(من تویتەر بەكار دەهێنم كەواتە من هەم !)

11/01/2021

د. یەحیا عومەر ڕێشاوی

ئەگەرچی مێژووی سیاسیی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا مێژووی ئاڵوگۆری كاریگەریی نێوان هەردوو كایەی (میدیا) و (سیاسەت)ە، و ئەگەرچی ململانێی نێوان (دەسەڵات) و (میدیا)، هەمیشە دیمەنی زەقی ژینگەی سیاسیی و حزبیی و هەڵبژاردنە یەك لە دوای یەكەكانی ئەو وڵاتەیە، بەڵام هیچ كات بەئەندازەی سەردەمی سەرۆكایەتی چوار ساڵەی (دۆناڵد ترامب)، (میدیا) و (سیاسەت) لەلایەك ئاوێتەی یەكدی و لەلایەكی دی لەشەری دەستەو یەخەدا نەبوون، پێناچێ هیچ سەركردەیەك بە ئەندازەی ئەم پیاوە سەركێشە خۆی خزاندبێتە نێو كایەی میدیاییەوە و وەك میدیاكار دەركەوتبێت، لەكۆتایشدا هیچ كام لەسەركردەكانی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بە ئەندازەی ئەم، (میدیا) زیانی بە سومعەی نەگەیاند و لەقاڵبی نەدا!


(دۆناڵد ترەمپ) هەر لەسەرەتاوە بە بەكارهێنانی تۆری كۆمەڵایەتی (تویتەر) بە شێوەیەكی زۆر سەیر، سەغڵەتیی بۆ میدیا تەقلیدیەكانی وەك رۆژنامە بەناوبانگەكانی ئەمریكا و كەناڵە ئاسمانیە دیارەكان دروست كرد و هەموانی بە تەواوی شپرزە كرد، ئەو پێش هەموان و لە بەرەبەیاندا پەیامە كورتەكانی لە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان‌ بڵاو دەكردەوە و بریارەكانی لەوێوە ئاراستە دەكرد، گوێی نەدەدا بە (رەخنە و ئامۆژگاری) (نەیار و یار)ەكانی، سەرجەم ئەتەكێت و رێوەرەسم و نەریتە تەقلیدیەكانی كۆشكی سپی ئاوەژوو كردەوە، ئەو نەیدەویست لەو وتانە بگات كە پێیان دەوت ئەوە ئیشی سەرۆكی ئەمریكا نیە تەنانەت لە كۆبوونەوە فەرمیەكانیشدا خەریكی مۆبایلەكەی نێو دەستی بێت ! ئیشی ئەو نیە ریتویتی پۆست و ڤیدیۆی كەسانی تر بكاتەوە، ئیشی ئەو نیە خەریكی شەرە قسە و دەرخستنی پاڵەوانێتیەكانی خۆی بێت لە نێوە تۆرە كۆمەڵایەتیەكاندا !

(دۆناڵد ترەمپ) جیاواز لە هەموان ئەو پێگە میدیاییە كۆمەڵایەتیەی كردە فەزای بڵاوكردنەوەی (هەواڵ، چالاكی، رەخنە، سوكایەتی، وەڵامدانەوە، بریار، ئاگاداری...) و لەوێوە هەمیشە دەیوست بە نەیارەكانی بڵێت (من تویتەر بەكار دەهێنم كەواتە من هەم !).


ئەم شێوازە سەیرەی بەكارهینانی میدیا و بەتایبەت (تۆرە كۆمەڵایەتیەكان) لەلایەن سەركردەی بەهێزترین و دەوڵەمەندترین و بەهەژموونترین وڵاتی دونیا، دواجار بوویە بزنس و بە قازانج بۆ خودی ترەمپ و بۆ (تۆری كۆمەلایەتی تویتەر)یش شكایەوە، پشكەكانی تویتەر لە بازاری بۆرسەی جیهانیدا دەیان جار سەركەوتن و بەشداربوانی بە هەزاران زیادیان كرد، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەمرۆ تۆری كۆمەڵایەتی تویتەر هەموو ئەوانەی لەبیر كرد و لە بریاریكی یەكلاكەرەوەدا ئەكاونتەكەی داخست و بەشێك لە كۆمێنتەكانیشی سریەوە !


ئەم شێوازە بەكارهێنان و مامەڵەی دۆناڵد ترەمپ بۆ میدیا و تۆرە كۆمەڵایەتیەكان بەدڵنیاییەوە كاریگەریی گەورە هەم لەسەر تیۆرە سیاسیە تەقلیدیەكان دروست دەكات و هەم پسپۆرانی بواری میدیاش ناچار دەكات كە پێداچونەوە بە تێروانینە باوەكانیان بۆ كاری میدیایی بكەنەوە، ئەم ستایلە لە تێكەڵبونی میدیا و سیاسەت ئاتاجی لیكۆڵینەوەی زانستی و كۆنفراس و وردبونەوەی زیاترە و لە هەموان دەخوازێت كە قوڵتر لەم پەیوەندیە بكۆڵنەوە و رەنگە لەگەڵ خۆیدا ئەم پرسیارانە بهێنێت:


- ئایا ئاساییە سەرۆكی وڵاتێك لە رێگەی تۆری كۆمەڵایەتیەوە پەیام و بریارەكانی ئاراستە بكات و لەگەڵ هاوڵاتیاندا بكەوێتە چەلەحانێ و گفتوگۆ و هاندان؟


- ئایا كۆمپانیاكانی پەیوەندی و پێگە ئینتەرنێتیەكان و تۆرە كۆمەڵایەتیەكان مافی ئەوەیان هەیە لە چركەیەكدا و بە بیانوی جۆراوجۆر دەمكوتی بەشداربوانیان بكەن و مافی رادەربرینیان لێ زەوت بكەن؟


- ئایا پێناسەی میدیا و میدیاكار هەر بەشێوە كلاسیكیەكی دەمێنێتەوە؟ یاخود ئاتاجی دوبارە خوێندنەوە و پێناسە كردنەوەیە؟


- چۆن باس لە ئەرك و كاریگەریەكانی میدیا بكەین لە نێو ئەم ژینگە سیاسیەدا؟ ئایا ئیتر دەتوانین باس لە (بێلایەنیی) بكەین و وەك چەمكێكی میدیایی؟


- چۆن بەرخورد لەگەڵ ئەم تێكەڵیەی نێوان (میدیا) و (سیاسەت)دا بكەین و چۆن پۆلێن بۆ ئەم دوو كایە هەستیارە بكەین؟


ئەمانە و دەیان پرسیاری تر دەكرێت بكرێنە تەوەری خوێندنەوەی زانستیانە بۆ ئەم دیاردەیە، كە سەركردەیەكی سەركێش لەگەڵ خۆیدا هێنای و بەجێی هێشت و هەردوو كایەی (میدیایی ) و (سیاسی) بەخۆیەوە سەرقاڵ كرد.