سەرم هێندەی کە سپی بو بەدەست درۆ کرنەوە بەدەم زانستەوە

01/02/2021

د . نیگین جەعفەر

من وەکو پسپۆڕێکی پزیشکی ژنان لە ساڵی ٢٠٠٥ وە لەو بوارەدا کار دەکەم، بێجگە لە ئەزموونەکانی خۆم، بەشداریم لە دەیان سێمێنار و دانیشتن و کۆبوونەوە لەو بارانەوە کردووە و لەگەڵ ئەوەشدا بەرکەوتنم لەگەڵ دەیان و سەدان پسپۆڕی ئەو بوارەدا ھەبووە. بە درێژایی ئەو ھەموو ساڵەی کارکردنم لەو بوارەدا، نە من نە ھیچ تاقیگەیەک وە نە ھیچ پزیشک و پسپۆڕێک بەھیچ شێوەیەک نەیانتوانیوە لە پشکنینی ژنێکدا بزانن کە داخۆ پێشتر ئەو خانمە لەگەڵ چەند پیاوی تردا سەرجێیی کردووە، شتیوا بوونی نییە!

 

نە بەجێمانی کۆدی پیاو لە نێو منداڵدان و زێ و ھەرشوێنێکی تری ژنێکدا بوونی ھەیە، نە تۆمارکردن و مێمۆری و خەزن و تەڕەماشێک لەوبارانەوە ھەیە.

بەڕێزان و ھاوزمانان، دەزانن زانست دەتوانێ چی و چۆن تۆوی پیاو لەزێی ژن و مندڵداندا دیاری بکا؟

تاقیگەکان بەھۆی پشکنینی تەڕیی نێو زێ و دەرکی منداڵدان و منداڵدانەوە، دەتوانن دوای جووتبوونی ژنێک لەگەڵ پیاوێکدا، ئەویش زۆر زۆر بڕوا تاکو سێ ڕۆژ ئەوە بسەلمێنن، وە ئەگەر ئەو تۆوی پیاوە زۆر پتەوبێ و ھێزی مانەوەی زۆربێ دەگاتە پێنج ڕۆژ، دوای ئەوە لە ھیچ شوێنێکی ژندا ئاساری چوکی پیاو بەھیچ شێوەیەک بوونی نامێنێ.

بۆنمونە:

ئەگەر ژنێک لەگەڵ پیاوێکدا جووت ببێ، ڕێک دوای ئەوە پشکنینێکی تاقیگەیی بۆ ئەو مەبەستە بکرێ و تەڕی نێو زێ و منداڵدانی ئەو خانمە وەربگیرێ، ئەوا دەکرێ تۆوی پیاوێک لەو ڕێگەیەوە بدۆزرێتەوە، بەڵام ئەوکاتەش نازاندرێ ئەوە تۆوی چ پیاوێکە، ئەوە تەنھا ئەو کاتە دەسەلمێندرێ کە دی ئێن ئای (واتە:تووخمی) ئەو تۆوە لە تاقیگە دەربکرێ و لەگەڵیشیدا دواتر بە دی ئێن ئای پیاوەکە بەراورد بکرێ، ھەروەکو چۆن ئێمە لە کەیسی تاوانی دەستدرێژی بۆ سەر ژنێکدا لە تاقیگە بە ئامێری زۆر پێشکەوتوو ئەو پشکنینانە ئەنجام دەدەین.

بەڵام ئەگەر ڕووداوی دەستدرێژییەک لە سێ ڕۆژ تێپەڕی نەکردبێ، تۆزێک تەڕی لە نێو زێ و منداڵدانی ئەو خانمەدا دەردەکەین، بەوە دەگەینە دی ئێن ئەی لە تۆوی بەجێماوی پیاوەکەوە، تەبعەن ئەوکاتە دەبێ لە ڕێگەی سکاڵا و دادوەر و پۆلیسی بەدواداچوونەوە دی ئێن ئەی پیاوەکەش وەربگیرێ، تا دوایی بە تووخمی تۆوی نێو خانمەکە بەراورد بکرێ، داخۆ ھی ئەوە ھی ئەو پیاوەیە یان نا؟!

بەڵێ بەڕێزان ئەوە باسەکەیە، نەکو درۆ و دەلەسەیەکی وا ھەبێ بەناوی لێدانی مۆری پیاو لە ڕێگەی چوکییەوە لە زێ و ملی منداڵدان و منداڵدانی خانمێکدا. سەرەڕای پسپۆڕی خۆم و ھەموو ئەو ئەزموونانەی لەوبارەوە لەسەرەوە باسمکردوون، ھێشتا بۆ دڵنیای و تەحدای ئەو باسە کە شتیوا بوونی نییە، چوومە نێو کۆی داتا و توێژینەوە و بەدواداچوونە زانستییەکان، لەھیچ کام لە گۆڤارە پزیشکیەکان و تەنانەت 'پەپ مێدیش' کە ھەرچی توێژینەوەی زانستی پزیشکی ھەیە تێیدا کۆدەکرێنەوە و بڵاودەکرێنەوە، کە گەورەترین مەڵبەندی داتای پزیشکییە، بەڵێ ھیچ نووسینێک و شتێک نییە بەناوی مۆر و سەلماندنی جووتبوونی پیاوان لەگەڵ ژنێکدا، ئەم باسە لەبیر بکەن، باش!

بەڕێزان

لە ڕاستیدا ئەم جۆرە لە بانگەشەکردن میکانیزمێکی زۆر ناشرینە، لێرەدا درۆ و چەواشەکردنێک بەناوی زانستەوە دەکرێ، تا لەو ڕێگەیەوە ژنی پێ بترسێندرێ و ھیچی تر.

بەڕێزان

پاراستنی نەریت و کلتوور، پابەندبوون بە پرسی ئاینییەوە، لە نێو زۆرێک لە گەلانی ئەم دونیایەدا بوونی ھەیە، نەک ھەر کورد و ئاینی ئیسلام.

مامۆستایەک، پزیشکێک، پارێزەرێک، کرێکارێک و ھەر کەسێکی تر گەر پێی وایە دەبێ کلتوور و ئاین و ھەرشتێکی خۆی بپارێزێ، پێویستە لەسەر بنەمایەکی ڕاستگۆیانە ئەوە بکا.

ھەر کەسێک بۆی ھەیە و بێ بڵێ: بەڕای من و ئێمە ئاین و کلتوور و ئادابمان ڕێگای ئەوەمان پێ نادا، پێش پڕۆسەی ھاوسەرگیری ژنێک لەگەڵ پیاودا جووتبوونی ھەبێ، دەتوانن بڵێن: کلتوور و ئاینی ئێمە ڕێگە بەوە نادا ژنان کە لە پڕۆسەی ھاوسەرگیریدان لەگەڵ پیاوێکی تردا جووت ببن، بەڕێزان ئەم داوا و قسانە بەس کورد نایکەن، ئەگەر بڕوانینە ئاینی جوولەکە و مەسیحیش ھەمان داوا و چاوەڕوانیان لە ژن و ئەو پرسانە ھەن.

بەڵام تکایە درۆ بەناوی زانست و پسپۆڕییەوە مەکەن، ھەوڵ بدەن لە ڕێگای ئەو باوەڕ و قەناعەتەی ھەتانە کچان و ژنان ڕازی بکەن، نەکو ئاوا لەڕێگای درۆوە، چونکە قاچی درۆکردن کورتن و ئاوا کەسێک دێ و پەردەتان لەسەر ڕادەماڵێ. لەگەڵ ڕێز و حورمەتم بۆ ئەوانەی ئەو باسە ئاوا وەردەگرن، ھەمیشە زانستان لە لوتکەدا بێ.