سێ مەتری بەسە.. لە پایتەخت باوە

21/11/2020

نەبەرد فوئاد

شاعیرێكی بەناوبانگی ئەمریكی هەیە بە ناوی (ثيودۆر رویثك)، لە یەكێك لە هۆنراوەكانیدا دەنووسێت "لە تاریكدا چاو دەست بە بینین دەكات".

لەنێو ئەم تاریکی و دونیای مادییەدا، هەموومان سەرقاڵی دابینكردنی پێداویستییەكانی خۆمانین، خەمی ئەوەمانە چۆن پاروویەک نان پەیدا بكەین، لە پەیداكردنی نان هەموو تیۆر و پراكتێكێك بە لاوە دەنرێت، لەم سەردەمەدا کەمن ئەوانەی پراكتیزەی بیر و پەسەندییەكانی خۆیان دەکەن. 

بە جۆرێك لە جۆرەكان گەلێكمان لێ پەیدا بووە كە گەلێكی بەكاربەرین. گەڕان بە شوێن كەموكورتیی ئاریشەكانی كۆمەڵگە لە بیركراوە و تەنیا و تەنیا خەممان بووەتە لوقمە نانێك.

لە بچوك، مەزن درووست دەبێت، هەر بۆیە هەندێك حاڵەت هەیە ئەگەر بنەبڕ نەكرێت دەبێتە دیاریدە، لەوەتەی ئێمە هەین، حاڵەتە نەخوازراوەكان بنەبڕ نەكراوە، بۆیە بوون بە دیاریدە.
 
جل و بەرگ مێژوویەكی هێندە دێرینی هەیە  بە بڕوای زۆرێك لە زانایانی مرۆڤناسی دیرۆكەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 100 بۆ 500 هەزار ساڵ لەمەوبەر. جلوبەرگ بە تایبەتمەندی (توێژ، پلە، پیشە) دیاریدەكات. بە دەر لەمانەش پۆشاكی هەر مرۆڤێك پێناسەیەكی دەرەكی دەبەخشێـت بە كەسەكە، بۆ نموونە جلی رەش لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا واتای خەمۆكی و تازیەبارییە، بە هەمان شێوەش جلوبەرگی سپی واتای بۆنەیەكی خۆش و پاك و بێگەردە.

ماوەیەكە ئەوەی لە پایتەختی هەرێمی كوردستان دەبینرێت و هەستی پێدەكرێت، پۆشین و بە كرددانی جۆرێك لە جلوبەرگە پێی دەگوترێت (قوتعتین)، ئەم جلوبەرگە لە دوای ڕوخانی فۆڵگیسنۆ باتیستای سەرۆكی كوباوە لەناو چەپەكان سەریهەڵدا، بە تێپەڕبوونی كات و لە كاتی درووستبوونی حیزبی بەعسی ئیشتراكی، جارێكی دیكە ئەم جلوبەرگە پۆشرا. ئەوەی لە سەردەمی حیزبی بەعسی فاشیست ژیاوە، دەزانێت ئەو جلوبەرگە چەند لە ناو كۆمەڵگەی كوردیدا بێزراو و ناشرین بووە. ئێستاش لە زۆر ناوچەی كوردستاندا كە تانە لە وەچەی كەسێك بدرێت كە باوكی یان باپیری لەگەڵ حیزبی بەعس كاریكردووە، پێی دەڵێن (وازی لێ بێنە ئێستاش قوتعتێنەكەی بە ئوتوكراوی هەڵگرتووە).

ئەم پۆشاکە لە دوو پارچە پێكدێت كە سێ مەتر بەشی دەكات. گەز و چارەكێك بۆ مەتر و نیوێك بەشی پانتۆڵەكەی دەكات و ئەوەی دەمێنێتەوە بەشی سەرەوەی دەكات. ئەم جۆرە جلوبەرگە ئەگەر قوماشەكەی خانەخانە یان خەت خەت بێت، لە سێ مەتر زیاتری دەوێت. 

لە دوای هاتنی حكومەتی بەعسەوە بۆ سەر كورسی دەسەڵات، بەجۆرێك لە جۆرەكان ببووە جلی فەرمی ئەو كەسانەی لە دەزگای ئاسایش و پلە باڵاكانی وڵاتدا دەست ڕۆیشتبوون.

دەكرێت نەوەی ئێستا شارەزاییان نەبێت یان نەیانبێنێت بەڵام بە تەمەنەكانی ئێمە و ئەوانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان، باش دەزانن مەبەستم كام جل و بەرگەیە. 

لەپاش ڕووخانی حكومەتی بەعس دەسەڵاتدارانی هاوپەیمانی كاتیی عێراق قانونێكیان دەرکرد پێی دەوترا قانونی ڕیشەكێشكردنی بەعس، كە لە 16ی ئایاری 2003 چووە بواری جێبەجێكردنەوە. بە پێی ئەم یاسایە هەموو شتێك كە پەیوەندی بە حیزبی بەعسەوە هەبووە دەبێت لە ڕیشە بهێنرێت، بەڵام لە پایتەختی هەرێمی كوردستان، ئەم جلوبەرگە لە ناو چینی (فەرمانبەر، پارێز، مامۆستا....هتد) بووەتە مۆد، خەڵكانێكی زۆر دەیپۆشن و بە كردی دەدەن.

قانونێك دانراوە بۆ ریشەكێشكردنی حیزبێك كە دەستیان بە خوێنی ئەم گەلە سوورە، چ خێرە ئێستا لە پایتەختێك لە تەنیشت (پیرە قەراوە) دەیپۆشن و پێوەی دێن و دەچن؟، ئایا ئێمە بەدەر لە زیندوكردنەوەی عێراقێكی رووخاو و دروستكردنەوەی سوپاكەیان، جارێكی دیكە بە پۆشینی جلەكانیان ڕیشەیان زیندوو ناكەینەوە؟، لە زمانەوانیدا كە دەوترێت ڕیشەكێشكردن واتا شتێك لە بنەوە بكێشرێت، بەڵام بە ڕاستی ئێمەی كورد دەمانەوێت ئەو ڕیشەیە ئاو بدەین و دروستی بكەینەوە، بۆیە كاتێك دەچیتە لای بەرگدروویەك بڵێی قوتعتێن چی پێویستە؟، زۆر بە سانایی پێت دەڵێت "چ نییە سێ مەتری بەسە".