هەڵبژاردن و خەرجییە بێ سنورەكانی

07/10/2021

سەركۆ یونس




عێراق، نزیك دەبێتەوە لەوادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، كەبڕیارە لە(10) ئۆكتۆبەر ئەنجام بدرێت، لەناو كێبڕكێیەكی توندی لایەنەسیاسیەكاندا، لەگەڵ پەیڕەوكردنی یاسای هەڵبژاردنی تازە، كەپشت دەبەستێت بەچەند بازنەیەكی هەڵبژاردن، لەناوخودی هەرپارێزگایەكدا.

بەپێچەوانەی هەموو خولەكانی پێشووی هەڵبژاردنەوە، بانگەشەی هەڵبژاردنەكان لە مانگێك پێش وادەی هەڵبژاردنەكانەوە دەستی پێ دەكرد، ئەمجارە بانگەشە لە 3 مانگ پێش وادەی هەڵبژاردن دەستیپێكردو بەردەوامیش دەبێت تا 24 كاتژمێر پێش ڕۆژی هەڵبژاردن، كەپێ ی دەوترێت بێ دەنگی هەڵبژاردن.

بێگومان بەهۆی زۆری ماوەی بانگەشەوە، بارگرانی وتێچوونی زۆر لەسەر كاندیدان و لایەنە سیاسییەكان دەوەستێت. لەكاتێكدا یاسای عێراقی هیچ سەقفێكی بۆ خەرجی بانگەشە دیاری نەكردووە.

خەرجییەكی بێ سنوور!

تائێستاش دۆسیەی خەرجییەكان بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن لەعێراقدا، جێگای سەرنج و لێكۆڵینەوەی زۆرێك لەچاودێرانی بواری ئابورییە، لەگەڵ نەبوونی میكانیزمێك بۆ دیاریكردنی خەرجیەكان كەدەبێت كەس ولایەنەكان بەكاریبهێنن.

هەر لەم بارەیەوە ووتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردنەكان لەعێراق، جەختی كردەوە كە یاسای عێراقی هیچ سنورێكی دیاری نەكردووە بۆ خەرجی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان. هەروەها كۆمیسیۆن ناتوانێت چاودێری بڕی پارەی خەرجكراوی لایەن وكاندیدەكان بكات لەهەڵمەتی هەڵبژاردندا.

پەرلەمانی عێراقی یاسای لایەنەكانی لەساڵی 2015دا دەركرد لەم یاسایەدا هیچ برگەو ماددەیەكی باسی چۆنیەتی پارەداركردنی لایەنەكان ناكات و لایەنەكان سەربەستن لەبڕو چۆنیەتی خەرجكردنی سامانەكانیان.
گومانی تێدا نی یە، نەبوونی یاسایەك بۆ دیاریكردنی خەرجكردنی پارە، لەهەڵمەتی هەلبژاردندا دەبێتەهۆی پەنابردنی لایەنەكان بۆ دەستكەوتنی پارە لەسەرچاوەی دەرەكییەوە.

زۆربەی زۆری وڵاتان، بەیاسا بڕی پارەی خەرجكراویان دیاریكردووە، كەپێویستە لایەنەكان و كاندیدەكان لەماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردندا لەڕێگەی كردنەوەی حسابی بانكییەوە، ئەمەش لەیاسای ئەحزاب و یاسای تازەی هەڵبژاردنی عێراقیدا باس نەكراوە.
دیارینەكردنی بڕی پارەی خەرجكراو بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، دەبێتەهۆی پەنابردنی زۆرێك لەلایەنەكان بۆ سەرچاوەی پارەداركردنی دەرەكی وئیقلیمی، بێ گومان ئەمەش لەداهاتوودا ڕەنگدانەوەی سلبی دەبێت لەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.

بەهۆی دەستكراوەیی لایەنەكان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و كێبڕكێ ی لایەنەكان و كاندیدەكان، وادەكات نزیكەی (150) ملیۆن دۆلار خەرج بكەن.
بەشێكی تێچوونەكانی لایەن وكاندیدەكان، بۆ لەچاپدانی پۆستەرو ریكلام و كەمپینەكان دەبێت.
لەلایەكی ترەوە، بەهۆی زۆری ماوەی بانگەشەوە، زۆرێك لەلایەن وكاندیدەكان، پارەیەكی زۆر خەرج دەكەن، ئەمەش كاریگەری هەیە لەسەر كۆی پارەی تەرخانكراو بۆ بانگەشەكان.
لەم نێوەندەدا، لایەنەسیاسیە گەورە وكاندیدەدەوڵەمەندەكان سوود لەم كاتە دەبینن، بەپێچەوانەی لایەنەسیاسیە بچوكەكان.

سەرچاوەی پارەداركردنی لایەنەكان
ئاشكرایــــە، سەرچاوەی پارەداركردنی كوتلەو لایەنەسیاسییەكان لەدوو ڕێگاوە دەبێت، یان ئەوەتا پارەداركردنیان دەرەكی یە لەڕێگای وەبەرهێنانی دەرەكی سامانی حزبەكان و هاوكاری وڵاتانی ئیقلیمی ڕاستەوخۆ، یان پارەداركردنی ناوخۆ، كەلەڕێگای پارەو سامانی سیاسی و گرێبەستەحكومییەكان وقۆستنەوەی دامودەزگاكانی دەوڵەت و پڕۆژەبازرگانییەكانی لایەنەكانەوە دەبێت.

هەرچەندە سەرۆك وەزیرانی عێراق(موستەفا كازمی) ئاشكرای كردووە، كە نابێت لایەن وكاندیدەكان، دامودەزگای حكومی بقۆزنەوە لەبەرژەوەندی خۆیان وحزبەكانیان.
هەروەها كازمی ئاشكرای كرد، لەماوەی ڕابردودا هەندێ سكاڵا هەبوون لەبابەتی قۆستنەوەی موڵك وماڵی دەوڵەت لەلایەن هەندێ وەزیری كاندید وبەرپرسان كەپاڵپشتی سیاسیان هەیە لەحكومەتدا.
هەموو ئەمانە و پارەبەخشینەوە بەسەر لایەنگرو دەنگدەران و خێڵ وبنەماڵــەو عەشیرەتەكاندا، تێچوونەكانی بانگەشە گەورەترو زیاتر دەكەن.

خەرجی وبودجەی كۆمیسیۆن
خەرجی وتێچونی خودی كۆمیسیۆن و پرۆسەی دەنگدان لەرۆژی هەڵبژاردندا، گەورەترین تێچوون و خەرجییە لەسەر بودجەی گشتی عێراق و بارگرانییەكی ترە لەسەر شانی هاونیشتیمانیان.
بەپێ ی زانیارییەكان، هەڵبژاردنی 10 ئۆكتۆبەری ئەمساڵ، بەنزیكراوەیی نزیكەی (250 بۆ 300) ملێون دۆلاری تێ دەچێت.
تێچوونەكانی هەڵبژاردن، دابەش دەبن لەنێوان كرێ ی كارمەندانی كاتی ڕۆژی دەنگدان و تێچونی كارتی دەنگدان و ئامادەكارییەكانی تری لۆجیستی لەوانە، ئامێرەئەلیكترۆنیەكان.

شایانی وەبیرهێنانەوەیە، كەیاسای بودجەی گشتی عێراق، بۆ ساڵی دارایی 2021 پارەداركردنی بودجەی كۆمیسیۆنی گشتی هەڵبژاردنی بە بڕی (327.5) ملیار دینار،(224.3 ملیۆن دۆلار) دیاریكردووە.

كۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوو ساڵی 2018 نزیكەی (296) ملیار دینار عێراقی تێچوونەكەی بووە، واتە نزیكەی(224.6) ملیۆن دۆلار، بەپێ ی نرخی ئاڵووێری دۆلار بەرامبەر دینار لەوكاتەدا كە(1200 دینار بۆ هەر دۆلارێك بوو)

لەلایەكی ترەوە، بەهۆی لاوازی دەزگاكانی چاپ وبڵاوكردنەوە لەعێراقدا، چاپكردنی كارتی دەنگدان وكارتی بایۆمەتری، لەدەرەوە هاوردە دەكرێن، هاوردەكردنی ئامێری دەنگدانی ئەلیكترۆنی و ڕاهێنانی تیمەكان وكارمەندان و پرۆسەكانی تر، تێچون و خەرجییە لەسەر بودجەی تەرخانكراو.

بەپێ ی زانیارییەكان، تێچوونی تەنها یەك كارتی دەنگدان، نزیكەی (3) دۆلارە!

ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كەتێچوونی هەڵبژاردن لەعێراقدا زۆر بەرزە وناگونجێت لەگەڵ دەرهاویشتەكانی هەڵبژاردنەكاندا، هەر بۆ نمونە دوای دووساڵ لەهەڵبژاردنی خولی چوارەم، كابینەكەی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی دەستی لەكاركێشاوە وخەرجییەكی زۆر لەسەر عێراق كەوت.

لەلایەكی ترەوە، بەهۆی گرێبەستی كۆمیسیۆن لەگەڵ (400) هەزار فەرمانبەری كاتی، تەنها بۆ رۆژی هەڵبژاردن، نزیكەی(41) ملیۆن دۆلار تێچوونیەتی.

ئەمەش وادەكات تێچوونەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە، زیاتر لەبڕی بودجەی تەرخانكراوی كۆمیسیۆن زیاتر بێت، كەپەرلەمانی عێراقی بەیاسا بۆی دیاریكردبوو.

هەروەها لەپێناو سەلامەتی پرۆسەكە وبەدەستهێنانی ئامانجەكانی هەڵبژاردنەكە، حكومەتی عێراقی بەهەزاران كارمەند وپۆلیس و هێزەكانی ناوخۆ و تەنانەت هەندێ لەهێزەكانی سوپای عێراقی لەئامادەباشیدان، ئەمەش بێگومان تێچوونێكی ترە ودەچێتەپاڵ سەرجەم تێچوونەكانی ترەوە.


عێراق، لەئامادەسازیدایە بۆ چوونەناو پێنجەمین ئەزموونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە.

ئەم هەڵبژاردنە گرنگیەكی تایبەتی هەیە، بەوەی كە هەڵبژاردنێكی پێشوەختەیە ودەرئەنجامی هەموو ئەو خۆپیشاندانە بەرفراوانانە بوو، كەلەئۆكتۆبەری 2019 دەستی پێكرد وبەردەوام بوو، بۆ داواكاری چاكسازی باروگوزەران و كەمكردنەوەی گەندەڵی و ڕەخساندنی هەلی كار.

*ئابووریناس