شەڕى کات لە نێوان ئێران و ئەمەریکا کێ هەنگاوى یەکەم دەنێت؟

23/02/2021

عەبدوڵا ڕێشاوی

 لە سەروەختى دەستبەکار بونى دیموکراتە میانڕەوەکان بەسەرۆکایەتى جۆبایدن لە کۆشکى سپى ، ئێران و ئه‌مه‌ریكا چاوه‌ڕێی یه‌كترن کامیان پێش ئەوى تر سڵاو بکات و هەنگاوێک بێتە پێش .

یەکەمیان چاوەڕێیە سزا ئابوریەکانى لەسەر هەڵبگیرێت و جارێکى تر لەروى ئابوریەوە ببوژێتەوە ، ئەوەى دوەمیش چاوەڕێیە تاران بەتەواوى دەست لە بەرنامە ئەتۆمیەکە هەڵگرێت و گویڕایەڵانە بێتە سەر مێزى گفتوگۆ. لەم شەڕەدا کە چاودێران بە "شەڕى کات" لە نێوان ئەمەریکا و ئێران ناوى دەبەن ، گەلانى ئێران رۆژانێکى ئابورى سەخت بەرێوە دەبەن ، ئیسرائیل و ئەمەریکا و وڵاتانى ئەوروپاش ترسى ئەوەیان هەیە ئێران سود لەم فاکتەرى کاتە وەربگرێت و سەرەڕاى فشارەکان دەستى بە چەکى ئەتۆم بگات .

ماوەى چوار ساڵ زیاترە ئێران بە دۆخێکى ئابورى سەختدا تێپەڕدەبێت ، هۆکارى ئەمەش هەڵوەشانەوەى یەک لایەنەی رێکەوتنى ئەتۆمیی بو لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى پێشوى ئەمەریکا و پەیڕەوکردن لە سیاسەتى "ئەوپەڕى فشار"بو دژ بە کۆمارى ئیسلامى ، بەڵام وا دیارە سیاسەتى دۆناڵد ترەمپ بۆ دورخستنەوەى ئێران لە چەکى ئەتۆم ، پاش چوار ساڵ بێ ئەنجام بوە ، وەک باراک ئۆباما لە هەڵمەتى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمەریکادا ئاماژەى بۆ کرد.

ئێستا ئەوەى ماوە چاوەڕوانیەکانى ئێران و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتیە لە ئیدارەى میانڕەوى دیموکراتەکان بە سەرۆکایەتى جۆبایدن کە بە ئیدارەیەکى جیاواز لە ئیدارەى پێشو ناسراوە ، بۆ هەڵگرتن یان لانى کەم سوککردنى سزا ئابوریەکانى سەر ئێران و لەبەرامبەریشدا دەستهەڵگرتنى ئێران لە بەرنامە ئەتۆمیەکەى.

رێکەوتنى ئەتۆمیی ساڵى (2015) کە عەرابەکەى باراک ئۆباما بو وەک خاڵى بەیەکگەیشتنەوەى تاران و واشنتن جارێکى تر هیواى لەسەرهەڵچنراوە ، بەڵام ئایا بارودۆخ بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو رێکەوتنە لەبارە ، لە کاتێکدا ئێران سودمەندى یەکەمى ئەم گەڕانەوەیە دەبێت؟

لەسەرەتاى هاتنى ئیدارەى جۆبایدن زیندوبونەوەى رێکەوتنەکە پێشبینى کراو بو ، بەڵام ئاماژەکانى ئێستا واى دەردەخەن گەڕانەوە بۆ ئەو رێکەوتنە کە دڵخوازى ئێرانە ، هەروا ئاسان نەبێت. بەشێوەیەکى گشتى چاودێرانى سیاسى پێیان وایە سڕینەوەى ئاسەوارى سیاسەتە پەڕگیرەکانى دۆناڵد ترەمپ لەلایەن ئیدارەى نوێ هەروا ئاسان نیە و کاتى دەوێت ، کەواتە دەبێت ئێران بۆ گەڕانەوەى ئەمەریکا بۆ رێکەوتنى ئەتۆمیى زیاتر چاوەڕوان بێت ، یاخود سازشى زیاتر بکات ، یان چاوەڕێى سوپرایزێکى ئەمەریکیەکان بێت.

ئیدارەى جۆبایدن دەزانێت گواستنەوە لە سیاسەتى "ئەوپەڕى فشار" لەسەر تاران بۆ سیاسەتێکى نەرم لەوانەیە دەستکەوتى باشى بۆ کۆمارى ئیسلامى ئێران تیا بێت ، بۆیە وەک دەبینرێت نایەوێت هەنگاوى بەپەلە بنێت و زیاتر چاوەڕێى ئێرانە ، لەبەرامبەریشدا هەست بە تامەزرۆییەک دەکرێت لەلایەن حکومەتى رۆحانیەوە بۆ گەڕانەوە بۆ رێکەوتنەکە و ئەمەش لە جموجوڵەکانى وەزارەتى دەرەوەدا بەدى دەکرێت. لە ساڵى (2015) رێکەوتنى ئەتۆمى لەگەڵ واشنتن و وڵاتانى ئەوروپى ، لە ناوخۆى ئێراندا، بەدەستکەوتێک بۆ حکومەتەکەى رۆحانى هەژمار کرا ، خەڵکى ئێران لەسەر شەقامەکان ئاهەنگیان سازکرد ، بەڵام زۆرى نەبرد بەهاتنە سەر کارى ترەمپ لە (2016) رێکەوتنەکە هەڵوەشایەوە و رابەرى کۆمارى ئیسلامى ئێرانیش کە هەر لەسەرەتاوە بەرێکەوتنەکە دڵخۆش نەبو ڕایگەیاند " پێشتر وتبومان متمانە بە "شەیتانى گەورە" ناکرێت".

دواهەمین پێشکەوتنەکان لەم دۆسیەیەدا چین؟ لەئیستادا یەکێتى ئەوروپا سەرقاڵى دۆزینەوەى رێگە چارەیە بۆ لێکنزیککردنەوەى ئێران و ویلایەتە یەکگرتوەکان لە پیناو دوبارە گەڕانەوەى هەردولا بۆ رێککەوتنى ئەتۆمیی ، بۆ ئەم مەبەستە ئەمرۆ دوشەمە وەزیرانى دەرەوەى یەکێتیەکە لە بروکسل کۆبونە تەوە. یەکێک لەو پێشنیارانەی خراوەتە رو بەشدارى کردنى واشنتنە لە کۆبونەوەکانى تایبەت بەم دۆسیەیە ،واتە رو بەرو کۆکردنەوەى ئێران و ئەمەریکایە لەسەر مێزى دانوستان ، ئەم پێشنیارە لەلایەن وەزیرانى دەرەوەى یەکێتیەکە پێشنیاز کراوە و ئێران دەڵێت لێى دەکۆڵینەوە .

بەرپرسى سیاسەتى دەرەوە و ئاسایشى یەکێتى ئەوروپا جوزیف بولەر دەڵێت " پەیوەندیە دیبلۆماسیەکان سەبارەت بە رێکەوتنى ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران چڕکراوەتەوە و لەگەڵ زۆر لایەن قسە کراوە ، لەوانە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا" ئەوەى یەکێتى ئەوروپا هەوڵى بۆ ئەیات گەڕاندنەوەى ویلایەتە یەکگرتوەکانە بۆ رێکەوتنى ئەتۆمى و هەروەها پابەندبونى ئێرانە بە "هەمو پابەندیەکانى" ئەم رێکەوتنە.

ئەمەریکا چى لە ئێران دەوێت؟ چاودێران پێیان وایە هەتا کات بڕوات داخوازیەکانى واشنتن لە تاران زیاتر دەبێت ، رێکەوتنیش قورستر ، ئەمەش لە قازانجى ئەو خواستەى حکومەتى ئێران نیە کە دەیەوێت سزا ئابوریەکان بە زوترین کات هەڵگیرێت و بوژانەوەیەک لە وڵاتدا رو بدات ، بەڵام دیارە ئەوەى لە ئێران کار دەکات تەنها روانگەى حکومەتى رۆحانى نیە ، بەڵکو خواستێکى دیکەش هەیە کە نایەوێت ئێران سازش بۆ زلهێزى جیهانیى بکات.

چاودێران پێیان وایە ئەگەر پێشتر و لە (2015) خواستى ئیدارەى باراک ئۆباما لە رێکەوتنى ئەتۆمیى تەنها لەچوارچێوەى دەستهەڵگرتنى ئێران بو لە خەونى گەیشتن بە چەکى ئەتۆم ، ئەوا ئێستە لەگەڵ زیاتر هاتنە پێشەوەى ئێران لە ناوچەکەدا داواکانى واشنتنیش زیاتر بوە و دەیەوێت کۆمارى ئیسلامى بگەڕێنێتەوە سنورەکانى خۆى. ئەوەى لە میدیاکاندا زیاتر تیشکى لەسەرە رێکەوتنى ئێران و ئەمەریکایە لە دۆسیەى ئەتۆمیی ئێراندا ، بەڵام بەڕاى چاودێران بابەتى ئەتۆم تاقە داواى ئیدارەى جۆ بایدن نیە لە تاران ، بەڵکو دەستهەڵگرتن لە پشتیوانیى گروپە چەکدارەکان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، بەتیبەت لە عێراق و سوریا ، یەکێکى ترە لە داخوازیەکانى ئیدارەى نوێ و پێدەچێت ببێتە بەشێک لە هەر رێکەوتنێکى نوێ لە نێوان دو وڵات.

دۆناڵد ترەمپ لەسەردەمى خۆیدا زو زو جەختى دەکردەوە " نایەوێت ئێران بروخێنێت " بەڵکو "دەیەوێت ئێران ببێتە وڵاتێکى پابەند و سیاسەتى ئەوپەڕى فشاریش هەر لەم چوار چێوەیەدایە." بەڵام وا دەردەکەوێت سەرە ڕاى هەمو قەیرانە ئابوریەکان و فشارى چەند ساڵە ، ئێران لاواز نەبوە و بە پێچەوانەوە بوەتە رکابەرێکى راستەقینە ى ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ، لەبەرامبەر ئەم راستیەشدا ئیدارەى جۆبایدن یان دەبێت کۆتایی بە سیاسەتى دۆناڵد ترەمپ دەهێنێت و رێگەى هەناسەدان بە کۆمارى ئیسلامى بدات و لە بەرامبەردا ئێرانیش دۆسیەى بەرنامە ئەتۆمیەکەى ڕاگرێت ، یاخود دەبێت بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتى فشارکردنى زیاتر و دۆسیەى ئەتۆمیەکەى ئێرانیش بە رێگایەکى دیکە کۆتایی پێ دێنت ، کە لەمەشدا گورزى سەربازیی لە دەرەوەى بژاردەکان نابێت .