حكومەتی سێبەرو دەرهاویشتەكانی

12/04/2021

سەرتیپ جەوهەر

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدۆخێكی ئێجگار ئاڵۆزدایە، لەدوای یەكگرتنەوەی ئیدارەكانی هەرێم لە 2006 وە یەكەم كابینەیە روبەرووی ئەگەری لێكترازان و سەخت ببێتەوە.

ئەم كابینەیە بەپێی رێككەوتنێك لەنێوان پارتی و یەكێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان پێكهێنراوە.

جگە لەدابەشكردنی پۆست و جومگەكانی حوكمڕانیی لەنێوان هەر سێ‌ لایەندا، هاوكات شێوەی كاركردن و نەخشەڕێی كاركردنیشی بەشێوەیەكی گشتیی دیاریكراوە، بەڵام لەدوای دەستبەكاربوونی، راستەوخۆ حكومەتێكی دیكەی سێبەر لەژێر ناو و ناونیشانی جیاواز لە ئەنجومەنی وەزیران و دەرەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بەناوی یاریدەدەرو راوێژكارانی سەرۆكی حكومەت دروستكرا!

دامودەزگای بەدیل لەدەرەوەی وەزارەتەكان پێكهێنرا، دەسەڵاتی بەشێك لە وەزیرو كاربەدەستان درایە ئەو دامودەزگا سێبەرانە، دەستی كاربەدەستانی یەكێتیی و بزوتنەوەی گۆڕانی بەست، تەنانەت بەشێك لەكاربەدەستانی پارتی لەحكومەت كە لەئاراستەیەكی دیكەی ناو پارتی بوون، ئەوانیش دەسەڵاتەكانیان سنوردارو لاوازكرا!

هاوكات ئەو ئەجێنداو نەخشەڕێیەی لەكارنامەو رێككەوتنی هەرسێ‌ لایەندا جێكرابویەوە بەتەواوی فەرامۆشكرا، هەموو هەڵسوكەوت و مەراسیم و سیمای ئەم حكومەتە "بەڕەنگێكی دیاریكراوی" حزبی كرا. لەهەمووی خراپتر، ئازادیی رادەربڕین و خۆپێشاندان، زۆر بەخێرایی پاشەكشەی كرد. مامەڵەیەكی خراپ لەگەڵ خۆپێشاندەران و چالاكوانانی بادینان كرا كە شەپۆلێك رەخنەو ناڕەزایی لەناوخۆو دەرەوە دروستكرد.

ئەم شێوە هەڵسوكەوت و مامەڵەكردنە لەحوكمڕانی، واتا پەراوێزخستنی لایەنەكان لەبڕیاردان و داخستنی دەرگاو پەنجەرەكانی ژوورەكانی زانیاریی ناو حكومەت و مامەڵەی ئەمنی لەگەڵ هەموو دۆسیەو سێكتەرە جیاوازەكان، لایەنە بەشدارەكانی حكومەتی روبەرووی واقعێكی نوێ‌ كردەوە. سەرباری بەشداربوون لەحكومەت، بەڵام دابڕانێكی زۆری لەنێوان حزبەكان و سیاسەتی حكومەت دروستكرد.

لەبری هەماهەنگی و بەیەكەوە كاركردن و سەرخستنی بەرنامەی كاری حكومەت، دژایەتیی گرژیی و توڕەیی بەرهەمهێنا.

گفتوگۆو راگۆڕینەوەی لەگەڵ گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی ناوخۆ زۆر لاوازكرد.

بەكورتی، ئەم كابینەیەی حكومەت، پەیوەندییەكی خراپی لەگەڵ لایەنە پێكهێنەرەكانی بەتایبەت یەكێتیی و زۆرینەی گۆڕاندا هەیە، بگرە بەشێكی ناوخۆی پارتیش وەك پێویست هاوكارو پشتیوانیی ناكەن!

بەهۆی نەبوونی هەماهەنگیی و شەراكەت، بڕیارو راسپاردەكانی لە سنورێكی دیاركراو جێبەجێدەكرێت و لەو ناوچانەی بە (زۆرنی سەوز) ناسراوە جێبەجێناكرێت!

پەیوەندییەكی زۆر خراپی لەگەڵ گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن هەیە، ناتوانێت لەپرسە نیشتیمانیەكانیش چەتری كۆكەرەوەی لایەنە سیاسیەكان بێت. وڵاتانی پەیوەندیداری ئەوروپاو ئەمریكا، نیگەرانن لەدۆخی دیموكراسی و ئازدیی ناوچەكە. رێكخراوە چاودێرەكان، راپۆرتی نەرێنی لەبارەی ئازادییەكان لەهەرێمی كوردستان دەخەنە روو..تد.

ئەوەی ئێستا دەیبینین دۆخێكی نوێیە لەدوای یەكگرتنەوەی ئیدارەكانی هەرێمی كوردستان بەر لە 15 ساڵ. ئەوكاتە رێككەوتنێكی سیاسی كرا بۆ بەیەكەوە كاركردن و و شەراكەت لەحوكمڕانیی، بەڵام ئێستا دۆخەكە پێچەوانە بۆتەوە!

واتە هەم رێككەوتنامەی ستراتیژیی نەماوە كە پرەنسیپی بەیەكەوە بڕیاردان و كاركردنی داڕشتبوو، هەم لێكترازانێكی گەروە لەنێوان لایەنەكان بەتایبەت (پارتی و یەكێتیی) هەستی پێدەكرێت. بەكورتی ئەگەر دۆخەكە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، پێدەچێت دەرەئەنجامەكانی بەرەو دۆخێكی نوێمان ببات ئەویش ناسەقامگیریی سیاسی و ترازانی زیاتری حوكمڕانیی.