سەروەری یاسا لەنێوان كێشەی بەكرێدان و موڵكایەتی

23/11/2020

شاڵاو ابوبكر علی

ڕووداوی هەڵکوتانە سەر شوێنی کارکردنی هاوڵاتیەك لەڵایەن هیزێكی چەكدار بە ڕۆژی ڕووناک و بەوپەڕی ئاشکرایی  و دروستکردنی پشێوی و دلەڕاوکێ ڵای خەڵکی ڕووداوێکی کەم نییە و لە ژێر هەر بیانوو و بەهەر هۆکارێک بێت دیاردەیەکی نادادی و ناشارستانی یە و سەروەری یاسا و سەقامگیری و ئاسایش لە كۆمەڵگە دا دەخاتە ژێر پرسیارەوە و چاوی هاوڵاتیان لەسەر یاسا و دادگا و هێزە ئەمنییەکان بۆ پارستنی خۆیان و ماڵ و سامان و بەرژەوەندییان ڵا دەبات و بیریان دەبات بۆ پارێزگاریکردن لە ڕێگەی خۆیان و هێزی خۆیان نەک یاسا و دەزگا فەرمییەکان.

پەیامێكی یەكجار ترسناكە و شیرازەی كۆمەڵگا و ئاسایشی گشتی وئارامی لە قۆناغێكی ناهەمواردایە، کە ئەمەش کەس ڵێی سوودمەند نابێت و خاڵێکی مەترسی دارە لەسەر سەروەری یاسا و پارێزگاری لە هاوڵاتیان وەک ئەرکێکی سەرەتایی حکومەت و دەزگاکانی.

جا ئیتر ئەو کێشەیە لەسەر بەکرێدان و موڵکایەتی بێت یان هەر شتێکی تر لە مەترسی و نادروستی ڕووداوەکە کەم ناکاتەوە، لە کاتێکدا بەپێی زانیارییەکان لەو کێشەیە دا ڕێککەوتن لەنێوان خاوەن موڵک و کرێچی کراوە بەکرێ دراو بە چۆڵی ڕادەست کراوەتەوە.

لەبەر ئەوە بە پێوێستی دەبینین كە لایەنی یاسایی بناغەی دروستبوونی ئەم جۆرە کێشانە بخەینەروو کە بەشی زۆری پەیوەندی بە یاسا کارپێکراوەکان و لاوازی پەرلەمانەوە لەو بوارەدا هەیە

پێویستە ئەوە بزانین تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان یاسایەکی باش و تۆکمە نییە بۆ ڕێکخستنی کاروباری بەکرێدان، ئەوەی هەیە یاسای ژمارە (87 ی ساڵی 1979) یە کە یاسای بەکرێدانی خانووبەرەی هەموارکراوە و پێش 41 ساڵ ئەو یاسایە دەرچوێنراوە لە عێراق.
کاتی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون ئەم یاسایە بۆ ماوەیەکی کاتی دەرکرا کە لە یاساکەدا یاسادانەر بە ڕوونی پشتگیری لایەنی کرێچی دەکات و پێچەوانەی خواستی خاوەن موڵک ڕێگا بە کرێچی دەدات لە موڵکەکە دا بمێنێتەوە تەنانەت دوای تەواوبوونی ماوەی گرێبەستی نێوانیان تەنها بە دانی کرێی مانگانە لە کاتی خۆیدا کە لە (1 بۆ 7) ی مانگە.
بێ گوێدانە مافی خاوەن موڵک کە ناچار دەبێت ڕازی بێت بەوەرگرتنی کرێ کە بەبێ ئیرادەی خۆی بۆ تازەکردنەوەی گرێبەستی بەکرێدانەکە.
کە ئەمە دەستی خاوەن موڵک دەگرێت لە سودبینین لە بەکرێ دراوەکە ئەمە لەلایەک و ڕێگاش لە پێشکەوتن و وەبەرهێنان و ئابووری و بازاڕ دەگرێت لە لایەکی ترەوە.

  وە خاوەن موڵک جگە لە چەند حالەتێکی کەم کە لەماددە 17 ی یاساکە دا باسی کردووە ناتوانێت کرێچی دەربکات یەکێک لەوانە بڕگەی "أ" ە کە بریتییە لە نەدانی کرێ، ئنجا دەتوانرێت دەربکرێت کە خەڵک ئەمەی قۆستۆتەوە و بەردەوام لە کاتی خۆی کرێ کە دەدات تا نەتوانرێ دەربکرێ و ماوەیەکی زۆری دیاری نەکراو سوود لە بەکرێگیراوەکە ببینێت.

پرسی سەرقوفڵانە:
پەیرەوكردن و جێبەجێكردنی یاساكە بەم شیوەیە  بوە هۆی دروستبوونی دیاردەیەکی نا یاسایی  ئەویش " سەر قوفڵانە" یە
کە لێرەدا کرێچی مافی کرێچیبوون لە موڵکەکەدا دەفرۆشرێتەوە بە کەسێکی تر بە بڕێک پارەی زۆر بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی خاوەن موڵک وە مانگانە کرێکەی خۆی دەدات تا نەتوانرێ دەربکرێت وە کڕیاریش لێرەدا کە لەکرێچی کڕیوە وەک خاوەن موڵک هەڵسوکەوت دەکات ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی بەکرێدراوەکە لەلایەن خاوەن موڵکی ڕاستەقینە کە دەرئەنجامێکی خراپی یاساکەیە و دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی مامەڵە و نەمانی متمانە لەنێوان خاوەن موڵک و کرێچی و دروست بوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری گەورە و ترسی خەڵک لە بەکرێدانی موڵک دا بە نیشتەجێبوون و بازرگانی یەوە.

پەرلەمانی كوردستان وچارەسەری بۆئەم كیشەیە؛
نابێت ڕۆڵی پەرلەمانمان وەک گەورەترین دامەزراوەی یاسادانان بیربچێت لەم بابەتەدا

1-   لەساڵی 2008 دا  هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم بابەتە درا، بە دەرکردنی یاسای ژمارە( 9 ی ساڵی 2008) یاسای هەمواری یاسای بەکرێدانی خانووبەرەی ساڵی 1979 ، کە بێی ئەم یاسایە لە ماددەکانی دووەم و سێیەم کارکردن بە یاسا کۆنەکە سنووردارکراو لەگەڵ کۆمەڵێک جزئیات کە نامەوێ بچمە ناوی و بڕیار درا بە کارکردن بە یاسای شارستانی ( قانون المدنی العراقي) ژمارە 40 ساڵی 1959 کە بەپێی ئەو یاسایە "دوای تەواوبوونی گرێبەستی بەکرێدان کرێچی دەردەکرێت لە بەکرێ دراوەکە هەرچەندە بەردەوامیش بێت لە دانی کرێ" کە ئەمە سەرەتایەکی باش بوو بۆ دوورکەوتنەوە لە کارکردن بە یاسا کۆنەکەی باسمان کرد.

2- دواتر پەرلەمان بە پێی یاسای ژمارە 6 ی ساڵی 2012 یاسای ڕاگرتنی کار کردن بە یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2008 ی  دەرچواند و کارکردن پێی ڕاگیرا بۆ ماوەی یەك ساڵ.

3-دواتر یاسای ژمارە 14 ساڵی 2013 ڕاگرتنی کارکردن بە یاسای ژمارە 9 ی ساڵی 2008 ی دەرچواند کە دیسان کارنەکردن بە یاساکەی 2008 درێژ کرایەوە تا ساڵی 2015.

4- یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2017 ی دەرچواند یاسای هەمواری دووەمی پیادەکردنی یاسای بەکرێدانی خانوبەرە ژمارە 87 ی ساڵی 1979 ی هەموارکراو. کە تیایدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری و جزئیات لە یاسا کۆنەکە کرا.

بەڵام هەموو ئەو یاسایانەی دەرکران بۆ هەمواری یاسا کۆنەکە نەیان توانی سەقامگیری بهێننە کایەوە و کێشەکان هەر بەردەوام بوون، کە ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە پەرلەمان و ئەندامەکانی  بە درێژایی ساڵەکانی 2008 بۆ 2017 نەیان توانی بە شێوەیەک هەموارەکە بکەن لە سوودی خەڵک بێت و سەقامگیری بهێنێتە کایەوە چونکە یاسا دانان خەڵکانی لێهاتوو و زرنگی یاسایی دەوێت کە حساب لەسەر وردترین بەشی یاساکان بکات و ڕووماڵی زۆرترین بەش لە کێشەکان بکات.

بەڵام زۆری نەخایاند و دواتر پەرلەمانی کوردستان لەبری دەرکردنی یاسایەکی باشتر و گشتگیر تر دوای 10 ساڵ  لە ساڵی 2018 دا جا بە هەر هۆکارێک بێت هەستا بەدەرکردنی یاسایەکی تر یاسای ژمارە 11 ی ساڵی 2018 یاسای هەمواری سێیەمی پیادەکردنی یاسای بەکرێدانی خانووبەرە ژمارە 87 ی ساڵی 1979

 واتە:
کارکردنەوە بە یاسا کۆنەکەی ساڵی 1979 ی بەعس و " و گێڕانەوەی هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا بۆ چەندین ساڵ دواتر و کارکردن بە یاساکانی پەرلەمان دەریکردبوو لە 2008 بۆ 2017  ڕاگیرا  کە ئەمە بووە هۆی بەردەوامی و درێژەدان بە کێشەکانی بەکرێدان لەبری چارەسەرکردنی.

پێویستە  بڵێین ئەمە ئەرکێکی هەنووکەیی پەرلەمانە لەم خولەدا ئەم بابەتە چارەسەربکرێت و یاسایەکی بەکرێدانی باش و پێشکەوتوو و دادپەروەرانە دەربکرێت کە بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی هەرێمی کوردستان و دادپەروەری و هاوسەنگی نێوان خاوەن موڵک و کرێچی بپارێزێت هەرچەندە هەوڵ هەبووە بەڵام لە قسە تێنەپەڕیوە و نەبون بە کردار.

ڕۆڵی دادگاکان لە چارەسەری ئەو کێشانەدا
سەرباری ئەو هەموو کەم و کوڕی و ڕەخنانەی لە یاسا کە دا هەیە و ئاماژەم پێکرد نامان گەیەنێتە ئەوەی کە هاوڵاتی خاوەن موڵک بیەوێت کرێچی ناچار بە دەرکردن و پێ چوڵ کردن بکاتەوە بەبەکارهێنانی هێز و ڕێگای دەرەوەی یاسا چونکە یاسای ناوبراو ڕێگای اصولی بۆ ئەو مەبەستە داناوە کە پێویستە خاوەن موڵک بگرێتە بەر وە پێویستە دادگاکان ببنە سەکۆی هەردوولا و دادگا خاوەنی بڕیاری کۆتایی بێت نەک کەس و لایەن و هێزی چەکداری نا یاسایی.

هەرچەندە دادگاکان خۆیان لە دروست بوونی ئەو بارودۆخە دا بێ کەم و کوڕی نین هەر زۆر دوور نەڕۆین ئەو کاتەی دادگاکان دەیخایەنێت بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشەیەک هێند زۆر و تاقەت پڕوکێنە کەسانێک زۆر پشوو درێژ نەبن ناتوانن تاکۆتایی بەردەوام بن بە جۆرێک تەنها دانیشتنێکی دادگا لە مانگێک بۆ سێ مانگ دەخایەنێت لە کاتێکدا بەپێی ماددە 62 لە یاسای دادبینی شارستانی نابێت لە 20 ڕۆژ زیاتر بخایەنێت مەگەر عوزرێکی گرنگ هەبێت.

هەر ئەمانە و دەیان هۆکاری تر  دەبنە هۆی ئەوەی هاوڵاتی و دادخواز واز لە دادگا بهێنێت و خۆی هەوڵی وەرگرتنەوەی مافی خۆی بدات کە ئەمەش لە سەروەر بوونی یاسا و دادگاکان کەم دەکاتەوە و دادپەروەری و ئاشتی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسی یەوە و مافی لایەنی بەرامبەر پێشێل دەکات
لە کۆتایی دا پێویستە پەرلەمانی كوردستان  وەک باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان ڕۆڵی خۆی ببینێت لە دەرکردنی یاسای نوێی بەکرێدان و چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە و دادگاکانیش لە یەکلاکردنەوەی کێشەکان دا لە ماوەیەکی گونجاو دا ڕۆڵی خۆیان ببینن بۆ ئەوەی ڕووداوی هاوشێوە و لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە و دادپەروەری باڵادەست بێت.