بێ مانایی لە فەزایەکی گەنیودا

16/02/2021

ڕزگار مەحمود


زۆر جار چڕنوکی ئەو پرسیارە، لە خەیاڵم گیر دەبێت، هەر بەڕاست مرۆڤ چی دەوێت...!مرۆڤ بونەوەرێکی سەیرە و فرە ئاڵۆزە، ڕێگاکانی تەیکردنی گەلێ زۆر و دژوارە.

 لە لایەک لە ناو لاوازییەکانیدا پەل و پۆی شکاوە، لە لایەک بەرەو کامڵبون ملە جڕێیەتی.. هەر کاتێک تاسەی ئەوەدێت بەسەرما بیر لە جوانیەکان بکەمەوە، هەزاران ناشیرینی بە شێوەیەکی ناحەزانە سەر و دڵم دەگرێت.

هەر بۆیە کەوتوینەتە سەردەمێکی وا ڕەشەوە. لە ناو ناشیرینی دا مەلەدەکەیین. تۆ سەیرکە و بنواڕە پارە چۆن بوە بە خوداو هەموو قوربانییەکی لە پێناوا دەدرێت.

ئافرەت چۆن بوە بە دەخیلە و پارەی پێ کۆدەکرێتەوە. میدیا چۆن بوە بە شەیتانێک بۆ فریودان و گەمژەکردن.

 سیاسەت وەک بازرگانییەکی لێهاتوە بە دەست کۆمەڵێک چەتە و درۆزنەوە.
زانکۆکان بونەتە کارگەی دروستکردنی مرۆڤی مێشک خەسیو. تۆڕە ناکۆمەڵایەتییەکان بۆتە بازاڕی بێ مانایی و پوچگەرایی.


لە گۆشەیەکی تریشەوە، کتێب و زانست و هونەری ڕەسەن و عیرفانی باڵا لە دووری دوورەوە بە بێ نازی کپ کراون و  کەس لایان بەلاداناکاتەوە..!
کوا سەردەمی مرۆڤە جوانەکان، مرۆڤە پاکەکان لە کوێن ، بۆ نایانبینین بۆ نایانناسین. کێ بەرپرسیارە لە تۆراندنی جوانییەکانمان...

میلەتێکی تا سەر ئێسقان سەیرین. تا خوا حەزکات دیکتاتۆرین بەرامبەر یەکتر، بە باش و خراپا هەر جوێن ئەدەین،

 بێمانایی شوناسی ژیانی زیندەگیمانە.
لە ڕواڵەتدا دژی دزێویەکانی ناو کۆمەڵگاین،بەڵام هەرخۆشمانین، ڕۆژانە ئەو ناشیرینیانە ئەجوینەوە...

نازانین چیمان دەوێت، ڕێگامان لێ تێکچوە، بەناو یەکادێین. بەرپرسیارێتی لە خۆمان دووردەخەینەوە و ئەوی تر تاوانبار دەکەین. 
!
هەر لەبەر ئەمەیە توشی دەردی بێ شوناسی بوین. گیرۆدەی غەمگینی و ژڵەژاوی دەرونی بوین. لەڕواڵەتدا ساغ دیاریین بەڵام زۆر زۆرنەخۆشین.

نابینن چۆن لە هەموو شتێک دەترسیین. کە دەترسین درۆدەکەین، درۆدەکەین چونکە دەترسین. لە هەژاری دەترسین، لە داگیرکەران دەترسین، لە بڕینی موچەکانمان دەترسین، لە بەڕێوەبەرەکەمان دەترسین، لە دەرکردنمان لە کۆمپانیا دەترسین، لە بێ بازاڕی دەترسین، لە هەموشت دەترسین.

مرۆڤێکی ترسنۆکمان لێ دەرچوە، مرۆڤێکی توڕە و خەیاڵ پەستمان لێ دەرچوە، خۆمان بە ئاسانی ناناسینەوە.

ئەم فەزا گەنیوەش بەرهەمی سیستەمێکی ناعەقڵانی دواکەوت و جێماوە، بە داخەوە...