بۆچی دەبێت هەمیشە ڕەخنە بگرین؟

07/03/2021

ئالان عومەر

یەکێک لەو شتانەی کە بتوانێت مرۆڤ لە گەمژەی رزگار بکات رەخنەیە، تا ئەوکاتەی رەخنە نەبێتە بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی کارێکی ئەستەمە بتوانین قسە لە سەرد دروستکردنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی بکەین.

هەمیشە رەخنە کاریگەری و گرینگی خۆی هەیە، رەخنە بریتیە لە دوای گەڕان بەدوای باشتریندا رەخنەگر تێدا باڵا بونی خۆی نیشان دەدات، ئارەزووی دونیایەکی باشتر بۆ خۆی و دەورو بەری دەکات خولیا و خەونەکانی هەمیشە زیاترن لە کەسێکی سادە و ئاسایی، هەربۆیە جیاواز دەردەکەون لەوانەی بە کەم یاخود مەمرەو بژی رازی دەبن، یەکێک لە وەزیفەکانی رەخنە قبوڵنەکردنی پیرۆزیەکە کە لە بنەڕەتدا پیرۆز نیە، لە ڕاستیدا هیچ شتێک لەوە ئاسانتر نیە کە بڵێین ئەوشتانەی لە بنەڕەتدا دروست و راست نین، بەڵکو کاری زەحمەتروگرنگتر ئەوەیە کە بڵێین ئەو شتانەی لە دەورو بەرمان روو ئەدەن یاخود ئەو پێشگریمانانە چین کە وایانکردووە رووداوەکان بەم شێوەیە رووبدەن کە ئێستا هەن!؟

بۆیە دەبێت هەمیشە رەخنە بگرین چونکە کۆڵەگەی زیندوو هێشتنەوەی کۆمەڵگەیە تا رەخنە زیاتر بێت ئاراستەو رێڕەوی ژیان ڕاستتر دەبێت، بە پێچەوانەشەوە لە ئەگەری نەمانی رەخنە کۆمەڵگە بەرەو لادان هەڵدێر دەچێت و هەروەها مرۆڤەکانیش لە بوونەوەرێکی زیندوو کاریگەرەو دەبێتە بوونەوەرێکی بێ کاریگەر وەکو لاشەیکی مردووی لێدێت.

لەبەر ئەوەی ژینگەی کەلتوری و ناوەندی سیاسی و دەسەڵاتداری عێراق بەگشتی و کوردستان بە تایبەتی، هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی لە گرینگی رەخنە تێبگەن، جۆرێک لە عەقڵەتیان بەرهەم هێناوە کەمترین ڕەخنەیان قبوڵ نیە، هەر بۆیە زۆرجار رەخنەگر وەکو نامۆ و حەزپێنەکراو وێنا بکرێت، هەمیشە هەوڵی ناشرین کردنیان دەدات بەردەوام وەکو مرۆڤ گەلێکی خۆبەشتزان و سەرلێشێواو دەبینێت، ترسناکترین دیدی دەسەڵاتداران ئەوەیە رەخنە و رق، رەخنە و دژایەتی، رەخنە و گێرە شێوێنی و پیلانگێڕی تێکەڵی یەکتر کردووە.

لە بەرامبەریشدا پەرچەکردارەکانیشی زۆر نامەنتقی و ناجۆرە هەر وەک تیرۆر و کوشتن گرتن و زیندانی کردن ئازاردان و هەڵکوتانە سەر و هتد...

ئەم تێڕوانینە بەتەواوەتی رەنگی داوەتە لە عەقڵیەتی حوکمداری کوردی لە باشوری کوردستان، جگە لەوەش مەترسییەکی گەورە و پاشەکشەیەکی هەستپێکراوە لە هەنگاوەکانی بونیاد نانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی و دیموکراسیخواز، هەر بۆیە پێویستە هەڵوەستەی جدی لەسەر بکرێت ئەرکی هەموو تاکێکە کە لێی بەدنگ بێت، دوای ٣٠ ساڵ لە رزگاری و داوای ئازادی پێویست دەکات جارێکی ترو بە فۆڕمێکی دیکەوە رەخنە بگرین لە پێناو ئازادی دژی ئەم عەقڵیەتە بوەستینەوە، د. مەریوان وریا قانع نوسەری سەنگینی کورد بە بایەخەوە دەڕوانێتە رەخنە و دەڵێت: رەخنە تەنها چالاکیەکی پێویست نییە بۆ هەر کەس و هێزو کۆمەڵەیەک بیەوێت بەسەر کۆمەڵێک بیرو بۆچون و ئاکار و هەڵسوکەوتی دۆگماییدا کڕ نەکەوێت، بەڵکو پەیوەندیەکی راستەخۆشی بەوەوە هەیە ئینسان چۆن و بە چ شێوەیەک ئینسانبونی خۆی دەژیت، جا لێرەدا پێویستە بزانین کۆمەڵگەی ئێمە دەیەوێت چۆن بژیت!؟