دیزاینی بازنەکانی ھەڵبژاردن بە دڵخوازی سێ لایەن

28/10/2021

دكتۆر یوسف محەمەد



دەرەنجامی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٠/ ١٠ی عێراق تا ئێستاش مشتومڕی زۆری لەسەرە و، باس لە ژمارەیەک ھۆکار دەکرێ بۆ ناھاوسەنگیی دەرەنجامەکان و، لەوانەش فەرامۆش کردنی تەکنیکی گونجاوی ھەڵبژاردن لەگەڵ سیستمی نوێی ھەڵبژاردن، کە ھەمو ئەو ھۆکارانە راستییان تێدایە. بەڵام ھۆکارێکی گرنگی تر سەرنج نەدراوە کە رۆڵی گەورەی ھەبوە لە زیاد بونی نائاسایی کورسییەکانی سێ ھێزی یەکەمی براوەی ھەڵبژاردنەکان کە ئەوانیش کوتلەی سەدری و پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزبی «تقدم»ن، کە ئەویش شێوازی دیزاینی بازنەکانی ھەڵبژاردن و دابەش کردنی کورسییەکانی بەرکەوتەی پارێزگاکانن بەسەر بازنەکانی ھەڵبژاردن لە یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران.


لەخۆڕا نییە ئەم سێ ھێزە ھەر یەکەیان براوەی یەکەمی ھەر سێ پێکھاتەکەی عێراقن، دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتیی لیژنەی یاسایی لە نوێنەرانی ئەم سێ ھێزە پێکھاتبون کە ئەوان رێکەوتنی کۆتاییان کرد لەسەر چۆنیەتیی دیزاینی بازنەکانی ھەڵبژاردن و ژمارەی کورسیی ھەر بازنەیەک و، دواتریش ھەندێ کوتلەی تر لێرەو لەوێ رازی کران.


ھەر بۆ نمونە بازنەی دوی ھەولێر لە سێ قەزای دوور لە یەکی دابڕاو دروست کرا بۆ ئەوەی کاریگەریی دەنگی ھێزەکانی تر و لە ناویشیان یەکێتی لە قەزای کۆیە لەسەر ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە پارێزگای ھەولێر کەم بکاتەوە. ئەمە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش راستە. پێویستە کەسانی شارەزا لێکۆلینەوە لەوە بکەن کە بازنەکانی ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی تری عێراق و بەغدای پایتەخت چۆن دیزاین کراون کە بۆ نمونە گەڕەکەکانی شاری سەدر دابەش بکرێن بەسەر گەڕەکەکانی تری بەغدا بۆ ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی کوتلەی سەدری زیاتر بێت.


دەبو بازنەکانی ھەڵبژاردن لە لایەن دامەزراوە و کەسانی شارەزا و بێلایەن دیزاین بکرانایە بۆ ئەوەی دادپەروەرتر و واقیعییانە تر بن.