سازانی ئەمجارە لە ئیمارات بوو

14/10/2021

د.ئارام ڕەفعەت

سیستەمی حوکمڕانی لە عێڕاقی ٢٠٠٣ لەسەر بنەمای سازان و بەشداری هەر سێ پێکهاتەکە، گەلی کوردستان، سوننە و شیعە دارێژراوە. لەم هەڵبژاردنەدا، سازانەکە لە دەرەوەی عێڕاق و نێوان سێ کاراکتەری دەرەکی بووە، کە تورکیا و سەعودییە-ئیمارات و ئەمریکان.

لەعێراقدا چارەنوسی کورد (کۆنترۆڵکردن و لەمەنگەنەدانی کورد)، خەمی سەرەکی تورکیایە... چارەنووسی سوننە، بەهێز کردنی سوننەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان خەمی سەرەکی سەعودییە ئیماراتە... دوورخستنەوەی شیعەکانیش لە ئێران خەمی سەرەکی ئەمریکایە.

پارتی ئەم خواستەی تورک و حەلبوسیش ئەم خواستەی سەعودییە-ئیمارات و سەدریش ناراستەوخۆ و وەک دەرەنجام تاکە هێزی شیعییە کە ئەم خواستەی ئەمریکییەکان بەجێ بێنێت.

دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکانی هەر لایەنێک رەنگدانەوەی ئەم خواستەی سێ هێزە نیودەوڵەتییەکەیە.

بەواتایەکی تر، نەخشەی هێز لە کوردستان لەبەرژەوەندی تورک و هی سوننەش بەدڵخوازی سەعودییە-ئیمارات و هی شیعەکانیش بە خواستی ئەمریکا بووە.

ئەمە رێکەوت نییە کە:

پارتی (کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی تورکیایە لە باشور و عێراق) دوو هێندەی یەکێتی و بەقەد هەموو هێزەکانی تری کوردستان، کە زۆربەیان نزیکن لە ئێران کورسی دێنێت (پارتی ٣٣ کورسی و یەکێتیش ١٦ و سەرجەم هێزەکانی تریش بەیەکێتیشەوە ٣٠).

حەلبوسی (نزیکترین لایەنی سوننی لە سەعودییە-ئیمارات) بەتەنیا دوو هێندە زیاتری خەمیس خەنجەر، کە نزیکە لە حەشد و ئێران، کورسی دێنێت (حەلبوسی ٤٣ کورسی و خەنجەر ٢٠).

سەدر تاکە لایەنی سەرەکی شیعەیە کە بتوانێت، لانی کەم لەروکەش و گوتاردا، مەودایەک لە نێوان عێڕاق و ئێراندا دروست بکات. لەم هەڵبژاردنەدا سەدر نزیک بە دوو هێندەی مالیکی، کە رکابەرە سەرەکییەکەیەتی و نزیکەی بەقەد سەرجەم هێزە شیعییەکانی تر، کە هەموویان نزیکن لە ئێران، کورسی دێنێت (سەدر ٧١ کورسی و مالیکیش ٤٠، وە سەرجەم هێزە شیعییەکان بە مالیکیشەوە نزیکەی ٧٠ کورسی).

ئایا ئەم نەخشە و دیزایینە پێشتر داڕێژراوە؟

با بەیەکەوە دەست بۆ هەندێک سەرەداو ببەین
کازمی چی بە عەلاوی گوتووە..؟

عەلاوی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی، کە پێدەچێت پێش هەڵبژاردنەکان ئەنجام درابێت، دەڵێت هێشتا کازمی هەر سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێڕاق بوو و نەبووبووە سەرەک وەزیر، رۆژێکیان کازمی هاتە ماڵم و پێی گووتم لە کۆبونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاساییشی عێڕاقدا هاککەرێکم لەگەڵ خۆم برد و لەپێش چاوی هەموومان و لەماوەی تەنها ٤ خولەکدا توانی بچێتە ناو سیستەمی بایۆمەتری عێڕاقی و سەرجەم داتاکان بەئارەزووی خۆی ئاڵوگۆڕ پێ بکات (لینکی چاوپێکەوتنەکە لە کۆمێنتە).

بەواتایەکی تر، سیستەمی بایۆمەتری عێڕاقی، سیستەمێکە قابیلی دەسکاری کردنە.

راوێژکارەکەی کازمی چ فەزیحەیەکی خۆی ئاشکرا کرد؟

سەرەداوێکی تر پەیامەکەی موهەننەد نەعیمە. ئەو کە راوێژکاری کازمی سەرۆک وەزیرە لە هاوس کڵابێکدا بەهەوادارانی دەڵێت من بەئەرکی سەرشانم زانیوە کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دەسکاری بکەم و هێزە سەرەکییەکان لەبەریەک هەڵوەشێنم (لینکی قسەکانی کە دزەیان پێکراوە لە کۆمێنتە). ئەم پەیامەی راوێژکارەکەی کازمی ئاماژە و دانپێدانانێکی سەرەکییە کە یاری بەهەڵبژاردنەکان کراوە.

فلاش میمۆرییەکەی هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە ئیمارات
لەهەموو دونیادا فلاش میمۆری دەگەێتەوە سەنتەر، واتە پایتەختی وڵاتەکە و هی عێڕاقیش دەبوایە لە بەغدا بووبێت. بوونی ئەم حاڵەتە بەسە بۆ ئەوەی کە لایەنی سێیەم (دەرەکی) دەستی بگاتە ئەنجامەکان و دەستیشی بخاتە ناو، بەتایبەت ئەم وڵاتەش ئیمارات بێت کە پایتەختی سپیکردنەوەی پارەی دزراوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم دەست و هەم بەرژەوەندی لە ناو عێڕاقدا هەیە و هەم سیستەمەکەی دوور و نزیک نە بە هەڵبژاردن و نە بە دیموکراسی ئاشنایە.

فەزیحەی کاندیدە مردووەکە چیمان پێدەڵێت؟

ئەنسا مانوئێل ئەسکەندەر سەرداوێکی تری فەزیحەی دەسکاریکردنی هەڵبژاردنەکانە. ئەو لە کۆتای مەسیحییەکاندا کاندید بوو، بەڵام دوو مانگ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد، کەچی دوو مانگ دوای مردنی و بە ٢٣٩٧ دەنگ پێش دەیان کاندیدی رکابەری مەسیحی کەوتەوە و بووە براوەی هەڵبژاردنەکان ( لینک لە کۆمێنتە).

جۆزیڤ سڵێوە سەبی نوسەر و سیاسەتمەداری مەسیحی دەڵێت، من کەسایەتییەکی سیاسی و ناسراوی ناو مەسیحییەکانم و کاندید بووم و لەناو خەڵکدابووم و کەمپینم کردووە، ماقوڵ نییە، کچێکی مردووی نەناسراو، بێ ئەوەی کەمپین بکات و لەناو خەڵکدا بێت لەمن زیاتر دەنگ بێنێت و ببێتە براوەی هەڵبژاردنەکان و من بدۆڕێم.

دەستەی هەڵبژاردنی عێڕاقی بۆ پەردەپۆشی ئەم فەزیحەیە پاساوی ئەوە بووە کە خەڵک نەیزانیوە مردووە و دەنگیان پێداوە. لەراستیدا ئەمە لەهیچ شوێنێکی دوونیادا رووی نەداوە و بەتایبەتیش لەناو مەسیحییەکاندا روونادات، کە جگە لەوەی وەک گروپ و ناوچە و تائیفە یەکتری دەناسن، خوێندەوارترین پێکهاتەی کوردستان و و عێڕاقیشن.

زۆرینەئ ئەو عێڕاقییانەی لە سۆشیال میدیای قسەیان لەسەر ئەو فەزیحەیە کردبێت لەسەر ئەوە کۆکن کە فەزیحەکەی ئەنسا ئاماژەیە کە دوومانگ لەمەوبەر ژمارەی دەنگ بۆ سەرجەم کاندید و کوتلەکان دیاریکراوە و هەڵبژاردنەکە تەنها رووکەشێک بووە و ئەنجامەکان رەنگدانەوەی واقیع نین.

دوو کاندیدە عەرەبەکەی پارتی لە مەخموور سەرەداوێکی ترە.

پارتی لە بازنەی یەکی موسڵ دوو عەرەب بەناوەکانی تەعمە لهێبی و ئیخلاس دلێمی کاندید دەکات و هەردووکیان دەدەچن. بازنەکە هەریەک لە مەخمور و گوێڕ و قەراج لەخۆ دەگرێت و بەحیسابی پارتی بێت بەدەنگی کوردەکانی ئەم ناوچەیە ئەم دوو کاندیدە دەرچوون (لینک لە کۆمێنتە). با بەسەر ئەوەدا باز بدەین کە ئەوە جۆرێکە لە تەعریبی مەخمور و دەچێتە خانەی خیانەتی نیشتیمانیش، بەڵام بە ئەقڵی کێدا دەچێت کە کوردی مەخمور و قەراج و گوێڕ، کە لەژێر هەڕەشەی تەعریب دان و داعشیش وەک دێوەزمەیەک مەترسییەکی هەمیشەییە بە تێکڕا دەنگ بە دوو عەڕەب بدەن؟ جگە لەوەش، بەشێکی بەرچاوی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، ئەگەر زۆرینەی نەبێت، لایەنگری پارتی نین و دەنگ بە پارتی نادەن چ جای کاندیدە عەرەبەکانی پارتی. سەرجەم ٣٢٩ کاندیدەکەی عێڕاق بەهەقی خۆیان دەرچووبن، ئەم دوو عەرەبە بەگەمەیەکی تەزویر دەرچوونە.

کاندیدەکانی نەوەی نوێ

سەرجەم ٩ کاندیدەکەی نەوەی نوێ لەم هەڵبژاردنەدا دەرچوون، تا ئێرە ئاساییە. بەڵام نائاسایی ئەوەیە، زۆربەیان یەکەم یان دووەمی سەر بازنەکانییان بوون. هێشتاش هەر رەنگە ئاسایی بێت، بەڵام دوان سیانێکی لێدەربچێت، هیچ کام لەو کاندیدانە، نە فیگەری سیاسی و نە میدیایی و نە جەماوەری بوون هەندێکیشیان دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکیان بەو ناوچانەوە نەبوو کە لێی کاندیدکرابوون. رەنگە بگوترێت کە ئەوانە دەنگی نەوەی نوێیان هێناوە نەک هی خۆیان. بەڵام، سروشت و میزاجی هەڵبژێری کورد پێچەوانەی ئەوەمان پێدەڵێت. لەپرسی دەنگداندا جەماوەریبوون و ناسراوی کاندید بەقەد جەماوەری بوونی حیزبەکەی گرنگ نەبێت کەمتر نییە. لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، شاسوار نزیکەی ٩٠٪ی دەنگەکانی حیزبەکەی دێنێت، چونکە ناسراوترینیان بوو. بەهەمان شێوەش، قوباد تاڵەبانی زۆرترینی یەکێتی و عەلی حەمەساڵح لەدوو دەورەدا زۆرترینی گۆڕان و ئەمە بۆ کەسە دیار و پۆپۆلیستەکانی حیزبەکانی تریش راستە. هەروەک لە حاڵەتی ئەنسای مەسیحی و دوو عەرەبەکەی مەخمووردا، بەربژێرەکانی نەوەی نوێش لە دیزاینەکەی ئیماراتدا وەها جێگایان کراوەتەوە کە دەرچوونییان زامن بێت و ئەمەش زیاتر بەهەدەفی پەرتەوازەکردنی رکابەرەکانی پارتی و لەساحە دەرکردنی نەیارەکانی تورکیا. لێرەدا هێڵەکەی لاهور، کە بەئاشکرا هاریکاری یان دۆستایەتی تەڤگەری باکور و رۆژاڤا دەکەن و گۆڕانیش کە پێشتر و لەسەردەمی نەوشیروان مستەفادا نەهاتە ژێر باری تورکەکانەوە دەبنە قوربانی.

سێ کاندیدەکەی پارتی لەشەنگال

بازنەی شەنگال سێ کورسی بۆ دیاری کراوە. پارتی هەرسێ کورسییەکەی بردۆتەوە. دوای ٢٠١٤ و گورگانخواردووکردنی ئێزیدییەکان پارتی لەهەر کوێیەکی دونیا کورسی بباتەوە لەشەنگال ناباتەوە، بەتایبەت کە ئێستا شەنگال لەژێر هەژموونی یەبەشەدایە و تەنانەت خەڵکی شەنگال رێگایان نەدا کاندیدەکانی پارتی بچنە ئەو شار و دەڤەرە بۆ بانگەشە. بردنەوەی کاندیدەکانی پارتی لەم ناوچەیە بەڵگەیەک بۆ درووستی سەرجەم ئەو بەڵگە و گومانانەی سەرەوە، کە لایەنە براوەکانی عێڕاق لەم هەڵبژاردنەدا تورک و کەنداوییەکان و ئەمریکییەکان بەسازان دیارییان کردوون و کوردستان پشکی تورک بووە لەم سازانەدا.