ئەوروپا لە مەترسیدایە

07/02/2019

نامەی كراوەی ٣٠ فەیلەسوف و نووسەری بەناوبانگ

بیرۆکەی ئەوروپای یەکگرتوو لە بەردەم مەترسیدایە

لە هەر چوار گۆشەکەی ئەوروپاوە بیرۆکەی ئەوروپای یەکگرتوو کەوتووەتە بەر ڕەخنە و تەنانەت سوکایەتی پێکردنەوە، ئەم بیرۆکەیە رۆژانە لەناو رای گشتیدا پاشەکشێی پێی دەکرێت.

رۆژانە دروشم دەدەن: " ئیتر بەسە واز لە پڕۆژەی بنیاتنانی ئەوروپا بهێنن"، " وەرن سەر لە نوێ روح و هەستی نەتەوەییمان بەهێز بکەینەوە"، " وەرن بگەڕێینەوە بۆ شوناسی لە دەستچوومان، ئەو شوناسەی لە ئەوروپادا توێندراوەتەوە"، ئەمانە دروشم و بانگەوازی هێزە پۆپۆلیستەکانن کە لە سەرتاسەری ئەوروپادا تەشەنەیان سەندووە، بۆ ئەوان گرنگ نییە کە چەمکی شوناس و روحی نەتەوەیی تەنیا لە بیر و خەیاڵی موزایدەچییەکاندا بوونی هەیە.

پێغەمبەرە درۆینەکان کە سەرخۆشن بوون لە بادەی نەفرەت، دڵخۆشن بەوەی سەرنجی خەڵکیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە و بە دەم وڕێنەوە هێرش دەکەنە سەر بیرۆکەی ئەوروپای یەکگرتوو، دوو هاوپەیمانە بەهێزەکەمان واتە بریتانیا و ئەمریکا کە لە سەدەی رابردوودا دوو جار ئەوروپایان لە خۆکوژی رزگار کرد، ئێستا بە تەنیا جێیان هێشتووین، ئەوروپا ئێستا بەهۆی دەستێوەردانی بێ شەرمانەی پیاوەکەی کرێملینەوە لە مەترسیدایە، بیرۆکەی ئەوروپا بە بەرچاومانەوە خەریکە نوقم دەبێت.

هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەوروپا لە مانگی ئایاردا لە وەها دۆخێکی ژاراویی و پڕ لە نەفرەتدا بەڕێوەدەچێت، ئەگەر گۆڕانکارییەک ڕوو نەدات، ئەگەر بێتو پێش بەم شەپۆلە بەهێزە نەفرەتییە نەگیرێت، ئەگەر بێتو بە روحێکی نوێوە خۆڕاگری نەکەین و ورە نەدەینەوە بەرخۆمان، ئەوا هەڵبژاردنەکەی مانگی ئایار دەبێتە کارەساتبارترین هەڵبژاردنێک کە بە چاوی خۆمان بینومانە، چونکە خراپەکاران سەردەکەون و ئەوانەی کە هێشتا خۆیان بە میراتگری ئاراسمۆس و دانتە و گۆتە و کامنیۆس دەزانن تووشی دۆڕاندنێکی کارەساتبار دەبن، ئەو سیاسەتەی لەسەر رق و نەفرەت لە عەقڵ و کلتور بنیاتنراوە سەردەکەوێت و بیرۆکەی دژە کۆچبەران و دژە جولەکە زیاتر تەشەنە دەستێنێت، بەم جۆرە کارەساتێکی گەورە بەرۆکمان پێ دەگرێت.

ئێمە کە ئەم نامەیەمان ئیمزا کردووە لەو کەسانەین کە تەسلیمی ئەم کارەساتە پێشبینی کراوە نابین، پێمانوابوو ئەوروپا خۆی بەرەو یەکگرتوویی هەنگاو دەنێت و پێویست ناکات ئێمە چیتر لە پێناویدا خەبات بکەین چونکە ئەمە ڕەوتی مێژووە کە دەبێت ئەوروپای یەکگرتوو دروست ببێت.

ئێمە خۆمان بە نیشتمانپەروەرانی ئەوروپا دەزانین ( ئەوروپا بە نیشتمانی خۆمان دادەنێین) و دەزانین کە چ مەترسییەکمان لەبەردەمدایە، سێ چارەگە سەدە لە دوای شکستی فاشیزم و ٣٠ ساڵ لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلین، ئێستا جەنگێکی نوێ دەستی پێکردووە کە جەنگە لەسەر شارستانییەتی ئەوروپا.

ئێمە میراتێکی گەورەمان بۆ بەجێ ماوەتەوە و ئیمانمان بەو میراتە هەیە و پێمانوایە بیرۆکەی ئەوروپای یەکگرتوو ئەوەندە بیرۆکەیەکی مەزنە کە دەبێتە هۆی پێشکەوتنی دانیشتوانی ئەوروپا و رزگارمان دەکات لەو رابردوویەی کە لێوڕێژ بوو لە دوژمنایەتی، پێمانوایە ئەو بیرۆکەیەکە هێشتا ئەوەندە بەهێزە کە دەتوانێت لەو ئاماژە نوێیانەی بۆ پاوانخوازی و تۆتالیتاریزم هەیە رزگارمان بکات، ئەو ئاماژانە ئەوەندە مەترسیدارن کە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمە تاریکەکانی مێژوو، هەربۆیە نابێت لە خەبات و تێکۆشان ساردبینەوە و داواتان لێدەکەین تێکەڵ بەم شەپۆلە نوێیەی ئێمە بن.

داواتان لێ دەکەین لە سەروبەندی هەڵبژاردندا بە کردار رووبەڕووی پۆپۆلیستەکانی دژ بە بیرۆکەی ئەوروپای یەکگرتوو بوەستنەوە، چونکە نامانەوێت ئەم هەڵبژاردنەدا بەو کەسانەی بدۆڕێنین کە لە ئێستاوە گۆڕیان هەڵکەندووە بۆ بیرۆکەی ئەوروپای یەکگرتوو.
داواتان لێ دەکەین جارێکیتر مەشخەڵی ئەوروپای یەکگرتوو هەڵبکەن و سەرباری هەموو هەڵە و کەموکوڕییەکان با هەروەکجاران نمونە بین بۆ هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی جیهان.

نەوەی ئێمە لە هەڵەدابوو کە هەروەکچۆن لایەنگرانی گاریباڵدی لە سەدەی نۆزدەیەمدا دروشمیان دەدا " ئیتالیا خۆی خۆی بنیات دەنێتەوە" ئێمەش پێمانوابوو ئەوروپا خۆی دەبێتە ئەوروپایەکی یەکگرتوو و پێویست ناکات ئێمە شەڕی بۆ بکەین، چونکە ئەمە ڕەوتی مێژووە، ئێمە دەبێت واز لەم بیرکردنەوە کۆن و ماوە بەسەرچووە بهێنین، هیچ رێگەیەکی ترمان لەبەردەمدا نییە و ناچارین شەڕ بکەین لەسەر پاراستنی بیرۆکەی ئەوروپای یەکگرتوو، چونکە ئەگەر شەڕی بۆ نەکەین ئەوا بە چاوی خۆمان دەبینین کە چۆن پۆپۆلیستەکان ئەوروپا لە گۆڕ دەنێن.

 بەرامبەر بە هروژمی ناسیۆنالیزم یان دەبێت روحی خۆڕاگری بکەینەوە بە بەری خۆماندا، یان دەبێت تەسلیمی ئیرادەی رق و نەفرەت ببین، دەبێت هەرچی زووە وەخۆکەوین لە دژی ئەو کەسانەی دەیانەوێت روح و دەرونمان وێران بکەن، ئەوان ئێستا لە پاریسەوە تا رۆما، لە که‌تالۆنیا و ڤییەنا و لە هەموو شوێنێک دەیانەوێت ئازادیمان لێ زەوت بکەن.

ئەم شکستە چاوەڕوانکراوەی ئەوروپای یەکگرتوو و ئەم قەیرانی ویژادنەی ئەوروپای گرتووەتەوە دەتوانێت هەموو شکۆی رابردوومان لەناو ببات، ئەمە گەورەترین قەیرانە لە ساڵانی ١٩٣٠وە ڕووبەڕوومان بووەتەوە، ئەمە ئاڵنگارییەکە لەبەردەم لیبەرال دیموکراسی و بەهاکانی.

واژۆکەرانی ئەم نامەیە بریتین لە:
میلان کۆندرا

ئۆرهان پاموک

سەلمان روشدی

بێرنارد هێنری لیڤی

ماریۆ بارگاس یوسا

هێرتا مولەر

گیۆرگی کۆنراد

ئانتۆنیۆ لۆبۆ

سوتلانا ئالێکسیڤیچ

دەیڤد گرۆسمان

ڤاسیلیس ئه‌لێكسی
سڤیتلانه‌ ئه‌لیكسڤیچ
ئانا ئه‌پلیباوم
جینس كرستیان
داڤید گرۆسمان
ئاگینس هالیه‌ر
ئیسماعیل كادارێ
جۆرجی كۆنڕاد
ئه‌نتۆنیۆ لۆبۆ
كلاویدۆ مارگریس
لان ماكوان
ئاده‌م میچینك
هێرتا میوله‌ر
لودمیلا ئۆلیتسكایه‌
ڕۆب ڕایمه‌ین
فرناندۆ سڤاتیرر
رۆبیترۆ ساڤیانۆ
ئیوگینۆ سكاڵفاری
سایمۆن ساچما
پیته‌ر شانیده‌ر
عه‌بدوڵا سیده‌ران
لیلا سلیمانی
كۆڵم تۆیبه‌ین
ئاده‌م زاوچیسكی