کێشەی کورد، فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزم و ئیسلامیزم

25/05/2021

د. حوسێن عەزیز

بیری کۆمۆنیزم، لە ڕوانگەی پێوەندییەكی مەتیریاڵیی ڕووتەوە، لە درووستبوونی نەتەوە و ژێرخانی كۆمەڵی مرۆ دەڕوانێ، چونکە فاكتەری ئابووریی، بە بەردی بناغەی باوەڕی ماركسیزم دادەنرێ. بەپێچەوانەشەوە، ئیسلامیزم لە دیدێکی گیانیی و ئایدیای بەرزی ڕووتەوە، لە هەموو بابەت و کێشەکانی کۆمەڵ و گەردوون دەڕوانێ. واتە مرۆڤ دەبێ، تەنیا باوەڕی بە خوای تاكوتەنیا هەبێ‌، كێشەی یەكێتیی باوەڕیش، هەموو شتەكان چارەسەردەكا!
لەبەرئەوە چۆن ماركسییەكان، لە ڕوانگەی نەتەگەلێتی مەتیریاڵییەوە (ئینتێرناسیۆنال) بیردەكەنەوە، هەر بە ئەو شێوەیەش ئیسلامییەكان، هەموو باوەڕ و دیدەكانیان، لە سەرچاوەی نەتەگەلێتی گیانییەوە هەڵدەهێنجن. واتە: لای هەردوو بیروباوەڕەكە، جیهانبینی نەتەوەیی، بایەخێکی زۆری پێ نادرێ. چونكە باری سەرنج و تێڕوانینەكانیان، لەسەر ئاستێكی فراوان و ئینتێرناسیۆنال داڕێژراوە. بەپێچەوانەی باوەڕی نەتەوەیییەوە، كە لە هەموو شتێكدا، لە بەشەوە بۆ گشت هەنگاودەنێ‌، لە پچووكەوە بۆ گەورە دەسپێدەكا. واتە: لە گرووپێکی ئیتنیکی دیارییكراوەوە دەسپێدەكا و بە كۆمەڵی مرۆ كۆتاییدێ!
بۆیە هەردوو بیرەکە، هەموو کێشە و گرفتەکانی مرۆ و کۆمەڵ، لە کڵاوڕۆژنەی بەرژەوەندیی باڵای، فەلسەفە و ئایدۆلۆژیاکانیانەوە چارەسەردەکەن. هەرچەندە لە بواری چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی، نەتەوە چەوساوە و ژێڕدەسەکاندا، بیری کۆمۆنیزم باوەڕێکی تەواوی، بە مافی چارەنووسی نەتەوە ژێردەسەکان هەیە، ئەم مافەشی لە بەرنامەکانیدا دەسنیشانکردووە و هەنگاوی باشیشی بۆ ناوە. بەڵام بیری ئیسلامیزم، بە هیچ شێوەیە، باوەڕی بە ئەو مافە نییە، مەگەر نەتەوەیەکی ژێردەسی موسوڵمان، لە بندەسی دەوڵەتێکی ناموسوڵماندا بێ، داوای مافی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بکا، پشگیریبکەن. چونکە پێیان وایە، نەتەوەی موسوڵمان نابێ، لەژێردەسی دەوڵەتێکی ناموسوڵماندا بژی! بەڵام گەر نەتەوەیەکی ناموسوڵمان، لەژێردەسی نەتەوەیەکی موسوڵمان و لە چوارچیوەی دەوڵەتێکی ئیسلامیدا بژی، ئەوا زۆر ئاساییە، گەر مافی ئازادیی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی خۆشی، پێ ڕەوانەبینن!
هەروەها، گەر چەن نەتەوە و گەلێکی موسوڵمان، لەنێو سنووری یەک دەوڵەتی ئیسلامیی یەکگرتوودا بژین، ئەوا ئەو گرووپە ئیتنیکە جیاوازانە بۆیان نییە، داوای سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی بکەن. چونکە پێیان وایە، خاکی ئیسلام لەتوپەتدەکەن و نابێ، دەسەڵاتی دەوڵەتی یەکگرتووی ئیسلامیی لاوازکەن!

ستراتیژی سەرەکیی پارتە کۆمۆنیست و ئیسلامییەکان
پارتە کۆمۆنیست و ئیسلامییەکان، لەبەر ڕۆشنایی بیر و ئایدۆلۆژیای نەتەگەلێتیدا دامەزراون. لەبەرئەوە زۆر بە توندی، بە بەرنامەی پارت و دەسەڵاتی دەوڵەتە کۆمۆنیستیی و ئیسلامییەکانەوە بەسراونەتەوە.
یەکەمین ئامانجی ستراتیژیی، پارتە کۆمۆنیستەکان ئەوەیە، دەوڵەتێکی سۆسیالیستی یەکگرتوو دامەزرێنن، دەوڵەتی کریکار و جووتیار بێ، لە هەموو جۆرە چەوساندەنەوەیەکی مرۆ و سیستەمی سەرمایەدارییەوە دووربێ. هەروەها ئامانجی ستراتیژیی سەرەکیی، پارتە ئیسلامییەکانیش ئەوەیە، هەموو موسوڵمانانی جیهان، لەژێر چەتری دەسەڵاتی ئیمپراتۆریایەکی ئیسلامیی یەکگرتوودا کۆکەنەوە، یەک ناوەندی بڕیاری هەبێ و یەک جینشینیش، فەرمانرەوایی دەسەڵاتەکە بکا.
بەڵام ئەزموونە گرنگەکانی مێژوو، ئەوەیان سەلماندووە، ئامانجی هەردوو بیرەکە، زۆر لە ڕاستییەوە دوورن و پتر، لە ئەندێشەوە نزیکن! چونکە هەردوو بیر و ئایدۆلۆژیاکە، لە سەردەمێکی مێژوویی دیاریکراودا، دەسەڵاتێکی گەورەی لە ئەو جۆرەیان، لە جیهاندا دامەزراندووە، بەڵام لەبەر گەلێ هۆ هەرەسیانهێناوە و نەماون. لەبەرئەوە خەونبینین بە ئەو ئاوات و ئامانجانەوە، هیچی لێ سەوز نابێ!
گەرچی کۆمۆنیستەکان، تا ئەندازەیەکی زۆر، وازیان لە ئەو خەونە گەورەیە هێناوە، بەڵام هێشتا بیری کۆمۆنیزم نەمردووە. کەچی ئیسلامییەکان تا ئێستەش، هەر لەسەر ئەو هیوا و خەونە خۆشە بەردەوامن، داوای زیندووکردنەوەی، دەوڵەتی جێنشین دەکەن، دەوڵەتێکی ئیسلامیی یەکگرتووی پانوپۆڕی وابێ، دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو کۆمەڵی مرۆدا بسەپێنێ. ڕەنگە پێیان وابێ، جارێکی دیکە ڕەوڕەوەی مێژوو، بەرەودواوە دەگەڕێتەوە!
بۆیە چەندین ڕێکخستنی گشتیی جیهانیی وەک (ئەخوان ئەلموسلمین، ئەلقاعیدە، داعش ...)یان دامەزراندووە، خەڵکێکی موسوڵمانی زۆریان، لە هەموو گرووپە ئیتنیکەکان، لە دەوری خۆیان کۆکردووەتەوە، خەباتێکی بێوچانیان کردووە و خوێنێکی زۆریشیان ڕشتووە. چونکە پێیان وایە، لەڕێی خوا و ئایینی ئیسلامدا تێدەکۆشن، بەرنامەکانی ئیسلام، لەسەر زەوی دەچەسپێنن، هەر موسوڵمانێکیش، لە ئەو ڕێ پیرۆزەدا بکوژرێ، شەهیدە و گیانی پاکی بە بەهەشتی بەرین شاددەبی!

دووفاقیی ئیسلامی ڕامیاریی
ئاشکرایە، ئامانجی سەرەکیی هەموو پارتە ئیسلامییەکانی جیهان ئەوەیە، بە هەر شێوەیە بێ، سەرەتا لە هەر وڵاتێکدا، دەس بەسەر دەسەڵاتدا بگرن و دەوڵەتێکی ئیسلامیی دامەزرێنن. پاشان ئیمپراتۆریایەکی پانوپۆڕی ئیسلامیی پێکەوەبنێن و سیستەمی فەرمانرەوایی، دەوڵەتی جێنشینی ئیسلامیی زیندووکەنەوە. بۆئەوەی سەرتاکانی (شەریعەت)ی ئایینەکە، بەزۆر و بە یاسا، بەسەر کۆمەڵدا بسەپێنن.
ئەم کارەش، بە شێوازێکی ئازادانە و پرینسیپەکانی دێمۆکراسی ناکری، بەڵکوو بەزۆر و بەزەبری چەک دەکرێ، هەروەک هەر لە سەرەتاوە، یەکەمین دەوڵەتی ئیسلامیی، بە ئەو شێوەیە دامەزراوە و لە سەردەمی (4) جێنشینەکەی (ڕاشدین)یشدا، دینگە ئەستوور و پتەوەکانیان چەسپاندووە!
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئیسلامییەکانی ئەوڕۆ باش دەزانن، ئەم ستراتیژە گەورەیە، لە ئەم سەردەمەدا جێبەجێ ناکرێ. لەبەرئەوە وەک تاکتیکێ، لە بیر خۆیانی دەبەنەوە، پەنا بۆ گەمەی دێمۆکراسیی دەبەن و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاریدێنن. واتە ڕوو لە ڕووگەی ئیسلام دەکەن، بەڵام لەسەر تەلی ڕامیاریی و ئاوازی (هیلاهۆپ) سەمادەکەن!
ئاخر پارتە ئیسلامییەکان، جگە لە قورعان، فەرموودەکانی پەیامبەر و فەتوای پێشەوایانی ئیسلام، بڕوایان بە هیچ شتێکی دیکە نییە، هەرچی بیروباوەڕی دیکەش هەیە، بە دەسکردی بەرەی خۆراوای گاووری* دەزانن، ئەمەشیان نەشاردووەتەوە و زۆر بە ئاشکراش باسیدەکەن، کەچی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی دەوڵەتێکی نائیسلامیی سیکیۆلاردا بەشداریدەکەن، هاوپەیمانێتیش لەگەڵ پارتە چەپڕەوەکاندا دەکەن!!
بە ڕاستی، گەر ئەمە شتێ بگەیەنێ، تەنیا هەر ئەوەیە، ئەم پارتە ئیسلامییانە لە جیهاندا بە گشتیی، لە (عێراق) و (کوردستان) بە تایبەتی، تەنیا هەر بۆ کورسی دەسەڵات هەوڵدەدەن، بێ ئەوەی تەنانەت بەشێکی هەرە پچووک، لە بیروباوەڕ و ستراتیژی ئایینییەکەیان بەدیبێنن. چونکە زۆر باش دەزانن، ئەو ئامانجانەی هەیانە، بە نزا و پارانەوە لە خوا، بە زرک و شمشێروەشاندن، بە کۆڕی زکر و (حەی ئەڵڵا) بەدی نایە!

 

* وشەی (گاوور)، بەرانبەر بە (فەلە یا دیان) هەڵەیە، چونکە (کافر) دەگرێتەوە!