دیوێکی تری بیرەوەریی!

01/10/2020

- فەرهاد محەمەد محێدین- فەرهادی شەهیدان

پێشەکییه‌كی پێویست
کاک مەلابەختیار لە لاپەڕە ٦٥ی کتێبی لە "بری بیرەوەری"دا،چیرۆکی کوشتنی سێ پێشمەرگەی "خانه‌قینی" لە بەرگەڵو گێڕاوەتەوە. گوایە  بە فەرمانی شەخسی کاک نەوشیروان مستەفا لە بەرگەڵو، گولەبارن کراون. هۆی گولەبارنکردنیانی گەڕاندۆتەوە بۆ دوو هۆ:

 
یەکەم: لەبەر ئەوەی ئەندامی ئاڵای شۆڕش بون.
دوەم: لەبەر ئەوەی خانەقینی بون!

کاک مەلابەختیار ئەبو ئەوەشی بۆ زیاد بکردایە کە خۆی لە خانەقین لەسەر تەلەفزیۆن وتی "لەبەر ئەوەی من (مەلا بەختیار) یان خۆش ئەویست". خۆ ئەگەرهێندە خۆشەویستی بونایە، لانیکەم ئەبوایە  کاک مەلا بەختیار ناوەکانیانی بەدروستی  بنوسیایە!

سەرنج بدە؛ لە لاپەڕە ١٥ دا نوسیوێتی"حەیدەر حەسەن ئیبراهیم"، کەچی لە لاپەڕە ٦٥ دا نوسیوێتی "حەیدەر حسێن ئیبراهیم". لە لاپەڕە ١٥ دا نوسیوێتی "عیدان عەلی مەحمود"، کە چی لە لاپەڕە ٦٥ دا نوسیوێتی "عیدان ناصر"!

 کاتێک کە ئەمەم خوێندەوە،بڕیارمدا ڕوداوەکە وەک خۆی بگێرمەوە کە جیاوازە لە چیرۆکەکەی کاک مەلا بەختیار.خوێنەرانیش سەرپشک ئەکەملە داوەریکردنیان.چونکە تەنها بەو دوو دێرەی کاک بەختیار ناکرێ روداوەکە پەردە پۆش بکرێ و بۆجوڵاندنیهەست وسۆزبەکاربهێنرێ. بێگومانلەکاتی ئەم ڕوداوەدا؛ کاک مەلابەختیار لە یاخسەمەر زیندانی بوو، بەڕێزان مامۆستا پشکۆ و خوالێخۆشبو کاک شێخ عەلی (خولە کەشکۆڵ) لە زیندانی بەرگەڵوبون، و ئەمانئاگاداری ڕوداوەکەبون نەک کاک مەلابەختیار.

بەندە (نوسەری ئەم بابەتە)بە بڕیاری مەکتەبی سیاسی، لە ٢ی-١ی-١٩٨٦ دا کرام بە بەرپرسی زیندانی مەرکەزیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەرگەڵو.

بۆ مێژوو، نەک بۆ بەرگری لە هیچ کەسێک، ئەبێ ئەم ڕاستیە بنوسم. کاتیک کرام بە بەرپرسی زیندان و قبوڵم کرد،ڕاسته‌وخۆ کاک نەوشیروان بانگی کردم وئەم ئامۆژگارییانەی کردم:

یەکەم: "کەسانێک کە تاوانی گەورەیان کردوە و خەڵک و پێشمەرگەیان کوشتوە، دادگای شۆڕش حوکمیان ئەدات، نابێ ئازاری دەرونی و جەستەیی بدرێن."
دووەم: "ئەوانەی کە بۆماوەیەک زیندانی ئەکرێن ودواتربە بڕیاری دادگا ئازاد ئەکرێن، وەکسەرباز و جەیشی شەعبی دیلکراو،چەکداری کورد و ئه‌و خەڵکانه‌ی کە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی زیندانی ئەکرێن، ڕیزیان بگرن، تا لە کاتی ئازاد کردنیان دا، گەر نەشبنە دۆستی شۆڕش، با بێلایەن بمێننەوە و نەبنە دوژمنی شۆڕش."
سێیەم: "ئەوانەش کە بێلایەنن، هەوڵ بدەن بیانکەن بە دۆستی شۆڕش." هەروەها وتی، "ئەوەی بە چەک دوژمنایەتیمان ئەکات، وای لێبکەین چەکەکەی دابنێ، ئەوەی بەدەم دژمانە،وابکەین بێلایەنی بکەین و ئەوەشی بێلایەنە بیکەینە دۆستی شۆڕش. با هەوڵ بدەین دوژمن بۆ خۆمان زیاد نەکەین."

لەچەند کۆبونەوەیەکیکاتی گفتوگۆی نێوان یەکێتی و ڕژیم دا، توڕە بو لەوەی کە چەکداری کورد دەکوژن. ئەیوت، "لە جیاتی بیانکوژن، هەوڵیان لەگەڵدا بدەن چەک دابنێن. بیر بکەنەوە ئەگەر ڕۆژێ  ئێمە حوکم بکەین، ئەبێ منداڵی ئەو چەکدارانە وەک منداڵی شەهیدەکانمان بە خێو بکەین. کارێک مەکەن ژمارەی بێوەژن و منداڵی بێ باوکزیاد بکەن. ئەمە لەبەرژەوەندی ڕژێمە."بەڕاستی ئەو سەردەمەش كاك نه‌وشیروان ئاوا بیری ئەکردەوە.

سەبارەت بە خۆشم، یەکێکم لەو کادر و پێشمەرگانەی کە لەسەرەتای ١٩٧٥ەوە پەیوەندیم کردوە بە کۆمەڵەوە،ئەندامی کۆمەڵە بوم و لەشار بەرپرسیارێتیم هەبوە. لەساڵی ١٩٨١ یشەوە بوم بە پێشمەرگە بێ دابڕان. ئەندامی ڕێکخراوی دووی کۆمەڵە و بەرپرسی کەرتی ڕێکخستنی دوکان بوم لە سنوری مەڵبەندی دوو. خەبات و تێکۆشانی خۆم و هاوسەرەکەم نە بەکەس ئەفرۆشمەوە و نە هەڕاجیشی ئەکەم. جێگەی شانازیمە.بۆیە لێره‌دا ئەمەوێ چیرۆکە دوو دێڕە شێوێنراوەکەی کاک مەلا بەختیاربەدرێژی و ڕاستگۆیانە بۆ مێژوو بنوسمەوە.

ئەو ڕۆژانە تا بلێی ژیانی پێشمەرگە و گوندییەکان ناخۆش و ناڕەحەت بو، بارەگاکانی سەرکردایەتی لەگەڵ هێزەکانی ڕژیم دا تەنها دوو زنجیرە شاخ (چەرماوەند و پیرەمەگرون)جیای دەکردنەوە. رۆژانە لە سەربازگەی سوسێ وەسێ گولە تۆپیان پێوە ئەناین.ئەمە جگە لە بۆردومانی ناوه‌ناوه‌ی فڕۆکە وڕاجیما.له‌ ئه‌نجامدا زۆر جار پێشمەرگە و هاوڵاتی سیڤیل ئەبونە قوربانی. زیندان کەرتێکی پێشمەرگەی هەبو، کاک قادر عوبێد  ناسراو بە مامە قالەفەرماندەی بو.

ئەو چەند دێرەی سەرەوەم بە پێویست زانی تا وێنەیەکی ڕونتان له‌سه‌ر شوێن و زه‌مه‌نی ڕوداوه‌كه‌ بدەمێ. ئێستا دێمە سەر سەرەتا تا کۆتایی ڕوداوەکە.


ڕۆژی ٩ی-٥ی-١٩٨٦ چی ڕویدا؟*
دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ڕیکەوتی ٩ی مانگی مایسی ساڵی ١٩٨٦،لەگەڵ مامەقالە لە پشتی زیندانەکەوە دانیشتبوین. لە پڕ گوێمان لە دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە بو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لێی ڕاهاتبوین، گوێمان پێ نەدا و وتمان دیاره‌ تۆپی وێڵە. كه‌مێکی پێچو کاک مەلایاسین بە پەلە هات بۆ لامان و وتی، "خیراکەن ڕاکەن با بڕۆین. ئێستا کاک نەوشیروان و دکتۆر فوئادم بینی گەڕانەوە بۆ مەقەڕەکان دیاره‌ ئەو تەقینەوەیە نزیکی ئەوان بوو."

ئیمە گەرما و گەرم گەیشتینە لایان.دوری نێوان سجن و پردەکە**کە تەقینەوەکەی تیا ڕویدا،هەر سەد مەترێک ئەبو.کاتێک گەیشتینه‌ شوێنی ڕوداوه‌كه‌،کاک نەوشیروان مسته‌فا و دکتۆر فوئاد مه‌عسوممان بە خوێنەوە بینیلە سەر ناوەڕاستی پردەکەوەستابونو خۆشبەختانە برینەکانیان جێی مەترسی نەبون. یەک دوو پێشمەرگەش بەسوکی بریندار بوبون. هەر لەسەر پردەکە کاک نەوشیروان کەوتە قسە و وتی، "ئەگەر دکتۆر فوئاد ڕای نەگرتینایە بەوەی کە وتی ئاوەکە زیادی کردوە و به‌و هۆیه‌وه‌ تۆزێک وەستاندینی، ئەوا ئەگەیشتینە ڕێکی تەقینەوەکە و ئەیکوشتین".هەروەها وتی، "ئەوەی باشە ئەو شوێنەی تەقەمەنیەکەی تیا دانراوە بەردیکلسە، ئەگەر بەردی ئاسایی بوایە،لەودووره‌شەوە هەمومانی ئەکوشت ". ئنجا وتی، "دەی ئەوە چەندەمین جارە لە مردن رزگارمان ئەبێ".ئەوەی لە بیرم مابێ،لە پێشمەرگەکانی کاک نەوشیروان، کاک خەبات چاوشین، کاک حەسەنی شێخ کەریم و کاک شەماڵ حەسەنی شۆفێربون. لەوانەی لای دکتۆر فوئادیش، کاک هیمداد و کاکمەسعودیشۆفێربون.

هەر لەوێدا کاک نەوشیروان وتی، "هەرکەس ئەم کارەی بەرامبەر کردوین، ئەگەر غەدرێکم لێ کردبێ، گەردنی ئازاد بێ و حەقی خۆیەتی"، ئینجا وتی، "نەکەن لەسەر گومان لە خۆتانەوە خەڵک بگرن، لای من گرنگە بزانین ئەنجام دەری کارەکە سەر بە کێ یە؟ داودەزگاکانی بەعس، بەرەی جود یان ناوخۆمانه‌."

بە زویی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی سەرەداوەکان پێکهێنرا، کە بریتی بون لە:
١.کاک جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی (کۆمەڵە)
٢. کاک حەمەتۆفیق ڕەحیم،ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی (کۆمەڵە)

دەستکرا بە لێکۆڵینەوەو زانیاری کۆکردنەوە. سەرەتا دوو کەس گیران کە ٣ قاڵب TNTیان بە مەبەستی ڕاوەماسی لەو تیمەوەرگرتبوکە بۆ تەقاندنەوەی بەردەکانی شوێنی دروستکردنی خەستەخانەکەی بەرگەڵو بەکاریان ئەهێنا.دوای لێکۆلینەوە لەگەڵیان،دەرکەوت کە لەو ٣ قاڵبە تەنها یەک قاڵبیان  پێشترو بەشایەتی هاوڕێکانیان بۆ ڕاوەماسی بەکارهێنابوو، دوو قاڵبەکەی تریان لەماڵی هاوڵاتیەک دانابو. قسەی گیراوەکان و ئەو ماڵەی کە لێیان دانابو، وەک یەک دەرچون، بۆیە بەڕێزەوە ئازادکران.

پاش ماوەیەک لیژنە سەرەتاییەکە گۆڕدرا وکەیسەکەتەسلیمی دادگای باڵای شۆڕش کرا کە بریتی بون لە بەڕێزان:
١. کاک فەرەیدون عەبدولقادر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یه‌كێتی (کۆمەڵە)
٢. مامۆستا عەبدوڵڵا عومەر ئەندامی سەرکردایەتی یه‌كێتی (شۆڕشگێڕان)
٣. کاک حاکم قادر حەمەجان
٤. کاک حاکم هوشیار عەزیز

 لێکۆڵینەوەکان چڕتر کرانەوە. لە ئەنجامدا هەندێک زانیاری وسەرەداو دەست لیژنەکە کەوتبون، کە  عیماد حسێن ئیبراهیم، کە پێشمەرگەی ئیعلام بو، لە کاتی تەقینەوەکەدا لەو بەرزاییەی کە ئەڕوانی بەسەر شوێنی تەقینەوەکەدا، بینراوە.

عیماد کەسێکیدەسرەنگینو میکانیکی بو، زۆر شتی ئەزانی وه‌ك فیتەری، چاککردنەوەی موەلیدەی کارەبا، ڕۆنیۆ و تابیعە.

هه‌رچه‌نده‌ لیژنەکە بێ ئەوەی عیماد بەخۆی بزانێ، خستبویانە ژێر چاودێریەوە، بەڵام عیماد کەسێکی وریا بو، بۆیە خۆی دەرباز ئەکات و تەسلیم ئەبێتەوە. چۆن تەسلیم بوەتەوە؛ ئەوە ئەبێ دادگای باڵابیزانێ.

کە تەسلیم بوەوە، ئیتر گومان لەوەدا نەما کە عیماد کارەکەی ئەنجام داوە. بۆیەدەست کرا بە لێکۆڵینەوە لە هاورێ نزیکەکانی عیماد. یەکەم جار عیدان ناصر بانگ ئەکەن بۆ لیکۆڵینەوە. لە لێکۆڵینەوەدا دان بەوەدا ئەنێ کە بەڵێ عیماد باسی ئەوەی لەگەڵدا کردوە کە تەقەمەنی هێناوە بۆ کوشتنی کاک نەوشیروان مستەفا. بەڵام نە پێش ڕوادوەکە، نە لەکاتی ڕوداوەکە،نە لەدوای ڕوداوەکە ونە پێش ڕاکردنی عیماد ئەمەی نەدرکاندوە. لە درێژەی لێکۆڵێنەوە لەگەڵی دا،دانی بەوەدا نا کە ئەمەی بۆ ئەکرەم حەسەن قادری هاوڕێشیباسکردوە. بۆیە لیژنەکە پاش ماوەیەکئەکرەمیان بۆ لێکۆڵینەوە بانگ کرد. کاک ئەکرەم پێشمەرگەبو لای ئێمە لە کەرتی زیندان، هاورێی متمانە پێکراوم بو، بۆیە دوای تۆزیک لە بانگکردنی، ڕۆشتم بۆلای، بینیم لای کاک غەریب هەڵەدنی بو، پرسیارم لێکرد؛ "خێرە کاک ئەکرەمتان بانگ کردوە؟" وتی"عیدان نیازی ئه‌و كاره‌ی لای ئەکرەم باسکردوە، بەڵام ئەکرەم نە لەکاتی تەقینەوەکە و نەپێش ڕاکردنی عیماد، هیچی پێ نەوتوین!"بە کاک غەریبم وت، کە من بەقەدەر خۆم، متمانەم بە کاک ئەکرەم هەیە و پیاوی خیانەتکردن نیە.


قەشمەر دیسان کڵاو نرایە بان سەرت!
 کە گەڕامەوە، کاک ئەکرەم یان هێنایەوە بۆ زیندان. پێم وت، "کاک ئەکرەم چۆن شتی وات زانیوە و باست نەکردوە؟" وتی، "کاتێک عیدان ئەوقسانەیکرد، یەکسەر توڕەبوم و وتم یان عیماد ئەکوژم یان خەبەری لێ ئەدەم". وتی، "عیدان ڕۆیشت و دوای تۆزێک عیماد هات (نێوانی کەرتی زیندان و ئیعلام هەر دووسەد مەترێک ئەبو) ڕوی تێکردم و وتی، ئەکرەم، قەشمەر، دیسان کڵاو نرایە بان سەرت. ئیتر بڕوام پێکرد کە کڵاوە!" لێم پرسی، "ئەی دوای تەقینەوەکە، بۆ پێت نەوتم کە شتێکی وایان پێ وتویت، بۆ باست نەکرد؟" وتی، "خۆت ئەزانی خەڵکی تر گیرا و ئیتر گومانم لەسەر عیماد لاچو".
ئێستاش کە ئەم یادەورییە ئەنوسمەوە، دڵنیام کە ئەکرەم لەڕوی نەزانینەوە ئەوەی باسنەکردبو، نەک بۆ شاردنەوە. دوای کاک ئەکرەم، مامۆستا حەیدەر حسێن ئیبراهیم کە برای عیماد بو، گیرا. حەیدەر ئەندامی کۆمەڵە بو. سەرەتای یەکتر ناسینمان ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨١ و-١٩٨٢ لە شێنێ. بڕیاری زیندانیکردن بۆ هەرسیانیان دەرکرا(عیدان لە پێش ئەمان) و ناردیانن بۆ زیندان. مامۆستا حەیدەر و عیدانمان کردە ژورەوە، بەبێ ئەوەی هیچ ئازارێکی دەرونی و جەستەییان بدرێ. لەو کاتەشدا بەرێزان مامۆستا پشکۆ و کاک شیخ عەلی (خولە کەشکۆڵ) لە هەمان زینداندابون.

ئایا ئه‌وانه‌ سه‌ر به‌ ئاڵای شۆڕش بون؟
لەسەر بەرپرسیارێتی خۆم کاک ئەکرەمم زیندانی نەکردبو، دەرگای زیندان ئەو دایدەخست وئەو ئه‌یکردەوە. لەگەڵ خۆم و لە ژێر دارگوێزەکەدا پێکەوە ئەنوستین. من متمانەیەکی لەڕادە بەدەرم پێی هەبو، ئەویش بەهەمان شێوە. کە کاک فەرەیدون عەبدولقادر بەوەی زانیبو، نامەیەکی بۆ نوسیبوم،کە نابێ ئەکرەم لەدەرەوەی زیندان بێ،به‌ڵكو ئەبێ زیندانی بکرێ. لەگەل ئەوەش دا، گەرچی سەرپێچیش بو، بەڵام جێبەجێم نەکرد. باشە ئەگەر ئەوانە خۆشەویستی کاک مەلا بەختیار و ئاڵای شۆڕش بون،  خۆ کاک ئەکرەم زۆر بە ئاسانی ئەیتوانی لەگەل کاک پشکۆ و کاک شێخ عەلی ڕیکبکەوێ و بەرەڵایان بکات و خۆیشی لەگەڵیاندا ڕابكات؛ ئەرێ بۆ نەیکرد؟ باشە ئەگەر مامۆستا حەیدەر و عیدان و ئەکرەم "خانەقینی!"بون و به‌ قسه‌ی كاك مه‌لا به‌ختیار"ئەویان خۆش ویستوە!"، بۆ مەگەر عیمادیش هه‌ر خانەقینی نەبو؟ برای مامۆستا حەیدەر نەبو؟ ئەی بۆ ئەو خیانەتیکرد؟بۆ کاک مەلا بەختیار باسی ئه‌مه‌ ناکات؟!

هەرگیز بیرم ناچێتەوە کاتێک بڕیاری گولەبارانکردنی عیدان درا،کاک ئەکرەم وتی، "ئێمەش سەرەمان دێ". بڕوام نەکرد و پێم وت" بۆ ئێوە چیتانکردوە؟" ئەوەشم بیر ناچێتەوە کە پێی ئەوتم، "کاتێک هاتومەتە دەرەوە، کاک فوئادی برام پێی وتوم، ئەگەر ئەڕۆیت بۆ پێشمەرگایەتی، سەر شۆڕمان نەکەیت. لەبەر ئەوە نە خیانەت لە کوردستان، نە لە کاکەم و نە لە تۆی ئه‌کەم".

بۆ زیاتر دڵنیا بون لە زاکیرەی خۆم و نوسینەوەی ئەم ڕوداوە کە تا سەرئێسقان ئازارم ئەدا،پەیوەندیم بە هەندێک لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی ئەو کاتەی زیندانەوە کرد. لەوانە، کاک تالیبمستەفا جەمشیر وکاک جەمال. کاک تالیب وتی، "بۆیەکەم جار بۆت ئەگێرمەوە، بە کاک ئەکرەمم وت، مادام دڵنیایت کە ڕەمی ئەکرێیت، بۆ ڕاناکەیت. پێی وتم ناتوانم خیانەت لە کاک فەرهاد بکەم". هێندەی تر ژان چوە دڵمەوە. کاک تالیب وتی، "کاتی خۆی ئەکرەم هەمان زانیاری لای من باسکردبو. ماڵی ئاوابێ بەس نەبو ناوی منی نەبردبو، وەکو عیدان ناوی ئه‌كره‌می بردبو، ئەگینا ئەبوین بە چوار".

من لەم نوسینەم بەرپرسیارم. هەمو ئەو هاوڕێیانەش کە لەگەڵ من بون، ئەم ڕاساتیانە وەک من ئەزانن.هەرگیز بەئاواتم نەخواستوە بینوسمەوە، بەڵام کاتێک ئەبینم ڕوداوەکان وەک خۆیاننانوسرێنەوە،ئیتربێدەنگبون هیچ مانایەکی نامێنێ.

ئایا بۆ کاک بەختیار باشتر نەبوئەزیەتی بکێشایە و تەلەفۆنێک و دوو پرسیاری لێ بکردینایە تا نەکەوتایەتە ئەم هەڵەیەوە،لەبەر هیچ نا، لەبەر ئەوەی کە ڕاستیەکان نەشێوێنرێن و ئازاری ڕۆحی ئێمە و خەڵکانی تریش نەدرێت.

لێره‌دا بەوپەڕی دڵنیایەوە ئەنوسم و ئه‌ڵێم، ئەو پێشمەرگانە کە بونە قوربانی، هیچ کامیان هاوڕێی  دڵسۆز و  هەواداری کاک مەلابەختیارنەبون وهیچپەیوەندیەکیڕیکخراوەیشیانبە ئاڵای شۆڕشەوە نەبوە.

تاوانباری سەرەکی ئەم ڕوداوە عیماد حسێن ئیبراهیمی برای مامۆستا حەیدەربو.جا نازانم ئاخۆ عیماد هیچ پەیوەندییه‌كی بە کاک مەلابەختیارەوە هەبوە یان نا؟


ئەوەی لەدەستم هات کردم!
لەدوای گولەبارانکردنی عیدان،بەشەخسی زۆر هەوڵم دا باری سەرشانیان سوک بکەم. بۆیە داوام لە مامۆستا حەیدەری برای عیماد کرد کە بۆ ڕزگار کردنی خۆی و کاک ئەکرەم، نامەیەک بۆ عیمادی برای بنوسێ و بەڵێنی ئەوەم وەرگرتبو کە هیچی لێ ناکەن و ئێوەش ئازاد ئەکرێن، بەمەرجێک بێتەوە و پێمان بڵێ چ لایەن و دەوڵەتێک بۆ ئەم کارە ڕایسپاردوە؟ ئەگەر ناشیەتەوە، پێمان بلێ کێ ڕایسپاردوە؟.

 بەداخەوە مامۆستا حەیدەرئامادە نەبو بەخەتی خۆی نامەی بۆ بنوسێ. ئەگەر نامەکەی بنوسیایە، ڕەنگ بو روداوەکان بەجۆرێکی تر بونایە. بۆیە ئادرەسی ماڵەوەیانم لە مامۆستا حەیدەر وەرگرت وبە ناچاری بە دەستوخەتی خۆم نامەیەکم نوسی بۆ ماڵی عیماد. بە شەهید حاجی ڕەسوڵی سەرگەڵوییدا نامەکەم بۆ ناردن بۆ خانەقین. حاجی ڕەسولی ڕەحمەتی هاتەوە و پێی وتم ماڵت نەشێوێ، ماڵەکە حەشریان پێکردم و هەڕەشەی بەگرتدانیان لێکردم، بۆیە بەپەلەپڕوزێخۆم رزگارکرد، تا بەگرتم نەدەن.

 ئەوەی کە منکردومە، لە پێناوی ڕزگارکردنی گیانی کاک ئەکرەم و مامۆستا حەیدەردا بوو. بەداخەوە مامۆستا حەیدەر هاوکار نەبو وئەو کارەساتە ڕویدا.

ئایە بڕیارەکە کەسی بو؟ لەبەر ئەوەبو کە کاک مەلابەختیاریان خۆش ئەویست؟

کاک بەختیار هۆی گیران و کوشتنی ئەوپێشمەرگانەی وا لێکداوەتەوە و هەروەک لەسەر وێنەی شەهیدەکانی نوسیوە كه گوایه‌‌:
لەسەر فەرمانی نەوشیروان مستەفا گولەباران کراون!
لەبەر ئەوەی مەلابەختیاریان خۆش ویستووە!
لەبەر ئەوەی خانەقینی بون!
لەبەر ئەوەی ئەندامی ئاڵای شۆڕش بون!

لەکاتیکدا ڕاستییەکەی ئەمەی خوارەوەیە:
یەکەم: بڕیاری گولەبارنکردنیان، بڕیاری دادگای باڵای شۆڕش بوە، نەک هی کاک نەوشیروان مستەفا. جا بڕیارەکە ڕەوایە، یان ناڕەوا، ئەوەیان بابەتێکی ترە.
دوەم: ئەو سێ پێشمەرگەیە هیچ پەیوەندیەکی ڕیکخراوەییان بە ئاڵای شۆڕشەوە نەبوە. بەو ئەرگومێنتانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێداون.
سێیەم: ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵە و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە لە لیژنەی لیکۆڵینەوەکەدا بوە، کاک جەبار فەرمان بوە، کە خۆی خانەقینی بو.
چوارەم: تاوانبار و موسەببی سەرەکی گولەبارانکردنی ئەوان، عیماد حسێن ئیبراهیم بوه‌، کە کارە تیرۆریستیەکەی ئەنجام داو تەسلیم بە بەعس بوەوە.


ئەو نامەیەی کە شۆکی کردم!
یەکەم جار(عیدان) کوژرا. پاش ماوەیەکئینجا بڕیاری گولەبارانکردنی ئەکرەم و حەیدەر درا و جێ بەجێکرا. ئەو ڕۆژەی بریاری گولەبارانکردنیانم بەدەست گەیشت، کۆمیتەی سەرکردایەتی لە یاخسەمەربە سەرپەرشتی مام جەلال کۆبونەوەیان هەبو. نامەکە بە دەستوخەتی کاک حەسەن کوێستانی نوسرابو، چەند پێشمەرگەیەکی مەڵبەندی ٣ هێنابویان. کە نامەکەم خوێندەوە، توشی شۆک بوم. بڕیاری جێبەجێکردنی حوکمەکەیانی تیا بو. ناردم بە دوای کاک ئەکرەم دا کە لەگەڵ کاک مەلا یاسین دا پاسەوانی ئەو زیندانیانە بو کە خانویان بۆ چەند ماڵە پێشمەرگەیەک دروست ئەکرد. تا ئەوکاتەشزیندانیم نەکردبو. بەتاقم و تفەنگەوە هات و كه‌ ئێمەی بەو خەمبارییەوه‌ بینی، لە دورەوە وتی نەموت ئیعدام ئەکرێین! ئیزنی خواست کە بڕوات چەکەکەی دابنێ و خوا حافیزی لە پێشمەرگەکان بکات. مامۆستا حەیدەریشیان لە سجن هێنایە دەرەوە، ئەو بێ تاقەت و تاسابو. هەردوانیان تەسلیمی پێشمەرگەکانی مەڵبەندی ٣ کران. لەوێ نامەیەکی هاوبەشیان نوسیبو کە ئێستاش خۆیان بە پێشمەرگەی یەکێتی و ئەندامی کۆمەڵە  ئەزانن. داوایان کردبو وەک پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەیربکرێن نەک وەک خائین بناسرێن.

 خەمی هەردوکیان، هەموومانی توشی تاسان و شۆك کردبو، لە ناوماندا کاک تالیب مەستەفا جەمشیر باری دەرونی بەجۆرێکی خراپ تێک چو. من و مامە قالە کاک تالیبمان دورخستەوە بەرەو گەروی بەرگەڵو. پێشمەرگەکانیش کە گەڕانەوە، باسی ئازایەتی کاک ئەکرەم یان بۆ گێڕاینەوە. دیمەنێکی خەمناک و ناخ هەژێن بو. خۆزگە قەت ئەوشتانە ڕوی نەدایە وکەسیش ئەم برینانەی نەکولاندایەتەوە کە به‌ ڕای من، هیچ خزمەتێک بەم بارودۆخە ناهەموارەی ئه‌مڕۆمانناکات.ناکرێ هەرکەس هەستێ و خۆی بکا بە فریشتە و ئەوانی تریش بکا بە شەیتان. لە کاتێکدا  هەمومان بەرپرسیارین لە باش و له‌ خراپیش.

ئێستا و دوای ده‌رخستنی ڕاستی ڕوداوه‌كه‌، ده‌مه‌وێت پرسیار بكه‌م و بڵێم؛ ئاخۆ کاک مه‌لا بەختیار لەشوێنی من بوایە، ئەم هەڵوێستەی منی ئەبو؟ تۆ بڵێی هێشتا کاک مەلا بەختیار له‌سه‌ر هەمان ڕای پێشوی خۆی بێ؟

لەکاتی نوسینەوەی ئەم بیرەوەرییانەدا، هەست بە ئازارێکی دەرونی قورس ئەکەم. خۆم و پێشمه‌رگه‌كانی زیندان خۆمان به‌ قه‌رزداری كاك ئه‌كره‌م ئه‌زانین، چونكه‌ ئه‌و ئه‌یتوانی زۆر شتمان به‌رامبه‌ر بكات، به‌ڵام نه‌یكرد. نوسینەوەی ئەم چیرۆکە خەماویە، لەبەر خاتری ئەو پێشمەرگانەیە (درود بۆ ڕۆحیان)، کە بونە قوربانی قسە و کارە تیرۆریستیەکەی عیماد حسێن ئیبراهیم.

سوپاس بۆ هەموو ئەو هاوڕێیانەی کە لەنوسینەوەی ئەم بیرەوەرییەدا هاوکاریانکردم. هەروەها سوپاس بۆ هەموو ئەو پێشمەرگانەی کە لەهەر شوینێک کارم کردوە هاوکارم بون و تائێستاش پاریزگاریمان لەو پەیوەندیە ڕۆحیە کردوە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لەسەنگەری شەرەفی گەلەکەماندا پێكه‌وه‌ بوین.

* سوپاسی کاک ئاکۆ وەهبی ئەکەم کە له‌ نێو كۆكراوه‌ی دۆكیومێنته‌كانیدا،مێژووی ڕوداوەکەی بۆ دۆزیمەوە و بۆی ناردم.
**پردی بەرگەڵو: پردێکی دارین بو، ئەمبەروئەوبەری بەرگەڵووی بەیەکەوە ئەبەستەوە.