جوڵە و جوانی لە "جیلوەی شانۆ"ی گۆران

09/06/2021

ئەحمەدی مەلا

گۆران سەر بە دنیای نوێیە. ئیدی لەگەڵ ئەودا، بە تەواویی دەرگا دارینەکەی چاخەکانی ئەدەبییاتی حوجرە دادەخرێ، لەگەڵ خۆی هەم جوڵە دەهێنێتە کایەوە، هەم جوانییەکی دینامیک ئاوێتەی شیعر دەکات. چونکە بە درێژایی شیعری حوجرەمان، جوانییەکمان هەیە چوارچێوەڕێژکراوە، تابلۆیەکی ستاتیک و وەستاوە ؛ هۆکارێکە بۆ پەرستن، بە گوێڕایەلییکردن و هاتنە سەرچۆکە بەرامبەر بە جوانییەکی ئایدیالیزەکراو. جوانی لە شیعری حوجرە دینامیک نییە، بەڵکو وەک ئەڵماسێک بەشدارە لە بنەمای دەق، هەندەی لە ناو دەقدا زیندانە، هەندە بزۆز و چالاک نییە. تەنها لە دوورەوە دەدرەوشێتەوە.
گۆران نوێیە نەک لەبەر ئەوەی باسی شانۆ دەکات، بەڵکو باسی جوانییەکی بزوێن و بزوێنەر دەکات ؛ ئەمە لە لایەک بزواندنی خودی شیعرە، لە لایەکی دیکەشەوە ئاوێتەکردن و ئەلشیمییەکی دیکەیە کە بۆن و رەنگ و دەنگ لە یەک بۆتەدا دەگرێتەوە. گۆران لە زەینەوە بۆ سەرخاک شۆڕدەبێتەوە، لە جوانیی ئاسمانییەوە بۆ جوانیی سەر شانۆکان، لە ئایدیالەوە بۆ واقیع، چونکە هەر وەک نیتشە ئاماژەی بۆ دەکات و دەڵێ " داهێنانی ئایدیال بە مەبەستی دوورکەوتنە لە ژیان دێت."
جگە لەوەی کۆی ئەو ئادات و موفرەدە شیعرییانەی کە گۆران دەیانترنجێنێتە شیعرەوە سەر بە دنیابینییەکی دیکەن، لە هەمان کاتیشدا ئەو هاوسەنگییەی کە لە شیعری حوجرەدا بەدی دەکرێ، تێکیدەشکێنێ، ئیدی مەنزوور و پێرسپێکتیڤی شیعریی تووشی گۆڕان دێن، بۆیە ئەگەر گۆران رۆمانسییش بێت، ئەوە بە دوو چاوی هۆشیارەوە، نەک خەواڵووەوە، بە دڵێکی گەرم و پڕ جۆشەوە، بە چالاکردنی هەستەکانەوە سەیری دەرەوەی خۆی دەکات. گۆران شاعیری ناوەوەی خۆی نییە، بەڵکو شاعیری بەشدارییە، دەڕوانێتە دەرەوەی خۆی.
لە شیعری "جیڵوەی شانۆ " کە پێشکەشی "پەریی سەما"ی کردووە، سەرنجی ئەوە دەدەین کە شاعیر-بینەری سەمایەکە کە لەسەر تەختەی شانۆ ئەنجام دەدرێت. سەرەتای دەقەکە لە نادیارەوە بەرەو دیار دەستپێدەکات " لە جەرگی پەردەوە تک تک دڵۆپی عوود ئەڕژا" دەنگی ئاوازێک لە پشتەوەی پەردە هەم خەیاڵ جۆش دەدات، هەم وەک دەسپێکێک خۆی بۆ نمایشەکە ئامادە دەکات. جێی بایەخە کە دەنگی ئەو ئامێرە دەبێ بە مایەی دڵخۆشیی، نەک غەمگینیی. لێرە، هەم رەگەزی مۆسیقا، هەم رەگەزی "تاڵعی سروور" بەختەوەریی و دڵخۆشیی مایەی تێڕامانن لە دەقی نوێماندا. دواتر ئامێری کەمان، وەک بوونەوەرێکی زیندوو تێکەڵی کۆنسێرتەکە دەبێ :" کەمان-شەهیق و زەفیری فریشتەیی ئەلحان." لە کەمانەوە ئاوازێکی هەند بە جۆش و خرۆش بەرزدەبێتەوە، تەنانەت دڵی مردوویشی پێی ئاشنا دەبێ. بێدەنگی پشتەوە پەردە، دەنگی عوود، دواتر دەنگی کەمان، هەنگاو بە هەنگاو هەم شیعرەکە لەدایکدەبێت، هەم نمایشەکەمان بۆ وێنا دەکات.
مۆسیقا وەک "مەتاعی گوزەران" توێشووی خودی ژیانە، رەمزی "لەزەتە" هەروەها وەکو کلیل و کۆدێک لوغز و تەلیسمەکانی ژیانمان بۆ شیتەڵ دەکات.
ئەگەر سەرنجێکی خێرا لە بنەمای ئەم شیعرە بدەین، بەشی یەکەم کە بە سێ ئەستێرە کۆتایی هاتووە، وەکو دەسپێک، بنەمایەکی پتەوەی هەیە : پشتی پەرەدە---> دەنگی عوود---> دەنگی کەمان---> مەتاعی گوزەران---> رەمزی لەزەت---کلیلی تەلیسمەکانی ژیان.
لە پڕ پەردەی شانۆ هەڵدەدرێتەوە " باڵی رەشی قەل" لێرە، رەش=بەربەست، رێگر بەرامبەر بە جولە، مۆسیقا، جوانی رادەوەستێ.
پەیدابوونی "پەریی جوانی"، "فریشتەی نادیدە" دەبێتە قۆناغی دووەمی ئەم شیعرە.
ئەگەر بێت و وێنەی دولبەر لە تێکڕای شیعری حوجرە نەبووەیەکە هەوڵ دەدرێ پەیدا بێت، لێرە وەک "نیگاهی مەست وەکو شوعلەیی هیدایەتی سەودا" دەردەکەوێ، نەک لالچ و رووگر‌ژ، بەڵکو بە "تەبەسسومی موتەوالی" واتە دەم بە خەندەیەکی بەردەوام بەرەوڕوومان دەبێتەوە، لەهەمان کاتیشدا دەبێتە هەتوان و سارێژ بۆ هەموو کەسێک، تەنانەت فریای لەشێکی مردووش دەکەوێت. ئەم بوونەوەرە نوێیە، خاوەن "نوتقی فەسیح"ە هەم بڵند و هەم رۆحانی وەکو "کیتابی موقەددەس." ئەم بەراوردکارییەی نێوان "نوتقی فەسیح=رەوانبێژیی" بە رەوانبێژیی کتێبی پیرۆزە سازدراوە، واتە هیچ ناروونیی و لێڵییەک هەڵناگرێ، دەگاتە ئەوپەڕی ئەم وەسفە.
بوونەوەری گۆران بوونەوەرێکی بۆدلێرییە، مایەی خەیاڵ و هزرێکی چالاک نییە، بەڵکو بوونەوەرێکی واقیعییە کە لە کەبارێی و شانۆ و شوێنی نمایشە هونەرییەکاندا بەرچاومان دەکەوێت، بەرهەمی خەیاڵی جوغزە تەسکەکان نییە، بەڵکو بەرهەمی شارە.
دوا بە دوای قۆناغی بێدەنگی و دەنگی مۆسیقا، ئیدی سەماکار دەردەکەوێت، واتە جوڵە دەستپێدەکات کە کرۆکی ئەم گوتارەمانە : " بە سەنعەتێک ئەلەقێ پووزی وەک ستوونی سپی، وە پێی بچووکی مەهارەت لە ئەردی زەربە ئەدا."
سەرەتا وێنە پووزێکی سپی، وەک ستوونێک وێنا کراوە و زوومی کامێرا تەنها لەسەر ئەم پووزە دەگیرسێتەوە و هیچی دیکە دیار نامێنێ. ئەمە خۆی لە خۆیدا هونەرێکی سینەماییە بە ئیمتیاز، چونکە فۆکۆس لەسەر وێنەیەکی جێگیر دەکرێ تاکو وەکو مایسترۆیەک دواتر زوومەکە بخاتە سەر "پێی بچووکی" کە بە مەهارەت و لێزانیی و سەنعەتسازییەکی بێوێنەوە دەیکێشا بەسەر تەختەی شانۆ. ئەوەی روو دەدات، دوو تابلۆیە : تابلۆیەک جێگیر و نەبزێو و وەستاو، بەرامبەر بە لێدانێکی بە گوڕ، بەڵام کتوپڕ.
دوا بە دوای ئەم "زەربە"یە، باڵە بلوورینەکانی، سپی وەکو مەڕمەڕ لەسەرخۆ دەکرێنەوە، وەکو دەریایەکی سپی شەپۆل دەدەن. شەپۆلی دەستکردی ئیلهام، شەپۆلی بەرەکەت...ئیدی تێکڕای لەش دەکەوێتە بەر زوومی کامێرا : "لە کوڵمەوە تا سنگی نەرم  و مەمکی خڕی."
گۆران فێرمان دەکات کە لە رۆحەوە بۆ جەستە شۆڕبینەوە، شایانی ئاماژە پێکردنیشە کە جەستە ئەو ماددە تێروتەسەلەیە کە تێکڕای فیکری رۆژئاوا لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەمەوە بە جەختەوە ئیشی لەسەر دەکەن، لە نیتشە بەدواوە کە لە زەردەشت ئەوهای گوت/دا دەڵێ " چونکە جەستە باسی واتای خاک دەکات"، دواتر فرۆید ئیدی فۆکۆ و لاکان جەستە دەکەنە ئەو پانتاییەی کە هزری رۆژئاوایی بە بەردەوامیی ئیشی لەسەر دەکات. لەش مۆڵگەی مرۆڤە، ئەم رەگەزانەی لەشن کە لە پانتایی شیعری کوردیمان پەیدا دەبن، رەگەزی نوێن، چونکە لەشی ژن تا کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمیش تەنها باسی ئەو بەشە فریشتەییەی ژنمان بۆ دەکات (ئەگەر دوو هێڵ بخەینە ژێر مەستوورەکەی نالی) کە روخسارە، کەچی گۆران بەسەر خڕیی مەمکەکانی ژندا دەگیرسێتەوە.
لەش ئیدی ئەو میوە حەرامە نییە کە مرۆڤ بە حەسرەتەوە خەونی پێوە ببینێ، بەڵکو دەبێتە ئەو درەختەی کە پێی دەگوترێ "ژیان". گۆران زۆر لێزانانە باسی لەش وەکو رەگەزی لەزەت دەکات : کوڵم=میوەی ئاڵ و مزر، نەرمی سینە=لانەی خەوی یەزدانی، گۆی مەمک= جێی تەماس و گوشین. تێکڕای ئەم رەگەزانە ئیدی پەیوەندییان بە رۆحەوە نامێنێ بە مانا حوجرەییەکەی، بەڵکو دەبن بە بەرهەمێنەری وزە و کارەبای ئۆخەی.
کوڵم کە میوەیەک ئاڵ و مزری سەر لقی لەش :
وە نەرمی سینە لە لانەی خەوێکە یەزدانی،
خەوی عیشق..گڕی عیشقی هەمیشە گرپەو و گەش!
وە گۆی مەمک کە تەماس و گوشینی وەک دوگمەی
ئەلەکتریک، ئانی
ئەخاتە سەر رەگی لەش کارەبایەکی ئۆخەی!..
قۆناغی سێیەمی ئەم شیعرە دەچێتە بواری پەرتبوونەوە و بڵابوونەوە. ئیدی ئەم جوانییە داناسەکنی، رۆ دەچێتە هەموو شوێنێک، تەنانەت تووشی دۆناودۆنیش دەبێت. "دەمێک ئەبوو بە شنەی با بە رەوتی نەرم و نیان" یا "دەمێک ئەبوو بە پەڕێکی خەفیفی ئاوریشم: بە گەردەلوولی حەزین" خودی ئەم جوانییە دواجار "سەرگەردان" دەبێ، واتە مرۆڤ سەرگەردان دەکات.
گۆران باسی جوانی ژن دەکات، لێرە ژنێکی سەماکارە کە دواجار وەکو رووناکییەکی بەختەوەر دەڕژێتە ژیانی مرۆڤەوە. جوانیی ئەو پەیکەرە بێ رۆحە نییە کە بە دیارییەوە دابمێنێن، بەڵکو وەکو جۆگەلەیەکە دەڕژێتە ژیانمانەوە، نەک تەنها ژیانی پیاو، بەڵکو ژیانی "ئینسانەوە". " ضیای سروور ئەڕژێنێتە ژینی ئینسانی!"
دوا بڕگەی ئەم شیعرە لەسەر خودی چەمکی بەختەوەریی دەگیرسێتەوە. بەختەوەریی مرۆڤ تەنها لەو ساتانە پێکدێت کە مرۆڤ تیایدا لەگەڵ رەگەزێکی هونەرییدا دەژێت. ئەمە جۆرێکیشە لە واتابەخشین بە ژیان.
گۆران لەم دەقە دانسقەیەدا پەنجە دەخاتە سەر کۆمەڵێ تێگەیشتنی نوێ هەم سەبارەت بە هونەر، هەم سەبارەت بە تێکچڕژان و ئاوێتەکردنی جولە بۆ ناخی دەقی شیعریی، هەم قسە لەسەر ئەو ساتەوەختە دەگمەنانە دەکات کە مرۆڤ تیایدا هەست بە مانا و بەختەوەریی دەکات.
دەقی "جیلوەی شانۆ" لە رووی بنەماشەوە زۆر شانۆییانە بونیات نراوە، واتە، لە بێدەنگییەوە دەست پێدەکات تا هەڵشاخان و گەیشتن بە ترۆپکی درامی و دواتر خاوبوونەوە و کۆتاییپێهێنان. چونکە هەموو دەزانین شانۆ ئەو شوێنەیە هەم دەق، هەم لەش، هەم جوڵەی تیا نمایش دەکرێن. لێرە دەق وەکو مۆسیقا دەرکەوتووە کە ئاواز دەبەخشێتە سەما و هەموو لە سەر بنەمایەکی یەکدیگردا، لە هاوئاوازییەکی پتەودا شیكل و شێوەیان بەخشیوەتە ئەم دیمەنە.
لە نێوان شیعری حوجرەمان و گۆراندا، کەوانێک هەیە، زۆرجار بە بێدەنگییەکی شیعریی دەچێ، بەڵام خۆی لە دەوری گوتارێکی ناشیعرییدا رێدەخات بۆ ئەوەی بە شیعر شتی ناشیعریمان پێ بڵێ. بەڵام لە گەڵ گۆراندا دنیایەکی نوێی شیعریی سەرهەڵدەدا سەر بە جیهانێکی تەواو نوێیە کە هێشتا سنوورەکانی بە تەواویی دەرنەکەوتوون.