زمانی کوردی ،لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکدا ؛

21/02/2021

عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

(21-2-2021) هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانی زمانی دایکە ،کەلەلایەن ڕێکخراوی یونیسکۆوە( 22)ساڵ پێش ئێستا ئەوبەروارە دیاریکراوە. لەئێستادا (21)ملیۆن کەس زمانی کوردی بەکاردەهێنن کەدەکاتە ( ٪ 0٫31) ی کۆی دانیشتوانی جیهان .

 
لەجیهاندا زیاتر لە (7)هەزار زمان بونیان هەیە کەزمانی کوردی (59)هەمین زمانەکەقسەی پێدەکرێت لەو (100)زمانەی کەزۆرترین قسەوئاخاوتنیان پێدەکرێت .
دەیان زمانیش هەن کەئەوکەسانەی ئاخاوتنی پێدەکەن هێندەی پەنجەکانی دەست وکەمتروزیاترن .

بەداخەوە تائێستاش لەوڵاتی تورکیا ولەدەستورەکەیدا ئاماژە بەیەک زمان ونەتەوەکراوە ، لەکاتێکدا دەیان نەتەوەی جودای تێدایەو زیاتر لە (30)زمانیشی تێدایە کەدیارترینیان زمانی کوردییە .

لەوڵاتی ئێرانیش هەرچەندەلەدەستورەکەیان ئاماژەبەوە کراوە کەهەموونەتەوەکان دەتوانن لەڕاگەیاندندا زمانی خۆیان بەکاربهێنن بەڵام زمانی کوردی زمانی خوێندن ونوسین نیەوفشاریشی لەسەرە، ئەوەتا تازە بەتازە لەسەربرەودان بەزمانی کوردی وفێرکردنی مناڵان بەزمانی دایکیان سزای بەندکردنی مامۆستا دەدرێت بەچەندین ساڵ .
لەسوریاش زمانی کوردی فەرمی نیە،بەڵام لەئێستادا لەکانتۆنەکاندا زمانی دایک بۆتە زمانی فەرمیان .

لەعێراقیش لەگەڵ ئەوەی زمانی کوردی زمانی فەرمیەولەدەستوردا جێگیرکراوە ، بەڵام لەم چەندساڵەی دواییدا کاردەکرێت بۆپەراوێزخستنی زمانی کوردی ، وەبەداخیشەوە لەلایەن بەشێک لەدام ودەزگاو ڕاگەیاندنەکانی خۆشمانەوە حەشرێکمان بەوشەوڕستەو زمانی کوردی کردوە ، بابەدەواری شڕی نەکردبێت ، لەڕوەشەوە پێویستمان بەپسپۆڕان وشارەزایانی بواری زمانەوانیە کەسنورێک دابنێن بۆئەوشێواندنەی کەبەوشەوزمانی شیرینی کوردی دەکرێت .

ئەمەجگەلەوەی لەزۆرێک لەکافێ وچێشتخانەو هۆتێل ومۆتێلەکاندا هێندە گرنگی بەزمانی بیانی دراوەو دەدرێت ، نیوهێندەی ئەوە گرنگی بەزمانی کوردی نادرێت .
بەهیوای گەشەکردن وگرنگی پێدانی زیاتری زمان وفەرهەنگی کوردی ،وپێدانی ئازادی تەواو بەوکوردانەی کەڕێگیرییان لێکراوە تاهەنوکەش زمانی کوردی دایک بەکاربهێنن لەقسەکردن وخوێندنەوەونوسیندا کەئەوە مافێکی زۆر سادەوسەرەتایی هەموو مرۆڤێکەلەهەر شوێن وهەرێم و وڵاتێکدا بێت .