" سیاسەت بەو جۆرە عەقڵیەتەوە ناکرێت" دیسانەوە پاشگر

28/03/2021

نازم عەبدوڵا

ئەبێ لەسەرەتاوە بڵێم کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی دادگەری بەبەشدار نزیکەی نۆسەد ئەندام کۆنگرە بەستراوە کە زۆربەیان ئاست و ئەزموونێکی باشیان لەکاری حیزبیدا ھەبووە.

لە کۆنگرەدا کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ درا، لەوانە گۆڕینی ناوی سەرۆکی حیزب و ناوی حیزب بوو، گۆڕانکارییەکانیش بەزۆرینەی باڵای بەشدار بوان بووە، واتە نزیک لە ٨٠% و زیاتر، سروشتی کۆنگرەش وایە بڕیارەکان بە زۆرینە یەکلا ئەکرێنەوە.

بەڕاستی لەناوکۆمەڵدا ناو گۆڕین وەکو بابەتێکی ستراتیژی ئاماژەی پێکراوە تا بە ھەڵەی ستراتیژی ھەژمار بکرێت؟

ئەوەی وای لێکردم ئەم چەند سەرە قەڵەمە بنوسم، نوسراوی کەسێک بوو کە بەقەناعەتی تەواو ناو گۆڕینی بە ھەڵەی ستراتیژی لە قەڵەم دابوو، منیش ئەم پرسیارەم لە لادروست بوو بەڕاستی لەناوکۆمەڵدا ناو گۆڕین وەکو بابەتێکی ستراتیژی ئاماژەی پێکراوە تا بە ھەڵەی ستراتیژی ھەژمار بکرێت؟

یان ناو پەیوەندی بە ھەل و مەرج و بارودۆخی ناوخۆیی وناوچەیی و ھەرێمایەتی ئەو حیزبەوە ھەیە؟

بۆ وڵامی ئەم پرسیارە ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ پەیڕەوی نێوخۆ و ھێڵە گشتیەکانی حیزب، ئەم سەرو ئەو سەریان بکە ناو گۆڕین نە ھێڵی سوورەو نە پێچەوانەی ستراتیژییەتی حیزبە، بەڵکو بابەتێکە ھەر کات سەرکردایەتی و کادێرە باڵاکانی ئەوحیزبە بە پێویستیان زانی گۆڕانکاری تێدا دەکەن، ئەگەر ڕووپێوێکی پارتە ئیسلامیەکان بەتایبەتی پارتەکانی جیھانی ئیسلامی بکەیت، زۆرینەیان پاشگری ئیسلامیان پێوە نیە، بەپێوەری نوسەری ئەو مەقالەیە بێت ئەوانیش ھەموویان خاوەنی ھەڵەی ستراتیژین، کە زۆربەی سەرۆک و سەرکردەکانیان کەسانی زۆر خوێنەوارو شارەزان لە فیکری ئیسلامی وسیاسەتی شەرعی و زانستی سیاسیدا، بەتایەتی ئەمرۆ کەسیاسەت بووە بەزانستێکی سەربەخۆ پێویستی بەپسپۆڕی وشارەزایی زیاترە!

یان ئەگەر مەبەستی لە ھەڵەی ستراتیژی بێت لە فیکرو فیقھو سیاسەتی شەرعیدا، ئەبو ڕوونی بکردایەتەوە ناو گۆڕین پێچەوانەی کام ئایەت و کام فەرمودەی پێغەمبەرە (درودی خوای لەسەر)، کە دەلالەتەکانیان یەکلا کەرەوە بێت، یان پێچەوانەی کام بنەمای شەرعی نەگۆڕە؟

خۆ لە ئەگەرێکدا دامان نا ناو گۆڕین بابەتێکی ستراتیژییە ئێ خۆ زۆرینەی ھەرە زۆری کۆنگرە ناوەکەیان گۆڕیوە، ئەگەر لەوە پێش ئەو خەڵکە ئەو ناوە ستراتیژییەتیان بوو بێت، ئەوە لەکۆنگرەدا گۆڕیویانەو سترتیژییەتێکی تریان بۆ خۆیان دیاری کردووە!. بۆیە ئەڵێم سیاسەت بەو جۆرە عەقڵیەتەوە ناکرێت کە جیاوازی نێوان ستراتیژیەتی دینی و ڕێکخراوەیی نەکات، یان جیاوازی نەکات لە نێوان بابەت گەلێکی ستراتیژی و ناستراتیژیدا، یان ئەکرێت چارەنوسی ئومەتێک بدرێت بەدەست ئەم جۆرەکەسانەوەو متمانەیان پێ بدرێت؟

لۆژیکی نیە تۆ دەم لەسیاسەت بکوتی و لەساڵێکدا دوو کتێب لەوبوارەدا نەخوێنیتەوە

بۆیە پێشنیارم بۆ ئەو کەسانەی دەم لەم جۆرە بابەتانە ئەکوتن ئەوەیە:

  ئەبێ شارەزاییەکی باشیان لەبوارەکانی سیاسەتی شەرعیدا ھەبێت و ساڵانە چەندین کتێب لەو بوارانەدا بخوێننەوە ، چونکە لۆژیکی نیە تۆ دەم لەسیاسەت بکوتی و لەساڵێکدا دوو کتێب لەوبوارەدا نەخوێنیتەوە، پاشان مەرج نیە ئەگەر کەسێک پۆستێکی باڵای لە حیزبێکدا ھەبوو لەسیاسەتیشدا شارەزا بێت، یان لەوانەیە کەسێک خوێندنەوەی ھەبێت، بەڵام خوێندنەوەکەی لەبواری سیاسیدا نەبێت ، بەڵکو لە بابەت گەلێکی تردا بێت، لە دوورو نزیک پەیوەندییان بەسیاسەتەوە نەبێت، بۆیە ئەبێ ئەوکەسانەی قسە لەم بوارانەدا ئەکەن، ئاگاداری سەرچاوەکانی سیاسەت بن، بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە ساڵانە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا دەیان کتێب لەو بوارانەدا بە چاپ ئەگەیەنن و ئەیخەنە یازاڕەکانەوە. قسەی تریشمان لەم بارەیەوە ماوە.