با لەئەرمەنەوە فێربین

26/04/2021

هیوا سەید سەلیم

یەک سەدەیە لۆبی ئەرمەن کار بۆ ئەوەدەکات کە پرسی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان کە لەساڵانی سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم (1914 ـ 1918) لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی لەدژیان ئەنجامدراوە بەجینۆساید بناسێت.

ئەوان لەو ماوە زەمەنیەدا نە فشارەکانی دەوڵەتی تورکیا لەتێکۆشانیان ساردی کردنەوەو بێ نە بێئومێدیش بوون کە لەو پرسەدا جیهان پشتیوانیان لێبکات، بگرە ئەوان زۆر بەبەرنامە بۆ پرسی بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەن لۆبیان لەسەر ئاستی وڵاتە کاریگەرەکانی جیهان دروسستکردو کاریان بۆ ئەو پرسە کرد.

کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان کە ساڵانە لە24ى نیسان یادی دەکرێتەوە، پێشتر لەلایەن چەندین وڵاتی وەک (ئەڵمانیاو فەرەنساو روسیاو ئیتاڵیا) وەک جینۆساید ناسێندرابوو، وا ئەمساڵیش لەهەمان ڕۆژدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی خۆی لەناسینی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان بەجینۆساید بردەسەر.

ئەو بەڵێنەی کە ساڵی پار لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دایبووی، کە ئەگەر بگاتە کۆشکی سپی کار بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەن دەکات.

بەم هەنگاوەشی (بایدن) دەبێتە یەکەمین سەرۆکی ئەمەریکا کە بەڵینی بۆ ئەرمەنەکان دەکاتە کردار، چونکە پێش ئەو زۆرێک لە سەرۆکەکانی ئەمەریکا ئەو بەڵێنەیان بە ئەرمەنەکان دابوو، بەڵام بە لە بەرچاوگرتنی پەیوەندی نێوان (ئەمەریکا- تورکیا) لەبەفەرمی داننان بەجینۆسایدی ئەرمەنەکان خۆیان بەدووردەگرت. شایانی باسە ساڵی 1915 دەوڵەتی عوسمانی لەدوا ساتەکانی دەسەڵاتی خۆیداو وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر شکستی لەجەنگی جیهانی یەکەم زیاتر لەملیۆنێک‌و نیو لەهاوڵاتی ئەرمەنی کە دانیشتوو ژێر قەڵەمڕەوی دەوڵەتی عوسمانی بوونە ڕادەگوازێت‌و بەشی زۆریان رووبەڕویی کۆمەڵکوژی دەکرێنەوە.

پرسی کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان لە ماوەی ئەم سەد ساڵەدا لە لایەن دەوڵەتی تورکیا کە میراتگری دەوڵەتی عوسمانیە ئینکاری لێکراوە، ئەوەنەبێت کە لەساڵی 2014 حکومەتی تورکیا سەرخۆشی لەقوربانیانی ئەو کارەساتە کرد، بەڵام ئەمڕۆشی لەگەڵ دابێت تورکیا بەچەمکی کۆمەڵکوژی‌و جینۆساید زۆر هەستیارە دژایەتی هەر هەوڵێک دەکات کە بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئەرمەن بدرێت.

شایانی باسە ئەرمەنەکان تاکە نەتەوەی ناوچەکە نەبوونە کە لە لایەن هێزە بالادەستەکانی ناوچەکە کۆمەڵکوژ کرابن، بگرە نەتەوەی کورد لەسەر دەستی دەوڵەتی عوسمانی و میراتگرانی ئەو دەوڵەتە لەدەوڵەتەکانی تورکیاو عێراق بەتایبەتی، چەندینجار پرۆسەی کۆمەڵکوژی لەدژ ئەنجامدراوه‌، لە(ئەنفال‌و راگواستن‌و کۆمەڵکوژی، کیمیاباران....هتد) کە هەموو ئەمانە بەپێی جاڕی گەردوونی مافی مرۆڤ‌و یاسا نێودەوڵەتیەکان، بەڕەگەزی سەرەکی جینۆساید هەژماردەکرێن.

شایانی باسە تورکیا وێڕای ئەو فشارانەی بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەرمەن هێشتا دەستی لە کۆمەلکوژی کورد هەڵەگرتووە، نموونەی ئەو سیاسەتەی کە لە عەفرین پەیڕەوی دەکات لە (راگواستن و گرتن و کوشتن و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە).

لێرەوە دەپرسین کە ئایا کورد بۆ جینۆساید ناساندنی پرسی ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژیەکانی دیکە کە لە رابردوودا داگیرکەران دەرهەق بە میللەتی کورد ئەنجامیان داوە چی کردووە؟

و چۆن چاو لە ئەزموونی ئەرمەنەکان بکەین؟

گومانی تێدانیە کە لەبەر چەندین هۆکار پرسی کۆمەڵکوژی ئەرمەن و کورد بەراورد ناکرێت، جارێ دەبێت بزانین ئەرمەن دەوڵەتی تایبەت بە خۆی هەیە، تا ئێستا کورد نیەتی، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین ئەوەی لە پرسی ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەن لە وڵاتان رۆڵ دەگێڕێت لۆبی ئەرمەنیە، نەک خودی دەوڵەتەکە، کە لەمەشدا کورد ئەگەر بە بەرنامەکاری کردبا ئێستا دەبووە خاوەنی کەرستەی لۆبیەکی کاریگەر کە بتوانێت کار بۆ ناساندنی جینۆسایدی کورد بکات، بەلام دیار کە نەیکردووە.

شایانی باسە لە رووی یاسایی کورد لە باشووری کوردستان دەیتوانی سوود لە بڕیارەکانی دادگای باڵای تاونەکانی ئەنفال و هەڵەبجە ببینێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان نەک هەر ئەوەیان نەکرد، بگرە هاوکاری ئەو دادگایەش نەبوون بۆ رادەستکردنی تاوانبارانی ناوخۆ کە ژمارەیان زیاتر لە سێ سەد تاوانباربوون کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکان لە بەغدا داواکرابوون.

لێرەدا تێدەگەین ئەگەر لە ئایندەدا بمانەوێت کۆمەڵکوژەیەکانی کورد بە جینۆسیاد بناسرێت، دەبێت چاو لە ئەزموونی ئەرمەنەکان بکەین، و لە ئاستی وڵاتان لۆبی درووست بکەین، تا لۆبی کورد رۆڵی لە هەلبژاردنی ولاتان هەبێت.

ئەرمەنەکان لە دوو هەلبژاردنی گرنگی سەرۆکایەتی فەرەنسا و ئەمەریکا توانیان کارتی بەردەستیان بەکاربهێنن بۆ پرسی بە جینۆساید ناساندی کۆمەڵکوژی ئەرمەن، با کورد لە ئێستاوە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندە ئەم بابەتە بخاتە کارنامەی خۆی، ئێستا نا سەد ساڵی دیکە، با ئەو پرسە کاری لەسەر بکرێت.

وەک چۆن دەبینین لە ئێستادا وا ئەرمەنەکان بەرهەمی سەد ساڵ تێکۆشانی خۆیان وەردەگرنەوە، وەک سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن، لە رۆژی ٢٤/٤/٢٠٢١دەڵێت: 'بۆیە دانمان نا بە جینۆسایدی ئەرمەن تا کارەساتی وا روونەداتەوە' ئێمەی کوردیش تا جارێکی دیکە ئەنفال‌و کیمیاباران نەکرێینەوە دەبێت کار بۆ بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیەکانمان بکەین.