مرۆڤ وەک ڕۆبۆتی داب و نەریتەکان

25/05/2019

ئارام قادر حەمەسور

سۆسیۆلۆژیا(کۆمەڵناسی) کۆمەڵگە دەکاتە چەق بۆ تێڕوانین لەمرۆڤ و هەڵسوکەوتەکانی، چونکە مرۆڤ پێویستی بە چوارچێوەیەکی ڕێکخراو هەیە تا سنوورە ئەخلاقیی و مرۆڤییەکانی نەبەزێنێت. نۆرم و بەهاکان ئەو چوارچیوانەن کە کۆمەڵگە ڕێک دەخەن، داب و نەریتەکانیش چالاکیی و کارلێکە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ ئاڕاستە دەکەن.

بەگشتیی داب و نەریتەکان ئەو خووە دووبارانەن کە تاکەکانی کۆمەڵگەیەک ئەنجامیان دەدەن بەبەردەوامی، خووە بچووکەکان سنووریان بچووکە و دەکرێت پەیوەست بن بە سنووری خێزانێک، وەک خێزانیک چا ناخۆنەوە، ئەمانە دەبنە داب(عادات). بەڵام خووە فراوانەکان دەبنە نەریت(تقالید)و تەواوی کۆمەڵگە دەگرنەوە وەک چەژنەکان.

بەگشتیی داب و نەریتەکان دەکەونە ژێر کاریگەرییەوە و بەرگی دینیی و بە پیرۆزکردنیان بەبەردا دەکرێت. زۆر کات دەسەڵات یان بەرژەوەندی خێڵەکان ئەم بە پیرۆزکردنە ئەنجام دەدەن تا کۆنتڕۆڵی تاکەکان بکەن. دین باشترین ڕێگایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تاکەکان بەتایبەتی لە کۆمەڵگا تەقلید و نیمچە تەقلیدییەکاندا. چونکە  پیشەسازی بەپیرۆزکردن(تقدیس) لەکۆمەڵگە تەقلیدییەکاندا بازاڕییان گەرمە.

داب و نەریتەکان دەکرێت دوو بەش بن؛ بەشێکییان ئیجابین و هاوکارن بۆ کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی، بەشەکەی تر سلبین و کۆمەڵگە تووشی دۆگما دەکەن. بۆیە لە ئێستادا زۆرترین شەڕی بەزاندنی داب و نەریتەکان دەکرێت، هەموو شەڕێکی بەزاندنی داب و نەریتەکان لەسەرەتادا کێشە درووست دەکات و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر دەکات، تا گۆڕانکاریی لە داب و نەریتەکەدا ڕوودەدات. ئینتەرنێت لە ئێستادا شەڕی بەزاندنی سنوورە کۆنەکان دەکات، هەمووان لە دوو کۆمەڵگەدا دەژین، کۆمەڵگەی حەقیقی خۆمان و کۆمەڵگەی مەجازی ئینتەرنێتیی. لەم دوو کۆمەڵگەیەدا داب و نەریتەکان جیاوازن و مرۆڤەکان دووڕوویان هەیە.

هێزی داب و نەریتەکان تاکەکانی خستۆتە چوارچێوەیەکی دیاریکراو، داب و نەریتەکان بەشدارن لە پێگەیاندنی کۆمەڵایەتیی تاکەکان و بەشێکن لە ژینگەی کۆمەڵایەتی. سۆسیۆلۆژیا لەپاڵ هۆکاری بۆماوەیی هۆکاری ژینگەی کۆمەڵایەتیی داناوە بۆکارتێکردن لە تاکەکان، واتا مرۆڤ وەک بەرهەمی بۆماوە و ژینگەکەی.

 کۆمەڵگە مێژوو دەجوڵێنێت حەقیقەتێکی سۆسیۆلۆژییە، ئەمەش وای لەکارڵ مارکس کرد بڵێت: کۆمەڵگە هۆشیاری تاکەکان دیاریی دەکات. کۆمەڵناسی عێراقی عەلی وەردی دەڵێت: تاک لە کۆمەڵگەی عێراقیدا خەوێندراوە وەک خەواندنی موگناتیسی، واتا کۆمەڵگە تاک دەجوڵێنێت، داب و نەریتەکان ئەو کۆنتڕۆڵانەن لە بەیانییەوە تا خەوتن مرۆڤ دەجوڵێنن. واتا مرۆڤ بۆتە ڕۆبۆتی داب و نەریتەکان و دەجوڵێندرێت.

گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیش قورسترین جۆری گۆڕانکارییە لە بونیادی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەدا، داب و نەریتەکان بوونەتە کولتوور و تەقدیس کراون و ڕۆچونەتە ناخی تاکەکان و گۆڕینیان قورسە، بەڵام دەکرێت بگۆڕێن. کۆمەڵگە دەتوانێت لەڕێگەی سیستەمی پەروەردەوە گۆڕانکاریی لە داب و نەریتەکان بکات، بەمەش ژینگەی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێت.
 
ئێمە لەژێر کاریگەری تەکنۆلۆژییادا بەشێکی داب و نەریتەکانمان گۆڕدراون، لەداهاتوودا بە کاریگەری پەروەردە و جیهانی ئینتەرنێت داب و نەریتەکان زیاتر دەگۆڕدرێن.