سيليکۆن دەبارێ

10/02/2021

د. پەروين نوری عارف

 وەڵامێك بۆ بەڕێز توانا عوسمان

کاك توانای بەڕێز، من لە جياتی دايکت ، وەڵام دەدەمەوە.

کۆنە پارێزنيم، مێشکم چەقبەستوو نييە، لە رابردوودا ناژيم، باوەڕم بە ئازادی تەواوی تاك هەيە، ژن بێت يان پياو. جوانی لای من، سروشتييە، نەك دروستکراو!! باوەڕم بە پێشکەوتنی کۆمەڵگای کوردی هەيە. ئەمانەو زۆری تريش. لێ: دەمەوێت بڵێم ، بەکاڵاکردنی کچانو ژنان ، رەتدەکەمەوە، بە هەموو شێوەيەك. نمايشکردنی کچان ( مۆدێل) ، تەنانەت لە وڵاتەپێشکەوتووەکانيش، رەتدەکرێتەوە، وە بەکاڵاکردنی ژن سەير دەکرێت.

ژن پێويستی بە خوێندن و زانست هەيە. دەبێت بزانێت لەکوێ قەدری دەگيرێت ، روو لەوێ بکات. کچەتازە پێگەيشتووەکانمان، پێويستيان بە م مۆدێلانە نييە!!!

دەبێت سەيری کەسانی ، بە نموونە ، وەکوو، د. ئەختەر نجم الدين ، د. لاڤا محمد سعيد ، د. چۆمان هەردی و دەيەها نموونەی گەشی تری ،، ژنی کورد بکەين کە جێگای رێز و سەربەرزين. بێزاربوين، لە نمايشکردنی فيلەرو بۆتۆکس و سيليکۆن!!!! هەندێک لە کچە گەنجەکانمان ، لە تەمەنی 18 ساڵييەوە، دەيانەوێت لاسايی مۆدێلی جانتا پڕ لە دۆلار بکەنەوە !!!!!

هەمان گۆڕانکاری بکەن لە جەستەياندا. پێشکەوتن ، لە سەر ( رحلة) ی خوێندنگا ، دەستپێدەکات، نەك لە تاتوو دانان!!! توێکلی پێشکەوتن ، گەيشتووە بە ئێمە، توێکڵەکەش نازانين بۆکويمان دەبات. لە دوايدا ، کاك توانا ، دەڵێم: سەتخۆزگە بە راوەستانی بەر تەباخی نەوت!! سەتخۆزگە بە شوشتنی کراسە سپييەکانتان بە ، ( فاست)!! سەتخۆزگە بە جوانکاری بە کل و سپياوی قەڵايی!!!

سەتخۆزگە بەو کوڕەی رێز لە ماندوبونی دايکی دەگرێت!!!!