پیاوە کوردەکان شەڕیانە لەسەر ئەوەی چۆن سێکس دەکەن

04/04/2021

د. ساماڵ مانیی

 منیش ویستم، لەسەر ئەو مەسەلەیە کوردستان ئابڕووی نەچێت و ڕووبەڕووی شەپۆلی ناڕەزایەتی نێودەوڵەتی نەبێتەوە، ووتم چارەسەریتر بدۆزنەوە نەک تووندوتیژی و بەزم.

نە سیاسیکارم، نە چالاکوانم، نە حیزبیم، نە لە حکومەتدا ئیش دەکەم، نە موچەخۆرم، نە موچەی کوردم بڕیوە، نە ڕادیکاڵم، نە شەڕفرۆش. نە وەکو فووکۆ هاوڕەگەزخوازم و نە وەکو بایرۆن هەردوو ڕەگەزخوازم، بەڵکوو لە زۆرینەکەی کوردم.

جیاوازیەکەم تەنها ئەوەندەیە کە ئارەزوویی کوردستانێکی بێ تووندوتیژی دەکەم، کە کوردی ژیر کەمێک بە ئارامی و بەسەربەرزی تیا بژین.

لەبەر ئەوەی دەزانم لە پرسی نێودەوڵەتیدا چۆن سەیری ئەو گرتنە بە لێشاوەی هاوڕەگەزخوازان دەکرێت.

حیزبەکانیش و حکومەت و ئاسایش-یش ئەوە دەزانن بۆیە زوو بەیانامە دەرکرا و وتیان مەبەستەکە ئەوە نەبوە ومەبەستیان لە شتێکیتر بوە.

سەرەڕای ئەو خێرا بەیاننامە دەرکردنەش، بە پەلە کونسوڵیەتی ئەمەریکا لە کوردستان کاردانەوەی خۆی لەسەر نوسیبوو.

لەبەر ئەمانە ووتوومە: ڕێگاچارەیتر بدۆزنەوە. مادام سیاسەت هەموو خراپەکاری و شەڕ و کێشەکانی ناو کۆمەڵگە دروست دەکات، هەر بە سیاسەتیش چارەسەر دەکرێت.

ئەمە و هیچ کام لە یاسا و چارەسەرکردنی مەسەلەی هاوڕەگەزخوازان لە کۆمەڵگە جیا جیاکاندا، نابێت مافی ئەوانە پێشێل بکات کە هاوڕەگەزخواز نین.

لە هیچکام لە ئەمریکا، ئۆستۆرالیا، روسیا، چین، یابان، وڵاتانی ئەمەریکای لاتین، وڵاتانی ئەوروپا دا.

هەڵپچڕاندنی دوو دێڕ و نیو (لە کۆی دووپەڕە نوسینی کاتیی فەیسبوک) بە وێنەی منەوە دانراوە، لەلایەن هەردوولایەنی: دژ بە هاوڕەگەزخوازان و پشتگیری هاوڕەگەزخوازان.

هەردوولایەنیان غەڵەتن و هیچ کامیان خوێنەری کتێب و نوسینە فەلسەفیەکانی من نین.

ئەگینا ژیرتر دەبوون و دەبوایە لە مێژبوایە بە ڕێزەوە چەندین بابەتی کتێب و نوسینە فەلسەفیەکانی منیان لەگەڵ وێنەی مندا بڵاوکردایەتەوە لە فەیسبووک و سایتەکانیاندا. ئەوانە لە بەرژەوەندی خۆیان بیر دەکەنەوە، منی بۆ بەکاردەهێنن، لەبەر ئەوەی ژن-م.

لە کوردستان ژن بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی سەرنجی بەڵتەجیەکان ڕابکێشن کە موعتادی فەیسبووکن، بۆ بەرژەوەندی و زیادکردنی ژمارەی گروپ و خوازیارانی پەیج و سایتی خۆیان و ئەو جۆرە شتانە.

ئەگەر شتێک بڵێم لەسەر سیاسەت لە کوردستان، ئەمە دەڵێم: ئەو سیاسەتەی کە لە کوردستاندا هەیە کەموکوڕە- ناقسە ، هەم لە تێۆرییە زانستی و فەلسەفیەکان، هەم لە پرسە کۆمەڵایەتیەکان دابڕاوە، ڕووتکراوەتەوە لە هزر و تێگەیشتن.

تەنها لە چەند پرسێکدا زیندووە کە پەیوەندیی بە پارە و بەدەستهێنانی دەسەڵاتەوە هەیەو بەس، وەکوتر سیاسەت بەمانا ڕۆشنبیریەکەی مردوە لە کوردستان.

ئەمە لە کاتێکدایە، لەبەر ئەوەی سیاسەت بەرپرسە لە هەموو خراپکردنێکی کۆمەڵگە، ئەرکی هەموو چاککردنێکی کۆمەڵگەکەی لەسەرشانە و بۆ ئەوەش پێویستی بە تیۆریە زانستی و فەلسەفیەکانە.

لەبەر خۆدابڕاندنی سیاسەت لە هزر و تیۆریە زانستی و فەلسەفەیان، سیاسەت لەجێی خۆیدا دەخولێتەوە ؛ بەرەوپێش ناچێت.