گردی یارە، لەنێوان دڵسۆزی خەڵک و بێخەمی حکومەت

14/04/2021

زمناكۆ ئیسماعیل

سەرەتای مانگی ئازاری ئەمساڵ ٢٠٢١ بوو، لەڕێگای تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، هاشتاگی (دەبێت گردی یارە سەوز بکەینەوە)، م - راگەیاند، ئەم هاشتاگە دەورێکی باش و پەرچەکردارێکی باشی هەبوو، دژ بەو سەرمایەدارانەی کەگەرەکیانبوو، گردی یارە داگیر بکەن و بیکەن بەشوقەو بەڤێلاو بیفرۆشنەوە بەخەڵکی هەژار.

پاش راگەیاندنی هاشتاگی  (دەبێت گردی یارە سەوز بکەینەوە)، هەرسێ رۆژی ٢٩ و ٣٠ و ٣١ ی ئازارمان وەک رۆژەکانی سەوزکردنەوەی گردی یارە دەستنیشانکرد، لەو سێ رۆژەدا ٢٩ کۆمەڵە و رێکخراوو گروپی شاخەوانی و دەستە و کەسایەتی بەشداربون، کۆی گشتی ئەندامە خۆبەخشەکانی بەشداربوو، پێکهاتبون لە ٤٠٠ هاونیشتیمانی، کە توانرا بەهێزی ماندوبونی ئەو ژمارەیە لەبەشداربوان، هەزارو ٣٨٣ نەمام لەگردی یارە بڕوێندرێت، لەهەمانکاتدا، توانرا راگر بۆ زۆربەی نەمامەکان دابنرێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەئامێری تایبەت، چاڵ بۆ نەمامەکان لێدران و لەپاش ڕوواندن بەتەنکەر ئاو بۆ نەمامەکان هێنران و تێر ئاوکران، لەپاشاندا گردی یارە لە خۆڵ و خاشاک و پیسبونی خاک و ژینگەکەی خاوینکرایەوەو پاشماوەی پیسبونی ژینگەکەی خرایە شوێنی تایبەت.

هەتا ئێرە دڵسۆزی بێ ووێنەی خەڵک و هاووڵاتی و هاونیشتیمانی بوو، بەڵام خەمساردی و بێ خەمی دەسەڵات و حکومەتیش نائومێدو نیگەرانی نەکردین، بەڵکو دەمانەوێت ئەوانیش روو لەگەرمی بنێن و بێنە نێو پایانی ئەم گۆڕەپانی کار کردنەو ببنە جێبەجێکاری داواکارییەکانمان، کە خۆی دەبینێتەوە لە


یەکهەم: چاککردن و بوژاندنەوەی کارێزی وەستا شەریف، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، ئەم کارێزە ئاوەکەی کراوە بە سێ بەشەوە، هەندیکی بەفیڕۆ دەڕوات، هەندێکی دیکەی لەڕێگای تەنکەرەوە دەفرۆشرێت، هەندێکی دیکەی دراوە بەگۆڕەپانێکی وەرزشی نزیک گردی یارە، بەبێ ئەوەی یەک دڵۆپ ئاو بدرێت بەدارەکان و دەبێت چالاکوانان لەڕێگای خێر خوازییەوە کۆمەک بۆ کڕینی ئاو بکەن بۆ ئەو دارانە، ئەمە جێگای نیگەرانییە و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم هەڵەیە چاک بکەنەوەو ئاوی دارەکان لەڕێگای قەتراندن دابین بکەن، چونکە ئەگەر وا نەکەن، ئەوکات هەموو ئەو هەوڵانەی کە بۆ بوژاندنەوەی ئەو گردە دراوە بەزایە دەچێت.


دووهەم: گردی مامەیارە بۆ ماوەی ساڵێک بخرێتە ژێر چاودێری راستەوخۆی پارێزگاری سلێمانی و لیژنەیەکی پێکهاتووی ژێر چاودێری پارێزگار و شارەوانی و قائیمقامییەت، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی ئەو گردە لەڕووی ژینگەییەوە ببوژێتەوە، چونکە ئێستا ئەو گردە بێخاوەنە، من بەدواداچونم بۆ کردووەو هەردوو بەڕێوەبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی دارستان دەڵێن لەلای ئێمە نییە، ئەی کەواتە ئەو گردە لەلای کێیە و سەر بەکێیە؟!، هەر بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە لیژنەیەکی تایبەت سەرپەرشتی ئەو شوێنە بکات وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا.


سێهەم: پاش وەرگرتنەوەی ئەو گردەو دارستانەکەی، دەبێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو، کە کەمتر نەبێت لە ساڵێک، تەلبەند بکرێت، بەمەبەستی ئەوەی کە نەهێڵدرێت خەڵکانێکی نا بەرپرس، زیان بەو نەمامە تازانە بگەیەنن، وەک چۆن پاش سەوزکردنەوەو ڕوواندنەوەی نەمامەکان لەم رۆژانەی دوایدا، زیاتر لە ٣٠ نەمام زیانی پێگەیشتووەو هەندیکی هەڵکێشراوەو دزراوە.


چوارهەم: دابینکردنی کارگوزار بۆ گردی یارە و سەرپەرشتیار و ئەندازیاری کشتوکاڵی، پێشترو زیاتر لە ٣٠ کارگوزار لەسەر دارستانی گردی یارە دامەزراوە، بەڵام بەهۆی هەڵکشانی تەمەنی زۆرێک لەوانە، خانەنشین بوون و کەس نەخراوەتەوە جێگای ئەوان.


پێنچهەم: خزمەتکردنی نەمام و زەوی ئەو ناوچەیە وەک پارکێکی میللی رەسەنی جوان و دانانی کورسی  و دروستکردنی پەرژینی جوان بەدەوری ئەو گردە هاوشێوەی پەرژینە شارستانییەکان، هەرچۆن بۆ پارکی ئازادی و شوێنەکانی دیکە کراوە.


شەشهەم: دانانی نەخشەیەک بۆ جوانکردنی گردی یارە لەڕووی هونەری، وەک دروستکردنی شانۆی کراوەی هاوینەی شێوە رۆمانی و چاککردن و بوژاندنەوەی مەلەوانگەکە و گۆڕینی بۆ فۆڕمێکی دیکەی هونەری، بەنمونە ئەگەر بڕیار وایە ئەو مەلەوانگەیە چاکنەکرێتەوە، بکرێت بە شوێنێکی هونەری و نمایشی جیاوازی کارە هونەرییەکانی تیادا بکرێت.


حەوتهەم خاڵ و کۆتایی: دانانی روناکی لەنێو پارکەکە و تەنەکەخۆڵ بۆ شوشە و بۆ پلاستیک و بۆ پیل و پێکهاتە کارەبایی و ئەلەکترۆنییەکان بەجیا، لەگەڵ جێبەجێکردنی مافی کەسانی کەمئەندام لەنێو پارکی یارە و کارێزی وەستا شەریف لەپاش دروستکردنی.

ئەمانە چەند خاڵ و تێڕوانێکی کەمی ئێمەیە، کە بەئاسانترین شێوەو کەمترین بودجە، دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەو جۆرە لەجێبەجێکردن، بەتەنها هێزی بیرکردنەوەو هێزی بڕیاردان و هێزی سەپاندنی دەوێت، ئەمانەش کاتێک دێنە بەرهەم، کەحکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەری خۆ جێی سلێمانی و پارێزگارو قائیمقام و سەرۆکی شارەوانی و هەریەکە لەبەڕێوەبەرایەتییەکانیان، دڵسۆزی بنوێنن و لەو بێخەمییەی نێو پرخەی خەویان، رابپەڕێن و کاری مەیدانی و مەدەنی و یاسایی بۆ بکەن، ئەگەر وانەکەن ئەوا، گردی یارە و مێژوویەکی دێرینی ئەم شارەو پارێزگای سلێمانی، بۆ خۆمان خۆش و دەبێت بەژێر پێی سەرمایەدارانەوە.