بێشەرمی کاستی سیاسی

06/03/2021

ستەم كامیل

  کاستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان زۆرینەیان، بە کۆن و تازەیانەوە، شایەنی ڕەخنە و لێپرسینەوەن.

ئەم کاستە لەوە ئەچێت هەرگیز خۆیان لە ئاوێنەدا نەبینیبێت، چونکە بە حوکمی پاساوی شەرعیەتی ڕابردو، دوای ڕاپەڕین دەستیان گرت بەسەر چەک، پارە و دامودەزگاکاندا، لێرەوە بازنەیەکیان لە میدیا، نوسەر، ڕۆژنامەنوس و خەڵکی پیاهەڵدەریان بە دەوری خۆیاندا کۆکردەوە تا هەرگیز وێنەی هەقیقی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان نەبینن و نەبیستن.

ئینسان کە بەیاننامەکانیان لەسەر یادی ڕاپەڕین ئەخوێنتەوە، سەرسام ئەبێت بەوەی کە ئەڵێیت ئەم کاستە لە دنیایەکی ترەوە هاتون و لە سی ساڵی ڕابردودا ئەمانە بڕیاردەر نەبون!

باشترین ئاوێنەیەک بۆ ئەوەی ئەم کاستە خۆی تێداببینێت بریتیە لە خراپی و دەڵەمەیی حوکمڕانی، بە جۆرێک بێمتمانەی خەڵک و لایەنگرانی خۆتان بە خۆتان، لە هەرە خراپترین ئاستدایە.

کاتێک زۆرێک لە خەڵکی کوردستان (گەورەتر لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان) لە یادی ڕاپەڕیندا، یادی نەوشیروان مستەفا ئەکەنەوە، بە پلەی یەک پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەو بە ئەخلاق و ڕەفتاری سیاسی خۆی ئەوەی سەلماند کە ئەو لە "شەڕی دێوەکەدا خۆی نەبو بە دێو".

بۆ ئەو و ژمارەیەکی کەم لە خەڵکی خاوەن هەڵوێست، ڕاپەڕین بەواتای دروستکردنی سەرەتایەکی نوێ بو لە حوکمڕانی کە پایەکانی بریتی بن لە سەروەری یاسا، دەستاودەستی ئاشتیانەی دەسەڵات، دادپەروری کۆمەڵایەتی و ژیانێکی شایستە. بە پێچەوانەوە، ڕاپەڕین بۆ زۆرینەی زۆری کاستی سیاسی، بە واتای خۆ سەپاندن و گرتنەدەستی دەسەڵات بو. بە مانایەکی تر، زۆرینەی زۆری کاستی سیاسی لە "شەری دێوەکەدا، خۆیان بون بە دێو" و هیچ جیاوازیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ناشیرنیەکانی دژەکانیاندا نەما. ئەم کاستە سیاسیە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە گەشەسەندندایە.

زۆر هەڵەیە کە ئەم کاستە تەنها لە زۆرینەی نەوەی پێشودا بچوک بکەینەوە، چونکە ساڵانە دەنگ و ڕەنگی تر، دەموچاوی تازە لە هەمو لایەکەوە تیکتی بون بە ئەندام لەم کاستە ئەبڕن.

بڕینی ئەم تیکتە لەو جێگایەوە دەست پێئەکات کە ڕەفتار و ئەخلاقی سیاسی زۆرینەی فیگەرە سیاسیە "نوێکان" جیاوازییەکی ئەوتۆی نامێنێتەوە لەگەڵ کاستی سیاسی کۆندا.

بۆ دروستکردنی دنیایەکی باشتر، سەرەتاییترین ئەرک ئەوەیە کە خوێنەوەی ورد و ئازایانە بۆ ڕەفتار و ئەخلاقی سیاسی کۆی کاستە سیاسی لە هەرێم بکەین، بە هیوای ئەوەی کە لە داهاتودا نەوەیەک پەروەردەبێت کە ڕەفتار و بیرکردنەوەی تەواو لەم کاستە سیاسیە جیاواز بێت.

زۆرینەی خەڵک لە حاڵەتی بێهیوای و بێ متمانەی تەوادا ئەژین، چونکە ئەم کاستە هیچ بەهایەکیان بۆ قسەکردن و متمانەی سیاسی نەهێشتۆتەوە.

ڕەخنەکردنی کلتوری کاستی سیاسی لە هەرێم، پەروەردەکردنی نەوەیەک لەسەر کۆمەڵێک فەزیڵەتی سیاسی ڕاستەقینە، ڕەنگە یەکێک بێت لە هەنگاوە هەرە سەرەتاییەکان بۆ دنیایەکی باشتر.