ناڕوونی لەبڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا

12/01/2019

جه‌یمس فرانسیس دۆبانیس

ئیدارەی ترەمپ دەستیکردووە بە پێداچوونەوە بە بڕیاره‌كه‌ی سەرۆک كه‌ له‌باره‌ی کشانەوە بوو له‌سوریا. لە ١٩ی کانوونی یەکەم ترەمپ ڕایگەیاند داعش تێکشکێندراوە، بەڵام بەرپرسانی ئیدارەکەی لەئێستادا دەڵێن کە بەتەواوی تێکنەشکێندراوە. ترەمپ لە بنەڕەتدا فەرمانیکردووە بە کشانەوەی هێزەکان لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا، دواتر بەرپرسانی ئیدارەکەی ڕایانگەیاند کە چوار مانگ دەخایەنێت، و لەم دواییانەدا ڕایانگەیاند کە کاتێکی دیاریکراو بۆ کشانەوەی هێزەکان بوونی نیە. لە سەرەتادا کشانەوەکە بەبێ هیچ مەرجێک بوو، بەڵام لەئێستادا بەڕوونی مەرجدارکراوە بەوەی تورکیا دڵنیایی بدات لە مامەڵەی بەرامبەر کوردەکانی سوریا – هەر ئەو داخوازییەش بوو وایکرد کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کۆبوونەوەکەی لەگەڵ جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا هەڵوەشێنێتەوە لەکاتێکدا بە سەردانێک لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا بوو. 
سەرەڕای تەنگژەکان لەگەڵ ئەنکەرەدا، ئەو پێشکەوتنانەی لەبارەی کشانەوەی هێزەکانەوە بەدیهاتووە هەموویان بە ئاڕاستەیەکی دروستدان، بە داننان بەوەی کە کەمپینی دژی داعش بەتەواوی کۆتایی نەهاتووە و ئەمریکا بەرپرسیارێتی ماوە لەگەڵ هاوبەشە سەرەکییەکانی لەو جەنگەدا، کە مەبەست کوردەکانی سوریایە. گۆڕانکاری لە ستراتیژدا ئاماژەی ئەوەیە کە لەناو ئیدارەکەدا ناتەریبی هەیە کە بەرپرسانی ئیدارەکە لەهەموو ئاستەکەدا لەدۆخێکی سەختدان بۆ ئەنجامدانی ئەو سیاسەتانەی واردەکەون کە ئامادەکاری و ڕێوشوێنەکانیان تەواو و گونجاو نەبن و ناواقعی بن. 
بەرلە ڕاگەیاندنەکەی ترەمپیش ئەمریکا سیاسەتێکی ناڕۆشنی هەبوو. ترەمپ ڕایگەیاند پێشتر کاتێکی دیاریکراوم بە پنتاگۆن ڕاگەیاندووە بۆ کشانەوەی هێزەکان و ڕەتیکردووەتەوە کە ماوەکەی درێژ بکرێتەوە. بەڵام چەند هەفتەیەک بەرلەو ڕاگەیاندنەی کانوونی یەکەم لەلایەن ترەمپەوە، بۆڵتن و جەیمس جێفری نێردەی باڵای ئەمریکا بۆ سوریا لە ڕاگەیاندنەکانەوە گوتبویان، کە هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا دەمێننەوە تا ئەوکاتەی کە هێزەکانی ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانیان لەو وڵاتە دەمێننەوە، بەشێوەیەک کە تاکاتێکی نادیار بمێننەوە. کەواتە یان ئەوەتا سەرۆک ڕێنماییەکانی خۆی وەکو پێویست نەخستووەتەڕوو، یان ڕاوێژکارە سەرەکییەکانی ڕێنماییەکانی ئەویان بەجدی وەرنەگرتووە. هەرچۆنێک بێت ئەم بابەتە مایەی سەرنجە. 
لە ١٤ی کانوونی یەکەم و بەرلە ڕاگەیاندنەکەی ترەمپ، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا ترەمپ و ئەردۆغان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە تورکیا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە تێکشکاندنی ئەو پاشماوانەی داعش کە لە سوریا هێشتا بوونیان هەیە. بە سەرنجدانێک لە نەخشەی سوریا ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە کارێکی لەوشێوەیە چەند سەختە. داعش لەسەر سنووری عێراق پێگەی بەرگریکردنی خۆی بەهێزکردووە نەک لەسەر سنووری تورکیا، و هەزاران چەکداری کورد کورد لەو نێوانەدا خاکیان کۆنترۆڵ کردووە. لەڕووی جوگرافییەوە ئەوە ڕوونە کە هەر کەمپینێکی دژی داعش لە ناوچەکانی سنووری ڕووباری فوڕات لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە ئەنجام دەدرێت، یان لەلایەن ڕژێمی دیمەشق و ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی ئێران. کورد دەتوانێت ئەو جەنگە بکات بەمەرجێک لەلایەن تورکەکانەوە هێرشیان نەکرێتەسەر و پشتیوانی و هێزی ئاسمانی ئەمریکا بۆیان بەردەوام بێت، کە دەکرێت بۆ ئەمەش پێویست بکات هەندێ لە ئەمریکییەکان لەو ناوچانە بن و چاودێری بکەن. شتێکی خوازراو نییە کە ئەو ناوچانە لەلایەن حکومەتی سوریاشەوە کۆنترۆڵ بکرێنەوە، بەڵام باشترە لەوەی کە ئەو ناوچانە شوێنێکی سەلامەت بن بۆ داعش. 
سیاسەتی واشنتن بەرامبەر بە دیمەشقیش پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە. بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا زنجیرەیەک تاوانی جەنگی ئەنجامداوە، بەڵام لەڕابردوودا ئەمریکا لەگەڵ ئەم جۆرە لە سەرکردەکان چووەتە گفتوگۆوە، وەک سلۆبۆدان میلۆسۆڤیجی سربیا و موعەمەر قەزافی لیبیا. هەرگیز ئێران سوریا بەتەواوی جێناهێڵێت، بەڵام لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی ناوخۆ لەو وڵاتە ئامادەیی سەربازی ئەویش کەم دەبێتەوە. کۆتاییهێنان بەو جەنگە و بەخشینی دەرفەتی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتەکە دەکرێت ڕێگایەک بێت بۆئەوەی لەکۆتاییدا هەژموونی ئێران کەم بکرێتەوە. هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کەنداو دەست دەکەن بەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەسەد باش بکەن بەئامانجی ئەوەی باشتر ڕکابەری هەژموونی ئێران بکەن لەو وڵاتە. بەهەمانشێوە حکومەتەکانی ئەوروپا دەستەوسان نەوەستاون و لەم دواییانەدا کە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکادا ڕوویداوە، وادەرناکەوێت کە شوێن هەنگاوەکانی واشنتن بکەون. ستراتیژی واشنتن، لەژێر حوکمڕانی ئۆباما و ترەمپدا، بریتی بووە لە "سەپاندنی سزا" بەسەر حکومەتی دیمەشق ئەمەش لەڕێگەی کەنارگیری دیپلۆماتی و گەمارۆی ئابوورییەوە. بەمشێوەیە کە خواستێکی سزادان هەیە لەڕووی مۆراڵییەوە زیاتر مایەی ئاسوودەییە و لەڕووی سیاسیشەوە خوازراوترە، بەڵام وەکو لەڕووی پراکتیکییەوە هۆکارە بۆ بەردەوامی جەنگ، هەروەها هۆکارە بۆئەوەی ئەسەد بەردەوام بێت لە پشت بەستن بە ئێران.