کێن ئەوانەی کۆچ دەکەن؟ وبۆ؟

12/11/2021

محەمەد حەسەن

هەرچەندە ئامار بۆ لێشاوی کۆچی ئێستا بەردەست نیە،  بەڵام بەپێی زانیاریە بینراوەکان و ئاستی ئەو پەیوەندییە جوگرافیەی هەمانە دەتوانین ئەم پۆلێنانە بکەین لەسنوری پارێزگای سلێمانی:

ـ ژمارەی کۆچبەران لە شاری قەڵادزێ زۆرترە بەراورد بە رانیە.
ـ کۆچبەرانی دەربەندیخان چەند هێندەی شاری کلارن.
ـ کۆچی سەیدسادقیەکان بەرفراوانترە لە پێنجوێنیەکان.
ـ رێژەی کۆچ لە شارۆچکەی پیرەمەگرون چەند هێندەی چەمچەماڵە.

هەر یەکە لەو بەراوردانەی سەرەوە لەکاتێکدا دێ كە ژمارەی دانیشتوانی شاری یەکەم کەمترە کە کۆچبەری زیاترە.
هەموان دەزانین کە شارەكانی یەکەم هەلی كاری کەمترە بەراورد بە دووەم، وە گەنجەکانی بەگشتی یان بێکاربوون یان ئاوارەی شاری دیکە و ناوچەی ترن بۆ دەستخستنی کارێک.
‏‎گەر هیچ نەبێت شەوێک گوزەرێک بەناو بازەرەکانی شاری یەکەم بکەیت دەبینیت کە چاخانە و کافێکانیان جمەیان دێت، تەنانەت سەر شەقامەکانیان رووپۆش کردووە بە کۆبونەوە و دانیشتنی بێ بەرهەم کە دەرهاویشتەی دۆخی بێ کاری رۆژانەیانە.
‏‎تەنانەت سەرنج بدە کە خۆراکی پر فرۆشی ئەو شارانە لەفەی یەک هەزار دیناری یان کەمترە و چێشتخانەکان یان نین یان چەند دانەیەکی کەمن کە تەواو کەمە بەراورد بە دانیشتوانی شارەکان.

ـ بۆیە ئەوانەی کۆچ دەکەن زۆرینەیان زگوردی گەنجن.
ـ خێزانەکان خاوەن سەرۆک خێزانێکی گەنجن.
ـ کەسە کامڵەکان هەڵپێچراوی کورێک یان زاوایەکی گەنجن.

پێش ئەوەی بابەتەکە ببێتە چاولێکەری (کە من لێرە باسی کەیسی چاولێکەری ناکەم بەڵکو گرفتە سەرەکیەکە ئاماژە بۆ دەکەم)، ئەوانەی دەرۆشتن زۆربەی هەرە زۆریان بێکارەکان بوون… ئەوان هەوینی ئەم لێشاوەن.

‏‎کەواتە گرفتی سەرەکی بێکاریی و نەرەخسانی هەلی کارە.
‏‎گرفت نەبوونی سیاسەتی دروستی هاندانی وەبەرهێنان و پرۆژەی دامەزراوەی چالاکی ئابووریە.
‏‎گرفت بێ پلانی و نادابەشکاریی پرۆژەکانە بەسەر ناوچە جیاوازەکان و یارمەتی نەدانی کار و چالاکیە لە ناوچە بێ خزمەتەکان بە تایبەتتر.

‏‎هەموو ئەمانە لە کاتێکدا دێت کە ئێمە ووڵاتێکی دەوڵەمەندین… ئێستاش بودجەی ساڵانەی ئێمە بەشی 3 هێندە لە دانیشتوان دەکات (تەماشای داهات و ژمارەی دانیشتوانی ووڵاتانی دیکە بکە).
‏‎لە کاتێکدایە ئێمە گەلێکی بەکاربەری بەهێزین، خەرجی مانگانەی تاک یان خێزانمان زۆر زیاترە لە زۆرێک لەوانەی لەخۆمان دەچن.
‏‎لەکاتێکدایە کە قەبارەی هاوردەمان تەواو بەرفراوانە و بووینە بازاری ساغ کردنەوەی کاڵا و پیشەسازی ووڵاتان.

‏‎باشە بۆ دەبێ هەموان ئەمانە بزانین کەچی خاوەن دەسەڵاتەکانمان نەیزانن… زانین بە مانای هێنانە بوون و پزاکتیزە کردن.