دیوێکی تری قەیرانی کۆچبەران لە بیلاروسیا

12/11/2021

ئاریان رەئوف

دۆخی ئابووری و سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا، هۆکارە بۆ هەڵهاتنی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان و لەگەڵیشدا ژمارەیەک لە خێزان بە دایک و باوک و منداڵ رویان لە بیلاروسیا کردوە بە ئومێدی گەیشتنە سنورەکانی یەکیتی ئەوروپا، لە پیناوی زامنکردنی ژیانێکی شیاو بۆ منداڵەکانیان. ئەگەر ئەمە دیوێکی قەیرانی کۆچبەران بێت کە ئێستادا لە بەردەرگای یەکێتی ئەوروپان و قەیرانێکی جیهانی خوڵقاندوە ئەوا دیوێکی تری بەکارهێنانی کۆچبەرانە وەک فشاری سیاسی لە لایەن بیلاروسیا دژ بە یەکێتی ئەوروپا.

لە دوای هەڵبژاردنەوەی ئەلکساندەر لۆكاشينكۆی سەرۆکی بیلاروسیا بۆ جاری شەشەم بە سەرۆک لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٠، کە بە پێی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە ناوبراو ٨٠٪ دەنگەکانی بەدەست هێنا و رکبارەکەشی سڤياتلانا تسيخانوسكايا  تەنها ١٠٪ بە دەستهێنا.

ئەمەش بو بە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لە مینسکی پایتەخت، لە دژی هەڵبژاردنەوەی لۆكاشينكۆ کە لە ساڵی ١٩٩٤ حوکمی ئەو وڵاتەدەکات، خۆپیشاندەران داوای وازهێنانی (دیکتاتۆری خۆسەپین لۆكاشينكۆ ) یان دەکرد، چونکە هەڵبژاردنەکەیان بە گزی و فێڵکردن دەبینی، هەربۆیە داوای هەڵبژاردنێکی نوێ و پاکیان دەکرد.
 لە بەرامبەردا سەرۆکی هەڵبژێردراوە سوپای خستە ئامادەباشی و لە رێگەی توندوتیژی چ کوشتن و دەستبەسەرکردنی خۆپیشاندەران بێت خۆپیشاندانەکانی دامرکاندەوە.

لەو سەروبەندەشدا یەکێتی ئەوروپا هەڵبژاردنەکەی بە فێلکردن وەسفکرد و هەڵبژاردنەکەی بە پرۆسەی دانانەوەی سەرۆک ناوبرد، نەک هەڵبژاردنەوەی لە لایەن گەڵەوە. هەروەها یەکێتی ئەوروپا ئەوەشی راگەیاند کە هەڵبژاردنەوەی ئەلکساندەر لۆکاشینکۆ هیچ رەوایەتیەکی نیە.

لە سەروبەندی بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بۆ خۆپیشاندانەکان یەکێتی ئەوروپا داوی لە  لۆکاشینکۆ کرد کە توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران بەکارنەهێنێت و بەندکراوەکانیش ئازاد بکات بەڵام لۆکاشینکۆ داواکانی ئەوروپای پشت گوێ خست و لەگەڵ ئەوەشدا سوێندی دەستوری خوارد وەک سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوە.
سەرئەنجام ئەم روداوانە قەیرانێکی گەورەی لە نێوان ئەوروپا و بیلاروسیا دروست کرد ، هەربۆیە یەکیتی ئەوروپا ژمارەیەک سزای بە سەر سەرۆک ژمارەیەک لە سەرکردەی ئەو وڵاتە و چەند کۆمپانیاو دامەزراوەیەک سەپاند، بە پاساوی نارەوایەتی هەڵبژاردنەوەی ئەلکساندەر لۆکاشینۆ، و بەکارهێنانی توندوتیژی در بە خۆپیشاندەران و پێشڵکردنی مافەکانی مرۆڤ.
 پەراوێز خستنی بیلاروسیا لە ئاستی نێودەوڵەتی فراونتر بوو دوای ئەوەی لە ٢٣ئایاری ٢٠٢١ بە پاساوی بونی مادەی تەقینەوە لە فرۆکەیەکی (ریان ئێر) ی ئیرلەندی ناچار بە نیشتنەوە کرد لە مینسکی پایتەختی بیلاروسیا، بەڵام ئامانجەکە دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسی ئۆپۆزسیونی دەسەڵاتی بیلاروسیا (رامان بروتاسيڤيتش) کە سەرنشینی ئەو فرۆکەیە بوو.

لە بەرامبەر سزاکانی یەکێتی ئەوروپا  و پەراوێزخستنی لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەلکساندەر لۆکاشینکۆ هەرەشەی ئەوەی لە ئەوروپا دا کە پەنا دەبات بۆ روسیا و چین بۆ ئەوەی ئەو شمەکانەی دەست بکەوێت کە ئەوروپا وەک سزا رێگە نادات بێتە ناو وڵاتەکەی، لە لایەکی تریشەوە هەرەشەی بە کارهێنانی کۆچبەران کرد دژ بە ئەوروپا وتی "  ئەوانەی وا تێگەیشتون ئێمە سنورەکانمان دادەخەین لەگەڵ پۆلەندا و لیتوانیا ولاتیڤیا و ئۆکراین، و وڵاتەکەمان دەکەین بە شوێنی نیشتەجێبونی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئێران و ئەفغانستان و عێراق لیبیا و سوریا  وتونس روو لە بیلاروسیا دەکەن، ئەوا بەهەڵەداچون چونکە ئەو کۆچبەرانە بۆ لای ئێمە نەهاتون بەڵکو بۆ ئەوروپا هاتون ".

کەواتە قەیرانی کۆچبەرانی لە بیلاروسیا کە لە سەرەتای ئەم هەفتە لە سنورەکانی بێلاروسیا رویان کردوتە پۆڵەندا کارتێکی سیاسی  ئەلکساندەر لۆكاشينكۆ سەرۆکی بیلاروسیایە دژ بە سزاکانی ئەوروپا بەکاری دەهێنت چ بۆ تۆڵەکردنەوە بێت یاخو ئەورپا ناچار بکات کە سزاکانی لە سەر هەڵبگرن، رەنگە لەم کارەشیدا سودی لە ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا وەرگرتبێت کە لە چەند ساڵی رابردودا کۆچبەرانی وەك فشار دژ بە ئەروپا بە کارهێنا.