مێنتاڵیتی خێڵ وەک ئاڵنگاری گۆڕانکاری

07/01/2019

ئارام قادر حەمەسور

گۆڕانکاریی لە بونیادی کۆمەڵایەتیدا کارێکی ئاسان نییە و پێویستی بە هۆشیاریی زۆر و ڕۆحی بەردەوامی هەیە. سۆسیۆلۆژیا گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی بە زەحمەترین جۆری گۆڕانکاریی دادەنێت، بەتایبەتی بۆ کۆمەڵگە تازە پێگەیشتووەکان و کۆمەڵگەی ترادیسیۆنی. بیرمەندانی زانستی کۆمەڵناسیش چەندین تیۆریان داناوە لەبواری گۆڕانی کۆمەڵایەتیی و تەحەداکانیشیان دیاریکردووە و کۆمەڵگەیان کردۆتە سەنتەر.

 کارڵ مارکس کۆمەڵناسی ئەڵمانیی باوەڕی وابوو کۆمەڵگە دەتوانێت هۆشیاریی تاکەکان دیاری بکات و ئاڕاستەیان بکات، واتا پێدراوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن تاک بجوڵێنن دەورییان هەیە لە دروستبوونی دیاردە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەمەش زانستی کۆمەڵناسی پشتگیری دەکات، لەبەر ئەوەی کۆمەڵناسان باوەڕیان وایە  مرۆڤ بەرهەمی دوو شتە، یەکەم بۆماوەیی و دووەم کۆمەڵگە. بۆماوەیی بابەتێکە پەیوەندی بەجیناتەکانەوە هەیە و بایۆلۆژییە. بەڵام بەکۆمەڵایەتیی بوون بابەتێکە کۆمەڵگە دەتوانێت ڕەنگڕێژی بکات. بەکۆمەڵایەتیی بوون مرۆڤ لە بونەوەرێکی بایۆلۆژییەوە دەگۆڕێت بۆ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی. ئەم گۆڕانکارییەش لە تەمەنی منداڵییەوە ڕوودەدات، کاتێک تاکێک لەمنداڵییەوە دەخرێتە ژێر داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان، ئەو داب و نەریتانەی کەسەپاون و دووبارە دەسەپێندرێنەوە.

د.عەلی وەردی کۆمەڵناسی گەورەی عێراقیی بەخوێندنەوەی کۆمەڵگەی عێراقی بە کوردستانییشەوە ئەم کاریگەرییەی داب و نەریتەکان دیاری دەکات. عەلی وەردی دەڵێت؛ تاک لەم کۆمەڵگەیەدا وەک خەواندنی موگناتیسی ئاڕاستە دەکرێت، کاتێک مرۆڤێک توشی خەواندنی موگناتیسی دەکەیت، دەتوانیت ئەوەی پیبکەیت کە خۆت دەتەوێت. عەلی وەردی دەڵێت؛ تاک لەبەیانییەوە هەڵدەستێت  تا ئێوارە و دەخەوێت و خەوێندراوە و ئاڕاستەکراوە، ئەوەی تاک دەجوڵێنێت داب و نەریتەکانی کۆمەڵگەن. ئەم ترادیسیۆنانە سەپێندراون و موقەدەس کراون، زۆرجار بەرگی دینییان بەبەرداکراوە.

لە کۆمەڵگەی ترادیسیۆنیدا گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی ئاڵنگاریی زۆری هەیە، هەر گۆڕانکارییەکی تاکەکەسیش زوو بزر دەبێت، لەبەر ئەوەی ناتوانێت چوارچێوە گشتییەکە ببەزێنێت. ئێمە گەر باسی گۆڕانکاریی سیاسیی بکەین دەبینین عەقڵیەتێکی خێڵەکیی و تڕادیسیۆنی هێشتا دەوری هەیە، ئەم مێنتاڵیتە خێڵەکییە دەتوانێت ئاڕاستەکەر بێت بۆ بڕیارەکان. دەبینین دەسەڵات و حیزبە دەسەڵاتدارەکان هێشتا لەژێر کاریگەری ئەم مێنتاڵیتەدان و هەڵسوکەوت و بڕیارەکانیان دەبینین. خۆشەویستیی بۆ چەک و کۆکردنەوەی خزمان لە دەوری سەرۆک و ئاهەنگی خێڵ و عەشیرەتەکان و دیاریکردنی کاندید لە خێڵەکان و تۆڵەکردنەوەی خوێنیی و ڕقیی تاکەکەسیی و پشتکردنە یاسا و دروستکردنی چەکداری حیزب و بە پیرۆزکردنی سەرۆک و  چەندان وردە عەقڵییەتی تر. ئەمانە دەرخەری هەستە خێڵەکییەکەی دەسەڵات و حیزبی کوردییە.

خۆسەپاندن و کۆنتڕۆڵکردنی چەک و پارە سیفەتی خێڵەکین و مێنتاڵیتی خێڵ بوون لەڕابردوودا. بە حیزبیکردنی دامودەزگاکان و بەبنەماڵەکردنی پۆستەکان  ئەو پەڕی هەستی خیڵەکییە.
یەکێتیی و پارتیی وەک جووت حیزبی دەسەڵاتدار تا ئەمڕۆش دانەبڕاون لە مێنتاڵیتی خێڵەکی. حیزبەکانی کوردستان بەگشتیی ئەم عەقڵیەتەیان تێدایە و ئەمەش بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەکەن. بەگشتیی تا ئەمڕۆش مێناڵیتی خێڵ لەژیانی ئێمەدا دانەبڕاوە، لە تاکەوە بۆ حیزب و دەسەڵات و دین و پەروەردە ڕۆیشتووە.
ئەو ئارەزووە زۆرەی تاکی کوردیی بۆچەک لە ئاهەنگ و وێنە سێلفییەکانی فەیسبووک دەرخەری مانەوەی هەستیی خێڵەکیین. گۆڕانکاریی لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا قورسە و ناتەواوە، چونکە هیچ گۆانکارییەک لە بونیادە کۆمەڵایەتییەکەدا ڕوونادات، بەبێ گۆڕانکاریی لە بونیاد و ترادیسیۆنە کۆمەڵایەتییەکان گۆڕانکاریی گەورە نایەتە بوون.

لەڕابردووش گۆڕانکارییە تاکەکەسییەکان دوای مردنی کەسەکان وەستاون، چونکە لە تڕادیسیۆنەکان نەدراوە، ئەو ترادیسیۆنانەی ڕێگری گەورەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی و سیاسیین.
ئێمە تا ئێستاش گیرمان خواردووە بەدەستی مێنتاڵیتی خێڵەوە و نەمانتوانیوە بگەینە پۆست مێناڵیتی خێڵەکی. بڕێنی ئەم ئاڵەنگارییە گەورە بە دووبارە گۆڕانکاریی کردن لە سیستەمی پەروەردە ڕوودەدات. لەڕێگەی پیادەکردنی ئەم سیستەمە پەروەردەییە لە خێزان و باخچەی ساوایان و قوتابخانە و زانکۆ و میدیا و دووبارە داڕشتنەوەی گوتاری دینیی. ئەمەش لەداهاتوودا جیلێک دروست دەکات کە بتوانێت مێنتاڵیتی خێڵ ڕابگرێت.