گرەو کردن لەسەر ماسی ناو ئاو

05/11/2021

کەمال رەئوف

بریارەكانی بافڵ تاڵەبانی لەسەر بەشێك لەكیشەكانی ناوخۆی یەكێتیی تاڕادەیەكی زۆر یەكلاكەرەوەیە و تۆپی هەڵداوەتە مەیدانی لاهور شێخ جەنگی و هەڤاڵەكانی تا ئەوانیش بریاری یەكلاكەرەوەی خۆیان بدەن.
ئێستا چەند ئەگەرێك لەبەردەم ئەوانە، تا لەدەرەوەی یەكێتی چارەنووسی سیاسی خۆیان دیاری بكەن، چونكە رێگەی گەرانەوەیان بۆناو یەكێتی تارادەی موستەحیل رۆیشتوە.

 گرەوكردن لەسەر ئەوەی بەرەیەكی فراوان لەنارازییەكانی ناو یەكێتی و گۆران دروست بكرێت، لەخەیاڵێكی نالۆژیكی زیاتر هیچ نییە، چونكە دروستكردنی بەرەیەكی لەوشێوەیە، یان چەترێكی سیاسی كۆكەرەوە، پێویستی بەبوونی پرۆژەیەكی گشتگیرو هەمەلایەنەیە و پێویستە بەشداربووە سەرەكییەكان ئۆتۆریتەی یەكتر قبول بكەن كە ئەمە لەئیستادا نەك بوونی نییە، تەنانەت كێشەكانی نێوانیان هیچی لەو كێشانە كەمتر نییە كە لەناو گۆران و یەكێتی بوونی هەیە، بۆیە گەر شتێكی واش قسەی لەسەربكرێت ئەوە زیاتر بە لۆژیكی گەلەكۆمەكێ دەردەكەوێت نەك پرۆژەیەكی سیاسی رێكخراوەیی جدی بۆ گۆرانكاری و تێپەراندی دۆخی ئێستا.

بۆ دروستكردنی بزافێكی نوێ گرنگە، ئاراستەكە لەسەر بنەمای تێپەراندی دیدی باوی سیاسەت خۆی بێت، نەك كاركردن بەهەمان میتۆدی سیاسی باو، پێویستە بیركردنەوەكان بەوشێوەیە بێت كە بتوانێت دۆخەكە لە پرتەوبۆڵەی نارێكخراوەوە بگۆرێت بۆ دروستكردنی ئومێدو متمانە و هەماهەنگی و دۆخی رێكخراو بوون ، چونكە مەرج نییە  بوونی نارەزایەتی گەر فراوانیش بێت، ئاماژەبێت بۆ گۆرانكاری جدی گەر رێكنەخرێت، دیارە پرتەوبۆڵە هەرچەندە حەقانیەتیش لەپشتیەوە بێت ناتوانێت بگات بە ئامانج و توانای كۆكردنەوەی دەستكەوتەكانی نییە، بەپێچەوانەوە رەنگە تەنها دەسەڵات بتوانێت سودمەندبێت لێی و دواتر نائومێدی لەكۆمەڵگە بەرجەستە بكات نەك گۆرانكاری. 

ئەوەی ئێستا ئەبینرێت و بوونی هەیە، تەنها نارەزایەتیەكی فراوانە كە رەنگە زۆربەیان تەنها ئەوەندە بڕبكەن كە لەپۆستێك یان راگەیاندنێكی ناو سۆشیالمیدیادا خاڵی بێتەوە و بەشی كارێكی جدی نەكات، دیارە بەشداریكردن لەچەند رێپێوان و گردبوونەوەیەك، یان هەڵوێست وەرگرتن لەسەر چەند رووداوێكی رۆژ، ناكاتە ئەوەی بكەر بریاری یەكلاكەرەوەی دابێت كە وەك ئۆپۆزیسۆن كاربكات و بەڵێندەر بێت تابەلێبراوەیی كار بۆ گۆرانكاری ریشەیی بكات، بۆیە گرەو كردن لەسەر ئەو نارەزایەتیە پێش رێكخستنی وەك گرەوكردن و مامەڵەکردن وایە لەسەر ماسی ناو ئاو.

گەورەترین هەڵەی سەركردەی سیاسی و شیكەرەوە سیاسیەكان ئەوەیە، بیانەوێت بەویستی حەز و دڵخوازی خۆیان، یان لەروانگەی بەرژەوەندیەكانیانەوە خوێندنەوە بۆ رووداو و پێشهاتەكان بكەن، گرفتە گەورەكە لێرەوە دەستپێدەكات، كەلایەنی نارازی ئەوەی بۆ پروپاگەندە دەیلێت و بەكاری دەهێنێت، خۆشی بروای پێبكات و لای ببێتە راستی.

ئەو گۆرانكاریانەی بەمدوایانە لەناوچەكە و عێراق و كوردستان هاتونەتە پێشەوە جێگەی هەڵوێستە لەسەر كردنن، گۆرانی هاوسەنگی لایەنەكان، فراوان بوونەوەی نادادی و نارەزایەتی و بەربڵاوی بێ متمانەیی بەدەستە بژێری حوكمرانی، لەبەرامبەردا رادەی كاریگەری دەستێوەردانی دەرەكی و هەرێمایەتی، ئەو پنتە گرنگ و كاریگەرانەن كە پێویستە هێزی نوێ لەبەرچاوی بگرن. 

بۆ دۆخێكی لەم چەشنە ناكرێت تەنها خەیاڵپڵاوی بەوەی ژمارەی كورسی پەرلەمان زیاد بكرێت تا لەرێگەی پەرلەمانەوە گۆرانكاری ریشەیی بكرێت، بەخەیارێكی سەركەوتوو بزانرێت، چونكە گرفتی گەورەی كۆمەڵگە خودی ئەو بونیادە سیاسییە باوەیە كە لەئاكامدا هەموان لەئۆپۆزیسۆن و دەسەڵات وەك یەك لێدەكاتەوە، ئەوەی بۆ هێزی نوێ لەهەمووی پێویست وگرنگترە ئەوەیە سەرەتا چۆن و بەچ میكانیزمێك ئەو رێگەیە بدۆزرێتەوە تا لەبازنە داخراوە باوەكەی سیاسەتكردن بچێتە دەرەوە،  پاشان گرنگە لەسەر هەمان بیركردنەوە پرۆژەی هەبێت بۆ رێكخستن و كۆكردنەوەی نارەزایەتیەكان نەك هەوڵدان بۆ سوار بوونی شەپۆلەكە، چونكە سوار بوونی شەپۆلەكە گەر بۆ جارێك شانسی ئەوەی تیابێت قۆناغێك بتباتە ئاسمان، ئەوا بە مانەوە لەبازنە باوەكەی سیاسەت، دەهێندە ئەگەری دەبێت هەر ئەو شەپۆلە بەزوویی بتباتەوە ژێرەوە.