ڕۆڵی ئێران لە سوریا

06/01/2019

بەسام بەربەندی

ئەو وتارەی ئێستا دەیخوێنیەوە لە نووسینی بەسام بەربەندییە، کە ساڵانێکی زۆر وەک دیپلۆمات لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا کاری کردووە، ماوەیەکیش باڵیۆزی سوریا بووە لە واشینگتۆن، لە دوای دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا لە ساڵی ٢٠١١دا بە دڵ لەگەڵ خۆپیشاندەران بوو و بە نهێنی یارمەتی ئۆپۆزسیۆنی دەدا، بەسام دواجار لە ساڵی ٢٠١٤دا بە یەکجاری لە رژێمەکەی ئەسەد جیابووەوە، گێڕانەوەکانی بەسام لەو ڕووەوە گرنگن کە ئاگاداری نهێنییە شاراوەکانی حکومەتی ئەسەد بووە لە کاتی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ٢٠١١، لەم وتارەدا باسی ئەوە دەکات کە چۆن ئێران هانی بەشار ئەسەدی داوە بە توندترین شێوە خۆپیشاندانەکان سەرکوت بکات.

  وەک دیپلۆماتێکی وەزارەتی دەرەوە ساڵی ٢٠٠٨ میوانی ئێوارەخوانێکی ئەحمەد موسەوی باڵیۆزی ئێران لە دیمەشق بووم، موسەوی پێی وتم ئێرانییەکان لە سوریا هەموو منەتباری چاکە و زەحمەتەکانی محەمەد ناسیفن، محەمەد ناسیف راوێژکارێکی دەستڕویشتووی بەشار ئەسەد بوو و ئەم دوایانەش پۆستێکی ئەمنی هەبوو، ئەم وتەیەی موسەوی ئاماژەیەکی تێدابوو بۆ پەیوەندیی پڕ لە نهێنی و ئاڵۆزی ٤٠ ساڵی رابردووی نێوان ئێران و سوریا.


بەپێی دەستوری سوریا سەرۆک کۆمار دەبێت موسڵمان بێت، حافز ئەسەد عەلەوی بوو، عەلەوییەکانیش بە درێژایی مێژوو گومان لە سەر موسڵمان بوونیان هەبوو، لە هەفتاکانی سەدەی رابردوو حافز ئەسەد پێویستی بەوە بوو گومانەکان لەسەر موسڵمانبوونی خۆی بڕەوێنێتەوە، بۆ ئەمەش پەنای بردەبەر مەلایەکی شیعەی ئێرانی کە لەناو شیعەکانی لوبناندا شوێنکەوتوویەکی زۆری هەبوو، ئەویش موسا سەدر بوو، حافز ئەسەد یارمەتی موسا سەدری دەکرد و لە بەرامبەریشدا موسا سەدریش رایگەیاند عەلەوییەکان برای ئایینی شیعەکانن.


موسا سەدر هەروەها پێشنیازی بە حافز ئەسەد کرد کە پێویستە چاوی بە مەلایەکی دیکەی شیعەی ئێرانی بکەوێت کە ئەویش ئایەتوڵا خومەینی بوو و لەو کاتەدا بە بڕیاری شای ئێران بۆ شاری نەجەف لە عێراق دوورخرابووەوە.


حافز ئەسەد بەو دەرەنجامە گەیشت کە بەرژەوەندییەکی ستراتیژی هاوبەشیان لەگەڵ خومەینی هەیە و دەبێت وەک هاوپەیمانێکی خۆی پشتگیری لێ بکات، کاتێک لە ساڵی ١٩٧٩دا شۆڕشی ئێران سەرکەوت، سوریا یەکەمین دەوڵەت بوو رووخانی رژێمی شای ئێرانی بە فەرمی ناسی و پشتگیری لە رژێمی نوێی ئێران کرد، بە درێژایی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق_ ئێرانیش پشتگیری لە ئێران کرد بە دژی سەدام حسێن.


  بەڵام هەر لەو کاتەدا لە لوبنان، ئێران و سوریا بەرژەوەندییەکانیان بەریەککەوت، فراوانخوازیی ئێران لە ناوچەکەدا دامەزراندنی حیزبوڵای لوبنانی لێکەوتەوە، ئەمە لە کاتێکدا بوو سوریا بۆ خۆی لە لوبنان هێزی دیکەی هەبوو شەڕی نوێنەرایەتی و بەرژەوەندییەکانی بۆ بکات،  دواجار لە ساڵی ١٩٨٦ قەیرانێکی گەورە دروست بوو و بۆ یەکەمجار لە لوبنان شەڕی ناوخۆ و خۆبەخۆی شیعە و شیعە سەریهەڵدا، سپای سوریا پشتگیری " لە بزووتنەوەی ئەمەل دەکرد کە کاتی خۆی لەلایەن موسا سەدرەوە دامەزرابوو، سوپای قودسی ئێرانیش پشتگیری لە حیزبوڵا دەکرد، لەم ململانێیەدا حافز ئەسەد و سوریا یارییەکەیان لە ئێران بردەوە و بەمەش بوونە رێگر لەبەردەم بەهێزبوونی هەژمونی ئێران لە لوبنان، لەو رۆژە بە دواوە حافز ئەسەد سنوورێکی بۆ ئێران و حیزبوڵا دانابوو کە تینووی بە‌هێزکردنی هەژمونی خۆیان بوون لە ناوچەی شام، بەڵام دواتر تێکچوونی تەندروستی حافز ئەسەد، دەرفەتێکی بۆ ئێران و حیزبوڵا دروستکرد لەڕێی بەشار ئەسەدەوە لە ناوەندی دەسەڵات لە دیمەشق نزیک ببنەوە.


لەناو حکومەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بۆ هەموو ئێمە روون و ئاشکرا بوو کە بەشار ئەسەد پێچەوانەی باوکی متمانەی بە خۆی نییە بۆ سەرکردایەتیکردنی سوریا، بەشار لە لەندەن خوێندنی پزیشکی چاوی تەواوکردبوو و تەنیا دوای مردنی براکەی لە ساڵی ١٩٩٤دا بوو کە ناوی کەوتە ناو ناوانەوە بۆ جێگرتنەوەی باوکی، حەسەن نەسروڵای رێبەری حیزبوڵا پێش مردنی حافز ئەسەد پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ بەشار ئەسەد دروست کردبوو و بە جۆرێک خۆی لە بەشار ئەسەد نزیک کردبووەوە کە مەحاڵ بوو حافز ئەسەد  رێگەی بەو جۆرە لێکنزیکبوونەوەیە دابیت، لە دواین رۆژی پرسەی حافز ئەسەددا من لەگەڵ وەزیری دەرەوە سەردانی کەمپێکی چەکدارەکانی حیزبوڵامان کرد لە لازقیە، لە مەراسیمێکدا چەکدارەکانی حیزبوڵا سڵاوی یەکێتی و برایەتیان نارد بۆ بەشار ئەسەد، ئەمەش پەیامێکی تێدابوو بۆ بەشار ئەسەد کە دەتوانێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی پشت بە حیزبوڵا ببەستێت.


نزیکبوونەوە لە بەشار ئەسەد بۆ ئێران قورستر بوو، من لە چەند دانیشتنێکدا لەگەڵ وەفدە ئێرانییەکاندا بەشداربووم، داوایان دەکرد با راستەوخۆ هێڵێکی پەیوەندی تەلەفونی لەنێوان نووسینگەی خامنەیی و بەشار ئەسەددا هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن لە کێشەکانی ناوچەکەدا بە تەواوی هەماهەنگی دروست بکەن، محەمەد ناسیف بەوپێیەی دەیزانی حافز ئەسەد ئەگەر زیندوو بوایە هەرگیز ڕێگەی بە دروستبوونی وەها پەیوەندییەک نەدەدا، هەر لەناو دانیشتنەکەدا پێشنیازی ئێرانییەکانی ڕەتکردەوە و تەنانەت دواتریش بەشار ئەسەدی لە پێشنیازی ئێرانییەکان ئاگادار نەکردبووەوە.

 

لە هەوڵێکیتر ئێرانییەکان پێشنیازیان کرد بەرپرسیارێتی پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانی شێعە بدرێت بە کۆمەڵێک بازرگانی تایبەتی سوری، بازرگانە تایبەتەکانیش هەمان ئەو بازرگانانە بوون کە لە کاتی شەڕی عێراق_ ئێراندا چەکیان بۆ ئێران دابین کردبوو، پلانی ئێران ئەوە بوو کە لە رێی زاڵبوون بەسەر شوێنە پیرۆزەکانی شیعەوە دەتوانێت بە بەردەوامی پارە رەوانەی سوریا بکات بۆ کڕینی خەڵک، لەگەڵ هەمووی ئەوانەشدا ئێران بە بەردەوامی هەوڵی دەدا بەشار ئەسەدیش کۆنتڕۆڵ بکات.


شۆڕشی ساڵی ٢٠١١ی سوریا هەلێکی تایبەتی بۆ ئێران رەخساند بۆ ئەوەی بتوانێت هەژمونی خۆی بەسەر تەواوی شامدا بسەپێنێت، ئێران زۆر بە پەلە کەوتە خۆی، تەنیا چەند رۆژ دوای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە دەرعا، سەعید جەلیلی سەردانی سوریای کرد، لەو سەردانەدا جەلیلی پڕۆژەی دیواری ئاسنینی پێشکەشی بەشار ئەسەد کرد و رازیکرد بەم پڕۆژەیە دەتوانێت بە شێوازێکی باش خۆپیشاندانەکان سەرکوت بکات.


لەم سەردانە و سەردانەکانی دواتری بەرپرسانی ئێرانیدا، توانیان بەشار ئەسەد رازی بکەن کە بەهیچ جۆرێک ئامادەنەبێت هیچ ئیمتیازێک بە خەڵکی نارازی و خۆپیشاندەران بدات، چونکە لە ئەگەری هەر جۆرە ئیمتیازدان و چاکسازییەک کێشەی بۆ هەژمونی ئێران لە سوریا دروست دەبوو، کاتێکیش شەڕی ناوخۆی سوریا دەستی پێکرد، ئێران دەستبەجێ کۆمەڵێک فەرماندە و راوێژکاری سەربازی و هێزی تایبەتی ناردە سوریا بۆ یارمەتیدانی بەشار ئەسەد.


دوای ئەوەی رۆژانە کۆمەڵێک ئەفسەر و سەربازی سوپای سوریا دەچوونە ریزی ئۆپۆزسیۆنەوە، بەشار ئەسەد ناچار بوو شوێنە بەتاڵەکانی ئەوان بە هێزەکانی ئێران و حیزبوڵا پڕ بکاتەوە، لە کاتێکدا بۆ ماوەی چەندین دەیە حافز ئەسەد هەوڵی بۆ سەربەخۆیی سوریادابوو، لە کۆتایی ساڵی ٢٠١١دا کوڕەکەی واتە بەشار ئەسەد کون بو کون بە شوێن هاوپەیمانێکدا وێڵ بوو و سوپاکەی خستبووە بەر دەستی ئێرانییەکانەوە.


پێداگری ئێران لەسەر سازش نەکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، بەشار ئەسەدی هاندابوو کە مل نەدات بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، هەر لە ساڵی ٢٠١١دا دوو پێشنیازی چاکسازیمان لەلایەن ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و قەتەرەوە بە دەست گەیشتبوو، بەشار ئەسەد هەر دوو پێشنیازەکەی ڕەتکردەوە، لە کانوونی دووەمی ٢٠١٢دا تورکیا دەستپێشخەرییەکی کرد و ویستی درزێک بخاتە ئەو دیوارە ئاسنییەی ئێرانەوە، پێشنیازەکەی تورکیا ئەوە بوو بەشار ئەسەد پۆستەکەی لە سەرۆک کۆمارەوە دابەزێت بۆ سەرۆک وەزیران بەڵام لە هەمان کاتیشدا فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بێت،  فاروق شەرع کە سیاستەدارێکی سونەیە و داوای یەکێتی هەموو لایەنەکان دەکات بە شێوەیەکی کاتی بکرێتە سەرۆک کۆمار و هاوسەری خوشکەکەی بەشار واتە عاسف شەوکەتیش بکرێتە وەزیری بەرگری.


 ئێرانییەکان دژی پێشنیازەکەی تورکیا بوون، ئێران پێی باش نەبوو کەسێکی ریفۆرمخواز ببێتە سەرۆک کۆمار و ئامادەش نەبوون لەگەڵ هاوسەری خوشکەکەی بەشاردا وەک وەزیری بەرگری کار بکەن، بەشار ئەسەد لەلایەکەوە متمانەی بە تورکەکان نەمابوو و لەلایەکی دیکەشەوە رۆژ لە دوای رۆژ پێگەکەی لاوازتر دەبوو هەربۆیە هەوڵیدا بیر لە هەموو بژاردەکان بکاتەوە، هەربۆیە لە مانگی شوباتی ٢٠١٢دا رازی بوو لەگەڵ تورکیا سەبارەت بە پێشنیازەکەیان بکەوێتە دانووستانەوە، بەڵکو لەو ڕێگایەوە فشارەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا لەسەر خۆی کەم بکاتەوە.


لە مانگی ئازاردا فاروق شەرع بانگهێشتی ئۆپۆزسیۆنی کرد بۆ کۆبوونەوە، ئەمەش بووە هۆی توڕەبوونی ئێران و هەموو هەوڵێکی دا کە نەهێڵێت هیچ دانیشتنێکی دیکە بکرێت، ئەو دانووستانانەی دەستیپێکردبوو بەرژەوەندییەکانی ئێرانی خستبووە مەترسییەوە و هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سورییەکان لە دەرەوەی هەژمونی ئێران پێکەوە کۆببنەوە، رۆژی ١٨ی حوزەیران لە تەقینەوەیەکدا عاسف شەوکەت و کۆمەڵێک بەرپرسی ئەمنی سوریا کوژران، لە دوای تەقینەوەکە ئێرانییەکان توانیان بەشار ئەسەد رازی بکەن کە دانووستان و سازش تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی تەقینەوەی زیاتر بکرێت و ژمارەیەکی زیاتر لە کەسە نزیکەکانی بەشار ئەسەد بکوژرێن، دوای ئەم رووداوە بەشار ئەسەد بە تەواوی گۆڕا و ئامادەنەبوو گوێ بۆ هیچ پڕۆژە و پێشنیازێک رابگرێت کە لە دەسەڵاتەکانی کەم بکاتەوە.


لەو سەروبەندەدا حیزبوڵا پێگەی خۆی وەک هێزێکی چەکداری گرنگ بۆ پاراستنی بەشار ئەسەد سەلماندبوو، شەڕەکەی ئەلقەسیر لە ساڵی ٢٠١٣دا بووە خاڵێکی وەرچەرخانێکی گرنگ لە پەیوەندییەکانی حکومەت و حیزبوڵای لوبنان، بەر لەوە سوپای سوریا سێ جار هەوڵی دابوو شارۆچکەی ئەلقەسیر لەژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەربهێنێت بەڵام هەر سێ جارەکە شکستیان هێنابوو، بەڵام حیزبوڵا توانی گەڕەکەکانی پەرواێزی شاروۆچکەکە کۆنتڕۆڵ بکات کە عەلەوی بوون و تەنانەت لە بانگەشەکانیاندا توانیبوویان عەلەوییەکان رازی بکەن کە بەشار ئەسەد ناتوانێت ئاسایشیان دابین بکات، لە دوای سەرکەوتنی حیزبوڵا لە کۆنتڕۆڵکردنی شارۆچکەی قەسیردا، عەلەوییەکان زیاتر کەوتنە ژێر کاریگەری بانگەشەکانی حیزبوڵاوە، ئێران ئەم سەرکەوتنەی حیزبوڵای بە باشی قۆستەوە و حیزبوڵای سوریای دامەزراند و پارەیەکی زۆری خەرج کرد بۆ دامەزراندن و پڕچەککردنی " هێزەکانی بەرگری نیشتمانی"
دوای ئەم رووداوانە ئێران لەڕێی حیزبوڵا و هێزەکانی بەرگری نیشتمانییەوە بە تەواوی بەسەر دۆخەکەدا زاڵ بوو، ئەم هێزانە ئێستا رۆڵی قەڵایەک دەبینن بۆ ئێران لە سوریا، هاوکات لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری سونەکان بەهۆی بوردمانکردن لەڕێی بەرمیلی تی ئێن تییەوە ئاوارەببوون، حیزبوڵا و هێزەکانی بەرگری نیشتمانیش ئاگری جەنگی ئایینی و تائیفیان خۆشتر دەکرد، ئەو هێزانە لەناو خەڵکی عەلەوی و شیعەدا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە بەشار ئەسەد ناتوانێت ئاسایشیان بپارێزێت، هەربۆیە بۆ پاراستنی ئاسایش دەبێت ئێران بێتە ناوچەکەیانەوە، ئەم بانگەشانە کاریگەری زۆری هەبوو لەناو شیعە و عەلەوییەکاندا و پێگەیەکی بەهێزیان بۆ ئێران دروست کردبوو جا بەشار ئەسەد هەبێت یان نەبێت.


هەژمونی ئێران بە جۆرێک بوو کە مانەوە و دوورخستنەوەی ئەسەد گرێدرابوو بە بڕیاری ئێرانەوە، حسێن شێخولئسیلام باڵیۆزی پێشووی ئێران لە سوریا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە لە ساڵی ٢٠١٤دا دەڵێت ئێران بەردەوام داوای لە بەشار ئەسەد کردووە واز سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بهێنێت، ئەم قسانەش بە تەواوی دوورن لە راستییەوە و پێچەوانەی رەفتاری ئێرانن لە سوریا، بەڵام ئاماژەیەک بوون بۆ ئەوەی ئێران دەتوانێت پشتی ئەسەد چۆڵ بکات، ئەگەر بێتوو هەژمونی ئێران لە سوریا گەرەنتی بکرێت ئەوا بە لای ئێرانەوە بەشار ئەسەد گرنگ نییە و دەکرێت مامەڵەی لەسەر بکرێت.


تاران ئێستا لەڕێی حیزبوڵا و هێزەکانی بەرگری نیشتمانییەوە بەبێ ئەوەی پێویستی بە حکومەتی ناوەند هەبێت هەژمونی خۆی بەسەر سوریادا دەپارێزێت، ئەمەش ئەو حاڵەتە بوو کە حافز ئەسەد لێی دەترسا.


هاوپەیمانی ئێران لەگەڵ بەشار ئەسەد نە هۆکاری ئایینی هەیە و نە مەبەستی ئێرانییەکان پاراستنی خودی بەشار ئەسەد بووە، بەڵکو ئەوەی بۆ ئێران گرنگ بوو سەپاندنی هەژمونی ئێران بوو بەسەر سوریادا جا بە بەشار ئەسەدەوە یان بێ بەشار ئەسەد.