خەڵک چاوەرێی موچە بێ لێبڕین دەکەن

21/04/2021

د. كاوە مەحمود

بێ ئەوەی لەخۆڕاگری هیچ گەڵێک لەم جیهاندا کەم بکەینەوە، خۆڕاگری گەلی کوردستان بە درێژایی میژوو بەتایبەتی ئەگەر ئەم سی ساڵەی دواییە لەبەرچاو بگیرێت کەم وێنەیە.

ئەم گەلە بەرامبەر ئابلوقەی ئابووری دوای ڕاپەڕین ئاداری 1991 و لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، و کارەساتەی شەڕی ناوخۆ و لیکەوتەکانی دوو ئیدارەیی و شاڵاوی داعش و هەڕەشەی عێڕاق لە کاتی بەعس و لە سەردەمی دەوڵەتی عێڕاقی نوێ، خۆڕاگر بوو.

سەڕەڕای ئەم ڕوشە ناهەموارە هەر گۆڕانکارییەکی ئەرێنی و پێشکەوتنێک ئەنجام درابێ ئەوا نهێنییەکەی بۆ زیندووی گەلی کوردستان دەگەرێتەوە. ئەم گەلە خۆڕاگرەمان هەردەم خوازیاری ژیانی پڕ کەرامەت بووە، و لەم ڕوانگەیەوە زۆری لە خۆی کردوە کە بتوانێ مەمرەوبژی لە گەڵ نەبوون و لێبڕینی موچە خۆی بگونجێنێت.

بەڵام بەردەوامبوونی ئەم ڕەوشە فشاری لە سەر خەڵکی زەحمەتکێش و کەم دەرامەت زیاتر دەکات، و پێشنیشان وتویانە کە جام پڕ بوو لێی دەڕژێت.

پێویستە ئەم ڕەوشەی ئێستای خەڵک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە هەند وەربگیرێت بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە دابینکردنی موچەی تەواو هەیە بۆ موچەخۆرانی کەم دەرامەت کە ناکرێ حکومەت لە سەر لێبڕین بەردەوام بێت، بەتایبەتی دوور لە رێکەوتنی بودجەی عێڕاق دوو هۆکار هەن کە وای کردوە داهاتی حکومەتی هەرێم و تواناکەی بۆ دابینکردنی موچە زیاتر بێت.

هۆکاری یەکەم زیادبوونی بەهای نەوتە لە بازاڕەکانی جیهان کە ئێستا لە سەروو 60 دولارە.

هۆکاری دووەم دابەزینی نرخی دینارە بەرامەر دۆلار بە پێی بڕیاری بەنکی ناوەندی عێڕاق کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەو داهاتەی لە نەوتەوە دێت کە لە دۆلارەوە دەکرێ بە دینار.

ئەم ئاڵوگوڕانە لە بەردەم خەڵکی کوردستان ڕوونە، و چاوەرێی ئەوەش دەکرێ حکومەت بەرپرسیاری خۆی بەرامبەر خەڵک لە دابینکردنی موچە بێ لێبرین جێبەجێ بکات.