ترەمپ داعش زیندوو دەکاتەوە

19/01/2019

برێت مەکگۆرک

ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەم مایک پۆمپیۆ داوای کرد کە پەیوەندییەکی گرنگی لەگەڵدا ئەنجام بدەم بەبەشداری لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، من لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق پەیوەندییەکەم ئەنجامدا، کە بەردەوام گەشتم ئەنجامدەدا بۆئەوەی یارمەتیدەربم لە ئیدارەدانی جەنگی ئەمریکا لە دژی چەکدارانی داعش. لەوێ بووم بۆ پێداچوونەوە بە پلانەکانی حکومەتی نوێی عێراق بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەو جەنگە بەردەوام دەبێت. لەماوەی چوار ساڵی پێشتردا ئێمە ڕێگایەکی درێژمان بڕیبوو، کە ئەوکاتە داعش لە دەروازەکانی بەغدا بوو، لەئێستادا بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق لەهەموو کاتێک سەلامەتترە بەراورد بەماوەی شەش ساڵی ڕابردوو کە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق دەستیکرد بە تۆمارکردنی بارودۆخی ئەمنی ئەو وڵاتە. 
ئەو دەستکەوتانە بەدیهاتن بە دڵسۆزی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەسەر زەوی –هێزە ئەمنییەکانی عێراق، پێشمەرگەی کورد، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) – کە هەموو ئەوانە بەخوێنی خۆیان باجێکی زۆریانداوە. 
هۆکاری سەرەکی ئەو دەستکەوتانەش بەهۆی بوونی ئامادەییەکی زۆر بچووک و زۆر کاریگەری سەربازی ئەمریکا بووە لە سوریا. ئەو کارە لە ٢٠١٥دا دەستیپێکرد و یارمەتیدەربوو لە تێکشکاندنی توانای داعش بۆ پلان و هێرش لە سوریاوە یان دەستپێکردنەوەی هێرش بۆ عێراق. ئەو پڕۆسەیە بەردەوام بوو بەبێ ئەوەی پێویست بکات هۆکاری زیاد لەپێویستی ئەمریکی بەکاربهێنرێت و سەربازەکان ڕۆژانە لەبەرەکانی جەنگدابن. ئەو هێزە هۆکاربوون بۆخستنەکاری هێزێکی لۆکاڵی، کە هەسەدە بوو، کە لەئێستادا نزیکەی ٦٠ هەزار چەکداریان هەیە، لە عەرەب و کورد و کریستیان پێکهاتوون، هەروەها بتوانن شار و شارۆچکەکانی سوریا کۆنترۆڵبکەنەوە لەدەستی داعش. هەسەدە هەزاران قوربانیداوە. تاوەکو هەفتەی ڕابردوو، دوو ئەمریکی لە جەنگدا لە سوریا کوژراون. (چوار سەرباز ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی خۆتەقاندنەوەیەک کوژران کە داعش بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاند، کە ئەوەش بۆیەکەمجارە هێرشێکی لەوشێوەیە لەدژی هێزەکانمان ئەنجام بدرێت لە سوریا، کە هاوزەمانە لەگەڵ ئەو نادڵنیاییەی لە واشنتن هەیە لەبارەی کاری ئێمە لە سوریا). 
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەی کانوونی یەکەمدا، پۆمپیۆ ئێمەی ئاگادارکردەوە کە گۆڕانکارییەکی لەناکاو هەیە لە پلانەکاندا: لەدوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا، سەرۆک ترەمپ پلانی ئەوەی هەیە سەرکەوتن بەسەر داعش لە سوریا ڕابگەینێت و فەرمان بە هێزەکانمان بکات کە لەسوریا بکشێنەوە. 
هەر بەزوویی گەڕامەوە بۆ واشنتن بۆئەوەی کاردانەوەکانی ئەو بڕیارە کەمبکەمەوە، بەتایبەت لەسەر هاوپەیمانەکانمان، کە لەم کۆتاییانەدا هەموویانمان دڵنیاکردبووەوە، لەسەر بنەمای ڕێنوێنی کۆشکی سپی، کە هیچ نیەتێکمان نییە بۆ کشانەوە لە سوریا لەکاتێکی نزیکدا: جۆن بۆڵتن ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ڕایگەیاند کە ئێمە لە سوریا دەمێنینەوە "تاوەکو ئەوکاتەی هەڕەشەی ئێران لەسەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بێت." من و جیم ماتیس وەزیری بەرگری لەم دواییانەدا لەگەڵ هاوبەشە هاوپەیمانەکانمان کۆبووینەوە بۆئەوەی دڵنیایان بکەینەوە لە پشتیوانی ئێمە تاوەکو ٢٠٢٠. 
هاوبەشە هاوپەیمانەکانمان تووشی سەرسوڕمان بوون. هاوپەیمانەکانمان لە هەسەدە، کە زوو زوو لە سوریا سەردانم دەکردن، سەرسوڕمانی خۆیان دەربڕی و دواتر ئیدانەیان کرد، هیواخوازبوون کە ترەمپ بۆچوونەکەی خۆی بگۆڕێت. هەروەها سووربوون لەسەر بەردەوامیدان بە جەنگ لە دژی داعش و لەوکاتەدا لەپێشڕەویدابوون لە ناوچە سەرەکییەکانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی سوریا. 
بەزوویی گەیشتمە ئەو دەرەنجامەی کە ناتوانم بەشێوەیەکی کاریگەر ئەو بڕیارە نوێیانە جێبەجێ بکەم، هەربۆیەشە لە ٢٢ی کانوونی یەکەمدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆم پێشکەش کرد. 
بڕیاری سەرۆک بۆ کشانەوە لە سوریا بەبێ لێوردبوونەوەی تەواو و ڕاوێژکردن بە هاوپەیمانەکانمان و کۆنگرێس و هەڵسەنگاندنی ئاستی مەترسییەکان یاخود تێگەیشتن لە ڕاستییەکان بوو. دوای دوو ڕۆژ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی پۆمپیۆ، ترەمپ تویتێکی کرد: "ئێمە داعشمان لە سوریا تێکشکاند." بەڵام ئەوە ڕاست نەبوو، ئێمە بەردەوام بووین لە هێرشە ئاسمانییەکانمان لە دژی داعش. چەند ڕۆژێک دواتر ڕایگەیاند کە سعودیە "ڕەزامەندی دەربڕیووە بۆ خەرجکردنی پارەی پێویست بۆ یارمەتیدانی دووبارە بنیاتنانەوەی سوریا." بەڵام ئەوەش ڕاست نەبوو، هەروەکچۆن سعودییەکانیش ئەوەیان ڕەتکردەوە. هەروەها ترەمپ ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا دەتوانن لەماوەی ٣٠ ڕۆژدا لە سوریا بکشێنەوە، کە ئەوەش لەڕووی لۆجیکییەوە نەگونجاوە. 
لەوە خراپتر، ترەمپ لەدوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەو بڕیارە خێرایەیدا. ئەو پڕۆژەکەی ئەردۆغانی قبووڵکرد کە تورکیا جەنگی دژی داعش لەناوخۆی سوریا لەئەستۆ بگرێت. لەڕاستیدا، تورکیا ناتوانێت کۆنترۆڵی سەدان میل لە سنوورەکانی خۆی بکات لەو ناوچە جەنگاوییەدا بەبێ بوونی پشتیوانیی پێویست لەلایەن سوپای ئەمریکاوە. هەروەها زۆرێک لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن هێزی توندڕەویان تێدان کە بەشێوەیەکی ئاشکرا خواستی خۆیان ڕاگەیاندووە لە هێرشکردنەسەر کورد، نەک داعش. 
دواهەمین پرۆپۆزەڵی ترەمپ، کە لەڕێگەی تویتێکەوە بڵاویکردووەتەوە، بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی دژە فڕین بەدرێژایی ٢٠ میل، کە ئەردۆغان دەڵێت تورکیا ئەوناوچەیە دروست دەکات، بەهەمانشێوە بەبێ توێژینەوە و پڕۆسەیەک بڕیاری لەسەر دراوە. ئەو ناوچەیە هەموو ناوچە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا لەخۆی دەگرێت. هیچ هێزێک ئامادە نییە بۆئەوەی ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات، کاتی ئەوەش نییە ئەو ناوچەیە دروست بکرێت، لەکاتێکدا کە هێزەکانی ئەمریکا ئامادەکاری دەکەن بۆ کشانەوە. هەروەها چوونی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی پشتیوانکراو لەلایەن تورکیاوە هەزاران کورد ئاوارە دەکات، هەروەها هاووڵاتییە مەسیحییەکانیش کە لەوناوچەیەدا بڵاوبوونەتەوە دەکەوێتە مەترسییەوە.
کاریگەریە ستراتیژییەکانی بڕیارەکەی ترەمپ لەئێستاوە دەرکەوتوون: تاوەکو دێت تورکیا هێزەکانی خۆی لە سوریا زیاتر بڵاودەکاتەوە، زۆر خێراتر هاوپەیمانە عەرەبیەکانمان لە ناوچەکە ڕووەو دیمەشق دەچن. هەر بە ڕێکەوت نییە کە بەحرەین و ئیمارات باڵیۆزخانەکانیان لە وڵاتانی یەکتر کردەوە بەماوەیەکی کورت لەدوای بڕیارەکەی ترەمپ کە ڕایگەیاند ئێمە دەکشێینەوە. ئەو وڵاتانە، هەروەها سعودیە و میسر و ئوردن، لەوبڕوایەدان کە مامەڵەکردن لەگەڵ دیمەشق یارمەتیدەریان دەبێت بۆ لاوازکردنی کاریگەری ڕووسیا و ئێران و تورکیا لە سوریا، هەروەها ئاستی تێڕوانینە پێچەوانەکان لە واشنتنەوە بە کەم تەماشا دەکەن. هەسەدە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لەوانەیە بەزوویی بەتەنها بمێنێتەوە و هێزە دوژمنکارەکان چواردەوری بگرن، هەربۆیەشە گفتوگۆکانی خۆی لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد خێراتر کردووە. تورکیا کە هاوپەیمانێکی ناتۆیە، لەڕۆژانی بڕیارەکەی ترەمپدا ڕوویکردە ڕووسیا، فەرماندە باڵاکانی خۆی ڕەوانەی مۆسکۆ کرد بۆ کارکردن لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو لە سوریا. ئیسرائیل کە نزیکترین هاوپەیمانمانە لەناوچەکە، ڕووبەڕووی حەقیقەتێکی نوێ بووەتەوە بە لەناکاو کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا. تەنها ڕووسیا و ئێران بەگرنگییەوە باسیان لە بڕیارەکەی ترەمپ کرد. هەر باڵادەستییەک کە هەمانبووبێت لەبەرامبەر ئەو دوو ڕکابەرەکەماندا لە سوریا ئەوا هەر ئەوکاتەی ترەمپ وتی دەکشێینەوە کۆتایی هات. 
ئەو کارانە خراپتر دەبن ئەگەر سەرۆک گۆڕانکاری لەو هەنگاوانەدا نەکات: هاوبەشەکانمان گوێمان لێناگرن و بەپێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئێمەوە بڕیار دەدەن. ڕکابەرەکانمان یاری بە کات دەکەن، دەزانن کە ئەمریکا لەڕێگادایە بۆ کشانەوە. داعش و گروپە توندڕەوەکانی دیکە ئەو بۆشاییە پڕدەکەنەوە کە دوای خۆمان جێیدەهێڵین، تواناکانی خۆیان پێشدەخەنەوە بۆئەوەی دۆستەکانمان لە ئەوروپا بخەنە مەترسییەوە، وەکو لە تەواوی ساڵی ٢٠١٦دا ئەوکارەیان کرد، هەروەها نیشتمانی خۆشمان دەکەن بە ئامانج. 
بەشێوەیەکی ئایدیاڵی، ترەمپ هەر کشانەوەیەک ڕادەگرێت تاوەکو هەڵسەنگاندنێکی تەواو وەردەگرێت لەسەر مەترسییەکان، و پێگەی داعش و توانای تورکیا، یان هەر لایەنێکی دیکە کە جێگەی ئێمە دەگرێتەوە. داوا لە پنتاگۆن بکەیت بۆ دیزاینکردن و جێبەجێکردنی پلانی کشانەوە ئەوا هەڵسەنگاندنێکی لەوشێوەیە بێمانایە. ئیتر ئەوە بەس نییە بۆ بەرپرسانی باڵا بۆ پێداچوونەوە و دانانی مەرج بۆ بڕیارێکی لەوشێوەیە. پێویستە ئەو بڕیارە لەلایەن سەرۆکەوە بێت. 
ئەگەر ئامادەنەبوون ژیرانەیە، بەڵام ئەڵتەرناتیڤ نیە، بەرپرسانی ئەمریکا هەوڵدەدەن پێشنیازی ئەوە دەکەن کە بڕیارەکە گرنگ نییە. لەم هەفتانەی دواییدا، ڕایانگەیاند کە ئامانجەکانمان لە سوریا (لە دوورخستنەوەی ئێران و گۆڕانکاری سیاسی لە دیمەشق) هێشتا دەکرێت بەدی بهێنرێت، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ دەڵێت بەهای سوریا تەنها "لم" و "مەرگ"ـە و سەرکردەکانی ئێران "دەتوانن هەرچیەک بیانەوێت لەوێ ئەنجامی بدەن." ئەو ناپەیوەستییە لەنێوان ئامانجە خوازراوەکان کە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمریکاوە ئاماژەی پێدراوە لەگەڵ تێڕوانینە تایبەتەکانی ترەمپ کە پێچەوانەن ئەوەندەیتر متمانەی ئەمریکا لاواز دەکات. 
سیاسەتێکی واقیعیانەی سوریا پێویستە ئەم ڕاستیە سەختانە لەبەرچاو بگرێت. 
یەکەم، ئێمە سوریا جێدەهێڵین. لەوانەیە لەماوەی شەش مانگدا ڕووبدات، چوار مانگ یان کەمتر، بەڵام ترەمپ چەند جارێک بەڕوونی ئەوەی وتووە کە دەیەوێت لە سوریا بچێتە دەرەوە. چەند ئەو ڕاستییە ڕەتبکرێتەوە یان واباس بکرێت کە گۆڕانکارییە لە تاکتیکدا، لەکاتێکدا کە ستراتیژی ئێمە گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت، ئەوە ئەوەندەی دیکە مەترسی ئەو چوونە دەرەوە ئابڕووبەرە زیاتر دەبێت، هێرش بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا و بەتەواوی فرۆشتنی دەستبەرداربوون لە هەسەدە بەبێ بوونی پلانێکی واقعی بۆ دەرەنجامەکانی. لەئێستادا دەبێت تەرکیز لەسەر پاراستنی هێزەکانمان بێت و بەشێوەیەکی سەلامەت بچنە دەرەوە، داخوازی لەو هێزە بچووکەمان کە زیاتر لەوەی ئێستا بکەن ئەوا مەترسیمان لەسەر زیاتر دەبێت لەکاتێکدا دەکشێینەوە. 
دووەم، ئەسەد دەمێنێتەوە. ئەو ڕاستییە لەئێستادا لە تێڕوانینی هاوپەیمانە ئیقلیمییەکانماندا چەسپیووە، لەناویشیاندا سعودیە و ئیسرائیل، کە کە ئەو دوو وڵاتە هەڵوێستیان لەسەر ئێران توندە و لەوە تێگەیشتوون، هاوشێوەی ئەوەش هەموو ئەوانەش کە لەواشنتنن لەوە تێدەگەن، هەر چانسێک بۆ دوورخستنەوەی ئەو گەورە بکوژە دیکتاتۆرە، کە لەلایه‌ن ئێران و ڕووسیاوە پشتیوانی دەکرێت، وەک خەونێکی بەتاڵی لێهاتووە. 
سێیەم، تەنها هەسەدە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا توانیوویەتی سەقامگیری دابین بکات لەوناوچانەدا کە پێشتر داعشی لێبووە. هێزەکان ئەوان جێگرەوەیان نییە. لەکاتێکدا کە ئەمریکا دەکشێتەوە، پێویستی بە پشتیوانی هەیە، ئەگەرنا مەترسی تێکشکان و دروستبوونی بۆشاییەکی هەیە کە داعش دەتوانێت سەرهەڵبداتەوە. بۆ بەردەوامیدان بە سەقامگیری، پێدەچێت هەسەدە هیچ بژاردەیەکی نەبێت جگە لەوەی کە داوای داڵدە بکات لە دیمەشق بۆئەوەی لەژێر چەتری دەوڵەتی سوریادا بمێنێتەوە. ئەو دەرەنجامە نەخوازراوە لەوانەیە پێویست بێت بۆ خۆبەدوورگرتن لە  کارەساتێکی گەورە و فیاسکۆیەکی ستراتیژی و مرۆیی.
چوارەم، لە سوریا تورکیا هاوپەیمانێکی متمانە پێکراو نییە. ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنانەی کە پشتیوانیان دەکات کار لەگەڵ گروپە توندڕەوەکان دەکەن و لەژمارەدا زۆر کەمن تاوەکو بتوانن تەحەددایەکی ڕاستەقینە بن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەسەد یان ئەگەری جێگرەوەی هەسەدە بن. ئەو ناوچانەی سوریا کە وادەردەکەوێت لەلایەن تورکیاوە کۆنترۆڵکرابن، بۆنمونە پارێزگای ئیدلیب لە باکووری ڕۆژئاوا، تاڕاددەیەکی زۆر لەلایەن ئەلقاعیدەوە کۆنترۆڵکراون. ئەمریکا دەتوانێت یارمەتی تورکیا بدات بۆ پاراستنی سنوورەکانی، بەڵام چوونەناوەوەی سوپای تورکیا و چەکدارە ئۆپۆزسیۆنە پشتیوانکراوەکان لەلایەن تورکیاوە بۆ ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەلاتی سوریا کە ناوچەی هەسەدەن، کە لەئێستادا ئەو پرسە موناقەشەی لەبارەوە دەکرێت، دەبێتەهۆی دروستکردنی کارەسات و ژینگەیەک دروست دەکات بۆ سەرهەڵدانی توندڕەوەکان. 
لەبەرئەوە دەبێت ئامانجەکانی ئەمریکا لە سوریا کورتبکرێتەوە لە کەمکردنەوەی مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش و ڕێگریکردن لە ئێران لە بەهێزکردنی ئامادەیی سەربازی خۆی بۆ دروستکردنی هەڕەشە لەسەر ئیسرائیل. ئەوەی کۆتایی زۆر بەباشی بەدیهاتبوو بە دڵنیابوون لەوەی کە هەسەدە بەتەواوی ماوەتەوە و بەردەوام دەرفەتی بەکارهێنانی ئاسمانی سوریای هەبووە لەڕێگەی دروستنەکردنی پێکدادان لەگەڵ ڕووسیادا، ئەوەی کۆتایی بۆ پشتیوانیکردنی ئیسرائیل بووە کە لەم دواییانەدا دانیپێدانرا کە هێرشی ئاسمانی دیاریکراو بوون لەدژی مەترسییە ئێرانییەکان لە سوریا. 
ئەو ئامانجە سنووردارانە مایەی دڵخۆشی نییە بۆ ئەوانەی خەونی گەورەتریان بۆ سوریا هەیە. بەڵام ئەو ئومێدانە مردوون. لەکاتێکدا کاتژمێر تێدەپەڕێت بۆ ماڵئاوایی ئەمریکا، پێویستە ئەوەندەی دەتوانین بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەدیبهێنین، هەرچەندە دەکرێت ئەوە ئەرکێکی زۆر قورس بێت. 
ئەوەی سەیرە ئەوەیە کە سەرۆک لە سەرەتاوە ئامانجی خۆی خستەڕوو کە بریتییە لە تێکشکاندنی داعش. لە ساڵی ٢٠١٦دا بەڵێنیدا کە "داعش تەفروتونا بکات." بەداخەوە، بژاردەکانی ئەم دواییەی ژیانێکی نوێ دەبەخشێتەوە بە داعش و دوژمن و ڕکابەرەکانی دیکەی ئەمریکا.