ڕاستە کە دەڵێن هونەر سنووری نیە؟

11/10/2020

سۆران حەمەڕەش

ساڵی ڕابردوو کاتی پەلامارەکەی نەوەی خێڵە تورکە دڕندەکان بۆ ڕۆژئاڤا، هەستم بە بێ بێتاقەتی و توڕەبوونێکی زۆر دەکرد. ئێوارەیەک لە شاری سلێمانی لە شوێنێک لەگەڵ چەند هاوڕێیەک دانیشتبووین، شوێنەکە مۆسیقا و گۆرانی تێدا پێشکەش دەکرا و گۆرانی بێژێکی ناسراویش گۆرانی دەووت.

لەپڕ دەستی کرد بە گووتنی گۆرانی تورکی، منیش کە تەواو بوو، بە ئارامی چوومە نزیکیەوە و پێم گووت "تۆ کەسێکی دەنگخۆشیت و ڕێزم بۆت هەیە بەڵام وەک ڕێزێک بۆ ڕۆژئاوا هەق نیە گۆرانی تورکی بڵێیت".

گورج وەڵامی دامەوە و گووتی "هونەر سنووری نیە" و هەندێک قسەی تریشی کرد بۆ داکۆکی لەخۆی، بەڵام خۆشی قەناعەتی بە قسەکەی خۆی نەبوو، بۆیە ئەو شەوە گۆرانی تورکی تری نەگووت.

جا هەرچەندە باس لە بابەتی هونەری دەکەیت، خەڵکانێک پێت دەڵێن "هونەر سنووری نیە"، با بزانین هونەر سنووری هەیە یان بێ سنوورە؟


چەند ساڵێک لەمەوبەر گۆرانی بێژی کورد، شەهرامی نازری، گۆرانیەکی کوردیی فۆلکلۆری گووت کە دەست پێ دەکات بە "من مناڵێ کورد فارسی نێزانم، کرماشانیێگم فارسی نێزانم، وە زوانێ کوردی قەزات لە گیانم".

دوا بەدوای ئەوە، گورج فارسەکان کەوتنە سەر سۆشیال میدیا و هێرش کردنە سەر ئەو هونەرمەندە.

عەجەم دەیەوێت کە نازری وەک گۆرانی بێژێک گۆرانی بڵێت کە دەبێت فارسی بزانێت و ئەگەر گۆرانی فۆلکلۆری کوردیش بڵێتەوە، ئەوان قبوڵیان نیە کە لە ڕێگای هونەرە فۆلکلۆریەکەیەوە بە زمانێکی هونەری سادە بڵێت منی کورد، زمان و فەرهەنگی خۆم هەیە. "فارسی نێزانم" بۆ عەجەم بوو بەکێشە، لەوێدا گورج سنوور بۆ نازری و هونەرەکەی دانرا کە بە زمانێکی هونەری و شارستانیانە گوزارشی لە فەرهەنگی کوردی خۆی دەکرد. بە ڕوونی دەبینرێت کە عەجەم و هونەرمەندەکانیشیان نازرییان لە سنووری بۆچوونێکی عەجەمیدا قبوڵە کە ئەو هونەرمەندە کوردە تێیدا باڵا دەستیی فەرهەنگ و هونەری فارسی قبوڵ بێت.


بە هەمان شێوە کاتێک ئەحمەد کایای مەزن لە ئاهەنگێکدا کە تێیدا خەڵاتی هونەری تایبەتی پێ بەخشرا، ئەو ڕایگەیاند کە کوردە و دەخوازێت گۆرانی کوردی تۆمار بکات. دەستبەجێ هەموو ئەو هونەرمەندە تورکانەی لەوێدا بوون، بەشێوەیەکی زۆر ناشرین کەوتنە هێرش کردنە سەری و پەلاماردانی.

گەر ئەو شەوە هۆڵەکەی بەجێنەهێشتایە ئەوا لەوانەبوو ژیانی کایا بکەوتایەتە مەترسیەوە.

نامەوێت لێرەدا باسی ووردەکاری هەڵسوکەوتی ناشرینی هونەرمەندە تورکەکان بکەم، بەڵام بە ڕوونی بینیمان کە ئەوان هەتا هێندە ئەحمەد کایای مەزنیان قبوڵ بوو کە باسی کوردبوونی خۆی نەکات. ئەوان دەیانزانی ئەحمەد کایا کوردە، بەڵام تا سنوورێک قبوڵیان بوو کە ئەو بە هیچ جۆرێک باسی کوردبوونی خۆی نەکات و لە ناو سنووری فکری تورکی ڕەگەزپەرستی خۆیاندا ئەحمەد کایایەکی دەستەمۆی فەرهەنگی تورکیی ڕەگەزپەرستاین قبوڵ بوو. واتە بە ڕوونی چینی هونەرمەندانی تورک سنووریان بۆ هونەرمەند و هونەر و فەرهەنگی کوردی دانا.


جا سەرەتا پرسیارێکم کرد کە ئایا هونەر سنووری نیە؟

وەلآمەکەی ئەوەیە کە منیش حەزم دەکرد کە هونەر سنووری نەبوایە بەڵام لە ڕۆژهەڵاتدا هونەر سنووری بۆ دانراوە بە تایبەت بۆ کورد. بەڵێ لە جهیانێکی ئایدیاڵیدا هونەر سنووری نیە بەڵام لە جیهانی تاڵی سەرکوتکەرانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هونەر سنووری بۆ دانراوە بەتایبەت بۆ ئێمەی کورد، سنوورەکەمان لەوێدا کۆتایی دێت کە دەبین بە کورد.

هەردوو نازری و کایا نموونەیەکی زیندووی ئەو سنووردارکردنە بوون.
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو سنووردانانەی ئەوان، منیش لای خۆمەوە زیاتر لە پانزە ساڵە گوێ لە فارسی و عەرەبی و تورکی ناگرم. لێرەدا من داوا لە کەس ناکەم کە لەسەر هەمان ڕێچکە بڕۆن بەڵام نایشارمەوە کە دەرک کردنم بەو ڕاستیە وام لێدەکات کە نەتوانم چێژ لە مۆسیقای ئەوان ببینم.

بەشێوەیەک بەخۆم دەڵێم منیش حەز دەکەم کە هونەر سنووری نەبوایە بەڵام هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە هونەرەکەی من سنووری بۆ دانراوە. بۆیە پەیمانم بە خۆم داوە کە هەتاوەکو سنوور لەسەر هونەر و فەرهەنگەکەی من دابنرێت، منیش وەک هەڵوێستێکی شەخسی، سنوور بۆ هونەرەکەی ئەوان دادەنێم.


بەڵێ ڕاستە کە هونەر خۆی ئامرازێکی پەیوەندیکردنی مرۆڤە و لەوانەیە حەز بە سنوور نەکات بەڵام هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە ڕووداوەکان پێمان دەلێن کە بەڵێ سنوورێکی ڕوون بۆ هونەری کوردی لە ڕۆژهەڵاتدا دانراوە کە لە سایەیدا پێی دەڵێن هونەرەکەت دەبێت هونەرێک بێت لە سنووری دەستەمۆیی باڵادەستیی فەرهەنگی تورکی و عەرەبی و فارسیدا بێت. جا با چیتر خۆمان لەو ڕاستیە گێل نەکەین!


تێبینی:


ئەمە لینکی گۆرانیەکەی شەهرامی نازریە
https://www.youtube.com/watch?v=LQwuEN0LyQQ
ئەمە لینکی هەڵوێست وەرگرتنە گەورەکەی ئەحمەد کایای مەزنە
https://www.youtube.com/watch?v=u9QycJjEF2c




523Adnan Qadr, Hosein Ahmadpoor and 521 others
123 comments
39 shares