ئـــــــازادیی و جـــــەلـلادەکانی

03/05/2019

ئارام قادر حەمەسور

بێگومان بەردەوام قەڵەمی ئازاد و جەللادەکانی دەسەڵاتی سیاسیی ستەمکار ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، بەردەوام دوژمنایەتی یەکتر دەکەن، چونکە عەقڵی قەڵەم و عەقڵی چەک ناکۆکن بەیەکتر، هێزێک عەقڵێکی چەکداری هەبێت ڕێزی قەڵەم نازانێت، هێزێک کەللـەیەکی ڕەقی هەبێت کوا هێزی نەرم دەناسێت؟ جەللادەکانی ستەمکار لە دونیادا هەموویان ڕقیان لە قەڵەم و ئازادیخوازانە. لەکوێ هەبووە ستەمکار باوەشی بۆ قەڵەمە ئازا و ئازادەکان کردبێتەوە؟ جگە لە قەڵەمفرۆش و ڕانتخۆرەکان و هاو ئاوازەکانی ستەمکار.

لە کوێ قەڵەمەکان کەوتنە سەما بۆ جەللادەکان لەوێش ئازادی لە گۆڕنراوە، لە کوێش قەڵەمەئازادەکان دژایەتییان کرا و لێیان درا و کوژران بزانن هەناسەی قەڵەمە ئازاکان بەردەوامە. چونکە کاری قەڵەمە ئازادەکان ڕەخنە کردنی دەسەڵاتی چەتەگەریی و مافیاکڕاتییە. دەسەڵاتە کلیپتۆکراسییەکان بەردەوام قەڵەمە ئازادەکانییان بە دوژمنی پلە یەک داناوە، بەردەوام خەریکی شکاندن و بوختانن بۆ قەڵەم بەدەستەکان.

گۆبلز وەزیری پڕوپاگەندەی هیتلەر بەردەوام دەیگوت: سەرۆک هیتلەر هەر کاتێک گوێم لە وشەی ڕۆشنبیر دەبێت دەست بۆ دەمانچەکەم دەبەم. ڕۆشنبیر گەر ئازا و ئازاد نەبێت قەڵەمەکەی ئەوکات دەبێتە چەکێکی حەساری دەسەڵات، بەردەوام ڕانتخۆرەکان و ڕاگەیاندنکارەکان و نووسەران و ڕۆشنبیران بە نزیک بوونەوەیان لە بەرداخە ئاوەکەی دەسەڵات وەک شەکر دەتوێنەوە و نامێنن. ببینە هێزی ڕاکێشانی نەوت دەزگا ڕاگەیاندنەکانی چەند قەرەباڵخ کردووە، وەک موگناتیس ڕۆشنبیر و نوسەرانیان کێش کردووە تا ئاو بەئاشەکەی ستەمکاردا بکەن، ببینە ئەوانە پارە چەند ناشیرینی کردوون.

ڤیدڵ کاسترۆش بەردەوام لە جیڕەی قەڵەمی نووسەران دەترسا. قەڵەم و دەسەڵات بەریەکتر دەکەون، بۆیە بەزەحمەت نووسەرە ئازادەکان دەتوانن لە وڵاتی خۆیان بژین، ناچارن لە دەرەوە ڕەخنەکانیان ئاڕاستەی کەللـەوشکەکەی دەسەڵات بکەن.

دەسەڵاتی جووت حیزبی کوردیش زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە نەیتوانیوە سیستەمێکی سیاسیی گونجاو دروست بکات، نەیتوانیوە کەرامەتی مرۆڤ بپارێزێت، بەردەوام قەڵەمە ئازادەکانی ترساندووە یان تیرۆرکردووە. سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت عوسمان و کاوە گەرمیانی نمونەی تیرۆرن لە ژێردەستی دەسەڵاتی جووت حیزب. بەڵام قەڵەمە ئازادەکان هەر زیاتر دەبن، ئێستاش لێدان و هەڕەشە لە نوسەران درێژکراوەی سیستەمە ستەمکارەکەیە.

 کاری ڕۆشنبیران بەرهەمهێنانی مەعریفەیە، کاریان ڕەخنەی ناشیرینییەکانی دەسەڵاتە، نەک گەرمکردنی دیوەخان و پیاداهەڵدانی بەرپرسە تەجمیلکراوەکان. قەڵەمی ئازا نابێتە دەروێشی سیاسییەکان، نابێت بێدەنگ بێت چونکە بێدەنگی کاری ڕۆشنبیران و نووسەران نیە وەک ئۆجەلان گوتی. ئازادیخواز دەبێت دیوێکی مەعریفە بێت و دیوەکەی تری بوێریی بێت، مەعریفە بەبێ بوێریی ناگاتە شوێنی خۆی.

کاوێژکردن کاری قەڵەمە فاشیلەکان و عەقڵ دۆگما و نەوتاوییەکانە، ئەوان دۆڕاون ناتوانن بڵێن و بنووسن بۆ خەڵک، بۆیە چەک دەبێتە ناسنامەیان، ئەمە گاڵتەجاڕی عەقڵی ستەمکارانە. ئەم شەڕەی قەڵەم و چەک بەردەوام دەبێت و هەمیشە خەتی ئازادی و خەتی ستەمکاری تۆختر دەکاتەوە، هەمیشە ناشیرینییەکانی دەسەڵاتی تەجمیلکراو لەبەردەم خۆری قەڵەمە ئازادەکان توختر دەبێت، هەمیشە قەڵەم ماسکە ناشیرین و گاڵتەجاڕ و خەڵەتێنەرەکان کەشف دەکات، بۆیە هەمیشە ستەمکاران دوژمنی قەڵەمی ئازاو ئازادن، هەمیشە خەم و کۆژان و کۆشادی خەڵک دەبێتە مەرەکەبی قەڵەمە ئازاو ئازادەکان، هەمیشە چەتەگەریی و خیانەت و نەوتخۆریی و ستەمکاریی و نادیموکراسیی بوونەتە کولتووری دەسەڵاتی ستەمکار. 
بەڵام تا ستەمکاریی هەبێت قەڵەمە ئازادەکان هەر دەبن.

 ئەم سیاسەتی ترساندن و لێدانی دەنگە ئازادەکان لە ئێستادا پێماندەڵێت جووت حیزب تائێستاش زۆر ستەمکارن. قەڵەمفرۆشەکانی حەساری دەسەڵات ڕۆژێک دێت ئاواببن، چونکە بوونەتە ڕۆبۆتی جەللادەکان.

سەردەشت عوسمانیش بەقەڵەمەکەی ماسکەکانی دەسەڵاتی هەڵدەدایەوە، پاشان سەردەشت شەهیدکراو چەکبەدەستەکان مێژووی خۆیان ڕەشتر کرد.