوە چی دەکەن. خۆ نایتەقێننەوە؟
باوکم: ئەگەر کارەساتی تر بخولقێنن بەڕای تۆ هیچ نەکەین و قبوڵی کەین؟

من: نازانم، بڵێم چی.
باوکم: ئەوکاتە ژیان هیچ گرنگیەکی نامێنێت، مەجبوری بڕیاری قورس دەبین.

بۆ زانیاری جەنابتان و خوێنەرانیش لە کۆتایی ساڵی ۲٠٠۲ دا لە کوردستانەوە تەلەفۆنی بۆ کردمەوە و دوای هەواڵپرسی وتی:
باوکم: کوڕی خۆم تۆ خوێندەواریت و زۆر موتابەعەی ئەم هەواڵانەی عێراق و کوردستان دەکەیت، پرسیارێکم لێت هەیە ئەگەر پێت دەکرێت دەقیق وەڵامم بەیتەوە. ئایا ئەمجارە بە راست ئەمریکا و حەلیفەکانی دەیانەوێت لەسەدام بدەن و بیروخێنن، یان هەر وەک جاران هاژو هوش و بە کەمێک بۆردومان سەرکوت و ملکەچی دەکەنەوە؟
 من: باوکە گیان دڵنیابە و بەڕاستی ئەمجارە دەیروخێنن.

باوکم: چۆن ئاوا دڵنیایت؟
من: چونکە ئیتر ۱۱ ی سێپتەمبەر هەموشتێکی بۆ ئەمریکا گۆڕیوە. بە بەرچاومانەوە دەخولقێت و بەرەو ئەمریکایەکی تر دەروات. دەیەوێت زۆر لە هاوکێشەکان بگۆڕێت.

دەزانن لە ناو رای گشتی دنیای ئیسلامیدا سۆزێکی کوێرانەی (ئێمەی موسوڵمانی چەوساوەی دەستی دنیای غەرب) گەشەی کردوە، کە پشتگیری لە برا سەدامی موسوڵمان و عێراقی موسوڵمان زۆر بە زەقی دەکەن. 

پێیان وایە ئەمە یەکێک لەو هۆکارە سەرەکیانە بێت کە رقی لەناو موسوڵمانادا دژی ئەمریکا زۆر زیاد کردوە. بوەتە هۆی گەشەکردنی تیرۆریزمی ئیسلامی. ترسیان لە بەرپا بونی شەڕی شارستانیەتەکان بۆ دروست بوە. بە تایبەت لەو ڕق و توڕەییەی لەناو توندەرو و راسترەوەکانی غەربدا بەرامبەر جیهانی موسولمانان دروست بوە. دەیانەوێت خۆیان بسەلمێننەوە و هەندێک خەلەلی گەورە ماوە دەبێت چارە بکرێن و ئیستا بە گەرمی باسی هەبونی پەیوەندی لە نێوان خۆتەقێنەرەوەکانی ۱۱ سێپتەمبەر و دەزگای موخابەراتی عێراقی و تۆپە گەورەکانی سەدام دەکەن.

باوکم: ئەم کابوسی تیرۆرە لای خۆشمانی گرتتۆتەوە و ئاکاری زۆر خراپ و دڕ دەنوێنن. ئەی ئەگەر وایە ئەم هەموە کۆبونەوەو وڵاتە و وڵات کردنە و قەرار دەرکردنە چیە و بۆ یەکسەر لێی نادەن و ببڕێتەوە.

من: چونکە ئەمە دنیای غەربە، دنیای یاسا و سیستەمەکان و ڕێکخراوەکانە. لە چەند لاوە ئامادەسازی دەکەن، وردە وردە رای گشتی پەمپ دەدەن، ژمارەی هاوپەیمان و گەلەکۆمەکە زیاد دەکەن و قەرارە نێودەوڵەتیەکانی بۆ دەردەکەن، تا سبەی لە ڕوی یاساییەوە زۆر لەسەریان نەکەوێت.
باوکم: ئەی ئەمە چەندی تر دەخایەنێت؟

من : بڕواناکەم زۆری مابێت، ئەوپەڕی دووسێ مانگی تر.
باوکم: زۆر باشە.

 لەوانەیە خوێنەر بپرسیت ئەم باسەی کۆتایی چی پەیوەندی بە باتەکەوە هەیە؟
بەڵام هەیەتی و زۆریش هەیەتی. چونکە ئەو کتێبەی ( چیوەرۆـ کە ناوی گوندێکی سەر سنورە و لەوێوە پێشمەرگە جوڵا بەرەو ڕاپەڕین) کە باسی ڕاپەڕین و لە نێویشیدا ئەو ڕوداوە و جەنگی کەنداوی یەکەم دەکات لە ساڵی ۱۹۹۱، باوکم ڕەشنوسەکەی ئامادە کردبوو، بەڵام چاوەروانی کاتی  گونجاوی دەکرد بۆ بڵاوکردنەوەی. دوای ئەم گفتوگۆی نێوانمان بە پەلە کەوتە تەواوکردنی و بە چاپی گەیاند و لە مانگی یەکی ۲٠٠۳ بڵاوی کردەوە و ئەو کاتە زانیاریەکانی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بوون. هەڵە نەبم مام جەلالیش لە ستراتیجیەتی کاتی بڵاو کردنەوەکەی ئاگادار بوە. لە نێو کتێبەکەشدا ئەم چەک و تاکتیکە گەورەی دەستی کورد زۆر بە زەقی خۆی نیشان دەدا، نەوەکو لە کاتی لێدانی سەدامدا  چەکە قورسەکانی وەرچەرخێنێتەوە بەرەو گەلی کورد و کارەسات دروست بکاتەوە، لێزانانە تیا نوسراوە: ئەوکاتەی ڕاپەڕین "ئێمە زۆر شارەزای تەقینەوە نەبووین"، یانی ئێستا شارەزاین !

جەنابت خۆت بە سیاسی و ڕۆشنگەر پێناسە دەکەیت، هەمیشە لە سەرکردایەتی و پشتەوەی جەبهەکان خەریکی فکر و فەلسەفە و ململانێی سیاسی بوون، بەڵام فەرماندە و سەرکردە سەربازیەکان ئەوان کوڕانی هێرش و بەرگری و دوژمن تۆقێن بوون، ئەوان شارەزای جەنگەکان و تاکتیکە سەربازیەکان بوون.
شەوکەتی حاجی موشیر لەو یەکەم ڕۆژەی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشەوە کە خۆی ئەندامی یەکەم مەفرەزەی چەکداری بوو و لە گوندەکەی خۆمان شۆڕشی چەکداری دەستی پێ کردەوە، هەموو رۆژێک خۆی بۆ مەرگ ئامادە کردوە. بۆ پاراستن و بەرژەوەندی گەلەکەی سڵی لە هیچ نەدەکردەوە و ئامادەی گەورەترین قوربانی دانی شەخسی خۆی بوو. قەت بەتەما نەبوو خۆی بهێڵێتەوە بۆ دواتر. ئەگەر حیزبیش خۆی لە هەندێک شت لا دابێت و نەیویستبێت بەناو حیزبەوە تۆمار بکرێت ئەوا شەوکەتی حاجی موشیر  پیاوی سڵ کردنەوە نەبوو و خۆی پێی هەڵدەستا.

 مانگی ۲٠٠۳/۱ کتێبەکەی بڵاو کردەوە بەڵام مەخابن ۲٠٠۳/۲/۸ کاتێک دەیویست ئەندامە کوردەکانی ناو ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەنسارول ئیسلام، کە ناوچەکەی ئیمەیان لە هەورامان و شارەزوور زیاتر خستبوە مەترسیەوە،  لە عەرەب و ئەفغانیەکان جیا بکاتەوە و لەو هێرشە حەتمیە ڕزگاریان بکات، ئەوە ئەندامە کوردە سەرلێشێواوەکانی بەناو ئەنسارول ئیسلام بوون لە کاتی نوسینی نامەی ڕێککەوتنەکەدا دور لە هەموو عورفێکی ئینسانی و سەربازی تەقەیان لێکرد و شەهیدیانکرد. ئەو پیاوەی هەڵگیرسێنەری شۆڕش و یەکلاکەرەوەی کار و چالاکیە قورسەکان و قاڵبوی خەبات، کە سڵی لە هیچ شتێک نەدەکردەوە و هیچ کارێک بۆی قورس و گەورە نەبوو، لە کاتی نوسینی نامەی ئاشتیدا زەفەری لێدەهینرێت و شەهید دەکرێت. وەک دەڵێن پیاوە ئازا و گەورەکان هەمیشە لە لایەن ناکەسبەچەکان و حەرامزادەکانەوە زەفەریان لێ دەهێنرێت.
لە کۆتاییدا وەک لە بەڵگەکان و شایەتە راستەوخۆکانی ئەو روداوەوە بۆم ڕوون کردویتەوە زۆربەی زانیاریەکانت هەڵەیە و حەقیەتی بۆ هیشتنەوەی میصداقیەت بۆ یادەوەریەکانت پێش چاپکردن راستیان بکەیتەوە.

قەتیش لەوە تێنەگەیشتم لەم سات و دۆخە نالەبارەی میلەتەکەمان پێیدا تێ دەپەڕێت گرنگی و ئەهەمیەتی ئەم جۆرە کارانە چی سود و بەرهەمێکی بۆ نەهامەتیەکانی گەلەکەمان هەیە!

ئالان شەوکەت موشیر